کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەنگى ڕاپەرینى جەماوەریى لە كوردستان دێ

Tuesday, 16/10/2012, 12:00


تائێستا دیارنییە، كێ ئەو گەردەلولەى وڵاتانى عەرەبی ناوناوە "بەهارى عەرەبی".بەڵام ئەوە ڕوونە كە خەڵكى نان و ئازادیان ئەوێت،خەڵكى وەڕس بوون لەناوچەگەرێتى و تەكەتولات و پیاوپیاوێنەو بەتاڵانبردنى سەروەت و داهاتى وڵات، باش تێدەگەن كێن ئەوانەى مەترسین لەسەرئاسایشى كوردستان و ئەشیانەوێ خۆیان وەك پارێزەرى خەڵك و كەرامەتیان نیشان بدەن،هەندێك مێژووى حوكمكردنى ئەم دوو هێزە ئەگێڕنەوە بۆ ساڵانى شەستەكان و،بڕێكیش واى دائەنەن ئەمانە لەدواى بەهارى (1991) ەوە حكومەتدارى دەكەن،خۆشیان خوازیارن لەدواى پرۆسەو ئیمزاكردنى ڕێككەوتنامەى ستراتیژییەوە بۆیان ئەژمار بكرێت،هەرچۆنێك بێت ڕۆژێك چوار ملیار دینارى ووشكە ساڵى دیارنامێنێت و،رۆژێكى تر هەژدە ملیۆن دۆلارى پرۆژەیەك و،رۆژى دواتر چوارملیارى نەوت و،ڕۆژێك پشتگیرى لە تەقەكەرەكانى ناو زانكۆ ، ڕۆژى ئەولاتریش پلان دائەنەن چۆن فڵانەكەس تێوە بگلێنن لە گرفتێكى گەورە،یان بیترسێنن بە كۆمەڵێ شتى سواو،هەر جارەو وەفدی حزبێكى سیاسی خۆى دەكا بە بەبارەگاى موخابەراتى وڵاتانى دونیاداو،هەر سەعاتەو میت و ئیتڵاعات بەجۆرێك لێپرسینەوە لە ناسیاسیەكانى ئێمە دەكەن،ئەگەر مێژووى حوكمرانى ئەم دووهێزە لەدواى دامركانەوەى خۆپیشاندانەكانى (17) ى شوباتەوە بخوێنینەوە،ئەوا بە ئامار گەندەڵی و فەزاحەتیان گەیاندۆتە لووتكە،كۆمپانیا زەبەلاحەكانى حزب سەرقاڵى كڕینى گشت موڵك و شوێنە هەستیارەكانى شارن، گەندەڵى بووە بە ئاشكرا بەتاڵانبردنى وڵات،ڕێژەى بێكارى لە (14%)ەوە بووە بە (18%)، توندو تیژى دژى مرۆڤ،دژى ژن،دژى رۆژنامەنووسان،حاڵەتەكانى جیابونەوەو كارەساتەكانى هاتووچۆ و ڕێگاوبان،بێزارى خەڵك لەبینینى ئەم حووت و پیاوە گەمژانەى ناو دەسەڵات بەرەو لووتكەو پتر بوون دەچێت.بێدادى و ڕێژەى تاوان زیاتر دەبێت.هەر جارەو بە پاڵپشتى بەرپرسێك بینایەك قووت دەكرێتەوەو كارى بازرگانى و كارى بێ ئینسافى تیا دەكرێت.تەنانەت گومان لە ئالیەتى پەیوەندى كردن و نرخى قسەكردن تەواو زیادى كردووە.
ئەها ڕەنگە،ئێستا كەس باوەرم پێنەكا،هەروەك چۆن لە سەروەختى خۆپیشاندانەكان هەندێك بێ باوەڕبوون،ئێستا تێدەگەن ئێمە چیمانكردو بوچی وامانكرد،ئۆپۆزسیۆن لەگەمەى ئیقلیمى و حزبە دەسەڵاتدارەكاندا غەرقبووە،لەكوردستان گشت هێزەكان ڕەگ و ڕیشەیان لەناو خەڵك و فەرهەنگى كوردایەتیدا سەوز نەبوون،بەڵكو بەئیعازى موخابەراتى و نێودەوڵەتى دەجوڵێنەوە،لەئەجێندەى هیچ پارتێكى سیاسیدا بەرژەوەندى خەڵك و شەقام نییە،بۆیە خەڵك ماوەیەكە بێ خاوەن ماوەتەوەو لایەك شك نابات ببێتە باوكى دەنگە ناڕازییەكان،ئێستا خەڵك لەقۆناغى چین لەسەر چین دانانى رق و كینەكانیەتى بەرامبەر دوو هێزى نادادپەروەرو ستەمكار،ڕەنگە بێهۆشێك بپرسێت ئاخر ڕاپەرین و خۆپیشاندان ئەكەن ئەلتەرنالتیڤتان بۆ یەكێتى و پارتى چییە..؟.خەڵك لەلوتكەى ستەمدا گوێ بەمە نادات،هەركەسێك بێت لە پیاوە بێ بەڵێنەكانى ئەمڕۆ باشترێكە،ئەم ستەمەتان بەسەرەوە ناچێت،ئەم تەكبیرو كارە بێمانایانەتان لەژێر ناونیشانى ئاسایشى نەتەوەیی و ئاسایشى گشتیدا بیرناچێتەوە.
لەكاتێكدا،ماوەیەكى زۆرە هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانى كوردستان،چاوەڕێی ڕووخانى ئەسەد بوون تا بەرچاویان ڕووناك بێتەوە،كەچى ئەمە درێژەى كێشا،بەڵام ئێستا بەپێی گشت پێوەرەكان ئەسەد (ئەو پیاوەى تاڵەبانى بروسكەى ماتەمینى بۆ كوژرانى كەس و كارەكەى دەنێرێت) ڕووەو لەناوچوونە،عێراق سەرقاڵى كڕینى چەك و داگیركردنى كەركوك و كەمكردنەوەى ڕێژەى كورد لەناو سوپاو،ئەنجومەنى فیدراڵى و پەراوێزخستنى كوردە،بیرمان نەچێت ئەم عێراقە سەرۆكەكەى كوردە،ئێمە شەڕ لەگەڵ سوپایەك دەكەین سوپاسالارەكەى كوردە،پەیوەندییە دەرەكییەكانى ئەم دەوڵەتە كوردێًك ڕێكى ئەخات،وەكوردێك بایەعى و بازرگانى بۆ دەكات،لەم ئان و ساتانەدا تاڵەبانى سەرقاڵى بەهێزكردنەوەى عێراق و قەناعەتپێكردنى بارزانیە تاماڵى عێراقیەكان یەكبخاتەوە،ئەو عێراقەى كە ئیمامى حەسەن و عەلى باوكیان كوشت و وەسیەتیان تیاكردووە باوەڕ بەگەلەكەى نەكەن،ئاخر تۆ بۆ ماڵى حزبە شێواوەكەى خۆت یەكناخەیتەوە،ئەم هەموو مافیاو بازرگانەت بەرداوەتە لەشى خەڵكى،ئاخر خۆمن بەم ووتانەم نەجنیۆ ئەدەم نەتەشهیر،هەقیقەتتان بۆ باس دەكەم،مژدەتان ئەدەمێ ڕاپەرین بەڕێوەیە بۆكوردستان،بێ جیاوازى خەڵكى ناوى هەمووتان دەزانن و سبەینێ لەدادگاو لەودیو تێلەدڕكاوییەكەوە ئەتانبینم،ناشێت بەتەمابن خەڵك باوەڕ بەشەرعیەتى شۆڕشگێڕیتان بهێنن و بە فریادڕەس ناوتان بهێنن،ئێوە چۆنن ڕێگە بەخۆتان ئەدەن پەیوەندیتان لەگەڵ هەموو دوژمنانى كورد پتەوبكەن،بەچ ڕوویەكەوە چاودێریی خەڵكى تر ئەكەن،دەچن بۆكوێ.؟تایەك دینار زیاتر بدزن ئازارەكەى زیاترە،ئەمەزانستى مەنتقە،كوردستان لەبەردەم سێ ڕێگەدایە،یەكەم،كودەتا كەناكرێت،دووەم،: چاكسازى كە ئێوە كردتان بەخەون،سێهەم ڕاپەڕین كە بەڕێوەیە.چونكە ئێوە ئەمڕۆ چیتر نمونەى خەباتگێر و شۆڕشگێڕ نین،بەڵكو خەبات و شۆڕشتان گێڕ كرد،چاوەڕوانى زەبرى میللەت بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە