کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

Wednesday, 02/12/2009, 12:00


تاڵه‌بانی‌ شكسته‌ی لێ‌ بۆته‌ گرێیه‌ك نه‌ بۆی پینه‌ ده‌كرێت نه‌ له‌ژێرباریشی ده‌رده‌چێت "
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر درۆ ‌و ده‌له‌سه‌كانی‌ راگه‌یاندنی یه‌كێتی بڵاوده‌كاته‌وه‌

به‌ سه‌رسوڕمانێكی زۆره‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستان دوێنێ‌ شه‌و له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانییه‌وه‌ خه‌ڵكانێكی زۆری نه‌ناسراویان بینی كه‌ گوایه‌ ئه‌مانه‌ چالاكوانه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانن، له‌وه‌ش سه‌یرتر له‌ پێشوازی ئه‌و خه‌ڵكه‌ نه‌ناسراوه‌دا چه‌ند ئه‌ندامێكی (م.س)ی ئه‌و حیزبه‌ له‌گه‌ڵ‌ سكرتێری گشتی‌و سه‌رۆك كۆماری عێراقدا ئاماده‌ی بون، هه‌روه‌ك هه‌نگوینیان له‌ كلۆره‌دارا دۆزیبێته‌وه‌ یان مافێكی گرنگی گه‌لی كوردیان له‌ به‌غدا جێگیر كردبێ‌.. هه‌ربۆیه‌ به‌ پێویستمان زانی ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر درۆ‌و ده‌له‌سه‌ی راگه‌یاندنی یه‌كێتی بده‌ین كه‌ ته‌نها هۆیه‌كه‌ به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ماوه‌ كه‌ ده‌توانن روی خۆیانی پێ‌ داپۆشن:
1- له‌ هه‌مو ئه‌و هه‌زار كه‌سه‌ی كه‌ نیشان دران ته‌نها كه‌سێكیان لای ئێمه‌ ناسراوه‌ به‌ ناوی (عیسمه‌ت)كه‌ وای نیشانداوه‌ لێپرسراوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوه‌ له‌ بادینان، به‌ڵام له‌ راستیدا ناوبراو زیاد له‌ 15ساڵه‌ له‌ شاری قه‌ڵادزێ نیشته‌جێیه‌‌، چۆن ده‌كرێت كه‌سێك بكرێته‌ لێپرسراوی ده‌ڤه‌رێك كه‌ دانیشتوی ئه‌و ناوچه‌یه‌ نه‌بێت؟
2- ناوبراو نه‌خوێنده‌واره‌ وه‌ك ئاشكراشه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵسوراوه‌كانی خۆی به‌ زۆری له‌ ناو گه‌نج و رۆشنبیر و خوێنده‌واراندا هه‌ڵده‌بژێرێت نه‌ك به‌ كه‌سانی ستۆك و نه‌خوێنده‌وار... 
3- هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا سه‌رپه‌رشتیاری گشتی ده‌ڤه‌ری بادینان به‌ڕێز (وشیار عابد)بوه‌ نه‌ك كه‌سێكی تر.. 
4- بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كاندیده‌كانی لیستی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان له‌ عیراق له‌ ناو رۆشنبیر و وجه‌های بادینان دیاری ده‌كات نه‌ك له‌ خه‌ڵكی نه‌ناسراو...
5- ناوبراو هه‌وڵیده‌دا ببێته‌ لێپرسراو له‌ كاتێكدا له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ ناو گۆڕاندا لێپرسراوێتی ئه‌ركه‌ نه‌ك ئیمتیاز، بۆیه‌ كه‌وتبوه‌ ركابه‌ریه‌تی پیاوانی خوێنده‌وار و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ و ئیبتیزاز كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌كرێته‌ لێپرسراو ئه‌وا ته‌سلیمی یه‌كێتی ده‌بێته‌وه‌ ئێمه‌ش خۆیمان سه‌رپشك كرد له‌ وكاره‌دا...
6- سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌سه‌ر خه‌بات و تێكۆشان و قوربانی و خوێنی شه‌هیده‌كانی كوردستان ئه‌و پله‌یه‌ی وه‌رگرتوه‌، ئه‌ركی ئه‌و ده‌بوایه‌ داكۆكی كردن بێت له‌ماف و ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان به‌ تایبه‌ت له‌م ساته‌وه‌خته‌ مێژوییه‌ هه‌ستیاره‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌ به‌غداد قسه‌ له‌سه‌ر چاره‌نوسی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابراوه‌كان و ژماره‌ی كورسیه‌كانی كوردستان و مافه‌كانی تریش ده‌كرێت، كه‌چی له‌ وه‌ها كاتێكی هه‌ستیاردا سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی ئێمه‌ یان سه‌فه‌ر بۆ خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ یان له‌ سلێمانی داده‌نیشێت به‌ دیار گێڕانه‌وه‌ی چه‌ند هه‌ڵسوراوێكی گۆڕانه‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتی... دیاره‌ موساده‌قه‌ كردنی له‌سه‌ر یاسای پێشوی هه‌ڵبژاردن كه‌ مافی كوردی تێدا ره‌چاو نه‌كرا بوو وه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ تێكرا ناڕه‌زاییان له‌سه‌ر ئه‌و واژۆیه‌ ده‌ربڕی بۆ ئه‌و شكسته‌ی كه‌ به‌سه‌ر كوردیدا هێنا، ئه‌م شكسته‌ی بۆته‌ گرێیه‌ك نه‌ بۆی پینه‌ ده‌كرێت نه‌ له‌ژێرباریشی ده‌رده‌چێت، ئه‌مه‌ وایكردوه‌ كه‌ چاوبه‌ست له‌ خه‌ڵكی بكه‌ن به‌م شێوازه‌ ناشیاوه‌ له‌ بیر خه‌ڵكی ببنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئاشكراكردن و هه‌وڵدان بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی یاساكه‌ یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ ده‌نگی لێهێنرا و دواتریش به‌ ئیراده‌ی گشتی خه‌ڵكی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد هه‌موار كرایه‌وه‌، هه‌موو لایه‌كمان ده‌زانین كه‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار پێكهاتوه‌ له‌ سێ كه‌س كه‌ هه‌ردوو نوێنه‌ری پێكهاته‌ی شیعه‌ و سوننه‌ سه‌رسه‌ختانه‌ داكۆكی له‌ مافه‌كانی پێكهاته‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام نوێنه‌ره‌كه‌ی كورد نه‌ك ناتوانێ داكۆكی له‌ مافه‌كان بكات، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانیش له‌ را و بۆچون و لێدوان و سازش و واژۆكانی ئه‌وه‌وه‌ دروست ده‌بن... ده‌بوو سه‌رۆك كۆمار ئێستا له‌ به‌غداد له‌ جه‌نگێكی نه‌پساوه‌دا بوایه‌ نه‌ك له‌ كوردستان هه‌موو كاتی خۆی و راگه‌یاندنه‌كه‌شی ته‌رخانبكات بۆ دژایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
7- ئێمه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ رۆژ به‌ رۆژ هه‌نگاوه‌كانمان بۆ ئاڕاسته‌ی جێگیر بون و به‌هێزبونی زیاتر ده‌ڕوات پشت به‌ست به‌ ئیراده‌ و پشتیوانی خه‌ڵكی كوردستان... رۆژانه‌ ده‌یان و سه‌دان كه‌س و هاوڵاتی له‌ بیروبۆچونی جیاواز و له‌ چین و توێژی جیاجیاوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان روده‌كه‌نه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ روناكی ئاینده‌ی خۆیانی ده‌زانن و زیاتر بۆیان رونده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌ڵكه‌وه‌یه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان تێده‌كۆشێت..

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
2/12/

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە