فەیسبووکەچیرۆك -5-
Monday, 13/01/2020, 0:48
پشوو
لەسەر قەنەفەی هۆڵەکە قاپێك فۆگە دەگرێت بەدەستییەوەو چاودەبڕێتە تەلەفیزیۆن. هەر بۆ پڕکردنی کەوچکەکەی و دەمی چاوی لێهەڵدەگرێت، ئەمە سەری دوەمجارێتی سەیری هەمان فیلیم دەکات پاش تەواوبوونی ، بەلەشقورسییەکەوە بەکۆنترۆڵەکە دەیکوژێنێتەوەو لەگەڵ خۆیدا دەڵێت جا توخوا ئەوە فیلیم بوو.
دوو گۆشە دەخاتە ژێرسەری و لێی رادەکشێت، بەزەنگی مۆبایلەکەی خەبەری دەبێتەوە سەرپێیەکانی لەپێدەکات و بەچاو هەڵگڵۆفتن دەچێت بەرەو حەمام و تەوالێتەکە، بەرامبەر ئاوێنەکە دەڵێت، ئای پشتم ، خەوی سەر قەنەفە کەی خەوە..! بەخاولیەك دەموچاوی وشکدەکاتەوە ، دەستدەگرێت بەلاشیپانی دەرگاکەوەو بەلای راستدا خۆی کێشدەکات بۆ مەتبەخ.
بەپەلەپڕوزێ بەرچاییەك دەخوات، دەچێت بۆ ژوری نوستنەکە دەرگای کانتۆرەکە رادەکێشێت، بەپەنجەی شایەتمان پاڵدەنێت بە قاتەکانەوە، قاتێك رادەکێشت، کراس و بۆینباخێکی لەگەڵدا دەگونجێنێت، قژی دادەهێنێت و بۆن لەخۆی دەدات، دەگەڕێتەوە هۆڵەکە لاپتۆپەکە دەخاتە جانتاکەی و کلیلەکانی دەردەهێنێت، پاش ئەوەی دڵنیادەبێت لەداخستنی دەرگای شوقەکەی بەقادرمەکاندا دێتە خوارەوە، دەچێتە بەردەم وێستگەی پاسەکە، جگەرەیەك پێدەکات و چاوێك دەخشێنێت بەخشتەی هاتن و رۆشتنی پاسەکەدا، نەخێر جگەرەی دووەمیش پێدەکات، سەر رادەوەشێنێت لەبەرخۆیەوە دەڵێت ئەرێ ئەو پاسە بۆ نەهات، پاسەکە هات و سەرکەوت، بەشۆفێرەکە دەڵێت ببورە ئەوە بۆ دواکەوتن؟! ئەویش دەڵێت، کوا.! دوانەکەوتووین!! رۆژانی پشوو ئێمە پەیڕەوی خشتەی یەکشەممان دەکەین، سەرێك بادەداتو .. دەڵێت بۆ ئەمڕۆ پشووە ..!
فڕەی پرەمێز
دادوبێداد بەدەست فەیسبووکەوە، بۆتە دڕکێك لەقوڕگمدا، نەدەتوانم قوتی بدەم نە تفی بکەمەوە، ماوەیەك خۆمی لێدەدزمەوە، ئەو ماوەیە وادەزانم شتێکی گرانبەهام بزرکردووە.
بڕیاربێ ئەمشەو تاڕادەیەك سەری خۆم سوککەم، چاوێك دەخشێنم بەوانەی خۆیان داوایانکردووە ببنە هاوڕێم ، پشتی ملی بێکەڵکەکان دەگرمو هەر بەپاڵ دەیانکەمە دەرەوە ، تۆ سەیر .. سەیر ئائەمە رۆژنییە وێنەی ئاخر مۆدێلی ئۆتۆمبیلم بۆ نەنێرێت، داخی ئەوەش دەمکوژێت مۆڵەتی شۆفێریشی نییە، ئەی ئەمە بۆ ناڵێی سەری زمانو بنی زمانی مافی ژن و یەکسانی ژن و پیاوە کەچی هاوڕێیەکم بۆی گێڕامەوە رۆژێکیان لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە نەخۆشخانە بینیونی لاچاوی هاوسەرەکەی بەقەد قۆخێك شینبۆتەوە، چییە .. ؟! وەڵا بەستەزمانەکەی ژنی، دەمیگرتووە ناڕازی بووە ئەفەنی بەتەنها سەفەر بکات..!
ئەمە .. ئا ئەمەیان وێنەی پرۆفایلەکەی چیڤارایە کەچی کوڕی باشە ئەوەتی هاتووە بەردێکی بۆ ئەم وڵاتە نەخستۆتە سەربەردێك بەبیانووی نەخۆشییەوە کەچی وەك بڵێی تەڵاقی خواردبێت هەتا مابێت ( ئیشی رەش )*بکات ، ئێستا ئەمەو.. ئەوەو.. کوڕە وەڵا ئەمەش فت، ئۆخەیش ئاهێك بەدڵمداهات، با لێیدەرچم سبەی شەویش ئەو هاوڕێیانە تەتەڵەبژێردەکەم کە لەسەرداوای خۆم بونەتە هاوڕێم.
سەیرێکی کاتژمێرێکی کۆمپیوتەرەکەم کرد، ئەوە کاتژمێر دوانزەیە!!
نازانم کات لەخۆیەوە دەڕوات یا ئێمە زوو لەکات دەڕۆین، هەرچەندە برسیشم نەبو، لەبەر حەبەکان پارچەیەك کێکم خوارد، هەر ئەوەندە ئاگاداربوم دوووجار بەخەبەرهاتم بۆ ئاوخواردن، پاش ئەوە زۆر بەقوڵی خەوم لێکەوت، لە فڕەفڕی پرەمێز بەخەبەرهاتم، ئۆهۆو.. دیسان نانکردنەکەیە، بەهەردوودەست چاوم هەڵگڵۆفی و سەیرێکی دەوروبەری خۆم کرد، لەبەرخۆمەوە بەخۆم وت :- نانکردنی چی..! هەستە نەگبەت ئێرە دانیمارکە .. دانیمارك .. !! پەردەی ژوری نووستنەکەم لادا، کەسەیردەکەم .. کوڕێکی گەنج هێدفۆنێکی کردۆتە سەری و بەدەستی چەپ عەرەبانەیەکی دووتایی رادەکێشێت کە بوتڵێکی غازی لەسەرە و بەدەستی راست پەرەمێزێکی لولەدرێژی بەدەستەوەیە .. گژوگیای نێوان بەردەکانی شۆستەی بەر ئاپارتمانەکەمان دەسوتێنێت.
* ئیشی رەش:- لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا دوو جۆر ئیش هەیە ، سپی، کە دەوڵەت لێی ئەگادارەو باجی خۆی لێوەردەگرێت، رەش، بەدزی دەوڵەتەوە دەکرێت و باجی لێنادات.
تێبینی : - بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەچیرۆك، دەتوانن بابەتێك لەم سایتەدا بخوێننەوە بەناونیشانی ( فەیسبووکەچیرۆك ) . فەیسبووکەچیرۆکەکانم بەزۆری زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست