ئەمریکاو جیهان لە دیدی هیلاری کلینتۆنەوە
Saturday, 22/12/2018, 12:40
هیلاری لەپاش وازهێنانی لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە، کتێبێکی بەناوی ” بڕیار دان” دەرکرد، ئەم کتێبەش وەکو یادەوەری وایە لە بارەی ساڵانی ئەزموونی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەر لەپاش دەرچوونی لە ئەمریکا، یەکسەر بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێرا.
-----------------------------
هیلاری کلینتۆن یەکێکە لەو ژنانەی کە لە سەدەی نوێدا تەواوی میدیاکان و ناوەندە سیاسییەکانی جیهانی بەخۆوە خەریکردووە، چەندین لێکۆڵینەوەو کتێب لە بارەی ئەم ژنە سیاسەتمەدارەوە نووسراوە، بە بڕوای من هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە لە لایەکەوە ئەم ژنە خەڵکی ئەمریکایە، کە بەهێزترین وڵاتی جیهانە، دووەمیش ئەم ژنە بۆ ماوەیەک بەشداربووە یان نزیک بووە لە بڕیاری سیاسی ئەمریکا، کە ئەوەش کاریگەری گەورەی بەسەر جیهانەوە هەبووە. هۆکارێکی تریش بۆ کارو چالاکییەکانی ئەم ژنە دەگەڕێتەوە، بۆئەوەی کە ماوەیەک ژنی ناسراوترین سەرۆکی ئەمریکا ” بیل کلینتۆن” بووە، لە سەردەمی کلینتۆندا، ئەمریکا لەوپەڕی هێزو توانایدا بوو، کورد ووتەنی ” ئاغای گوند” بوو، سەردەمی تاکڕەوی ئەمریکا بووە. هەمیشە هیلاری رۆژانی سەرۆکایەتی مێردەکەی لە یادە و هەمووکاتێک کە باسی وڵاتێک دەکات، یەکسەر دەڵێت: من ئەو کاتەی کە خانمی یەکەم بووم لەگەڵ بیل دا سەردانی ئەم وڵاتەم کرد”. ئەمەش وەکو نۆستالۆژیاییەک وایە لە یادی ناچێتەوە.
دواتریش لەسەردەمی ئۆبامادا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، لەو قۆناغەشدا جیهان بە گشتی و گێتی عەرەب بەتایبەتی رووبەروی گەورەترین رووداو بۆوە کە ئەویش ” بەهاری عەرەبیە” ئەم ژنەش رۆڵی گەورەی هەبووە لە داڕشتن و ئاڕاستەکردنی سیاسەتی ئەمریکا و رۆژئاوا، کە چارەنووسی تەواوی گێتی عەرەبی و تاڕادەیەکیش جیهانی گۆڕی.
هیلاری لەپاشئەوەی وازی لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێنا، مانای وازهێنان لە سیاسەت نەبوو، بگرە لە ساڵی 2016 دا خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری هەڵبژاردن، لێ سەرکەوتوو نەبوو، بەخت یاری دۆناڵد ترەمپ بوو. هیلاری لەپاش وازهێنانی لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە، کتێبێکی بەناوی ” بڕیار دان” دەرکرد، ئەم کتێبەش وەکو یادەوەری وایە لە بارەی ساڵانی ئەزموونی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەر لەپاش دەرچوونی لە ئەمریکا، یەکسەر بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێرا، پێش ساڵێک هەڤاڵ و برای هێژام کاک بورهان ئەمین، لوتفی نواند ئەم کتێبەی لە ئەڵمانیاوە بە دیاری بۆناردم، کە یەکێکە لەو کتێبانەی کەمایەی سەرنج بوو.
جێگەی ئاماژەیە لە ئەڵمانیا ئەم کتێبە کاردانەوەی گەورەی هەبوو، زۆرێکیش لە میدیاکانی جیهان تا ماوەیەکی زۆر وتارو خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ کرد. دیارە نەک لە ئەڵمانیا بگرە لە تەواوی جیهان بەگشتی و گێتی عەرەبیش بەتایبەتی قسەوباسی زۆری لەبارەوە کرا، لە هەندێک رۆژنامە و ناوەندیشدا، هەندێک قسە لە بارەی ئەم کتێبەوە نووسرسوە، کە لە راستیدا وانییە.
من لێرەدا پشت دەبەستم بە چاپە ئەڵمانییەکە کە لەژێر ناونیشانی ” Entscheidungen” لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ” Droemer’ ئەڵمانییەوە چاپکراوە،کە یەکێکە لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە گەورەو گرنگەکانی ئەڵمانیا، هەوڵ دەدەم چەند سەرنج و تێڕوانینی خۆم لە بارەی ئەم کتێبەوە بنووسم، چەند وێستگەیەکی کتێبەکەش بە خوێنەری کوردی بناسم.
---------------------------------
گۆڕانکارییە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا:
پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، جگە لە باسکردنی بنەمای سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا،هیلاری باسی چەند گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات، کە ئەمڕۆش بە نەمانی ئەویش لە پۆستی وەزارەت، ئەمریکا هەمان سیاسەت پێڕەو دەکات، ئەو گۆڕانکارییە گەورانەش ئەمانەی خوارەوە:
١- گواستنەوەی ستراتیژی ئەمریکا لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا.
نووسەر لەم کتێبەیدا بە ئاشکرا باسی ئەو گواستنەوەو گۆڕانکارییە گەورەیە دەکات کە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا روویداوە، ئەویش گواستنەوەی سەنتەری ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئەوروپاوە بۆ کیشوەری ئاسیا. لەمبارەیەوە هیلاری دەڵێت: بە بڕوای من ئەم ناوچەیە واتە ” کیشوەری ئاسیا” مێژووی سەدەی بیست و یەک دەنووسێتەوە
٢- چین نەیارو رکابەرێکی سەرەکی ئەمریکایە.
خاڵێکی گرنگی تر لەم کتێبەدا ئەوەیە، هیلاری بە ڕوونی ئەوە باس دەکات کە چین رکابەر و نەیاری سەرسەختی ئەمریکایە، ئەمەش بە ئاشكرا لەم چەند ساڵەی دواییدا دەیبینین.
٣- باوەڕبوون بە دانوستاندن و رێککەوتن
خاڵێکی گرنگی تر کە هیلاری باسی لێوە دەکات، ئەویش دانوستانی ئەمریکایە لەگەڵ نەیارە سەرسەختەکانی، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بینیمان لەگەڵ ئێران و کۆریای باکوور و روسیاش، دانوستان دەکات. واتە ئەمریکا تەنها هێزی سەربازیی لە دژی نەیارانی بەکارناهێنێت، بەڵکە هێزی دیپلۆماتیش بەکاردێنێت.
٤- کورد لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا
خاڵیکی گرنگی تر کە لەم کتێبەدا هەستم پێکرد ئەوەیە، چ ئێستا و چ پێشتریش ئەوەی بە ڕوونی دەردەکەوێت، گەلی کورد، هیچ گرنگییەکی وای لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا نییە، هەتاوەکو ئێستاش ئەمریکا هیچ سیاسەتێکی روونی بەرامبەر بە گەلی کورد نییە.
شێوازی نوسین
ئەوەی مایەی تێڕامانە شێوازی نووسینی ئەم کتێبەیە، هیلاری جگە لەوەی کە پشتی بە تەکنیکی بیرەوەری بەستووە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا تەکنیکی چیرۆک نووسینیشی بەکارهێناوە بەتایبەتی فلاش بگا، بۆنموونە کاتێک باسی ئێستای چین دەکات، لە ل115، سەرەتای فەسڵەکە باسی ئەو رۆژە دەکات کە ساڵی 1972 سەرۆک نیکسۆن سەردانی چینی کرد و چاوی بە سەرۆک ماو کەوت.
هەروەها زۆرجاریش خۆی نابەستێتەوە بەکات و بابەتەوە، بۆنموونە باسی ئەفغانستان دەکات، لەپڕ هێشتا فەسڵەکە تەواونەبووە، دەچێت باسی سەردانی دەکات بۆ عیراق، لێرەوە دەگەڕێتەوە بۆسەرەتای ئەم جەنگە و بڕیارەکانی. پاش چەند لاپەرەیەکی تر، دووبارە دەچێتەوە سەر باسی ئەفغانستان.
هەروەها کتێبەکەی بەسەر وڵاتاندا دابەشکردووە، لە هەندێک فەسڵیشدا بەپێی بابەت بۆنموونە لە کۆتایی کتێبەکەدا، چەند فەسڵێکی تایبەت کردووە بۆ پرسی ” ژینگە، بێکاری لەجیهاندا، مافی مرۆڤ، گلۆبالیزم و دیپلۆماتیی و پەیوەندی نەتەوەو ئایینەکان”.
خەونی وەزارەتی دەرەوە
دیارە ئەم کتێبە کتێبێکی قەبارە گەورەیە لە شەش بەش پێکهاتووەو بە زمانی ئەڵمانی 900 لاپەرەیە. لە بەشی یەکەمدا باسی سەرەتاکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەو پەیوەندی لەگەڵ ئۆباما و چۆنێتی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە دەکات. ئەمە لە کاتێکدا ئەوان هەردووکیان ساڵی 2008 کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماربوون لەناو پارتی دیموکراتی ئەمریکاد، بەڵام دواتر باراک ئۆباما توانی لە هیلاری بەرێتەوە، لێ پاش چوار مانگ لە تەواوبوونی خوڵی هەڵبژاردنەکان، هیلاری ئامادەبووە بچێتە کۆشکی سپی و ببێتە ئەندامێکی ئەو تیمەی کە باراک ئۆباما رابەرێتی دەکرد و ببێتە دووەمین ژنە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پاش مادلین ئۆڵبرایت.
لە بەشی دووەمدا کە بە ناوی ” هێزی زیرەک” لێناوە، لەم بەشەدا باسی یەکەمین دیداری خۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا ” دەین ئاچیسۆن” دەکات کە لە ساڵی 1969 بینوویەتی. ئاچیسۆن لە ساڵی 1949 تا 1953 ” لەسەردەمی سەرۆک هانی ترومان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە. هیلاری نایشارێتەوە کە تاڕادەیەکی زۆر پێی سەرسام بووە.
لەم بەشەدا هیلاری باسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات و گرنگی و رۆڵی ئەم وەزارەتە دەردەخات و هەربۆیە بە ” هێزی زیرەکی” ئەمریکای وەسف دەکات.
بۆچی رازیبووە بێتە ناو کابینەکەی ئۆباماوە
دیارە هیلاری لە ساڵی 2008 دا خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری کاندید کرد، بەڵام لەناو کاندیدە زۆرەکانی پارتی دیموکراتدا، بەرامبەر بە باراک ئۆباما شکستی هێنا. بە دڵنییایەوە ئەمەش لە رووی دەروونییەوە کاری تێکرد، لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە،کاتێک ئۆباما کابینەی حکومەتی نوێی دامەزراند، هیلاری کلینتۆنی کردە وەزیری دەرەوە، ئەمەش لەناو ئەمریکا و جیهانیش بووە مایەی قسە لەسەرکردن، چونکە لەکاتێکدا پێش چەند مانگێک دژی یەکتری قسەیان دەکرد و هەردووکیان دوو رکابەری سەرەکی بوون، بەڵام ئایا دوایی چۆن دەتوانن پێکەوە کار بکەن. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش، هیلاری قسەی خۆی دەکات، هەرچەندە مەرج نییە ئەمە هەموو راستییەکان بێت یان خەڵكی قبووڵی ئەم وەڵامە بکەن، هیلاری لەمبارەیەوە دەڵێت:
راستە من و ئۆباما لە هەڵبژاردنەکانی کاندیدی پارتی دیموکراتی بۆ سەرۆک کۆمار دوو رکابەری سەرسەختی یەکتری بووین،بەڵام دیموکراسی تەنها کاتێک سەرکەوتوو دەبێت، کە سیاسەتمەدارەکان، ئامانج و پڕەنسیبی هاوبەش زاڵ بێت بەسەر رق و کێشە شەخسییەکانیاندا، هەربۆیە منیش رازیبووم، پێشنیازەکەی ئۆباما قبووڵ بکەم و ببمە وەزیرێک لە کابینەکەی حکومەتەکەی. ل 94
2 هەزار سەعات لە ناو فرۆکەدا بووە
هیلاری یەکێکە لەو وەزیرانە کە زۆرترین سەفەری کردووە بۆ دەرەوەی ئەمریکا، وەکو خۆی دەڵێت: نزیکەی 2 هەزار سەعات لە فڕۆکە و لەناو ئاسمان بوو، کە دەکاتە نزیکەی 87 رۆژ، نزیکەی نیو ملیۆن کم بڕیووە. ئەمەش گوزارشت لەوە دەکات، کە چەندە سیاستەمەدارێکی چالاک بووە، هەروەها لە رێگەی ئەو سەفەرە زۆرانەشەوە، خەڵكی زۆری ناسیوە، ئەمەش ئەزموونەکەی دەوڵەمەندتر کردووە.
ئامانجی سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا
هەمیشە وڵاتان ئامانجێکی سەرەکی دەکەنە بناغەی سیاسەتی دەرەوەیان، هەر ولاتەو دەیەوێت لە رێگەی پەیوەندی دەرەکییەوە، خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات. هەرچەندە هەندێک دەوڵەت لەوانە دروشمی ” ئازادیی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی” دەکەنە بنەمای سیاسەتی دەرەکییان، بەڵام ئەم دروشمانەش بە پێی بەرژوەندیی خۆیان دەیگونجێنن. هیلاری لەم کتێبەیدا بۆچوونی خۆی یان دەتوانین بڵێین سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا بەمشێوەیە وەسف دەکات دەڵێت:
ئامانجی سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا ئەوەیە، کە هاوڵاتییان و حکومەتی دەوڵەتە بێگانەکان، بکەیەنە دۆستی خۆمان، هەروەها هەوڵی ئەوە بددەین کە ببنە شەریک و هاوکاری ئێمە لە جیهاندا. تەنها لەم رێگەیەشەوە دەتوانین ئامانج و پڕەنسیب و بەهاکانی خۆمان لە جیهاندا بسەپێنین. بەڵام بەداخەوە زۆرجار ئەمە وا نەبووە، لەوانەبێت حکومەتەکان دۆستمان بووبن، بەڵام هاوڵاتییان دژمان بوون، یان بە پێچەوانەوە. ل91
ئەندێشە و ستراتیژی نوێی ئەمریکا
لە بەشی دووەمی دەچێتە سەر تێڕوانین و ستراتیژی نوێی ئەمریکا و خۆی لە بارەی وڵاتانی جیهانەوە، ئیتر لێرەشەوە دەتوانین بڵێین، ئەندێشەی سیاسی هیلاری بۆ خوێنەران دەردەکەوێت، ئێمەش هەوڵ دەدەین بە کورتی باسی ئەو ئەندێشە سیاسیانە بکەین، کە تاڕادەیەکی زۆریش گوزارشت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات.
ئاسیا مێژووی ئەم سەدەیە دەنووسێتەوە
ئەوەی روون ئاشکرایە لەسەردەمی دەست بە کاربوونی لە وەزارەتی دەرەوەدا، یەکێک لەکارە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی هیلاری، داڕشتنی سیاسەتێکی نوێی ئەمریکا بووە لە جیهاندا، کە ئەویش بریتییە لەوەی کە دەبێت ئاسیا ببێتە سەنتەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. هەروەک خۆشی لە لاپەڕە 79 دەڵێت:
بە بڕوای من ئەم ناوچەیە واتە ” کیشوەری ئاسیا” مێژووی سەدەی بیست و یەک دەنووسێتەوە.
دارێژەری سیاسەتی نوێی ئەمریکا
دواتر هیلاری باسی ئەوە دەکات کە چۆن ئەو قەناعەتی بە باراک ئۆباما کردووە بۆ گرنگی دان بە ئاسیا. پاشان ئۆباما رازیبووە. لەگەڵ جەنەڕاڵ جیم جۆنسۆن و تۆم دۆنیلۆنی جێگری جەنەڕاڵ و جێف بادەر، کە لە ئاسیادا پسپۆرە، ستراتیژی نوێی ئەمریکایان لە ئاسیا داڕشتووە.
یەکەمین کاریان
هیلاری بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە نوێیەی ئەمریکا دەڵێت:
یەکەم کارمان ئەوە بوو، چۆن دووبارە ڕۆڵی ئەمریکا لە ناوچەی ئاسیا بەهێزبکەینەوە و بیکەینەوە بە یەکەمین هێزی ناوچەکە، بە بێ ئەوەی خۆمان تووشی رووبەروبونەوەی راستەخۆ لەگەڵ چین بکەین . ل86
تارمایی چین بەسەر هیلاریدا
ئەوەی جێگەی سەرنجم بوو، لەم کتێبەدا لە سەرەتاوە هەتاوەکو کۆتایی، تارماییەکی گەورەی چین دەبینم. لێرەوە بۆم دەرکەوت، چین چ کاریگەری گەورەی بەسەر جیهانەوە هەیە. کاتێک ئەم بیروەریانەم خوێندەوە، ئینجا هێندەی تر باوەڕم بەو قەناعەتەی پێشووم کرد، کە فیعلەن چین بۆتە زلهێزێکی گەورەی جیهان. هیلاری هەر لەسەرەتای کتێبەکەیەوە، رەخنەی توند لە چین دەگرێت، جگە لەوە لێرەو لەوێ پلاریان تێدەگرێت، یەک بەشی تەواوەتیشی بۆ چین داناوە. ئەمەش گرنگی ئەم وڵاتە لە ناو سیاسەتی دەرەکی ئەمریکادا دەردەخات. دیارە هیلاری نایشارێتەوە، کە دۆستی چین نییە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەواداری ئەو بۆچوونە نییە، کە ئەمریکا بچێتە جەنگی گەورەوە لەگەڵ چین، بە تایبەتی لە رووی سەربازیی و ئابووریەوە.
بۆچی چین پێش ئەمریکا کەوت؟!
ئەوەی جێگەی سەرنجی هەموو ناوەندە سیاسیی و ستراتیژییەکانی جیهانە، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، رۆڵی چین لە ناو سیاسەتی جیهانیدا بەهێزبووەو بۆتە زلهێزێکی جیهانیی و لە زۆر مەسەلەدا قسەی خۆی هەیە. هۆکاری ئەم بەهێزبوونەی چینیش بەلای هیلاری کلینتۆنەوە، بەم شێوەیەیە:
راستە ماوەی چەند ساڵێکە ئەمریکا کە پێشتر رۆڵی سەرەکی لە کیشوەری ئاسیادا دەگێڕا، پاشەکشەی کردووە، ئەمەش بە سوودی چین بووە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئێمە لە رووی ئابووریەوە لە کاتی تەنگژەی ئابووری 2008 دا، زەرەری زۆرمان کردو ئابووری ئەمریکا لە چاو ئابووری چین پاشەکشەی کرد، هەروەها لەلایەکی تریشەوە، ئێمە تووشی دوو جەنگی درێژخایەن و ئاڵۆزبووین ئەویش جەنگی ئەفغانستان وعیراقە، کە داهاتێکی زۆری ئابووریمان لە دەستچوو، هەروەها لە رووی سیاسیشەوە وایکرد، کە زیاتر خەریکی ئەم دوو جەنگە بین و کەمتر بمانپەرژێتە شوێنەکانی تری جیهان. لەبەرامبەردا، ئەمڕۆ لە ناو چینیەکاندا، هەستی ناسیۆنالیستیان بەهێزبووە و دەیانەوێت رۆڵی خۆیان لەجیهاندا بەهێزبکەن، بە تایبەتی لەناو بازنەی ئەفسەرو جەنەڕاڵە سەربازییەکانی سووپای چین، دەیانەوێت رۆڵی زیاتر بگێڕن، هەرئەمەش وایکردووە کە چین سیاسەتێکی شەڕەنگێزی لە بەرامبەر دراوسێکانی بگرێتە بەر. ل 128
هەموو شتێک خەتای چینە
من کاتێک ئەم کتێبەم خوێندنەوە هەستمکرد، کە چەندە هیلاری رقی لە چینە، هیلاری لەو جۆرە کەسانەیە کە بە هیچ شێوەیەک دانی خێر بە چین دا ناهێنێت و لەوانەیە کە بەردێک لە ئاسمان بکەوێتە خوارەوە دەڵێت خەتای چینە. هیلاری لە تەواوی کتێبەکەیدا باسی هەر شتێک و شوێنک بکات رەخنە لە چین دەگرێت، بۆ نموونە رەخنە لە سیاسەتی چین بەرامبەر بە وڵاتانی ” لاوس و ڤێتنام و بۆرما” دەگرێت و دەڵێت ئەوان” واتە چینییەکان” سیاسەتێکی مووشەخۆرانەیان هەیە، گوێ نادەنە مافی مرۆڤ و دیموکراسی، ئەو رژێمانەش بە رژێمی دیکتاتۆر نا دیموکراسی وەسف دەکات، لە شوێنێکی تردا دەڵێت:
هەموو ئەو بزووتنەوە دژە دیموکراسیانەی کە لە کیشوەری ئاسیادا هەیە، لە لایەن چینەوە پشتگیری دەکرێن و هەرئەوانیش نایانەوێت رەوتی دیموکراسی و ئازادی لە ئاسیادا بەهێزبێت. ل 112.
هەروەها لە دۆسێی کۆریای باکوور و ژینگەپارێزیی و زۆر دۆسێی تری جیهانی، رەخنەی توند لە سیاسەتی چین دەگرێت.
سێ ڕێگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چین
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەهێزبونی رۆڵی چین لە ئاسیا و سەرخستنی رۆڵ و هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە، هیلاری سێ بژاردەی بۆ سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا داناوە کە ئەوانیش بەم شێوەیەن:
یەکەم بژاردە : دەبێت ئێمە بە تەواوەتی پەیوەندی خۆمان لەگەڵ چین باشبکەین و چیتر گرنگی نەدەین بە وڵاتانی تر، بە واتایەکی تر تەنها پشت بە چین لە ئاسیادا ببەستین.
دووەم بژاردە: دەبێت ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هاوکار و شەریکە کۆنەکانمان بەهێز بکەین لەوانە” ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایلاند، ڤلیپین، ئوسترالیا” لەگەڵ ئەمانەدا پەیوەندیمان بەهێز بکەین و جۆەر هاوپەیمانییەک لە دژی چین دروستبکەین و نەهێڵین چیتر هەژموونی چین لە ناوچەکەدا بەهێز بێت.
سێهەم بژاردە: پشتگیری کۆمەڵێک رێکخراوی ناوچەیی بکەین لەوانە ” ASEAN ئاسیان، رێکخراوی هاوکاری دەوڵەتانی باشووری ئاسیا” و رێکخراوی ” APEC ئاپێک، رێکخراوی هاوکاری نێوان دەوڵەتانی ئاسیا و پاسیڤیک بۆ هاوکاری ئابووری “. لە رێگەی بەهێزکردنی ئەم ریکخراوانەوە دەتوانین رێگری لە بەهێزبوونی هەژموونی چین بگرین. ل84
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم، هیلاری کلینتۆن لە تەواوی کتیێبەکەیدا، بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە هەر شوێنێکی جیهاندا پێی کرابێت، رەخنەی توندی لە چین گرتووە، ئەمەش گوزارشت لەو رق و کینە زۆرەی سیاسییەکانی ئەمریکا دەکات بەرامبەر بە چین.
لەم چەند ساڵەی دواییدا بینیمان، چەندە ئەمریکیەکان بە کۆماریی و دیموکراتەکانیانەوە، دژی چین دەوەستنەوە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئەمڕۆ چین بۆتە زلهێزێکی گەورەی ئابووری جیهان و ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بە دڵی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا نییە.
ژاپۆن دۆستە یان دوژمنە؟
لە پاش چین ئەوجا هیلاری دێتە سەر باسی وڵاتێکی گرنگی تری ئاسیا کە ئەویش ژاپۆنە. هیلاری باسی کۆتایی ساڵانی هەشتاکان دەکات، کە چۆن لەو ساڵانەدا لە ئەمریکادا ژاپۆن وەکو ترسێکی گەورە بۆسەر داهاتووی ئەمریکا سەیرکراوە، لەمبارەیەوە دەڵێت:
کاتێک کۆمپانیایەکی ژاپۆنی باڵەخانە مەزنەکەی رۆکەفێلدەر لە سەنتەری نیویۆرک کڕی، ترسێکی گەورەی لە ناو میدیای بینراو بیستراوی ئەمریکا بڵاوکردەوە بە جۆرێک رۆژنامەی ” شیکاگۆ تریبونە” مانشێتێکی گەورەی بڵاوکردەوە و نووسیبوی ” ئایا ئێمە بەرەو نابووت بوون هەنگاو دەنێین.”
هاوپەیمانێکی گرنگ
دواتر هیلاری دەڵێت:
دواتر لەساڵانی نەوەتەکاندا ئەم ترسە رەوییەوە بە تایبەتی پاش سەردانێکی بیل کلینتۆن بۆ ژاپۆن و بەهێزبوونی ئابووری ئەمریکا ئەم ترسە نەما.
لە کۆتایشدا هیلاری دەڵێت:
کاتێک بوومە وەزیری دەرەوە، سەردانی ژاپۆنم کرد و پێم وایە، بۆ دروستکردنی ئەو هاوپەیمانییەی ئێمە لە کیشوەری ئاسیا، ژاپۆن گرنگترین و باشترین هاوپەیمانی ئێمەیە لە ناوچەکەدا. هەربۆیە دەبێت بە گرنگییەوە سەیری ئەم پەیوەندییە بکەین.
جێگەی گوتنە لەتەواوی کتێبەکەیدا، هیلاری بە هیچ شیوەیەک رەخنە لە سیاسەتی ژاپۆن ناگرێت، بگرە بە پێچەوانەوە، بەوپەڕی رێزەوە سەیری ئەم وڵاتە دەکات و بە هاوپەیمانی خۆیانی دادەنێت، بە تایبەتی بۆ گەمارۆدان و سنووردارکردنی هەژموونی چین لەناو کیشوەری ئاسیا و جیهاندا.
ئەندەنووسیا
وڵاتێکی گرنگی تری ئاسیا ئەندەنووسیایە. هیلاریش لەسەر ئەم وڵاتە چەند دێرێکی نووسیوەو باسی هەڵوێستی و خۆیی و ئەمریکا بەرامبەر بەم وڵاتە گرنگەی ئاسیا دەکات و دەڵێت:
پێش 15 ساڵ لەگەڵ بیل سەردانی ئەندەنووسیام کرد، لەوکاتەدا ئەندەنووسیا وڵاتێک بوو لە لایەن رژێمێکی دیکتاتۆری حاجی موحەمەد سوهارتۆوە بەرێوە دەبرا، برسێتی و هەژاریی و نەخۆشیی و نا ئارامی لەناو وڵاتدا بڵاوبوبوەوە، بەڵام کاتێک ساڵی 2009 وەکو وەزیری دەەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئەندەنووسیام کرد، تەواو وێنەکە پێچەوانە بوو، ئەندەنووسیا لەلایەن سیستەمێکی دیموکراسیەوە بەرێوە دەبرا و هەژاریی و برسێتیش کەمکراوەتەوە، ئابووری وڵاتیش گەشەی باشی بەخۆوە دیوە.
دواتریش دەڵێت:
لەگەڵ سەرۆک یودیۆنۆ زۆر بە گرنگیەوە باسی پەیوەندی نیوان هەردوولام کرد، بەڵام سەرۆکی ئەندەنووسیا زۆر نیگەرانبوو لەسەر سیاستەکانی بۆرما، کە لەلایەن رژێمێکی سەربازییەوە بەرێوە دەبرا.
بەگشتی ئەندەنووسیاش بە هاوپەیمان و دۆستێکی گرنگی ئەمریکا دادەنێت.
رێکخراوی ئاسیان
رێکخراوی ” ASEAN ئاسیان، رێکخراوی گەشەپێدانی ئابووری” کە لە 10 وڵاتی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لە ساڵی 1967 دروستبووە، کە بریتیە لە وڵاتانی ” ئەندەنووسیا، تایلاند، فلیپین،لاوس،مالیزیا، میانمار،کەمبۆدیا، سەنگاپوور، برۆنای” ئەم رێکخراوە لە سەدەی پێشوودا لە کاتی جەنگی ساردا بۆ دژایەتیکردنی یەکێتی سۆڤێت و چین دروست بوو، بەڵام لە پاش کۆتایی جەنگی سارد و رووخانی یەکێتی سۆڤێت، ئەم رێکخراوە بووە سەنتەرێکی گەورەی ئابووری ئاسیا و جیهان. لە بارەی ئەم رێکخراوەشەوە هیلاری کلینتۆن دەڵێت:
رێکخراوی ئاسیان، بە یەکێک لە کۆڵە سەرەکییەکانی ستراتیژی نوێی ئێمە دادەنرێت و منیش هەوڵم دەدا، لە کۆبوونەکانی ئەو رێکخراوەدا بەشداربم.
دەشڵێت:
- ئێمە لەگەڵ ئەم وڵاتانە لە بارەی بازرگانی و ئەمن و ئاسایش و ژینگە پاریزی قسەمان دەکرد.
بە کوردییەکەی ئەم رێکخراوەش ئەمریکا دەیەوێت بیکاتە مینبەرێکی گرنگ بۆ داژەیتیکردنی چین، لە کیشوەری ئاسیادا. هەروەک چۆن لە کاتی جەنگی سارد دژی یەکێتی سۆڤێت بەکاریهێنا. لێ چین بە پێچەوانەی یەکێتی سۆڤێتەوە، هاتە ناو ئاسیان و پشتگیری زۆری وڵاتی ئەم رێکخراوە دەکات، هەربۆیە ئەمریکا لەمەشدا شکستی هێنا.
کۆریای باشوورو باکوور
کۆریا بە هەردوو بەشەکەیەوە، پانتاییەکی گەورە لە کتێبەکەی هیلاری کلینتۆن و ساڵانی کارکردنی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای داگیرکردووە. هەتاوەکو ئەمڕۆش نیمچە دوورگەی کۆریا بۆ ئەمریکا بایەخ و گرنگی گەورەی هەیە. ئەمەش لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، لەناو نەخشەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکدا چەسپیەوە.
تێڕوانینی بۆ باکوور و باشوور
هیلاری زۆر وەسفی باشی بەشە باشووورەکەی کۆریا دەکات و زۆر بە توندیی و ناشیرینیش،باسی کۆریای باکوور دەکات. لە وەسفی کۆریای باشووردا دەڵێت:
– کۆریای باشوور وڵاتێکی پێشکەوتووەو سیستەمێکی باشی خۆشگوزەرانیی و دیموکراسییەکی چەسپێنراو دەیبات بەڕێوەو دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکایە، بە پێچەوانەی دراوسێکەی لە باکوور” مەبەستی کۆریای باکوورە” سیستەمێکی ستەمکارو ملهوڕ و دیکتارتۆری هەیە، کە هاوڵاتییانی دەچەوسێنێتەوە و هەموویان لە برسێتی وهەژاریدا دەژین و وڵاتێکی پەراوێزخراوی جیهانە. ل96-97
دوو سیاسەتی جیاواز
لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کۆریای باکوور، هیلاری رەخنە لە سیاسەتی جۆرج واشنتۆنی باوک دەگرێت و دەڵێت:
ئەو سیاسەتێکی توندی بەرامبەر بە کۆریای باکوور گرتە بەرو بە وڵاتی ” خۆڵەمێشی خراپەکاری” وەسفیکرد.
دواتر دەڵێت:
من لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور سیاسەتی نوێی ئەمریکام راگەیاند و وتم: گەر کۆریای باکوور ئامادەبێت واز لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی بهێنێت، حکومەتی ئەمریکا ئامادەیە دانوستان و گفتوگۆی لەگەڵدا بکات و رێکەوتنی ئاشتی مۆربکات. .ل98
هەرچەندە کۆریای باکوور ئەم پێشنیازەی مەدام هیلاری رەتکردەوە، هەربۆیە دواتر هیلاری تەواوی سیاسەتی خۆی دەگۆڕێت و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگی نێودەوڵەتی دەدات، بۆ ئەوەی سزای زیاتر بەسەر کۆریای باکووردا بسەپێنن. ل99
هیندستان
وڵاتێکی گرنگی تری جیهان و کیشوەری ئاسیا هیندستانە. ئەم وڵاتەش پانتایی گەورەو لە کارو چالاکیەکان و ئەندێشەی سایسی ئەم خانمە سیاستەمەدارەی ئەمریکا داگیر دەکات.
لە بارەی هیندستانیشەوە دەڵێت:
– هیندستان گەورەترین وڵاتی دیموکراسییە لە جیهاندا، ئەندامێکی زۆر بەرێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و دەچێتە قاڵبی ئەو دەوڵەتانەی کە لە رووی سیاسیی و ئابووریدا دەرگاکانی بە رووی جیهاندا کردۆتەوە، بە پێچەوانەی چین کە لە لایەن سیستەمێکی ئۆتۆریتێت و دیکتاتۆری کەپیتالیزم” سەرمایەداری” یەوە دەبرێت بەرێوە. ل104
لێرەدا سەیر دەکەیت، لەهەر شوێنێکدا بێت، دەبێت ئەو رەخنەیەک یان چڕنوقێک لە چین دەگرێت. لە لایەکی تریشەوە ئەمە دەریدەخات، کە لەمەولا ئەمریکا دەیەوێت پشتگیری هیندستان بکات و لە دژی چین بەکاریبهێنێت، چونکە دواتر هەر خۆی ئەم راستییەمان بۆ دەردەخات و دەڵێت:
باشترە بۆ هیندستان کە واز لە جەنگ و ململانێی لەگەڵ پاکستان بهێنێت و زیاتر هەموو هێز و تواناکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ برەو دان و پشتگیرکردنی بەهاکانی دیموکراسی و بازاڕی ئازاد لە کیشوەری ئاسیادا.
دواتر لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێت: من بە بەرپرسەکانی هیندستانم ووتوە، ئێمە وەکو ئەمریکا پشتگیری سیاسەتی ” هەنگاونان بەرەو رۆژهەڵاتی” ی هیندستان دەکەین و نەک ئەوەش تەنانەت ئێمە دەمانەوێت و داکۆکی لە وەش دەکەین کە هیندستان سیاسەتی ” پێشڕەوی لە ئاسیادا” بکات. ل107
گرنگییدان بە هیندستان لە هەموو لایەکەوە
دیارە هیلاری و تاقمی سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە هەموو روویەکەوە زۆر گرنگیان بە هیندستان داوە، بۆ نمونە باس لەوە دەکات کە ساڵانە نزیکەی 100 هەزار خوێندکاری هیندی لە زانکۆکانی ئەمریکا دەخوێنن، بەشێکیان لەسەر حسابی خۆیان و بەشێکیشیان حکومەتی هیندستان یان ئەمریکا یارمەتییان دەدات. لە بارەی پەیوەندی بازرگانیشەوە، ئەم سیاسەتە رەنگدانەوەی گەورەی هەبووە،هیلاری دەڵێت:
پێش 14 ساڵ پەیوەندی بازرگانی نێوان ئەمریکا و هیندستان نزیکەی 10 ملیارد دۆلار بووە، ئێستا “واتە ساڵی 2009 ” دەگاتە نزیکەی 60 ملیارد دۆلار، کاریش بۆئەوە دەکەین کە ئەم پەیوەندییە بازرگانییە بۆ ساڵی 2020 بگاتە 100 ملیارد دۆلار . ل 105
دیارە ئەمەش بۆتە سیاسەتێکی جێگری ئەمریکا، ئەمڕۆ هیندستان بە کۆڵەکەی سەرەکی سیاسەتی ئەمریکا لە ئاسیا دادەنرێت، جاران ژاپۆن بوو ئەم رۆڵەی دەگێڕا، بەڵام ئێستا لە سیاسەتی نوێی ئەمریکادا، هیندستان پێگەی زۆر بەهێزی هەیە، ئەمەش زیاتر بۆ دژایەتیکردنی چین دەگەڕێتەوە لە ناوچەکە.
روسیا
هەمیشە روسیا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا” پیاوە خراپە”ەکە بووە، لە تەواوەی سەدەی بیستەمدا ئەمە سیاسەتی ئەمریکا بووە بەرامبەر بە روسیا. چەند ساڵێکی لێدەربکەیت لە ساڵانی حوکمڕانی قەیسەردا، دوای ئەوەش لە ماوەی حوکمڕانی بۆریس یەلسندا، ئەم چەند ساڵەی لێدەربچێت، سیاسەتی ئەمریکا هەمیشە دژایەتیکردنی روسیا بووە، تەنانەت لە ساڵانی حوکمڕانی بۆریس یەلسنیشدا، سیاسەتی لاوازکردن، یەکێک بووە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا. هیلاریش پانتاییەکی گەوەری بۆ روسیا داناوەو فەسڵێکی تایبەتی بۆ روسیا داناوە.
رق و کینەی هیلاری بەرامبەر روسیا و سەرۆکەکەی ” ڤلادیمیر پوتین” زۆر بە زەقی دەردەکەوێت. لەبارەی پوتینەوە دەڵێت:
هەمیشەو ئەو پەندەم لەیادە کە دەڵێت: پیاوە ئاڵۆزەکان بڕیاری قوورسیان لایە. ئەمەش بە تەواوەتی
بەسەر ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا دەسەپێت.
دواتریش لەبارەی ئەندێشەی سیاسی پوتینەوە دەڵێت:
پوتین خەون بە گەڕانەوەی روسیا بۆ سەردەمی قەیسەر ” تزار” و یەکێتی سۆڤێتدا دەبینێت، لەوکاتەدا روسیا زلهێزێکی گەورەی جیهان بووە، ئێستاش پوتین خەون بەوە دەبینێت، کە دیسانەوە روسیا بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی شكۆداری جاران. ل ل350
ئامۆژگارییەکەی چڕچڵ
بەڵام لەگەڵ هەموو رق و کینەیەکیدا بۆ روسیا، ناتوانێت قورسایی ئەم دەوڵەتە لەسەر نەخشی سیاسیی جیهان بە تایبەتی ئەوروپا بسڕێتەوە، لەمبارەیەوە هانا بۆ ئامۆژگارییەکی وینسۆن چڕچرڵی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەبات کاتێک وتویەتی: بۆئەوەی ئەوروپایەکی یەکگرتوومان هەبێت، پێویستە روسیا بەشێک بێت لێی .” ل 351
جیاوازییەکانیان لەگەڵ روسیا
هیلاری کێشە گەورەکانی ئەمریکا لەگەڵ روسیا لەم چەند خاڵەی خوارەوە کورت دەکاتەوە:
١- کێشەی سوریا، چونکە روسیا پشتگیری رژێمی ئەسەدی دیکتاتۆر دەکات و دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە.
٢- کێشەی قرم و ئۆکرانیا، لەمبارەیەوە روسیا بەهێزێکی داگیرکەرو ترسناک دەبینێت کە هێرش دەکاتە سەر دراوسێ لاوازو بچووکەکانی.
٣- کێشەی جەمسەری باکوور، کە لە ئیستادا نەوت و گازێکی زۆری تێدا ئاشكرابووە، هەریەک لە روسیا و ئەمریکاش خۆیان بە خاوەنی دادەنێن.
لە لایەکی ترەوە روسیا بە وڵاتی نەبوونی دیموکراسی و ئازادی دەبینێت و دەیخاتە ریزی وڵاتانی سۆماڵیا و پاکستان لە رووی نەبوونی ئازادی رۆژنامەگەری، جگەلەوەش روسیا رێگا نادات بە بزووتنەوەکانی ” گەی و لێبس، هاوڕەگەزبازەکان” کە کاری خۆیان بکەن.
هەموو ئەمانە بوونەتە مایەی نیگەرانی هیلاری و دەوڵەتەکەی.
سیاسەتی نوێی ئەمریکا بەرامبەر روسیا
هیلاری لە بارەی سیاسەتی نوێی ئەمریکا بەرامبەر روسیاوە دەڵێت: لەگەڵ سەرۆک ئۆباما لەسەر سێ خاڵی سەرەکی رێککەوتین:
یەکەم: دەبێت لەگەڵ روسیا گفتوگۆ و دانوستان پەیوەندیمان هەبێت، گەر لەسەر مەسەلەیەک رێککەوتین ئەوە باشە، گەر جیاوازبووین ئەوا دەبێت بە روونی ئەمەیان بۆ دەربخەین.
دووەم: گەر لە سەر بابەتێک دژی یەکبووین، ئەوا دەبێت بەوپەڕی جددیەتیەوە داکۆکی لەماف و بەرژەوەندی خۆمان بکەین.
سێهەم : دەبێت سیاسەتی سەرەکی ئێمە ئەوەبێت، کە هیچ کاتێک پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیانی روسیا نەپچڕێنین و هەمیشە رێگا بدۆزینەوە بۆئەوەی سیاسەتی خۆمانیان بەڕوونی پێ بڵێین.
ئەوروپا
بە پێچەوانەی روسیا و چینەوە، ئەوروپا شوێنە خۆشەویستەکەی ئەمریکا و هیلارییە. پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ ئەوروپا پەیوەندییەکی ریشەیی و قووڵە. هیلاریش پانتاییەکی باشی بۆ ئەم پەیوەندییە داناوەو فەسڵێکی تایبەتی بۆ تەرخانکردووە. لە بارەی پەیوەندی هەردوولاوە هانای بۆ پەندێک بردووە دەڵێت:
هاوڕێ و دۆستی نوێ بدۆزەرەوە، بەڵام هاوڕێ و دۆستە کۆنەکانت لەبیرنەکەیت چونکە یەکێکیان وەکو زیوەو ئەوی تریان وەکو ئاڵتون وایە. ل317
دواتریش درێژە بە گرنگی و بایەخی ئەم پەیوەندییە دەدات و دەڵێت:
پەیوەندی ئێمە بە ئەوروپاوە تەنها پەیوەندی بەرژەوەندییەکی رووت نییە بگرە، پەیوەندی بە کۆمەڵێک بەهای گرنگەوە هەیە کە کۆمان دەکاتەوە لەسەرووهەموشیانەوە، ئازادیی و دیموکراسیی. بە دڵنیاییەوە ئازار و برینەکانی جەنگی دووەمی جیهان و جەنگی سارد کۆتایی هاتووە، لێ بەداخەوە زۆرێک لە ئەوروپییەکان لە بیریان چووە ئەمریکا چ قووربانییەکی بۆ ئازادبوونی ئەوروپای داوە، تەنها لە فەرەنسادا نزیکەی 60 هەزار سەربازی ئەمریکایی کوژراوە. ل318
مێرکل و سارکۆزی
هیلاری لەناو کتێبەکەیدا باسی زۆرێک لە سیاسەتمەدارەکانی ئەوروپا دەکات، لەسەر دووانیان زیاد لەوانی تر هەڵوەستە دەکات، ئەوانیش بریتین لە نیکۆلای سارکۆزی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا و ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیا. لەبارەی سارکۆزیەوە دەڵێت:
بەپێچەوانەی تەواویی سەرۆک و سیاسەتمەدارەکانی تری فەرەنساوە، نیکۆلای سارکۆزی چ لەژیانی شەخسی و چ لە ژیانی سیاسی، کەسێکی ئارام نەبوو. ل322
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایشارێتەوە کاتێک بۆیەکەمجار سەردانی کۆشکی ئەلیزیی کردووە بۆ بینینی سارکۆزی، زۆر شڵەژاوە و لە خۆشیدا هێندە پەلەی بووە، تاوەکو تاکێک لە پێڵاوی راستی کەوتووە. ل 323
بە پێچەوانەی سارکۆزییەوە، وەسفی مێرکل بەمشێوەیە دەکات:
– مێرکل بەهێزترین سیاسەتمەدارو سەرۆکی ئەوروپایە، تەواو پێچەوانەی کەسایەتی سارکۆزییەوە، ژنێکی تابڵێیت ئارام و لەسەرخۆ و بەهێز بوو.
ناتۆ:
یەکێک لەو رێکخراوە گرنگانەی کە لەسەدەی بیستەمدا دروستبوو هاوپەیمانی سەربازیی ” ناتۆ” یە، کە لە پاش جەنگی دووەمی جیهانەوە لەئەوروپادا دروستبوو، ئامانج لێی دژایەتیکردنی یەکێتی سۆڤێتی جاران بوو. لەلای هیلاریش ئەم رێکخراوە زۆر گرنگە بۆ ئارامی و ئاسایشی ئەوروپا و جیهان. دیارە ماوەی چەند ساڵێکە باس لە ماهیەت و گرنگی مانەوەی ئەم رێکخراوە دەکرێت، بەڵام هیلاری بەپێچەوانەوە داکۆکی لەم رێکخراوە دەکات و دەڵێت:
بە بڕوای من ناتۆ نەک پێویستە، بگرە زۆر زەرور و گرنگیشە، چونکە تەنها لە رێگەی ناتۆوە دەتوانین رووبەروی ترس و هەڕەشەکانی سەدەی 21 بینەوە. ل329
جگە لەوەش هیلاری یەکێکە لەو سیاسەتمەدارانەی، کە داکۆکی لە فراوانبوونی سنوورەکانی ناتۆ دەکات بەرەو رۆژهەڵات بۆ ئەوەی تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بگرێتەوە، بە پێچەوانەی روسیاو، ئەو پێی وایە، ئەمە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و روسیاشە، کە ئەم وڵاتانە ببنە ئەندامی ناتۆ.
تورکیا
هەر لەناو ئەو فەسڵەی ئەوروپادا لە کۆتاییدا باسی تورکیا دەکات و چەند لاپەڕەیەکی بۆ ئەم وڵاتە داناوە و بە دەوڵەتێکی گرنگی دادەنێت و دەڵێت:
هیچ پەیوەندییکمان لە ئەوروپادا هێندەی تورکیا پێویستی بە باشکردنەوەو پەرەپێدان نییە. وڵاتێک کە ژمارەی دانیشتوانی 70 ملیۆنە و زۆرینەیان موسڵمانن، بەشێکی دەکەوێتە ئەوروپاوە و بەشەکەی تری سەر بە رۆژئاوای ئاسیایە. ل 331
تەنها 9% ی تورکەکان ئەمریکایان خۆشدەوێت
دواتر باسی خراپبوونی ئەم پەیوەندییە لەسەردەمی بوشدا دەکات و زیاتر هۆکارەکەی بۆ سیاسەتی جۆرج بوشی کوڕ دەگەڕێنێتەوە، کە بەپێی ئامارێک کە دەزگایەکی راپرسی ئەنجامیداوە، زۆرینەی تورکەکان دژی ئەمریکان و تەنها 9% ی تورکەکان ئەمریکایان خۆشدەوێت. جێگەی ئاماژەیە لە کاتێکدا ئەمریکا گەورەترین پاڵپشتی دارایی و سیاسیی و هەوڵگری لە ماوەی پەنجا ساڵی پێشوودا پێشکەشی ئەم وڵاتە کردووە، لێ ئەمە سیفاتی تورکەکانە، هەتا بتوانن زۆرترین دەستکەوت لە خەڵكی دەستێنن و دواتریش کاریان پێ نەما دەبنە دوژمنی.
هیلاری لە رێگەی دیدارە تیڤییەکانەوە هەوڵیداوە سیمای ئەمریکا لای تورکەکان جوان بکات، لێ سەرکەووتو نەبووە، ئەمەش پەیوەندی بە هیلارییەوە نییە، هێندەی پەیوەندی بە کەسایەتی تورکەکانەوە هەیە، چونکە پێویستیان بە ئەمریکا نییە، هەرکاتێک پێویستیان پێیان بوو، ئەوا دەبنەوە دۆستی نزیکیان.
وەسفی ئەردۆغان و حکومەتەکەی
لە بەشێکی تردا هیلاری زۆر بە باشی ستایشی سیاسەتەکانی ئەردۆغان دەکات و دەڵێت:
لەژێرسایەی حوکمی ئەردۆغاندا کۆمەڵێک گۆڕانکاری باش ئەنجمادراو ئەمەش زیاتر بۆ مۆتیڤی گەیشتن بە ئەندام بوون بە یەکێتی ئەوروپاوە ئەنجامدرا، هەرچەندە لەو باوەڕەشدام کە بوون بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا زۆر دوورە، لێ ئەردۆغان کۆمەڵێک ریفۆمی باشیکرد و حوکمی دەوڵەتی یاسا و باشکردنی باری مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەگەریی و رێگەی ئاسانکرد کە کوردەکان بە زمانی خۆیان میدیا وتیڤیان هەبێت، لە رووی دەرەکیشەوە ستراتیژی ” سیاسەتی سفرکێشە، لەگەڵ دراوسێکان” پێڕەو کرد، کە لە لایەن ئەحمەد داود ئۆغلۆوە دارێژڕابوو، هەموو ئەمانە هیوای ئەوەی هەبوو کە تورکیا رۆڵێکی پێشڕەوی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بگێڕێت. ل335
تائێرە هەر وەسف و ستایشی حکومەتەکەی ئەردۆغان، لێ پاش کەمێکی تر دێتە سەر خلافات و لەم قسانە ووردە ووردە پەشیمان دەبێتەوە
کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا
خراپترین سیاسەت کە بە دڵی هیلاری و ئەمریکا نەبووە، سیاسەتی ئەردۆغان بووە لە بەرامبەر دۆسێی ئێران، لەمبارەیەوە دەڵێت:
ئەردۆغان و حکومەتەکەی زۆر کەم گرنگیان بە ترسناکیی و هەڕەشەی دۆسێی ئەتۆمی ئێران دەدا، کە پرسێکی نێودەوڵەتی بووەو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سزاکانی بەسەردا سەپێنراوە. ل335 .
هۆکاری گرتنەبەری ئەم سیاسەتەی ئەردۆغان ئەوەبوو دەیویست گەورەترین سوود لەو سزا نێودەوڵەتییانە بەسەر ئێراندا ببینێت، لە راستیشدا توانیان باش سوود لەم سزایانە ببین و ئەوەبوو زۆربەی مامەڵەی بازرگانی ئێران لەگەڵدا تورکیا بووە تورکیا شمەکی دەنارد بۆ ئێران، ئەویش ئاڵتۆنی دەدایە، جگەلەوەش تورکیا بووە شوێنێکی باش بۆ سپیکردنەوەی پارەی ئێران بەتایبەتی دەزگا سەربازیی و هەواڵگرییەکانی، هەرئەمەش وایکرد، کە پێش ماوەیەک ئەمریکا سزا بەسەر چەند بەرپرسێکی تورکیدا بسەپێنێت، چونکە رۆڵیان لە پرۆسەی سپیکردنەوەی پارەی ئێران هەبووە.
لەلایەکی ترەوە تورکیا لەپاش بەهاری عەرەبی رۆڵی خراپی لەم دۆسێیەدا گێڕاوە، یان بەدڵی ئەمریکا نەبووە.
دواتر لە بارەی ئەردۆغان و حکومەتەکەیەوە ئەم رەخنانەی لێدەگرێت و دەڵێت:
هەرچەندە ئەردۆغان کۆمەڵێک هەنگاوی باشی ریفرمی نا، بەڵام دواتر لە زۆر رووەوە پاشەکشەی کرد بەتایبەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ نەیاران و رۆژنامەنووسەکاندا، زۆر خراپ بوو، جگەلەوەش هەروەک نەیارانی ئەردۆغان دەڵێن، ئەردۆغان دەیەوێت تورکیا بەرەو دەوڵەتێکی ئیسلامی / دیکتاتۆری بەرێت. ل 336
لە راستیشدا ئێستا ووردە ووردە ئەو هەنگاوانەی تورکیا بۆ جیهان دەرکەوت، هەرچەندە ئەم پیاوە خۆی لەبەرگی ریفۆرمدا پیشانی جیهان دا، لێ دواتر بەرگە راستیەکەی خۆی دەرکرد، کە کەسێکی عوسمانیی و دیکتاتۆرو فاشیستە، بە واتایەکی تر گوورگە لە پێستی مەڕدا.
لە کۆتاییشدا هیلاری دەڵێت:
لەگەڵ هەموو ئەو کێشە و ناکۆکیانەی نێوانمان، لێ تورکیا گرنگی و بایەخی زۆری بۆ ئەمریکا هەیە. ل337
ئێران
ئێرانیش یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە پانتایی زۆر لە کاروچالاکییەکانی هیلاری داگیرکردووەو هەربۆیە فەسڵێکی تایبەتی و نزیکەی 50 لاپەڕەی بۆ ئەم وڵاتە تەرخانکردووە. هیلاری زۆر شارەزایی لە مێژووی کۆن و نوێی ئێران هەیە، بەتایبەتی مێژووی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئێران. هیلاری یەکەمین وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە، کە دان بەو راستییە تاڵەدا دەنێت، کە ئەمریکا کودەتای سەربازی لەم وڵاتەدا کردووە، لەمباریەوە دەڵێت:
ساڵی 1953 سەرۆک ئایزنهاوەر بڕیاریدا کودەتایەکی سەربازی بەسەر سەرۆک وەزیرانی ئێراندا بکرێت، کە لەلایەن گەلی ئێرانیەوە هەڵبژێرابوو، دۆستی کۆمۆنیستەکان بوو. ئەمەش کاردانەوەیەکی ئاسایی بووە لە سەردەمی ئەوسادا، بەڵام بۆ ئەم رووداوە هیچ کاتێک ئێرانییەکان ئامادەنین لە ئێمە ببورن. 625.
شای دیکتاتۆرو شۆڕشی ئیسلامی ئێران
دواتر باس لە مێژووی شا دەکات و بە کەسێکی دیکتاتۆری وەسف دەکات کەماوەی 25 ساڵ حکومی ئێرانی دەکرد، لێ شا و ئێرانیش دۆستی نزیکی ئەمریکا بوون، هەتاوەکو ساڵی 1978 شۆڕشی ئیسلامی روودەدات و دوای کەمتر لەساڵێکیش پەیوەندی مێژینەی ئەم دوو وڵاتە تێکدەچێت، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستی توندڕەوی ئێران و داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران. دواتریش ئێران تاوانبار دەکات، کە ساڵی 1983 یارمەتی حزبوڵلای لوبنانی داوەو دەستی هەبوو لەتەقینەوەی باڵیۆزخانە و بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە لوبنان، کە بووە هۆی کوژارنی سەدان هاوڵاتیی مەدەنی و سەربازی ئەمریکایی.
سڕینەوەی ئێران لەسەر زەوی
جێگەی ئاماژەیە هیلاری کلینتۆن یەکێک بووە لەو سیاسەتەمدارانەی کە هەڵوێستی توندی هەبووە بەرامبەر بە ئێران، هەروەک خۆی دەڵێت، لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2008 دا رایگەیاندووە: گەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا پێویستە ئەمریکا بژاردەی سەربازی هەڵبژێرێت و ئێران لەسەر زەوی نەهێڵێت، هەرئەمەش وایکردووە کە ئێران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئیدانەی ئەم هەڵوێستەی هیلاری بکات، دواتریش ئەمە وایکردووە کە هیلاری لای زۆربەی بەرپرسە ئێرانییەکان ناشیرین بێت. ل 630
سیاسەتی نوێی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران
هیلاری باسی لەسیاسەتی نوێی ئەمریکا دەکات لەسەردەمی سەرۆک ئۆبامادا کە ئەویش لە دوو خاڵدا یەک دەگرێتەوە، یەکەم: سزادان و فشارخستنە سەر ئێران. دووەم: هەوڵدان بۆ دانوستان و سیاسەتی ئاشتیانە. هیلاری باسی ئەوەش دەکات، سەرۆک ئۆباما دوو نامەی ئاڕاستەی خامەنەئیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، جگەلەوەش باوەڕی بەوە هەبووە، کە رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ئێراندا بکات. هەرچەندە هیلاری پێی وایە خامەنەئی رقێکی ئێجگار گەورەی لە ئەمریکا هەیە.
رۆحانی گورگە لە پێستی مەڕدا
هەمیشە ئیسرائیل یەکێک بووە لە دەوڵەتە نەیارەکانی ئێران لەناوچەکەدا بە دوژمنی سەرسەختی خۆی داناوەو هیچ کاتێک باوەڕی بەسەرانی ئێران نەبووە، لەمبارەیەوە هیلاری باس لە تێڕوانینی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات لەبارەی سەرۆک حەسەن رۆحانی، کە بە کەسێکی میانڕەوی ئیسلامی دەناسرێت، دەڵێت: نەتانیاهۆی پێی گوتم، رۆحانی گورگە و لە پێستی مەڕدا” باوەڕ بەقسەکانی مەکەن.
شۆڕشی پرتەقاڵی ئێرانی
لە ساڵی 2009 لە پاش دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدی نەژاد بەسەرۆک کۆماری ئێران، لەناو زۆربەی شارە گەورەکانی ئێراندا خۆپیشاندان کراو میدیاکانی جیهانیش بە شۆڕشی پرتەقاڵی ئێرانی یان زۆرجار بەهاری ئێرانی وەسفیان دەکرد، بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا زۆر ڕوون نەبوو، زۆر پشتگیری خۆپیشاندانەکانی نەدەکرد، هیلاری لەبارەی ئەم سیاسەتەوە دەڵێت:
زۆرێک لە پسپۆرانی بواری ئێران و سیخورەکانمان لەئێران، ئامۆژگارییان کردین، کە هەڵوێستی زۆر ڕوون و ئاشكرامان لەوەدا نەبێت، کە پشتگیری خۆپیشاندانەکان دەکەین، چونکە ئەمە زیان بە خۆپیشاندەران دەگەیەنێت، رژێمی ئێران دەتوانێت ئەمە بکاتە بیانو بۆ داپڵۆسینی خەڵكی و لەناوبردنی بزووتنەوە جەماوەرییەکە بە بیانویی ئەوەی کە ئەمانە پیاوی ئەمریکان. ل636
بەلام ئەمریکا لە رێگەی ترەوە هەوڵی یارمەتیدانی بزووتنەوە جەماوەرییەکانی ئێرانی داوە، ئەوەش لەرێگەی تویتەرو فەیسبووک و ئینتەرنێتەوە، حکومەتی ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆئەم مەبەستە تەرخانکردووەو پشتگیری نزیکەی 5 هەزار چالاکڤانی ئێرانی لەناوخۆو دەرەوەی ئێراندا کردووە.
یەکەم هەوڵی ئاشتی و رۆڵی عومان لەم بوارەدا
هیلاری باسی سەردانێکی خۆی دەکات بۆ عومان لە ساڵی 2011 دەکات کە تێیدا لەگەڵ سوڵتان قابووس دانیشتووە و هەرئەویش پێشنیازی ئەوەی کردووە، کە ئامادەیە یارمەتی ئەمریکا بدات و رۆڵی میانجیکەر لە نێوان ئەمریکا و ئێران بدات. ئەمەش بۆئەو مایەی تێڕامان بووە، بەڵام دواتر عومان دەبێتە پردێک بۆ ئەوەی ئەمریکا و ئێران بەیەک بگەن و ساڵی 2012 شاندێکی دیپلۆماتی ئەمریکی و ئێرانی بە نهێنی لەمەسقەتی پایتەختی عومان کۆدەبنەوە و ئەمەش دەبێتە سەرتای وتوێژی فەرمی نێوان ئەمریکا وئێران، هەرئەمەش وادەکات کە رێکەوتنی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و دەوڵەتانی 5+1 دروست بێت.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، عومان کە وڵاتێکی عەرەبییە و دۆستی نزیکی عەرەبستانی سعودییە و ئەندامی ئەنجومی دەوڵەتانی کەنداوە، کەچی ئەو بۆتە هۆی ئەوەی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئێران باشبێت، دیارە ئەمەش پەیوەندی بەسیاسەتی ئەو دەوڵەتەوە هەیە، ئەوەشمان بۆ دەردەخات، کە عومان دەیەوێت رۆڵێک لە ناوچەکەدا بلیزێت، لە هەمانکاتیشدا ترسی لە عەرەبستانی سعودیە هەیە و دەیەوێت پاڵانسێک لە نێوان ئێران و سعودیە بۆ سوودی خۆی دروست بکات.
زەرەرو و زیانی سزاکان
هیلاری رۆڵی سەرەکی هەبووە لە قەناعەت پێکردنی دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆئەوەی سزای توند بەسەر ئێراندا بسەپێنن. لەم کتێبەدا بە درێژی باسی هەوڵەکانی خۆی لەو بوارەدا دەکات، هەرخۆشی دەڵێت: دەمانیوسیت تەواوی سیستەمی بانکیی و پیشەشازی نەوت و گاز و ئابووری ئێران لاواز بکەین. لە رێگەی ئەم سزایانەشەوە ئێران بڕی 80 ملیار دۆلار زەرەری پێکەوتووە. ل662
کۆریای باکووری رۆژهەڵات
لە دواجاردا هیلاری رەخنەی توند لە ئێران دەگرێت و دەڵێت:
رژێمی ئێران بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمیەکەیەوە، شارستانییەکی هەزاران ساڵەی لەناوبردو گەلێکی بەهێزی تووشی هەژاریی و داماوی کردووە. ئێران ناتوانێت هەلی کار بۆ گەنجەکان بدۆزێتەوە، ناتوانن وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە خۆشگوزەرارنی بۆ گەلەکەیان دابین بکەن. بە دڵنییایەوە ئێران هەنگاو بەرەو ئەوە دەنێت کە ببێتە کۆریای باکووری دووەم لە ناوچەکەدا، ئەمەش دژی ویستی گەلی ئێرانە ل 670
بەهاری عەرەبی
هەمیشە وڵاتانی عەرەبی جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانی ئەمریکا بوون،بە تایبەتی لەپاش جەنگی دووەمی جیهانیەوە، کاتێک ئەمریکا وەکو زلهیزێکی جیهانی هاتە ناو مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوەو دروستبونی جەنگی سارد لەگەڵ یەکێتی سۆڤێتی جاران، ئەم وڵاتانە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، گرنگی گەورەیان هەبووە، ئەمەش زیاتر بۆ شوێنی جوگرافی ئەو وڵاتانە و لەهەمانکاتیشدا بوونی سامانێکی زۆری نەوت و گاز دەگەڕێتەوە، کە بە بڕبڕەی پشتی ئابووری جیهان دێتە ژماردن. هیلاریش وەکو وەزیرێکی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم ناوچەیە شوێنی گرنگی کاروچالاکییەکانی بووە، لە هەمووشی گرنگتر لەسەردەمی هیلاریدا ئەم ناوچەیە رووبەروی گەورەترین رووداوی مێژوویی دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە کە بە ” بەهاری عەرەبی ” دەناسرێت. لەم ساتە مێژوویە گرنگەدا، هیلاری رابەرێتی سیاسەت و تێڕوانینی ئەمریکای کردووە،هەربۆیە لەناو گێتی عەرەبیشدا هێندە گرنگی بەم کتێبەی درا، چونکە سیاسەت و تێڕوانینەکانی هیلاری کاریگەری گەورەی بەسەر ناوچەکەدا هەبووە.
سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە عەرەب
هیلاری باسی سیاسەتی ئەمریکا دەکات بەرامبە بە وڵاتە عەرەبییەکان بەتایبەتی لەسەردەمی خۆیی و پێش سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و تێیدا خاڵە سەرەکییەکان بەمشێوەیە باس دەکات:
خاڵی گرنگی سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە وڵاتە عەرەبییەکان بریتی بوو لە هاوکاریکردن و هەماهەنگی لە جەنگ لە دژی تیرۆر بەتایبەتی قاعیدە، دووەم خاڵی گرنگیش، پشتگیرکردنی ئیسرائیل، سێهەم خاڵیش بریتی بوو لە وەستاندنی بەرنامەی ئەتۆمی و هەژمونی ئێران لە ناوچەکە. ئەمانە ئامانجی سەرەکی سیاسەتی ئێمە بوون لە ناوچەکە . ل503
کۆندەلیزا رایس ئەندازیاری سیاسەتی نوێی ئەمریکا بەرامبەر بە گێتی عەرەب
کۆندەلیزارایس یەکێکە لەسیاسەتمەدارە گرنگ و ناسراوەکانی ئەمریکا،لەسەردەمی جۆرج بوشی باوکدا، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک بوو، لەسەردەمی بوشی کوڕیشدا، بووە راوێژکارو دواتریش بوو بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. ئەم ژنەش تاڕادەیەکی زۆر کاریگەری گەورەی بەسەر رەوتی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە، لەناو گێتی عەرەبیشدا بە دارێژەری ستراتیژی ” ئاژاوەی بونتیانەر، فوچا الخلاقە” ناسراوە.
هیلاری هیچ کاتێک باسی ئەم ژنە ناکات تەنها ئەوکاتەی کە دێتە سەر گێتی عەرەب . هەروەک هیلاری دەڵێت:
کۆندەلیزا رایس یەکەمین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، کە داوای ریفۆرم و باشکردنی سیستەمی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە سەرکردە عەرەبەکان کردووە بەتایبەتی حوسنی موبارەکی سەرۆکی میسر. هەروەک هیلاری دەڵێت: کاتێک کۆندەلیزا رایس لە ساڵی 2005 دا سەردانی قاهیرەی کرد، ئیعلانی گەورەترین گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد کەماوەی پەنچا ساڵە بەردەوامە، رایس رایگەیاند: هەتاوەکو ئێستا ئەمریکا لەبەر پرسی ئەمنی و ئاسیاشی ناوچەکە،پرسی دیموکراسی کردۆتە قووربانی.” ئێمەش لەئێستادا دەمانەوێت چیتر لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام نەبین و سیاسەتێکی تر دەگرینە بەر. چوار ساڵ پاش ئەم وتەیەی رایس، سەرۆک ئۆباماش لە زانکۆی قاهیرە داوای گۆڕانکاری و دیموکراسی لەناو گێتی عەرەبیدا کرد.ل 502
وەستانەوە بەرامبەر بە دیوار
گۆڕانکاری لەسیستەمی سیاسی عەرەبیدا پێش بەهاری عەرەبی، بەشتێکی تەواو زەحمەت دەهاتە بەرچاو،هەروەک یەکێکە لە راوێژکارە نزیکەکانی هیلاری دەڵێت: گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی رۆژهەڵاتی ناڤین، وەکو ئەوە وایە کەسێک رووبەروی دیوارێک بوەستێت، واتە هیچ ناتوانیت بکەیت. ئەمە تێڕوانینی ئەمریکا بووە بۆ گۆڕانکاری لەسیستەمە عەرەبییەکان پێش بەهاری عەرەبی.
کێشەکانی وڵاتە عەرەبییەکان لە دیدی هیلارییەوە
هیلاری کلینتۆن بە پێی تێگەیشتن و تێڕوانینی خۆی بۆ کێشەکانی وڵاتی عەرەبی بەمشێوەیە دەدوێت:
وڵاتانی عەرەبی پێش بەهاری 2011 بەمێشوەیە بوون، هەرهەموویان چ لە رووی سیاسی و چ لە رووی ئابووریەوە، لەقۆناغێکی لاوازیی و سیستییەکی گەورەدا بوون. لە زۆربەی وڵاتان باری نا ئاسایی راگەیندراوە یان حکومەت لەگەڵ میلیشیایەکی سەربازی لە جەنگدایە، گەندەڵی تەواوی جوومگەکانی دەسەڵات و دەزگا حکومەییەکانی گرتبوویەوە بە تایبەتی بەرپرسە گەورەکانی وڵات، هیچ بوارێک یان دەرفەتێک نەدەدرا بە بوونی ئازادی رۆژنامەگەری یان دروستکردنی پارتی سیاسیی و بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆن یان کۆمەڵی مەدەنی، هەڵبژاردن نەدەکرا، گەر بشکرایە ئەوا ساختەکاری زۆری تێدا دەکرا، هەژاریی زۆربەی کۆمەڵگاکانی گرتبوویەوە، سیستەمی دادوەری زۆر ئیفلیج بوو، یاسای سەروەر نەبوو.ل502
ناوچەیەکی هەژارو پاشکەوتوو
پاشتر هیلاری ئاماژە بە راپۆرتێک دەدات کە لەلایەن رێکخراوی گەشەپێدانی مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان بەهاوکاری لەگەڵ چەند سەنتەرێکی لێکۆڵینەوە ئەنجامی داوەو تێیدا هاتووە: هەرچەندە وڵاتە عەرەبییەکان لە رووی سامانی نەوت و گازەوە زۆر دەوڵەمەندن، بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی سیستەمێکی زۆر خراپی پەروەردە و فێرکردنیان هەیە، رێژەی نەخوێندەواری زۆرە بەتایبەتی لەناو ژناندا، ئاستی هەژاری زۆرە و بێکاری لە چاو وڵاتانی تری جیهان دووو قاتە، جگەلەوەش ساڵ لە دوای ساڵیش رێژەی گەنج لەناو کۆمەڵگەی عەرەبی زیاتر دەبێت، زۆربەی هاوڵاتییانی عەرەبی دەستیان بە ئاوی پاک و کارەبا ناگات. جگەلەوەش بەشداری ژنان لەکایەی سیاسیی وئابووریدا زۆر کەمە.
هەموو ئەمانەش هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەو تەقینەوە گەورەیە کە هیلاری بە ” دەرئەنجامی دراماتیکی ” وەسفیان دەکات.
چۆن هیلاری باسی سەرکردە عەرەبەکان دەکات
هیلاری بە حکومی ئەوەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە، زۆرێک لەسەرکردە عەرەبەکانی ناسیوەو هەرئەمەش وایکردووە کە تێڕوانینی تایبەتی بۆ ئەو سەرکردانە هەبێت.
فیرعەونەکەی میسر
هیلاری لە بارەی حوسنی موبارەکەوە دەڵێت:
من ماوەی بیست ساڵێک دەبێت کە حوسنی موبارەک و سوزانی خێزانی دەناسم، حوسنی موبارەک پێشتر ئەفسەرێکی سەربازیی بوو لەکاتی جەنگی 1973 لەگەڵ ئیسرائیل سەرۆکی هێزی ئاسمانی میسر بووە، لەپاش تیرۆرکردنی ئەنوەر سادات، لە ساڵی 1982 ەوە بەشێوەیەکی توند دژی هێزە ئیسلامییەکان و نەیارانی رژێمەکەی دەوەستێتەوە، ماوەی سی ساڵە وەکو فیرعەونێک حوکمی میسر دەکات . دەشڵێت: میسر لەسەردەمی موبارەکدا لە رووی سیاسی و ئابووریەوە پاشەکشەی گەورەی کردووەو لە بواری مافی مرۆڤیشدا، پێشێلکاری گەورە دەکرا، جگەلەوەش رێژەی هەژاری زۆر بڵابوویەوە، هەروەها میسر بوبووە ” سەبەتەی نان” ی جیهان، گەورەترین گەنمی لە جیهانەوە هاوردە دەکرد، بۆئەوەی نانی خەڵکی دابین بکات.
باشترین دۆستی ئەمریکا بووە لە جیهاندا
لەگەڵ ئەوەی کە ئەم پیاوە هێندە بەرامبەر بە گەلەکەی خراپ بووە، بەڵام بە پێچەوانەوە بەرامبەر ئەمریکا زۆر باشبووە، هەروەک هیلاری دەڵێت:
موبارەک رۆڵی گەورەی هەبووە لە قەناعەت پێکردنی فەلەستینی و وڵاتە عەرەبییەکان تاوەکو بچنە ناو پرۆسەی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیل. دواتریش دەڵێت: حوسنی موبارەک باشترین و گرنگترین و ستراتیژیترین دۆستمان بووە لە ناوچەکەدا. هەربۆیە زۆرێک لە راوێژکارانی کۆشكی سپی لەکاتی بەهاری عەرەبیدا، دژی ئەوەبوون کە پشتگیری راپەرینی خەڵکی بکەن.
منداڵێک باشترین دۆستی موبارەک بووە
هیلاری جگە لە لایەنی سیاسیی و ئیداری موبارەک، باسی شتێکی تایبەتی دەکات ئەوەش پەیوەندی بە کوڕی کوڕەکەیەوە هەیە، کاتێک لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا لەساڵی 2009 بە رووداوێک دەمرێت، کاریگەری گەورە دەکاتە سەر موبارەک، هەروەک دواتر سوزانی ژنی موبارەک بە هیلاری دەڵێت “ئەم کوڕە منداڵە، باشترین دۆست و هاوڕێی موبارەک بووە. ” ل512
پیاوێکی ئۆتۆکرات و گەندەڵ
سەرکردەیەکی تری گێتی عەرەبی کە هیلاری چەندینجار بینیویەتی، عەلی عەبدوڵلا ساڵحی سەرۆکی یەمەنە. لەبارەی عەلی عەبدوڵا ساڵحەوە هیلاری دەڵێت:
عەلی عەبدوڵا سالح، کەسێکی ئۆتۆکرات و گەندەڵ و دیکتاتۆر بوو. بەڵام توانی دژی گرووپی قاعیدە بوەستێت و نەهێڵێت لە یەمەن گەشە بکەن، پارێزگاری لەیەمەن دەکرد و نەیدەهێشت وڵاتەکە بەرەو پشێویی و نائارامی بڕوات. ل507
سیاسەتی ئۆباما بەرامبەر بە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح
لە بارەی سیاسەتی ئۆباماوە بەرامبەر بەم دیکتاتۆرە، هیلاری دەڵێت:
ئێمە بڕیارماندا کە هاوکاری سەربازیی و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری یەمەن بکەین، جگەلەوەش پێکەوە هاوکاریی و هەماهەنگی گەورە بکەین، بۆ ڕووبەرووبونەوەی گروپی قاعیدە. ل507
وڵاتی هەزار و یەک شەوە
هیلاری لەبارەی هەستی خۆی کاتێک یەکەمجار سەردانی سەنعای پایتەختی یەمەنی کردووە بەمشێوەیە باسی دەکات:
”کاتێک یەکەمجار سەردانی سەنعام کرد، یەکسەر دیمەنەکانی حکایەتی هەزار و یەک شەوەم بیرکەوەتە، خانووەکان لە قوڕ دروستکرابوون و سیمایەکی زۆر تایبەتییان هەبووە، بازاڕەکان بۆنی قاوە و بەهاراتی لێدەهات و ژنانیش زۆربەیان نیقاب یان حیجابیان لەسەر بوو. ل508
کۆشکی مەلیکی سعودیە
هیلاری باسی یەکەمین سەردانی خۆی دەکات بۆ سعودیە کاتێک کە وەزیری دەرەوە بووەو دەڵێت:
کاتێک گەیشتمە ریاز، میر سعود فەیسەڵ چاوەڕێی دەکردم، ئەم میرە لە ساڵی 1975 وە وەزیری دەرەوەی سعودیەی و تەمەنی سەرو حەفتا ساڵ دەبێت. دواتر دەڵێت: من گفتوگۆ و قسەکردنی میر سعودم زۆر بە دڵ بوو، ئەو کەسێکی شارەزایە و ئاگای لە جیهانی مۆدێرن و لە هەمانکاتیشدا زۆر بە ووردی ئاگای لە دابونەریتی وڵاتەکەیەتی، جگەلەوەش زۆر باش لە هێزو توانای وڵاتان لە ناوچەکە تێدەگات.
دەوارە کەشخەکەی مەلیک عەبدوڵڵا
دواتر هیلاری دەڵێت:
پاشئەوەی گەیشتمە ریاز بردمیان بۆ دەواری مەلیک عەبدوڵا کە لە دەرەوەی شار بوو. هەرچەندە ناوی دەوارە، بەڵام لەراستیدا شتێکی زۆر لوکسووس بوو، هەموو دەوارەکە بە ئامێری ڤێنک کەرەوە، فێنک کرابوویەوە ئەرزەکەش بە بەردی مەڕمەڕ داپۆشرابوو. ل534
مەلیک عەبدوڵڵا حەزی لە تۆپی پێ و پێشبڕکێی حوشترە
دواتر هیلاری دەڵێت” لەوێ پێیان ووتم کە مەلیک عەبدوڵا دوای نیوەڕێیان یان سەیری تۆپی پێ دەکات، یان سەیری پێشبڕکێی حوشتر، ئەمەش یەکێکە لە هیوایەتە خۆشەکانی.
ئێران دوژمنە سەرسەختەکەی مەلیکی سعودیە
دواتر باس لەوە دەکات کە ماوەی چوار سەعات لەگەڵ مەلیک عەبدوڵڵا کۆبۆتەوە وکۆمەڵێک پرسی ناوچەکە و جیهانیان باسکردووەو دەڵێت: مەلیک عەبدوڵڵا زۆر بە ترسەوە باسی ئێرانی دەکرد، تەواو لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بێ تاقەت بوو، هەربۆیە داوای لێکردم کە سیاسەتێکی توندترمان بەرامبەر ئێران هەبێت و داوای لێکردم،هەرچیتان کردووە نەهێڵن ئێران ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی. ل534
قەزافی پیاوە قێزەون و قەشمەرەکەی جیهان
بەپێچەوانەی ئێمەی کوردەوە، معەمەر قەزافی لە ئەمریکا و تەواوی رۆژئاوادا، ئیماجێکی خراپی هەبووە. هیلاریش وەکو هەموو سیاستەمدارێکی تری رۆژئاوایی، ئەم ڕقەی ناشارێتەوە، جگەلەوەش لیبیا، پانتاییەکی گەورەی لە کارو چالاکیی و کتێبەکەی داگیرکردووە، تەنانەت یەک فەسڵی لە کتێبەکەی بۆ لیبیا تەرخانکردووە.
هیلاری لەبارەی قەزافییەوە بەم شێوەیە وەسفی دەکات :
قەزافی توندڕەوترین بیرۆکرات بوو لە جیهاندا، کەسێکی توندڕەو لەناو مەحافیلە نێودەوڵەتییەکان، بە کەسێکی قێزەون و موزعیج و زۆرجاریش وەکو کەسێکی قەشمەر دەهاتە بەرچاو. جلوبەرگی رەنگاو ڕەنگی لەبەر دەکردو لەلایەن کۆمەڵێک ژنەوە پاسەوانی دەکرا
سیستەمێکی فاشیست و سۆسیالیست
دواتر درێژە بەهێرشەکانی دەدات و دەڵێت:
قەزافی جۆرە سیستەمێکی حوکمڕانی وڵاتی دەکرد، کە لە سیستەمی فاشیستی و سۆسیالیستییەوە نزیک بوو. کەسێک بوو کە دۆستی یەکێتی سۆڤێتی جاران بوو، پشتگیری و هاوکاری تیرۆری لەجیهاندا دەکرد.
سەگە پیسەکەی رۆژهەڵاتی ناڤین
هیلاری تەنها بەخۆی ناوەستێت، بگرە باسی تێڕوانینی رۆناڵد ریگنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەکات لەبارەی قەزافی، کاتێک لەساڵی 1986 بۆمبارانی لیبیای کرد و قەزافی ”بە سەگی هاری رۆژهەڵاتی ناڤین” وەسف کرد.
بەشار ئەسەد
سوریا بەشێکی گرنگی کتێبەکەی هیلاری داگیردەکات و کاتێکیش وەزیر بووە کات و ساتێکی گەورەی بۆ سوریا و کێشە ئاڵۆزەکەی تەرخانکردووە. هیلاری لەکتێبەکەیدا بەم شێوەیە باسی بەشار ئەسەد دەکات:
بەشار ئەسەد کوڕی حافیز ئەسەد بوو کە لە ساڵی 1970 ەوە حوکمی سوریای دەکرد، لە پاش مردنی باوکی لە ساڵی 2000، بەشار حوکمی سوریای دەکات. سەرەتا هەموو جیهان بە گەشبینیەوە سەیری ئەم کوڕە گەنجەی دەکرد، کە لە بەریتانیا دکتۆری چاوی خوێندووە. لێرەشدا مانشێتی گۆڤاری ” پاریس” بە نموونە دەهێنێتەوە کاتێک نوسیبوی” بەشار ئەسەد و ژنەکەی، نموونەیەکی جوانن بۆ حوکمی عیلمانی رۆژئاوایی لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا”، بەڵام پاشتر هەموو ئەم گەشبینییە بووە کابووسێکی گەورە، کاتێک بەشار ئەسەد لە ساڵی 2011 ەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، بووە دڕندەترین دیکیتاتۆرو قێزەونترین و خوێناویترین سەرۆکی جیهان.
ئامۆژگاری هیلاری بۆ سەرکردە عەرەبەکان
هیلاری زۆر بە ووردی باسی رووداوەکانی بەهاری عەرەبی دەکات، چۆن سەریهەڵدا و دواتر چ دەرئەنجامێکی خراپی هەبوو. خۆشی دەڵێت کاری سەرەکی من لە ناوچەکە ئەوەبوو، کە پرۆسەی ئاشتی نێوان فەلەستینی و ئیسرائیلیەکان بەهێز بکەم، بەڵام لەهەمانکاتیشدا زۆر بە چڕی لەگەڵ سەرکردە عەرەبەکان باسی ریفۆرمم کردووە بەتایبەتی لەگەڵ مەلیک عەبدوڵڵای دووەمی ئوردون و حوسنی موبارەکی میسر، کە هەردووکیان دۆست و هاوپەیمانی نزیک و گرنگی ئەمریکا بوون.
دواتریش ئامۆژگاری ئەو سەرکردە عەربییانەی بەمشێوەیە کردووە:
من بەو سەرکردانەی ناوچەکەم ووت، کە بەشێکی زۆریان دۆست و هاوپەیمانی گرنگی ئێمە بوون، پێم راگەیاندن: گەر ریفۆرمی گرنگ و پێویست لەسیستەمی حوکمڕانیدا نەکەن، ئەوا موجازەفەیەکی گەورە بە خۆتان و کۆمەڵگەکانتان دەکەن و ئەمە رێگا خۆش دەکات تاوەکو گەنجەکان و شۆڕشگێرە توندڕەوەکان پەلاماری دەسەڵات بددەن و پشێویی و نائارمی بخوڵقێنن، هەروەها جەوێکی وا دروست دەبێت کە هاندەر بێت بۆ سەرهەڵدانی کێشە و جەنگ و گروپی تیرۆریستی . ل 504
رۆڵی هیلاری لەلابردنی حوسنی موبارەک دا
هەمیشە میدیاکانی میسر و عەرەب، هیلاری بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە رۆڵێکی ئێجگار نێگەتیڤی لە بەهاری عەرەبیدا هەبووە، بەتایبەتی لە رووخاندنی رژێمەکەی حوسنی موبارەک، کە رێگای بۆ هاتنە سەرکاری ئیخوان موسلمین کردووە. هیلاری بەشێکی گەورەی لەکتێبەکەی بۆ رووداوەکانی میسر داناوە، هەرلەسەرەتاوە چۆن بووە هەتاوەکو هاتنە سەرکاری ئیخوان موسلمین و دواجاریش کۆتایی هاتنی حوکمی ئیخوان.
هیلاری دەڵێت:
لە 28 یانوەردا کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان لەکۆشکی سپی ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی سەرۆک ئۆباما، جۆن بایدن جێگری سەرۆک،بۆب گیتسی وەزیری بەرگری، تۆم دۆنیلۆن راوێژکاری ئاسیاشینی نیشتمانی و هیلاری. دیارە ئەم کۆبوونەوەیە رۆڵی گەورەی هەبووە هەم لەسەر میسر و هەم لەسەر ناوچەکە. ئەمریکا رووبەروی گەورەترین پرس بۆتەوە، ئایا چۆن دەبێت واز لە باشترین دۆستمان لەناوچەکە بهێنین، بە وازهێنانی موبارەکیش، ناوچەکە و ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل و تەواوی ناوچەکە دەخەینە مەترسیەوە.
لێ هیلاری یەکێک بووە لەوانەی کە لەناو کۆبوونەوەکە داوایکردووە کە پشتگیری لابردنی حوسنی موبارەک بکەن، هەرچەندە ئەندامانی تر بەتایبەتی وەزیری بەرگری و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دژ بوون، ترسیان لەم سیاسەتە هەبووە. بەڵام . دواجار ئەمە دەبێتە سیاسەتی ئەمریکا، هەرلەو کۆبوونەوەیدا بڕیار دەدەن کە فراکن ڤیسنەر کە لە ساڵانی 1986 تا 1991 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە میسر، بیکنە نوێنەری تایبەتی ئۆباما و رەوانەی میسری بکەن، تاوەکو قەناعەت بە موبارەک بهێنێت، واز لە دەسەڵات بهێنێت.
بۆچوونێکی ئایدیالیست
هیلاری باس لەم بۆچوونەی خۆیان دەکات، واتە پشتگیریکردنی خۆپیشاندانەکانی خەڵكی میسر و بە بۆچوونێکی ” ئایدیالیستی” وەسف دەکات و دەڵێت:
ئێمە پشتگیری دیموکراسیی و ماڤی مرۆڤمان کرد، لە کاتێکدا ماوەی پەنجا ساڵە لەبەر خاتری پاراستنی ئەمن و ئارامی، ئەم دوو پرسەمان کردبووە قووربانی ل514
ترس لە دووبارە بوونەوەی ئەزموونی ئێران
هیلاری لە بارەی گۆڕینی رژێمێکی دیکتاتۆر بۆ رژێمێکی دیموکراسیی و شۆڕش دەڵێت:
مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت، هەموو گۆڕانکارییەک لە رێگەی شۆڕشەوە لە رژێمێکی دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسی بە چەند قۆناغێکی پڕ دژاور و زەحمەتدا تێدەپەڕێت، لەوانەشە بە تەواوەتی بەرەو خراپتر بڕوات و کارەسات بخووڵقێنێت، بۆ نموونە شۆڕش لە دژی شای دیکتاتۆرت لە ئێران، وایکرد لە جیاتی دیکتاتۆرێک، رژێمێکی ڤەندەمینتاڵی ئایینی بێتە جێگەی . بەراستی گەر لەمیسریش هەمان شت رووی بدایاتەوە، دەبووە کارەساتی گەورە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. ل515.
جێگەی ئاماژەیە ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ئێران لە میسر، تەنها هیلاری باسی نەکردووە، بگرە زۆرێک لە چاودێر سیاسیی ئەڵمانیاو ئەوروپاش ئەم ترسەیان هەبووە،چونکە لەو کاتەدا ئەلتەرناتیفی موبارەک، ئیخوان مسلمین بووە، بەڵام ئاخۆ هیلاری چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئیخوان کردووە، تاوەکو هەمان ئەزموونی ئێران دووبارە نەبێتەوە.
هیلاریی و ئیخوان مسلمین
پەیوەندی هیلاری لەگەڵ ئیخوان مسلمین بە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان دادەنرێت لە مێژووی میسر و ناوچەکە، ئەو یەکەمین وەزیری دەرەوەو سیاستەمداری ئەمریکا بووە، کە ڕازی بووە ئیخوان مسلمین بێتە سەر دەسەڵات. بەڵام دواتر هەرخۆشی لەم بڕیارەی پەشیمان دەبێتەوە.
هیلاری لەبارەی ئیخوانەوە دەڵێت:
ئیخوان مسلمین تەمەنی هەشتا ساڵە و ساڵەهای ساڵە رژێمە یەک لەدوا یەکەکانی میسر، دژایەتییان دەکەن و ئەندامانیان دەستگیر دەکەن. ئیخوان مسلمین وازی لە کاری توندوتیژی هێناوەو هەوڵیان داوە ببنە رێکخراوێکی ئاشتیی و مەدەنییانە، هەوڵیاندەدا خۆیان وەکو رێخکراوێکی میانڕەو پیشان بددەن. بەڵام لە داهاتوودا ئایا وا دەمێننەوە کاتێک دەسەڵات دەگرنە دەست؟
هەرخۆی پاش چەند لاپەرەیەک وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەداتەوەو دەڵێت:
کاتێک مورسی و ئیخوان مسلمین دەسەڵاتییان گرتە دەست، بە تەواوەتی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر دەوڵەتدا سەپاندو دژی نەیارانیان وەستانەوە. مورسی کەوتە کێشەی گەورەوە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، بەهەموو شێوەیەک هەوڵی کەمکردنەوەی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن و لەناوبردنی دەدان، ئەوەش لە رێگای بەکارهێنانی هێزی دەوڵەتەوە، لەهەمانکاتیشدا کەمە ئاینەکان قبتییەکان، تەواو وەزعیان ناخۆش بوو، لە زۆر شوێندا پەلاماریان دەدرا و ژیانیان لەساییەی حوکمی ئیخوان ناخۆشتر بوو، جگەلەوەش رەوشی ئابووری خراپتر بوو، لە رووی ئەمنیشەوە، باری میسر خراپتر بوو، هەموو ئەمانەش وایکرد کە لە یولیۆ 2013 ملیۆنەها میسری لە دژی مورسی خۆپیشاندان بکەن و دواتریش سووپا لە رێگەی جەنەڕاڵ عەبدول فەتاح سیسیەوە، کۆتاییان بە حکومی ئیخوان و مورسی هێنا. ل528-529
دیموکراسی بۆ میسر ناشێت
هەمیشە ئەو قسەیەی رۆژئاواییەکان باوبووە کەزۆرجار وەکو تانە سەیر دەکرا، کاتێک زۆرێک لە چاودێر و هزرمەندی ئەوروپایی لەگەڵ ئەو بۆچوونە بوون کە سیستەمی دیموکراسی بۆ رۆژهەڵات و عەرەب نابێت. هەرچەندە لیبڕاڵ و چەپەکانی رۆژئاوا دژی ئەم بۆچوونە بون. هیلاری لە کۆتایی بەشی میسردا کاتێک دواجار باسی کۆتایی حوکمی مورسی و ئیخوان دەکات دەڵێت:
لەکاتێکدا کە من ئەم دێڕانە دەنووس، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە لە داهاتوودا دیموکراسی بۆ میسر باش نابێت، زۆربەی گەلانی میسر، سیستەمێکی دیکتاتۆریان لە نا ئارامی و پێشویی ئێستا پێ باشترە،، بەهاتنە سەرکاری سیسیش، دووبارە هەمان ئەزمونی پێشتر دووبارە دەبێتەوە، هەمان شێوازی حوکمی جاران لەناوچەکە دووبارە دەبێتەو، کەخۆی لەبوونی دەسەڵاتێکی سەربازیی و دیکتاتۆری دەبینیەوە. ل529
ئەمریکا و تراژیدیای سوریا
یەکێک لە کارەساتە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین، کێشە سوریایە، کە لە ساڵی 2011 ەو ەهەتاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە و بۆتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بکوژرێت و زیاتریش لە 9 ملیۆن هاوڵاتی سوریا، وڵاتەکەیان جێبهێڵن و ئاوارەبن.
زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی ناوچەکە و جیهانیش ئۆباڵی ئەم کێشەیە دەخەنە ئەستۆی ئەمریکا،چونکە هەر لەسەرەتاوە نەهاتە ناوجەنگەکە و کۆتایی بە رژێمی ئەسەد نەهێنا، هیلاری کلینتۆنیش تاوانبار دەکرێت، کە ئەو هیچی نەکردووە بۆ کۆتایی هێنان بەکێشەی سوریا.
دادگایی مێژوو
هیلاری فەسڵێکی تایبەتی بۆ کێشەی سووریا داناوە سەرەتای فەسڵەکەش بە وتەیەکی کوفی عەنان دەستپێدەکات، کاتێک دەڵێت: مێژوو دادوەرێکی قوورسە، هەموومان دادگایی دەکات، گەر بزانێت شتێکمان لەدەستنەهاتووەو نەمانکردووە. ل 671
هیلاری لەسەرەتای فەسڵەکەدا رژێمی بەشار ئەسەد بە کۆمەڵکوژی گەلەکەی و سەببکاری هەموو کێشەکانی سوریای دادەنێت. لەلایەکی تریشەوە باس لە پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان سوریاو ئەمریکا دەکات، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، لەسەر داوای هیلاری ساڵی 2010 رۆبێرت فۆرد دەکرێتە باڵیۆزی ئەمریکا لە سوریا و سەرەتای ساڵی 2011 دەچێتە سوریا. ئەم باڵیۆزەش لە سەرەتای کێشەکاندا، رۆڵی بەرچاوی هەبووەو ئاگاداری تەواوی رووداوەکان بووەو وەزارتی دەرەوەی ئاگادارکردۆتەوە.
ئێران و روسیا تاوانبارن
جگە لە رژێمی بەشار ئەسەد، هیلاری هەردوو دەوڵەتی روسیا و ئێران تاوانبار دەکات، کە رۆڵێکی ئێجگار نێگەتیڤیان لەم کارەساتە گەورەیە هەبووە، بەتایبەتیش روسیا.
بۆچی سوریا بۆ روسیا گرنگە؟
هیلاری هەوڵیداوە لەدیدگای خۆیەوە، باس لە نهێنی ئەو پەیوەندییە بەتینەی نێوان رژێمی سوریا و روسیا بکات، ئەو پێی وایە دوو خاڵی سەرەکی ئەم دووانە کۆدەتاوە.
یەکەم: بوونی بنکەی سەربازی روسیا لە سوریا.
هیلاری دەڵێت: پەیوەندی نێوان سوریاو روسیا زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد، لەوکاتەوە رووسەکان بنەکەیەکی سەربازییان لە جەرابلوس لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست هەیە.
دووەم: بوونی مەسیحییە ئەرتەدۆکسەکان
خاڵێکی گرنگی تر کە بە یەکەوە دەیانبەستێتەوە ئایینە، بوونی کەمینەیەکی مەسیحی لەسوریا کە رێژەیان دەگاتە 10% کۆمەڵگەی سوریا، ئەو مەسیحیانەی سوریاش، هەموویان ئەرتەدۆکسین و سەر بە کڵێسای روسیان. لێرەشدا ئایین لەم پەیوەندییە ئاڵۆزەدا رۆڵێکی گرنگ دەگڕێت.
گلەییکردنی دەوڵەتە عەرەبییەکان لە ئەمریکا
لە ماوەی چەند ساڵی پێشوودا سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو، زۆر نیگەران بوون لە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە سوریا و پێیان وابوو، ئەمریکا لەم کێشەیەدا رۆڵی خراپ بووە. ئەمریکاش بەهەمانشێوە رەخنەی لە وڵاتە عەرەبییەکان هەبووە، لەمبارەیەوە هیلاری دەڵێت:
لە کۆنگرەی توونس بەشێکی زۆری دۆستە خلیجیەکانمان دەیانەویست قەناعەت بەمن بکەن، پێویستە ئێمە پرۆژەی پڕچەککردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. بە تایبەتی میر سعود بن فەیسەڵ، بەخۆمی ووت: پڕچەککردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووریا فکرەیەکی زۆر باشە، بەڵام من رازی نەبووم. ل679
بۆچی ئەمریکا رازی نەبووە چەک بداتە ئۆپۆزسیۆنی سوریا؟
ئەمە پرسیارێکە کەزۆرێک لە بەرپرسەکانی کەنداو وچاودێرانی سیاسی خۆیان پێوە خەریککردبوو، لەم کتێبەشدا بە ڕاشکاوەیی پێمان دەڵێت بۆ ئەم کارەیان نەکردووە:
ئێمە بۆیە دژی پڕچەککردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بووین، چونکە ئەزموونی ئەفغانستانمان لەیاد بوو، کاتێک لەساڵانی هەشتادا، گرووپە نەیارەکانی یەکێتی سۆڤێت و جیهادیستەکانی ئەفغانستانمان لەدژی سۆڤێت پڕچەککرد، دوایی ئەو گرووپانە لەسەروهەمووشاینەوە قاعیدە، بوونە دوژمنی ئێمە و ئەو چەکانەیان لە دژی خۆمان بەکارهێنا، هەربۆیە نەماندەویست ئەو ئەزموونی دووبارە بکەینەوە. ل693
بۆچی وەکو لیبیایان نەکرد؟
هیلاری باسی جیاوازی نێوان کێشەی سوریا ولیبیا دەکات، هۆکاری تەداخول نەکردنیشیان، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی نێوان رژێمی قەزافی و ئەسەد. لەمبارەیەوە دەڵێت:
رژێمی ئەسەد زۆر بەهێزتربوو لە چاو رژێمی قەزافی، ئەو لەناو بەشێکی خەڵکی سوریادا هەواداری هەیە و لە زۆر ناوچەشدا زۆرینەی خەڵکەکە لەگەڵیایەتی، هەروەها بەشێکی زۆری سووپا لەگەڵیدابوو، هەروەها خاوەنی فرۆکەی جەنگیش بوو. بە پێچەوانەوە قەزافی، بەشێکی زۆری ناوچەکانی لیبیا لە چنگی رژێم رزگار کرابوو، ئەمەش هاندەربوو بۆ هاوپەیمانان کە زوو یارمەتییان بددەن . ل 691
هەوڵەکانی ئەمریکا
دیارە لەم کتێبەدا باسی چەندین دانیشتنی خۆیی و وەزیرە عەرەب و ئەوروپیی و دواتریش سێرگی لاڤرۆڤی روسیا دەکات لە بارەی ئەم کێشەیەوە، لەراستیدا هیلاری زۆر هەوڵیداوە کە کێشەکان بەرەو چارەسەر بەرێت، لێ سەرکەوتوو نەبووە. بەڵام لەرووی یارمەتیدانی ئاوارەکان، یارمەتی زۆری داون بڕی 1.7 ملیار دۆلاری پێشکەشی ئاوارەکانی سوریا لە وڵاتانی داروسێی کردووە.
تێڕوانینی بۆ کێشەی سوریا
لە دواجاریشدا هیلاری تێڕوانینی خۆی لەبارەی ئەسەدەوە دەخاتە روو کە تاڕادەیەک راست دەرنەچووە، هیلاری پێی وایە، لە کۆتاییدا رژێمی ئەسەد دەرووخێت. بەڵام لە بارەی داهاتووی ئەم کێشەیەوە باشی بۆچووە کاتێک دەڵێت:
گەر ئێمە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەدەین، ئەوا وڵاتی سوریا بە تەواوەتی تێکدەچێت و ئاوارەی زیاتر دروست دەبێت، ماڵی خەڵکی وێران دەبێت، مافەکانی مرۆڤیش خراپتر پێشێل دەکرێت، لەهەمووشی خراپتر ئەگەری ئەوە هەیە کە گرووپە ئیسلامیە توندڕەوەکان، بێنە پێشەوەو ناوچەیەکی زۆر داگیربکەن و دواتریش جەنگێکی ئایینی گەورە بخوڵقێت، بەتەواوەتی دەوڵەتی سوریا برووخێت، بەمەش پشێویەکی گەورە لە ناوچەکە دەخوڵقێت، کە زەحمەت دەبێت، کۆنتڕۆڵی ئەم کێشەیە بکرێت. 678
لەمەیاندا تەواو راستی بۆچووە، چونکە دواتر گرووپی داعش پەیدابوو، تەواوی ناوچەکەی تووشی کارەسات کرد.
عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی کەنداو
عەرەبستانی سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو، پانتاییەکی گرنگ لەناو ستراتیژی ئەمریکا لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین داگیر دەکات. هەمیشە پاراستنی ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداو، دوو کاری گرنگی ئەمریکا بوون لەناوچەکە. هەرچەندە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە هۆی کارەساتەکانی 11 سێپتەمبەرەوە، کەمێک کێشە کەوتە نێوان پەیوەندی سعودیە و ئەمریکا، لێ پێداویستییە ئابووریی و ستراتیژیەکان، توانی بەسەر ئەو کێشەیەدا زاڵبێت.
هیلاریش سەردەمانێک وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کاروسەودای لەگەڵ ئەم ناوچە گرنگە کردووەو لەکتێبەکەیدا، دیدوبۆچوونی خۆی لەبارەوە نووسیوە.
هیلاری لەبارەی سعودیەوە دەڵێت:
ئەمریکیەکان تووشی شۆکێکی گەورە بوون کاتێک دەرکەوت لەو 19 کەسەی کە بەشداری کارە تیرۆرسیتیەکی 11 سێپتەمبەر بوون، 15 یان خەڵکی سعودیەن، ئەمە لەکاتێکدا سعودیە بە باشترین دۆستی ئێمە دەژمێرا و ساڵی 1991، ئێمە چووین پارێزگاریمان لەم وڵاتە کرد تاوەکو سەدام حسێن داگیری نەکات.
دەشڵێت:
ئەوەی کە مایەی نیگەرانی ئێمەیە ئەوەیە، هەتاوەکو ئێستا، وڵاتانی کەنداو لە رووی داراییەوە، پشتگیری هەموو گرووپە تیرۆریست و ئیسلامییە توندڕەوەکانی جیهان دەکەن ل531.
خاڵی هاوبەش
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم ناکۆکییە گەورەیە لەڕووی سیاسیی وفەرهەنگییەوە، لێ هەندێک پرسی ستراتیژی هەردوولا کۆ دەکاتەوە، هیلاری لەمبارەیەوە دەڵێت:
سعودیە ناسنامەی لە ئوسامە بن لادن سەندەوەو لە وڵات دەریکر، هەروەها لە ئێستادا سعودیە باشترین هاوپەیمانی ئێمەیە لە جەنگ لە دژی گرووپی تیرۆریستی قاعیدە، بەهەمانشێوەش دەوڵەتانی تری کەنداویش، هاوپەیمانی گرنگن لە جەنگ لە دژی تیرۆر. هەروەها خاڵێکی گرنگی تریش کە کۆمان دەکاتەوە ئەوەیە، هەردوولامان دژی هەژموونی ئێرانین و نامانەوێت ئەم وڵاتە ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی و بەرنامەی ئەتۆمییەکەی بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی هەردوولا دادەنێین. ل532
ئامۆژگاری هیلاری بۆ دەوڵەتانی کەنداو
لەگەڵ ئەوەی کە دەوڵەتانی کەنداو هاوپەیمانی گرنگی ئەمریکان، لێ لە رووی کولتووریەوە زۆر لە ئەمریکا دوورن بە تایبەتی لە بارەی سیستەمی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ، هەربۆیە هیلاریش بە ئاشكرا دان بەم راستیەدا دەنێت و دەڵێت:
لەمیانەی قسەکانمدا لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتانی کەنداو دەمگووت، راستە جەنگ لە دژی تیرۆر و دژایەتیکردنی ئێران زۆر گرنگە بۆ هەردوولامان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوام لە هاوڕێکانم لە دەوڵەتانی کەنداو دەکرد، کە زۆر گرنگ و زەروریە، کە کۆمەڵگاکانیان بە ڕووی جیهان بکەنەوەو رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن، هەروەها گەنجان لەگەڵ ژناندا، کە رێژەیەکی زۆری کۆمەڵگاکانیان پێکدەهێن، پێویستە رێز لەمافی ئەمانە بگیرێت و دەرفەت و هەلیان بۆ برەخسێت، تاوەکو تواناکانی خۆیان تاقی بکەنەوەوبەشداربن لە بەرێوبردنی دەوڵەتدا. ل 532
هیلاری و دروستبوونی داعش
دیارە لە پاش دروستبوونی داعش، لەناو میدیاکانی گێتی عەرەبیدا، بەتایبەتی لە وڵاتی میسر، چەند رۆژنامە و سایتێک ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە هیلاری لەناو کتێبەکەیدا باسی لەوە کردووە کە ئەوان بەهاوکاری محەمەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر و ئیخوان مسلمین،ویستوییانە دەوڵەتێکی سوونی مەزهەب لە نێوان عیراق وسوریا دروستبکەن و رادەستی گرووپێکی ئیسلامی توندڕەوی وەکو داعشی بکەن، هەرخۆشیان داعشیان دروستکردووە، ئامانجی سەرەکی لێی، دژایەتیکردنی ئێران و هیلالی شیعەیە.
هەرچەندە هیلاری دوایی خۆشی ئەم قسانەی رەتکردەوە بە قسەی هەڵبەستراوی وەسفکرد،لێ کەم کەس باوەڕی پێکرد. من خۆم تەواوی کتێبەکەی هیلاریم خوێندنەوە زۆر بە ووردیش بەدوای ئەم زانیارییەدا گەڕام، بەڵام لە راستیدا لە هیچ شوێنێکی کتێبەکەیدا باسی شتی واناکات، کە ئەوان کارێکی لەو جۆرەیان کردبێت. تەنانەت من ناچاربووم بچم سەیری دەقە عەرەبیەکەش بکەم،بزانم باسی داعشی تێدایە، بەڵام هیچ شتی وای تێدا نییە.
بە بڕوای منیش هیچ کاتێک هیلاری گەر دەستیشی لە دروستکردنی داعشیش هەبوو بێت، هەروا بەئاشکرا ناینووسێت، چونکە ئەوە تاوانێکی گەورەیە و دەکرێت خۆیی و حکومەتی ئەمریکاش تووشی کێشەی یاسایی و سیاسی گەورە لە جیهاندا بکات، چونکە گرووپێکی چەتەگەری وەکو داعش، هەرکەسێک دروستیکردبێت یان یارمەتیداوە، نەیوێراوە بە ئاشكرا ئەمە بڵێت، ئەوەش لەبەر کارە چەتەگەری و وەحشییەکانی ئەم گروپە، کە کەس نەیوێراوە خۆی لە قەرەی بدات.
بڕیاڕە قورسەکە دەربارەی عیراق
خاڵێکی گرنگی تر کەمایەی سەرنج دانم بوو ئەویش ئەوەبوو ،لە چاو پرسەکانی تری جیهان، هیلاری زۆر بە کەمی باسی عیراق دەکات، بگرە باسی عیراق، لە رێگەی ئەفغانستانەوە دەکات، چونکە بۆئەم وڵاتە فەسڵێکی داناوە. بەڵام لەو فەسڵەدا باسی سەردانێکی خۆی دەکات بۆ عیراق، لەوێوە باسی ئەم وڵاتە دەکات.
هیلاری دەڵێت: کاتێک ساڵی 2002 دەنگم دا بە پەلاماردانی عیراق لەناو ئەنجومەنی پیران، لەوکاتەدا رامگەیاند: ئەمە قوورسترین بڕیار بووە کەلە مێژوومدا داومە. ل221
بڕیارێکی هەڵە بوو
نووسەرو مێژوونوسی میسری ” محەمەدحەسەنێن هەیکەل” لە کتێبی ” رحلە من نیورک الی افغانستان” باسی پرسی ئاشتی لای ئەمریکیەکان دەکات بە تایبەتی لە جەنگی ڤێتنامدا و دەڵێت: کاتێک ئەمریکییەکان رۆژانە لەتابووتدا تەرمی منداڵەکانیان لە سنوورە دوورەکانەوە بۆ دەهاتەوە، ئینجا لەناو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا، بزووتنەوەی ئاشتیخوازی بەهێزبوو.
هیلاریش بەهەمانشێوە باس لەوە دەکات کە کەی زانیویەتی ئەم بڕیارەی هەڵەبووە و دەڵێت: کاتێک خێزانێک کوڕێک، یان کچێکی یان باوکێک یان دایکێکی لەم جەنگەدا دەکوژرا و منیش لە رێگەی نامەوە ئەمەم بەدەست دەگەیشت، ئەوکاتە زانیم من چ بڕیارێکی هەڵەمداوە، کاتێک دەنگم بەم جەنگە داوە. ل 217
سووننەی عیراق و رۆڵی خراپی سوریا و ئێران
لە درێژەی باسی کێشەی عیراقدا هیلاری پێی وایە: راستە ئەوان خاوەنی باشترین سووپای جیهان بوون، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە هەوڵی دیپلۆماتی باش لەکاتی سەرۆک بوشدا باش نەخراوەتە گەڕ، بۆیە کێشەی عیراق ئاڵۆزتربووە. لەهەمانکاتیشدا باس لەوە دەکات، کە ئێران و سوریا، رۆڵی ئێجگار خراپیان لەم جەنگەدا گێڕاوەو هەوڵی ئاژاوەنانەوەیان بۆ ئەمریکا کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دوو دەوڵەتە رۆڵی گرنگ لە عیراقدا دەگێڕن .
لەبارەی سوونەی عیراقیشەوە دەڵێت: پێشتر پشتگیری هەموو بزووتنەوەیەکی بەرگری دژی سووپای ئەمریکایان دەکردو هاوکاری گرووپی قاعیدەیان دەکرد، بەڵام دروستبوونی سووپای ” الصحوە” کە نزیکەی 100 هەزار چەکداری خێڵە سوونیەکان بوون، پرۆژەیەکی باشبوو بۆ دژایەتیکردنی قاعیدەو تیرۆر. تەنانەت هیلاری پێی وایە، پێویستە ئەزموونی هێزەکانی سحوەی عیراقی، لە ئەفغانستان دووبارە بکرێتەوە بۆ خێڵە ئەفغانییەکانیش، هێزێکی هاوشێوەی سەحوە دروستبکەن، بۆ دژایەتیکردنی تاڵیبان.
ساڵی 2006 زۆربەی ئەمریکیەکان دژ بوون
دواتر هیلاری باسی کاریگەری ئەم جەنگە دەکات لەسەر کۆمەڵگەی ئەمریکا و دەڵێت: بۆ کۆتایی ساڵی 2006 بەپێی زۆربەی ئامارەکان دەرکەوت، کە زۆربەی گەلی ئەمریکا دژی جەنگی عیراقن و نایانەوێت چیتر ئێمە سەربازەکانمان لەم وڵاتە بمێننەوەو بکوژرێن. ل 219
دواتریش بە ئەزموون بۆیان دەرکەوتووە، کە ئەم جەنگە لەزەرەر زیاتر هیچ سوودێکی بۆ ئەمریکا نییە، هەربۆیە بیریان لەدانانی ستراتیژییەکی نوێ بۆ عیراق و ئەم جەنگە کردووە، کە دواتر بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان دا.
کورد لە دیدی هیلارییەوە:
ئەوەی جێگەی سەرنج و تاڕادەیەکیش نیگەرانی کردم ئەوە بوو، ئەم ژنە لە تەواوی کتێبەکەیدا زۆر بەکەمی باسی کوردی کردووە، ئەمە لەکاتێکدا ئەم ژنە ماوەیەکی زۆر خانمی یەکەمی ئەمریکا بووەو تاڕادەیەکیش ئاگاداری رەوشی کورد بووە، هەروەها هیلاری لەکاتی ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە، جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ سیاسەتمەداری کورد بەتایبەتی لەباشووری کوردستان هەبووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسیان ناکات. تەنها لەسێ شوێندا بەچەند دێرێکی کورت باس لەکورد دەکات. ئەوەش لەکاتێکدا کە باسی تورکیاو هاتنە سەرکاری ئەردۆغان دەکات، دەڵێت:
سیاسەتی باشبووە بەرامبەر بەمافە کولتورییەکانی کورد.
بەهیچ شیوەیەکیش باس لەتاوانە گەورەکانی رژێمی ئەردۆغان بەرامبەر بەکورد ناکات. هەروەها لەکاتێکدا باسی کۆمەڵگەی سوریا لە ل 674 دەڵێت:
رێژەی کورد لەسوریا دەگاتە 9%ی کۆمەڵگەی سوریا
هەروەها لەیەک شوێنیشدا باسی کوردستانی عیراق دەکات، کاتێک لە ل652 باسی گرتنی سێ هاوڵاتی ئەمریکا لە مانگی یولیۆی 2009 دەکات لەلایەن ئێرانەوە، هیلاری دەڵێت: ئەوانە لەسەر سنووری عیراق و ئێران لەلایەن ئێرانەوە گیران، ئەو هاوڵاتییە ئەمریکیانە، یارمەتی کوردەکانی عیراقییان دەدا، بەڵام ئێران دەیگووت ئەوانە سیخورن.
ئیتر لە هیچ شوێنێکی تردا، باسی کورد و هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی ناکات.
دواقسە:
بەدڵنییاییەوە ئەم کتێبەی هیلاری بەرچاو روونییەکی باشمان دەداتێ، بۆئەوەی کەمێک شارەزاییمان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەبێت، لەهەمانکاتیشدا شێوازی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ کێشەکانی ئەم دواییەمان بۆ دەردەخات بەتایبەتی کێشەی بەهاری عەرەبی. هەربۆیە زۆر گرنگە بۆئەوانەی کە دەیانەوێت شارەزایی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بن، ئەم کتێبە بخوێننەوە.
سەرچاوە:
Hillary Rodham Clinton. Entscheidungen. Droemer Verlag. 2014 München
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست