ئەنفال و بەرژەوەندى
Tuesday, 10/04/2012, 12:00
ئێمە گەلێكین،ئەگەر هەموو مێژوو بەسەر هاتەكانى ژیانى خۆمان بۆ بكەیتە شریتێك،ڕەنگە زۆربەمان تاقەتى ئەوەمان نەبێت،دانیشین بەدیارییەوە،نەلە مێژوودا ئەژین تا ڕووداوو پەیوەندى یەكان یان ئەو كارەساتانەى حەزى ئینسان خوڵقاندوونى گەشە بەعەقڵ بیركردنەوەمان بدات،نەلە ئێستاو ئایندەیەكى تەنانەت تەڵخیشدا خۆمان ئەبینین،ئەگەر بڕیاربێت هەندێك سەركەوتن و سەروەریمان تۆمار كردبێت بەتایبەت لەدواى ڕاپەرینەوە،بەدڵنیاییەوە ئەوا یانسیب بووەو بۆمان دەرچووە،چونكە ئێمە بوارێكمان بۆ پلانسازى و بۆسیاسەت و بۆ گەڕانەوەى ڕەفاهیەت نەڕەخساندووە.
ئەنفال،برینێكى گەورەیە یان بچوكە،ئەمە لەشوێنى تردا بەتوێژینەوە كارمان لەسەركردووە،ئەوە دوو ساڵێكە بڕێك لە ڕۆشنبیران و نوخبەكان ئەلێن:" كاكە لەمەولا پێویستە ئەنفال لەگریان و شیوەنەوە بكەین بەقەزیەیەكى سیاسی و لەئایندەدا سوودى لێوەربگرین،،" وەى بەسەرچاو ئەوە نییە "د:كەمال كەركوكى" بەناوەكەیدا دیارە خەڵكى ئەنفالستانەو كار لەسەر ئەم كەیسە ئەكات.
سەردەمى خۆپیشاندانەكانى پار،لە دانشتنێكدا،كە بەبەراورد بە هاورێكانى تر بەندە زیاتر موعارزو توندترێكیش بووم،لەزمنى داواكانى خەڵكدا لەناوپەرلەمان خستمە پێش چاو كە پرۆژەیەكم ئامادەیە بەناونیشانى "چۆن ئەنفال ببەینە نەتەوەیەكگرتووەكان".نزیكەى (2000) بەڵگەنامەو بڕیارەكانى دادگاى بالاى تاوانەكانى عێراقیشى لەگەڵدا هاوپێچە،وەرن بائەم كەیسە ببەینە نەتەوەیەكگرتووەكان،لە بەر دوو هۆ گرنگ: یەكەم: بۆئەوەى ئەنفال لەئاستى نێو دەوڵەتى و (un) دا بە جینۆساید بناسرێت،ئالیەتەكەش ڕوونە،خەڵكى تریش هەن،دووەم: بۆئەوەى نەتەوەیەكگرتووەكان چۆن قەرەبوو ئەدات بە كوەیت ئاوەهاش بۆ كوردستان،ئەمە بكات،بێگومان ئەم دوو هۆكارە ڕێ خۆشكەر ئەبوون بە سبەى تا لە ڕێگایەوە كاربكرێت بۆ پێكەوە نانى كیانێكى كوردى.ئێستاش جوولەكە لەسەر هۆڵۆكۆست ئەژین،ئەرمەنەكان توانییان سوود لەكۆمەڵكوژییەكەیان وەربگرن.تەنانەت شیعەى عێراقیش كوشتنى هۆڕەكانى بۆ زۆرشت بەكارهێنا لەسەدەمى بەعسدا..دواجار خۆى هەڵەبجەو ئەنفال و حیكایەتەكانیان ئەتوانرێت وەربگێڕدرێن و زیاتر دەوڵەمەندبكرێن چونكە پرۆژەن بۆ سەربەخۆ بوون.
ئێمە زۆر كەڕەت وائەزانین هیچ نین و هیچیشمان پێناكرێت،بەڵام بەحوكمى سەردەم و بارى جیۆ-سیاسیى و ئابوریمان زۆر شتى گەورەمان پێ ئەكرێت،ئەوە هەر نەوت و ئەكسۆن مۆبیل نییە كە لێوەى بتوانین ئایندەى كوردو حیسابە باقیەكانى پێ زیادبكەین،سەردەمێك توتنى كوردستان 100% ى پێویستیەكانى عێراقى دابین ئەكرد،گەنم و جۆ پێداویستیەكانى ناوچەكەى ناوچەكەو دەوروبەرى پڕئەكردەوە،بوارى ئاودێرى و بەنداوەكان سەروەتێكى بێپایانى ئەم وڵاتەن و تەوزیفیان نەكرد،ئێ وەك ئەمەتان نەكرد،خۆ (22) ساڵە وەزارەتى مافى مرۆڤ و شەهیدان و ئەنفالكراوەكان هەیە،چیتان بۆ قەزیەى ئەنفال كرد..؟."د:كەمال" زۆر بەخۆشحاڵیەوە ئەم پرۆژەیەى پەسەند كرد،هەر ئەو ڕۆژە باش ئەمزانى لەبەرئەوەى كادرى حزبەكەى ئەو نیم و قسەكانیشم بەر دڵى نەئەگرت،ئەیویست كاتى خۆپیشاندانەكەمان پێ تەواو بكات و دوایش "ئەنفالى چى و پرۆژەى چى..؟" .چونكە ئەگەر ئەوان بیانكردایە ئەوا وەك خۆى وتى" 18 "تەن بەڵگە نامەیان دواى پرۆسەى ئازادى دەسكەوتووە، لەوە ئەچێت بۆ تەلەف بوون هەڵیانگرتبێت.لەو سەردەمەى جەنابیان سەرۆكى پەرلەمان بوون ئەیانتوانى چ وەك جیهەتێكى تەشریعى ئەم قەزیەیە لەپەرلەمان و لەناو حزبەكەى ئیسارە بكەن،كە پرۆژەكەش چووە بەردەستیان دواى ساڵێك هیچ ئامادەگیەكیان نەنواند.بەڵام خۆ نەچووە بچێت هەردەستتان ئەكەوێتەوە ژێر هەمانەكە.
لەم ساڵانەى دواییدا،بەڕێزێك بەپارەى حكومەت گوایە ئەچێت كۆڕبگرێت لە ئەوروپا بۆیادى ئەنفال،دواتر دەركەوت بۆ دیدارى خۆشەویستەكەى ڕۆشتووە،لەمەش بترازێت ساڵى جارێك گۆرێكى بەكۆمەڵ هەڵئەدەنەوە یان ژمارەیەك تەرممان بۆ ئەهێننەوە بۆ هاژو هوژى ناو ڕاگەیاندنەكانى خۆیان،لەكاتێكدا شوێنى هەموویان ئەزانن و ئەتوانن هەمووى بە چەند ڕۆژێك بهێننەوە،بەڵام ئەوەش ناكەن،ئەیانەوى قەزیە نەتەوەیی و مرۆییەكانیش وەك چەكێك هەر بەدەستیانەوە بمێنێت،ساڵى جارێكیش دنیامان لێ پڕ ئەكەن بۆ موزایەداتى حزبى و خۆبادان،گوایە یادى ئەنفال و ڕاپەرین ئەكەنەوە!!.لێرەوە بە كەمالى كەركوكى ئەڵێین ئەگەرچى ئەنفال و كیمیاباران و ئەو كۆڕەو ڕاپەرینەى خەڵك بۆى كردن ئێوەى بردە ناوپەرلەمان و قیادەى حزبەكانەوە،بەڵام ئێوە نەتانتوانى ئەنفال بكەن بەپرۆژەو خزمەتى ئایندەى گەلەكەتانى پێبكەن.مێژووەكەتان بۆ خۆخۆرى و كورسی و پێگەكەشتان بۆ تەعلیق و تەشهیرو بێدەنگكردن بەكارهێنا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست