مەرگی جمهوری ئیسلامی
Friday, 08/03/2019, 16:15
سەرباری پێشێلی مافی مرۆڤو لەبەرچاو نەگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، پاوانخوازیو فرەخوازی هەرێمایەتی جهموری ئیسلامی لەناوچەکە بووەتە کاری هەرەلەپێشێنەی ئەو ڕژێمە. ئاخوندە بەناو سیاسییەکانی ڕۆژەڵاتی ناوەڕاست بەگشتیو ئێرانیان بەرەو گێاوێکی لەبن نەهاتووی نائارامی بردووەو ئاسایشی گەلانی ئێرانیان خستووەتە مەترسی کولەمەرگییەوە. فاکتەری درێژبوونەوەی جەنگی ناوخۆی سوریاو ناسەقامگیری عێراق بەستراوەتەوە بەو ئاژاوەگێڕیو دەستوەردانانەی کۆماری سێدارە.
جەنگی ئابوری لەهەمبەر ئێران بۆ دەستهەڵگرتن لە ملهوڕییەکانی ئەو ڕژێمە فاشستە نابێتە فیگەرێکی بەهێز بۆ بەرودوا بردنی سەرەڕۆییەکانی ئاخوندەکانی دەسەڵات. لەهەلومەرجێکی گونجاودا، ئەگەری کردەی سەربازی زۆرە لەدژی شۆرشی ئیسلامی کەبتوانێت کۆتایی بەو پاوانخوازییەی ئەم دەسەڵاتە بۆگەنە بهێنێت کە لە یەمەنەوە درێژبووەتەوە تاوەکو سوریای ئەسەد.
ئەوەی گرنگە لەم نێوەندەدا، حزبە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتن کە بتوانن لەچوارچێوەی سیاسەتێکی ڕونتر دابنیشنو کۆک بن لەسەر ناوچەیەکی یاخود دەوڵەتێکی پۆست ئاخوندیزم، کە هەڵگری دروشمی بەیەکەوەژیان یەکتر قبوڵکردن بێت لەسەر بنەمای فرە ڕەگەزیو فرەنەتەوەیی.
واپێویست دەکات کوردانی ڕۆژهەڵات تۆکمەتر بێنە بەرچاوو بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو بەرنامەی کاریان دیاربێتو بتوانن باوەڕ بە زلهێزانی ناوچەکە بهێنن، کە دەتوانن تەمسیلی گەلانی ناوچەکە بکەنو توانستی هونەری ڕێبەرایەتی، لەبوارەکانی کارگێڕی، ئەمنی، سیاسی نیشان بدەن.
کورد لە ئیرانی دوای کۆماری سێدارەدا دەتوانی ژمارەیەکی بەهێزبێت، هەروەک ڕونە پشتیوانی سەرەکی کورد لەناوچەکەو لە ئێستادا وڵاتانی ڕۆژئاواو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کە بەدۆستو هاوەڵی هەرە لەپێشینەی خۆیان دەزانن، ئەمەش لە جەنگی دژ بە داعشدا بە پراکتیکی بینرا.
مەرگی جمهوری ئیسلامی تادێت نزیکتر دەبێتەوەو ئەگەری گەورە بەڕێوەیە بۆ گۆڕانکاری گەورە لەناوچەکە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست