سیاسەت لەنێوان پلان و پیلانگێریدا
Monday, 31/12/2018, 0:29
رۆژنامەنووس / زریان خەتاب
بینیمان دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی سێپتەمبەری 2018 هەڵبژاردنێکی ئاڵۆزبوو، بۆیە خوێندنەوە و پێشبینییەکانی دوای ئەو هەڵبژاردنەش ئەوەن کە هەر بەو ئالۆزیەشەوە کابینەی نوێی حکومەت پێکدەهێنرێت. چونکە بنەماکانی ئەو هەڵبژاردنە زۆر نادیار و جۆرێک لە سەر لێشێوان بوو، ئەوەی بوە ئەنجام چاوەروانکراونەبوو، بە خوێندنەوەی لۆژیکی مەنتیقی، چونکە لەنێو ژینگەی دیموکراسی و دونیابینیدا هیچ مەنتقێک لەوەدانیە سەرەرای ئەو هەموو قەیران و کێشە نا رەوایەی بەسەر ئەو میللەتە خێرنەدیوە هێنراوە کەچی هەمان دەنگی میللەت ببێتەوە پایەی سەرکەوتنێکی تری ئەو هێزانەی هیچ نەما نەیکەن بە نسیبی ئەو میللەتە، لەپێناو پەرژەوەندییە شەخسی و حزبییەکانیان. لەوە دەگەرێین و هەم دەسەڵات و هەم هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش باش ئەوە دەزانن کە ئەوە ئەنجامی راستەقینەی دەنگدانێکی راستەقینە و بێ ترس و تۆقاندن نیە، بەڵام بەناچاری قبوڵیش دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو دەستەواژەی هەمیشە باسدەکرێـت و پێی دەگوترێت (ئەمری واقیع)، ئەوەی دەبینرێت لە ئێستادا ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت بەتەواوی ماناوە ئەمری واقیعە نەک مانەوە و بردنەوەی شەریفانەی راستەقینە لەرێگەی بەبەهاترین بنچینەی دیمەکراسی کە هەڵبژاردنە. هەتا ئێرە باسی ئەو هەڵبژاردنەبوو کە بو بە واقیع و ئێستا چۆتە قۆناغی پێکهێنانی کابینەی حوکمرانی کە پێدەچێت وا ئاسان ئەو هەموو ئاڵۆزی و بەربەستانەی پێش لایەنە سیاسیەکان هەڵنەگیرێن و بەزویی حکومەت پێک نەهێنرێت.لەنێو هەموو ئەو کێشمەکێشمە سیاسییەی هەرێمی کوردستاندا و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی حکومەت باسی نوێ هاتونە ئاراوە کە دیارترینیان ئاڵوگۆری پۆستی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمە بە هاوکێشەیەکی بنەماڵەیی و پشتاوپشتی، بەجهێشتنی سەرۆکایەتی هەرێم لە مام بۆ برازاو جێ چۆڵکردنی سەرۆکایەتی حکومەت لە ئامۆزاوە بۆ ئامۆزا. زۆر جار کورد وتویەتی" چاکی مەکە با خراپ نەبێت، ئەو هاوکێشە رێک ئەوەمان پێدەڵێت لێی گەرابان وەک خۆی با هێشتا باشتربوو، لانی کەم بەو جۆرە روون و زەقەوە دیارنەبوو کە ویستێکی پیلانگێری و نەگۆری بنەماڵەیی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری کۆی دەسەڵاتی حوکمرانی، هیچ نەبێ ئەو ویستە کەمێک شاراوەتربوو، لەگەڵ باسی گۆرانی کەسەکان لەو پۆستانە هەر زوو باس لەوەدەکرێت لەگەڵ هاتنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت قەیارنی ئابووری و پاشەکەوتی موچە نامێنێت و ئابوری دەگەشێتەوە، ئەوە هەواڵێکی باش و خوازراوە بەمانا راستەقینەکەی، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەبینرێت و پێشتریش کراوە هەموو ئەو هەوڵ وئیش و کردارانەی لایەنە سیاسییەکان کردبێتیشیان لە سۆنگەی هەبوونی پلانەوە نەبووە بەڵکو لە سەر بنەمای پیلانگێریەوە بووە، بۆیە دەبینین هیچ لە پایەکانی خزمەت و ئیشی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان نەیان توانیوە بۆماوەیەکی درێژ بمێننەوە و بووبن بە بەشێک لە سیستەم و سترتیژیەتێکی گونجاو، ئەگەر تەماشابکەین لە هەر هەشت کابینەی حوکومەتی یەکێتی و پارتی هیچ سێکتەر و بەرنامەو پلانێکی درێژخایەن و نەگۆر بوونی نییە، چونکە لەهەموو کابینەکان پیلانگێری بەسەر پلاندا زاڵبووە و نەهێڵدراوە هیچ پرۆژەیەک بەدرێژخایەنی بمێنێتەوە ئەگەر بەرژەوەندییە شەخسی و حزبیەکانی هەردوو لای لەخۆ نەگرتبێت. کاتێک پلان دەبێتە پیلانگێری ئەوا ئەو کارو کردەوەی دەکرێت دەبێتە شێوەی چالاکیەکی کاتی و دوای بەدەستهێنانی ئامانجی پیلانگێریەکە نامێنێت. بەڵام کاتێک بە پلان و ستراتیژیەتەوە ئیشێک کار و پرۆژەیەک بکرێت ئەوا دەبێتە بەشێک لە سیستەم و هەرگیز بە رۆشتن و گۆرانی کەسەکان هیچ شتێک ناگۆرێت و سیستەم ئیشەکان دەبات بەرێوە، هەر وەک سیستەمی حوکمرانی وڵاتانی پێشکەوتوو بەوشێوەیە بنیادنراوە. بەڵام لە کوردستان چونکە هەمیشە پلان خراوەتە خزمەتی پیلانگێری بۆیە هەموو ئەو ئیشانەشی کە بەشێک بوونە لە کاری باشەو خزمەت ئەوە تەنها ماوەیەکی کورتیان خایەندووە و بە گۆرانی کەسەکان یان لایەنەکان ئەوا ئەو کار و پرۆژانەش نەماون و بزربوونە، هەردوو لایەنی پێکهێنەری سەرەکی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان زۆر جار بەوەنەوەستاون کە بەنەفەسی پیلانگێرییەوە خەریکی کزکردنی یەکترن، زۆر جار ئەگەر لایەنێک یان کاربەدەستێکی دەسەڵات و حکومەت جۆرێک لە پلانیشی هەبووبێت بەمانای شێوەیەک لە خزمەت چونکە لە بەرژەوەندی لایەنێکی تر نەبووە ئەوا ئەو لایەنە بەهۆی هەبوونی دەسەڵات و هێز و جوگرافیایی جیاواز و سەربەخۆی خۆی یان کاتێک خۆی بۆتەوە کەسی یەکەمی حکومەت ئەوا هەمدیس بەشێوەی پیلانگێری و بە بیانوی جۆراوجۆر ئەو پلانەی نەهێشتووە و بەقوربانی بەژەوەندی شەخسی و حزبی خۆی کردووە. ئەوەش بە ئاشکرا ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و زوو زووش لەرێگەی راگەیاندنەکانیانەوە راستی ئەو بابەتە دەسەلمێنن و بە ئاشکرا یەکتری بەو تۆمەتانە تۆمەتباردەکەن. بۆیە ئەوەی ئێستاش باسدەکرێت لە هەوڵەکانی مەسرور بارزانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت و چاکردنی دۆخەکە ئەوە ئەگەر واشبێت! جۆرێکە لە پیلانگێری بۆ زاڵبوونی زیاتر بەسەر ئامۆزاکەی و لەوێشەوە رێ خۆشکردن بۆ دووبارە بەدەست هێناوەی ئەو پۆستەی باوکی بۆ برازاکەی بەجێهێشت!! وەختێک بەبێ پلانیش ئەو کارانە دەکرێن دەکەوینە چوارچێوەی جۆرێک لە پیلانگێری نێوان بنەماڵەیەک یان کاربەدەستانی حزب و لایەنێک، ئەوا نە ئابووری و نە ئارامی وڵات سەقامگیرنابێت و هەمیشە ترسی لەدەستدان و تێکچوونی رەوشەکە لە ژیانی رۆژانەی تاک بەتاکی کۆمەڵگادا بوونی دەبێت و ئەوەی کە زەرەمەندی یەکەمە تەنها ئەو میللەتەیە کە وەک کەسێک لە ئاودابێت و خەریکی خنکانبێت بۆ رزگاربوونی دەست بۆ قەوزەی سەر ئاوەکەبەرێت، میللەتی کوردیش لەنێو ئەو هەموو بەدبەختیەیدا وای لێهاتووە باوەر بەهەموو هەوڵێک و هەموو قسەیەک بکات و هەمیشە بەنیەتی باشتربوون ئەمرۆی بەرێبکات و چاوەرێی سبەی بکات. ئەگەرچی مێژووی پێش وەختەی 27 ساڵەی ئەو دوو حزبە لە دەسەڵات و حوکمرانیدا بەشێوەیەکی گشتی ئەوەندەی دەوریان بینیوە لە بەتاڵبردنی سەروەت و سامانی وڵات و خیانەتی نەتەوەیی و برسی کردنی میللەت و لەشکۆدانی کەرامەتی تاکی کورد، نیوەی ئەوەندە هەوڵ و هەنگاوێکی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی نەبوونە، کەچی ئەمری واقیعی ناوچەکە لەسەر ئاستی و ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵتیش کە گەورەترین زەرەری لەو هەرێمەی کوردستانە داوە ئەو میللەتەی والێکردووە کە چوار ساڵ جارێک بە گروتینەوە بێتەوە هەڵبژاردن و لەناچاریان شانسێکی تر بداتەوە ئەو دەسەڵاتەو ئەو دەسەڵاتەش بەهەمان سیستەمی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی میللەت بەرەو لوتکەی زیاتری گرتنەدەستی دەسەڵات و بەرتەسککردنەوەی زیاتری پانتایی ئازادییەکانی تاک بچێت و تازەبەتازە لەنێو ئەو سەردەمی بەدیموکراسیبوون و پێشکەوتنە خێرایەی دونیا، ئەوان سیستەمی حوکمرانی پشتاوپشتی دیکتاتۆریمان پێشکەشبکەن و بەو نەفەسی پیلانگێرییە روونەوە دروشمی هەبوونی پلانی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی میللەتمان پێ بفرۆشنەوە، ئەگەرچی زۆریش روونە وەک چۆن حکومەتی هەرێم لە کابینەکانی رابردوودا کارو پرۆژەکانی بریتی بوون لە خستنە خزمەتی پلان بۆ پیلانگێری لە پایی مانەوە لە دەسەڵات، کابینەی نۆی ئەو حکومەتەش درێژە پێدەری هەمان بیرۆکەی کارکردن دەبێت بە هەمان رەگ و دەنگ و سەدای پیلانگێریەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست