میدیاى ئەهلى ڕەنگى چۆنە!؟
Friday, 22/06/2012, 12:00
ئێستا لەهەرێمى كوردستان،هەموو بوخچەكانى ناوكۆمەڵگە پێویستیان بەچاكسازى ڕیشەیی هەیە،كلیك لەسەر هەر فۆڵدەرێك ئەكەیت پڕپڕە لەڤایرۆس،بەبن هەردارێكدا تێپەڕ ئەبیت زەردەواڵەیەك زیڕەت لێ بەرز ئەكاتەوە،زۆرجار لەناو ئەم دارستانەدا بەهەموویانەوە پێتەوە ئەدەن،هەر یەكێكیانیش بە بیانووى جیاتر لەویتر، لە شوێنیكەوە مینگەى لێوە دێت.بەڵام ئەوە تاوانى گەلەو گەلیش چارى نییە..چۆن گوایە..؟
حیكایەتى (جۆسام) لەكۆبونەوەى درەختەكانى ناودارستانەوە بۆ دیاریكردنى سەرۆكێك ئەمەمان نیشان ئەدات،ڕۆژێكیان بەهەموو درەختەكان ئەچن بۆلاى زەیتون تا بیكەن بەسەركردەى خۆیان،زەیتون ئەڵێت من چ پێویستم بەمەیە خۆم ڕۆن ئەبەخشم و خواردەمەنیەكى نایابم،ناچار ئەچنە لاى هەنجیر ئەویش پێیوایە خۆی تووشى ئەو سەرئێشەیە نەكات،چونكە بەرهەمى شیرینى و میوەهاتێكى خۆش ئەبەخشێ،ناچار بۆلاى ترێ دواتر بۆ لاى قۆخ هیچ كەس ڕازى نابێت،بۆیە ئەچن بە دڕك ئەلێن (وەرە ببە بەسەرۆكمان).دڕكیش دواى ماوەیەك ڕازى ئەبێت،بەڵام دڕك،دڕكەو خراپ ئەبێت بۆ گشت دارستان،ئەیانەوێ لایبدەن،ئەویش لەكۆتاییدا ئەڵێت:ئەگەر لامبدەن یان هەر هەوڵێك بەن ئەوا هەموو دارستانەكە ئەسوتێنم..!!.ئەم بەسەرهاتە هەر دەسەڵات ناگرێتەوە كەساڵانێكە شەلم كوێرم دەنگیان پێدراوەو زادەى ناهۆشیارى خەڵك بوون،بەڵكو هەر بەزۆر ئۆپۆزسیۆنمان كرد بەئاسماناو دونیایەك دەنگیان هێناو تاڕادەى پەرستن پیرۆز ڕاگیران،لەناكاو كێرڤەكەیان داگرت و خۆیان لەڕەوشتى پیاوە دەسەڵاتدارەكان بەدوور نەگرت،ئەمجارە وامان بە میدیاى ئەهلى كرد تائاستى بەزەیی پێاهاتنەوە و نەبوونى سەرچاوەى دارایی و زانیاریی ئەگەر لەبەر هاوكاریش بێت هەموو ژمارەیەك چەند دانەیەك بكڕین تادەسكەوتیان زیادبێت و بەردەوام بن.ئەمانیش ڕووەو فتبوون چوون و لەكەنارى فتدا ئەیانەوێ فەلت بەنوسەران و ڕۆشنبیران بكەن.جا ئێمەش لەهەر كوێیەك بین فێرى بیًَدەنگى و بێهەڵویستى نەبووین،ئەگەر هەڵوێستیان وەك یەكە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا،ئێخۆ "مەولود ئافەندیش "كورد وە رۆژنامەنووسە،نەسەرى دیارەو نەشوێن بۆچى متەقیان لێوە نایەت،ئێخۆ "بێستون"یش رۆژنامەنووس بوو،بۆچى تاگیانى سپارد كەس پرسیارێكى لێی نەكرد..؟.با بپرسین ئەم خەڵكانە لەمیدیاى ئەهلى خەریكى سیاسەتن یان كارى ڕاگەیاندن...؟.
بەندە،لە زۆر شوێنى تریبش ووتوومە بەهیچ شێوەیەك لام گرنگ نەبووەو نییە لەچ میدیا و تیڤى و سایتێكدا ئەنوسم و قسەئەكەم،جنێوفرۆشە یان بەمۆراَڵ و ئیتیكە،دەسەڵاتە یان ئۆپۆزسیۆن،ئەوە كێشە نییە،گرنگ ئەوەیە:دەنگم بگاتە خەڵك،وەك غەریزەیەك بەتاڵ ببمەوە (باجى ئەمەشمان داوە).بۆیە ئێوە ڕێگە بدەن باقسەبكەین بزانە باش ئەڵێین یان خراپ..!!.ئاخر تۆ چوزانى دەیان "مەسعود محەمەد" دەیان "بەختیار عەلى و قانع و پیرەمێرد" لەم شارەدا نییە،تۆ بەچی ئەزانیت دەیان بەهرەمەند دەیان ئەسیرى تر لەكەركوكا نییە...؟بیرمە ساڵى (2003) "ڕەنج سەنگاوى" چووە گوندێك لەنزیك سلێمانى ناوى "وانە"بوو،مناڵێكى هێنایە قسە هەموو كورد پێی سەرسام بوو،زانیارى شێوازى قسەكردنى ئەو مناڵە(سانا) هەمووخەڵكى تەواو جۆشدا .ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت كە میدیاو میدیاى ئەهلى بەتایبەتى نەبووەتە مینبەرێك بۆئەمانە، بەڵكو بەدواى گەورەكردنى چەند كەسێكەوەیە كە هەر ئەزانن بڵێن یەكێتى و پارتى خراپە و هیچى تر،ئێ ئەگەر دوو ڕۆژ ئەمان خراپ نەبوون مەگەر بێدەنگ بێت و هیچ نەڵێت..!!.ئەگەر پێوەرێك هەبێت ئەوا میدیاى ئەهلیش لەپاڵ میدیاى دەسەڵاتەوە كەمى بەم هەرێمە نەكردووە.ئاخر خۆ ئەبێت چ دەسەڵات و چ ئەوانى تریش بۆشاییەك بۆكەسانى تریش جێبهێڵن،ئاخر خۆ میدیا هى خەڵكە ئەو چركەیەى كە دێتە بازاڕەوە ئیتر فڕى بەتۆ وە نامێنێت موڵكى خەڵكە.ئاخر ماناى نییە خەڵك تائێستاش واتێگەیشتبێ ئەوەى لاى ئۆپۆزسیۆن بنوسێ ئۆپۆزسیۆنەو ئەوەشى لەمیدیاى دەسەڵاتەوە بئاخافێ ئیتر خۆفرۆش و پیاوى دەسەڵاتە.؟؟تاوانبارى سەرەكى لەم تێگەیشتن و هۆشیارییە میدیایەو بەس.
یەعنى چى لەماوەى یەك ساڵدا،(22) بابەتم بۆ ڕۆژنامەى ئاوێنە ناردووە،یەك پیتیان دانەگرتووە..؟.بەمدواییە ڕۆژنامەى هاوڵاتیش بایكۆتى بابەتەكانى بەندەى كرد،بەڵام باباش بزانن جگە لەسایتێكى خۆمان دەیان گۆڤارو ڕۆژنامەوتەلەفزیۆن و پەیج لەبەردەستدا ماون،ئەبێت هۆیەكى هەبێت یان لەجوانى كەسانى تر ئەترسن و تەوجیه ئەكرێن،یان نووسینەكانمان لەشوێنى تر بەردڵى گرتوون،بۆیە بەمشێوەیە كارەكانتان لەسەر باتَڵیەت بینا ئەكەن.یەعنى چى ڕۆژێك ئەگەر وتارێك لەسەر پارتى بنوسیت داینەگرن و ڕۆژى دواى ئەوە لەسەر یەكێتى بەهەمان شێوە،ئەگەر بتەوێت ڕەخنە لەجەماعەت بگریت ئەوا هەر خۆت ئەزیەت نەدەى باشترێكە..!!.دیارە گومان لەوەدانییە كە لەماوەى ئەمساڵەدا هەریەكە لەئاوێنەو هاوڵاتى زیاتر لە (5000) تیراژو فرۆشیان دابەزیووە،بەدەر لەوەى كەنافرۆشرێت و ئەمێنێتەوە.هەربۆخۆشى لەگەڵ هاتنى فەیسبوك وهەڵەكانى خۆشیانەوە خوارتر كەوتوون،جگەلەوەى لەمدواییە هەقیقەتى تیراژیان لەخوێنەر گۆڕیبوو..!!.لێرە قسەم لەسەر گۆڤارى لڤین نییە تائەو ڕادەیەى ئەوەى لەگۆڤارەكە نەیكەن لەماڵپەرەكەیاندا بڵاوى دەكەنەوە،ئەگەرچى هاوسەنگیش ناپارێزن. بۆیەئەركى ئێمە ڕەخنەگرتنە،پرسیاركردنە،دیالۆگ و لەیەكگەیشتنە.نەك شكاندنى هیچ كەس و لایەنێك،ئەگەر نا من دڵنیام لەوەى كەشتێك نییە ناوى میدیاى سەربەخۆ و ئازاد بێت،دڵنیام لەوەى كە بەناوى ئەهلیەتەوە ماوەیەكە هەندێك یارى ئەكەن و دەستیان داوەتە كەسابەت،بۆیە هاوارئەكەم:یان ڕۆژنامەو گۆڤارەكانتان دابخەن یان رێگە بدەن هەموو كەس قسەبكا.چەندساڵێك پێش ئێستا ڕەنگیان سپی بوو،لە پارساڵەوە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن ڕەنگتان ڕەێاێیەو ئاوها بڕوات ڕەنگتان تەواو ڕەش ئەبێت و خۆشتان باجەكەى ئەدەن.ئەیانەوێ لەڕێگەى گەرمكردنى بازاڕى خۆپیشاندان و ڕابەرایەتیكردن و مەسەلەى بودجەوە بازاڕیان گەرمبكەنەوە،بەڵام ئەمە هەوڵێكى بێ ئاكامەو هیچى تر.زۆر سەهوون خەڵك خۆى با بەكوشت و ئێوەش ببن بەموخاتەب بەم حاڵەوە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست