کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەنێوان شۆرش و بوون بەدەوڵەتدا...چیمان بەسەردێت..؟

Monday, 27/02/2012, 12:00






هەمیشە ڕووداوەكان،لاپەرەكانى مێژوو دەوڵەمەندتر ئەكەن،تائێستاش میسالى و نوێخوازەكان ناتوانن وەڵامدەرى ئەو پرسیارە بن،كە ئەگەر ڕابردوو پەراوێز ئەخەن،ئاخۆ چ بابەتێكى گونجاوترتان پێیە بۆ ئەوەى ئایندەى پێ بخوێننەوە..؟.واتە هەمیشە سیاسیى و بیرمەندە بەتواناكان خۆراك و زانیارى لەمێژوو وەرئەگرن.ئەگەرچى بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو پێدراوە سیاسی و كۆمەڵایەتیانەى كەهەن،وە ئەو گەشەسەندنەى لەدنیاى سەرمایەداریدا هەیە و بەردەوامە،بڕێك جار ناكرێت ئاوڕ بۆدواوە بدەین،پەیوەند بەكۆمەڵگەى كوردى، لەهەر قۆناغێكى مێژووى كۆن و ناوەڕاست و نوێوە دەست پێبكەین،دوو تێبینى گرنگ،بەدى ئەكەین،یەكەم: كورد خۆى گەورەترین هەڕەشەو لەمپەرە لەبەرامبەر خودى خواستەكانى خۆیدا.دووەم: بەدرێژایی مێژوو فرسەت یان ئەگەرەكانى بوون بەدەوڵەت هەبوون،وە ڕەگەزە پێكهێنەرەكانیشى تیا بەرجەستەبووە، وەكو "دانیشتوانێك،دەسەڵاتێك،خاكێكیش".
لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا،پێش هەرباس و حیسابێكى دەرەكى،كە بەزیانى گەورە ئەشكێتەوە لەسەر ئاسایشى ئابورى و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتى. نەبونى یاساو دامەزراوەیی،بوونى گەندەڵى و قۆرخكردنى دەسەڵات و قبوڵنەكردنى ئەوى تر، گەورەترین مەترسین لەسەرچارەنووسى نەك هەرێمى كوردستان،بەڵكو مراندنى خەونى پارچەكانى تریش.ئەوەى ساردمان ئەكاتەوە لە بەدیهێنانى خەونێكى مێژوویی،ئەو دەسەڵاتەیە تابڵێى بێباك و بێدەربەستە لەبەرامبەر تاكەكانى خۆیدا،دەسەڵاتێكە لەهەموو هاوكێشەو ئەزمەیەكدا یەكێكیكیان:پەنا بۆ ئێران و ئەوى تریش بۆ توركیاو،یەكێك بۆ حكومەتى مەركەزى و ئەوى تر یش بۆ ئەمریكا و بێگانە،ئەى بۆچى تەشەبوز بۆ هەرهێزێكى ترجێی شانازییە،بەڵام شۆڕبونەوە بۆ ناو گەل و جەماوەر،كارێكى قورسە.!!.لەكاتێكدا ناوچەكە ئەكوڵێت و،نان و ئازادى بوون بە داوایەكى حەتمى خەلًَك، لەگەڵ گۆڕانى سیستەمە سیاسیەكان و دكتاتۆرەكاندا،سەرلەنوێ داڕشتنەوەى سیاسەت و بەرژەوەندى زلهێزەكان لەناوچەكەدا،قەیرانە ناوخۆییەكانى كوردستانیش بێتە سەرى،هەقى خۆمانە بپرسین چیمان بەسەردێ،ئەگەڕێینەوە خاڵى سفر،یاخود باشترین هەنگاو لە ئامادەكردنى تاكى كوردیدا ئەنێین،تا دەوڵەتێكى كوردى پێ دروست بكەین.
لەهەرشوێنێك ستەم هەبێت و یاسا نەبێت،كێڵگەكانیش دانامەزرێن،بەو واتایەى گەل ئامادەگیەكى نابێت لەگەڵ هەر پرسێكى نەتەوەیی و ستراتیژیدا،لەهەرێمیكدا،(22) ساڵ حوكمڕانى و خۆ ئیدارەكردنى تیا بووبێت،(22) جار ئابڕووى دیموكراسیەتى بردبێت،بۆ كەمتر لە هەر دەهەزار كەس تەنها (2) پزیشكى پێگەیاندبێت،بەڵام بۆ هەر (14) كەس (1) چەكدارى هەبێت تا بەكوتەكەوە بەدواى هاوڵاتیەكانى خۆى بخات.وڵاتێك دامو دەزگاى ئەمنى تیایدا بەردەوام لەبۆسەو سانسۆركردنى ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانیدابن،دەسەڵاتێك كە هەر بەئاشكرا لەبرى چاكسازى خەریكى بەتاڵانكردن و هەڕاجكردنى سەروەتى نیشتمانەكەى بێت،لەهەر (20) خولەكێكدا (70-100) تەنكەر نەوت ببەنە سەر مەرزەكان و كەسیش نەبێت پێتان بڵێت (ئەو نەوتە بۆ كوێ ئەبەن..؟).هەر بەرپرسەو خاوەنى دەیان دۆنم باخ و ڕەز و ڤیەللاو،ڕەگەزنامەى دەرەكى و پارەى زۆرى ئاودیوكراو بێت،لەمەیخانەو قومارخانە دەولیەكاندا بەدۆڕاوى و سەرخۆشیەوە ببینرێن،ماڵە هەژارێكیش ،لەبەرئەوەى تواناى مادیان بۆ نەشتەرگەرییەك نییە، بەدیار نەخۆشەكەیانەوە هەموو سەعاتێك هەزارجار گیان لەدەست ئەدەن...مەخابن لە پاڵ بێ ئومێدیمان لەدەسەڵات،ئۆپۆزسیۆنێكى هەلپەرست و ناتەندروستیش خۆى بۆ نمایش كردین،نوخبەو ڕۆشنبیرەكانیشى بەتەواوى دابەشبوون بەسەر گشت لایەنەكاندا،لەگەڵ میدیایەك كە خۆى قەیرانەو بەردەوامیش لەسەر قەیران قسە ئەكات..ئاخۆ لەوەها دۆخ و تەڵەزگەیەكدا،شۆڕش باشە یان دەوڵەتبوون..؟.خەیاڵ پڵاون لە ئەجێندەیاندا توڕەیی جەماوەر نەبینن.
دەسەڵاتى سیاسی و دروستكەرانى بڕیار،بەرپرسیارى یەكەمن لەنەبونى پلانێكى ستراتیژى،كەئایندەى تیادا وێناكرابێت،كۆى ڕووداوەكان پێمان ئەڵێن ئەم ئەزمەیەى هەیە،بەهۆى لەناكاو دروستبونى و درێژخایاندنى،جگە لەوەى هەڕەشەیە ماوەى چارەسەربۆ كردنیشى تێپەڕاندووە.دەسەڵات هیچ ئامادەگى و نیازێكى بۆ بەخۆداچونەوە نییەو كەتۆتە خۆ كۆكردنەوەو زیاتر خۆپڕكردن،ئەوەى تێگەیشتین دەسەڵات هەلى یەك ساڵى بۆ كرانەوە بەڕووى گەلدا لەدەست خۆى دا.بیرى شۆڕش و ڕاپەرینى لەناخى هەموو لایەكدا زیاتر پەرەپێدا،تێیگەیاندین ئەو نەك گوێناگرێت،بەڵكو ئەبێت ڕۆژانەو شەوانە حەزەرى لێبكرێت كە چاودێرى یان پەلامارت ئەدا،ئیتر لە ڕووخانى سوریا بترازێت نۆبەتى یەكاڵابونەوەى پرس و دەنگى ناڕەزاییە لە كوردستان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە