زەنگیانەی ئاویی (رستی شەشەم)
Wednesday, 08/12/2021, 23:08
(نزا)
ئەوەندە خۆشحاڵم،
حەز ناکەم .. رۆژبێتەوە
ئەمشەو ..
دەترسێم
شەوێکی وەك ئەم شەو
هەرگیز دووبارە، نەبێتەروە
ئەگەر رۆژگارم
وەکی ئەمشەو نابێت،
نزا دەکەم
کە،هەرگیز ، رۆژ .. نەبێتەوە.
( تی شێرت )
تا چیدیکە
لە کەنار دەریا
هەست بە تەنیایی نەکەم
ئەو تی شێرتە لەبەر دەکەم
وێنەی تۆی لەسەر، چاپکراوە
چون
حەز بە بێ تۆیی ناکەم.
( ئەوپەڕی پەستیی )
ئەمشەو پەستم
هێندەی پەستی مەینۆشێک
کە بەدەستی ئەنقەست
پێکەکەکەیان رژاندبێ،
هێندەی موریدێك شێخەکەیان
کردبێتە گاڵتەجاڕ
نازانم
پێکی پەستییەکەم
بەسەر کێدا بڕژم ، کێ ..؟
( بازنەی عیشق )
هەتا لەبازنەی عیشقدا بم
هەست بە بوون و خۆم دەکەم
لەدەرەوەی ئەو بازنەیە
نە هەست بە بوون، نە بەخۆم، دەکەم.
( لەشکری خەم )
سەرلەشکری سوپایەك بم
لە دنیادا سوپا نەبێ
شان بدات لە شانی
لەشکری خەم
هێرشم بۆ بێنێ،
پێویستم بە هاوڕێیەك دەبێ
سەر بخەمە سەر شانی و
پڕ بەدڵی خۆم..
بۆ خۆم بگریم .
( کاروان سەرا )
جیهانی هاوڕێیەتیی
چەشنی کاروان سەرایە
هاوڕێ دێت و
هاوڕێ دەڕوا
مەرج نیە .. ئەوی دێت
باشتر بێت .. لەوی کە دەڕوا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست