یەكێتى وپارتى ویەكگرتوو وگۆران - چوار پێدراوى بەراوردكار بۆ ئەداى كارى حكومەت
Friday, 01/10/2010, 12:00
ئەم پرسانەى وەك سەردێرى كۆتایى پێهێنانى بێدەستەڵاتى خۆى دەنوێنێ لە كایەكانى مەسەلەى موعاروزە بوون لە نێوان ئۆپۆزسیۆن ودەستەڵات،بریتین لەگرفت وكێشەى قوڵ كە مەحاڵ نیە چارەسەركردنى،بەڵام تا ئێستا بە كردەوەیەكى شیتەڵكارى بە بەرنامەیى تێپەر نەبووە لە كارى موعارەزەو هەڵوێستەكان ،تا ژیانى خۆمانى پێ رێك بخەین وبرینەكانى پێ تیمار بكەین وپرسیارى زیندەكى پێ دیار بكەین بۆ پەرینەوەى ئاستى كایەى موعارەزە بوون لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكى تر،لە لایەكى ترەوە گرنگى نەدان بە كێشە قوڵەكانى هاووڵاتیان ونەبونى غەم خۆرى فەرمانرەواى سیاسى بە پێى پێویست وبە قوربانكردنى ماف وكێشەو گرفتى هاوڵاتیان بە بەرژەوەندى تەسكى حیزب وكارێزمەكانى رواڵەتى جێهان سێیەم بە سەراو گێر لەلایەن دەستەڵاتەوە،وبێدەستەڵاتى ئۆپۆزسیۆن وەك دەرگا واڵا كردنێك بۆ بەرهەمهێنانەوەی جۆرێك لە بنەماى بیرۆكراسیەت بۆ مانەوەو درێژە پێدان بە حوكم لە قاڵبى نواندنى دیموكراتیەت وپاراستنى موقەدەساتى بەناو پرسى نەتەوایەتى ، ئەرك وبەرەنگاربونەوەى موعارەزە بۆ پرسەكانى گەندەڵى قورستر دەكات كە ئەمەش جۆرە دور كەوتنەوەیەك لە ئەخلاقى بەر پرسیارەتى دروست دەكات بە جۆرێك فەزاى ململانێ نێوان هەردوو لاى ئۆپۆزسیۆن و دەستەڵات فراوانتر دەكات ،ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە تا ئێستاش ئۆپۆزسیۆن بۆ دەستەڵات وەك دوو پێدراوى سادەى بەراوردكارن بۆ تەمەشاكردنى ئەداى كارى حكومەت لە كاتێكدا حكومەت خزمتكارى حیزبە زیاتر لەوەى خزمەتكارى هاوڵاتى بێت هەموو هاوڵاتیش حیزبى نین،ئەمەش وادەكات ململانێكان بە شێوەیەكى ساكارانە خۆیان بنوێنن بۆ دەستەڵات دەرئەنجام دەمانگەیەنێتە ئەنجامێكى ئاڵۆزتر لە رووبەرووبونەوەى دیاردەو هەڵسوكەوتە ناتەندروستەكان، لە كۆتایى بە بەرژەوەندى دەستەڵات دەشكێتەوە پێش ئۆپۆزسیۆن،وبێ دەستەڵاتى ئۆپۆزسیۆن بۆ پرسی قەیرانەكانەوە لە دایك دەبێت وكێشەكان لە بێ ئیرادەیى یەكلادەبێتەوە،بەجۆرێك كە ئەم كێشەیى دوێنێ دەستەڵات دروستى كردبوو ئەوا هەرگیز ئۆپۆزسیۆن بەم شێوەیە ناتوانێت هەنگاوى بەرنگاربونەوەى گونجاوى بۆ بدۆزێتەوە كە دەستەڵات خۆى بەرپڕسیارى خوڵقاندنیەتى وەك بەحیزبى كردنى دام ودەزگا حكومى و بگرە ناحكومیەكانیش،ئەگەر چى پرسیارەكەش ئاراستەى ئۆپۆزسیۆنیش كراوە وەك ئەركێكى مۆراڵى ئەمیش بە وەڵام ناگات ئەگەرتەنیا خۆى بە بەراوردكارێك لە ئەداى حكومەت بۆ دەستەڵات خۆى نواندبێت چونكە شتێك زیاد ناكەن ،بۆیە زۆرێك لە پرسە گەورەكانى ئداى حكومەت نەك بچوكەكان وەك هەناردنى نەوت بێ ئەوەى بزانرێت داهاتەكەى بۆ كام لا دەچێت نەدەبوایە بە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانى و پرسینەوەیەكى سادە واز لەم مەسەلەیە بهێنرێت كە تا ئێستاش پێویستى بەروونكردنەوەى زیاتر هەیە ،كەلەمەیان گۆڤارى لڤین دەست پێشخەر بوو لە ورژاندنى ئەم بابەتە وسەرخستنى بۆ ئاستێكى تر لە میانەى چاو پێكەوتنێك لەگەڵ على دەباغ وتەبێژى رەسمى حكومەتى عیراقى... كە ئێستا ئەمان هاتونەتە سەر خەت بۆ یەكلایكردنەوەى ئەم مەسەلەیە ئەگەر مساومەیەكى سیاسیان لەگەلدا نەكەن لەبڕى ئەم مەسەلەیە ،یاخودئاشكرا نەكردنى داهاتەكانى كارەباو گومرگ وەك سەردێرى نەبوونى شەفافیەت لە بوددجە ،یاخود بە هەدەر دانى سەروەت وسامانى گشتى بەم لاو بەم لا بەناوى كۆمەڵگەى مەدنى وپشگیرى راگەیاندنى سێبەر كە تا ئێستا هەنگاوى جددى بۆ نەنێنراوە.
لەم لاوەش چۆنیەتى مامەلەكردنى دەستەڵات لەگەڵ راگەیاندن وراگەیاندنكاران بوەستێت كاتێك بەرهەمەكانیان وەك سورشتێكى كار ئەگەر بچێتە بەرەى ئۆپۆزسیۆنەوە ، مامەلەیكى ناسروشتى ونادادپەرورانەیان لەگەڵدا دەكرێت ،بەم پێیەى كە ئەوەى بۆى نەخوێنێت ئەخرێتە لیستى رەشەوە و شتى تر...كە ئەمانە دووبارەو سێ بارە كێشەو قەیرانى تر دەخوڵقێنن، لە ئەنجام هەڵوێستى ئۆپۆزسیۆنیش بەپێى پێویست بەهەند وەرناگیرێت چونكە كاریگەرى نابێت لەیەكلایى كردنەوەى مەسەلەكان تەنیا وەك هێزێكى بەراوردكار نەبێت، بەمەش مسداقیەتى كەمتر ئەبێتەوەو بێ هێزتر دەبێت لە جولانى مەلەفەكان ئەگەر لە راگەیاندیشدا هەللا بنێنێتەوە چونكە زوو زوو پشو بەخۆى ئەدات لەوەى كە كایە سادەكانى موعارەزە دەستەڵات خۆى عەرزى دەكات و ئۆپۆزسیۆنیش دەست بۆ كارە گەروەكان نابات بە نەفەسێكى درێژ، (ویبقى الحال كما هو علیه)وەك یاساى مەدنى میسرى ئەگەر دوو كەس لە یەك كاتدا بە فێلێك یەك خانویان پێ فرۆشرا ئەوا هەردوكیان بۆیان هەیە تیایدا بنیشن بەڵام كەسیان نابێتە خاوەنى، وە بارودۆخەكە وەك خۆى ئەمینێت .ئەم كات قەیران و هێزى بەرهەڵستكار وەك دوو رەگەزى هاوكێشەى ئۆپۆزسیۆن ئەوانیش وەك خۆیان چیان بۆ ناكرێت، (وبقى الحال كما هو علیه).
لە سروشتێكى بەرهەڵستكار بۆ سروشتێكى دستەمۆ
كێشە وململانێى ناوەخۆیى ناوحیزبەكانى كوردستان ئەمانیش لەلایەن دەستەڵات هەرزوو پێى زانراوە ودەزرانرێت بە تایبەتى كێشەكانى ناوە خۆیى یەكگرتوو گۆران وكۆمەڵ ،بەمانایەكى تر بەنهێنى راگرتنى رووداوو گۆرانە ناوەخۆییەكانى بەتایبەتى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان تەمەنێكى زۆر كورتى هەیە تا لە رۆژنامەكانیش باس وخوازى لێوە دەكرێت...، ئەم دیاردە نامۆیە جۆرە زەمینەیەك بۆ دەستەڵات دەسازێنێت كە لەسەنگەر بەرگریكاریەوە خۆى بگوازێتەوە سەنگەرى هێرشەوە دواتر گوشارێك دروست بكات ،ئەم كات نەك هەر كایە سادەكانى موعارزبوون خۆى دەیخاتە خاتە روو بەڵكو ئۆپۆزسیۆنیش بەرێوە دەبات كە نەتوانێت دەست بۆ كایە گرنگەكان ببات ،ئەمەش وا لە ئۆپۆزسیۆن دەكات لە سروشتێكى بەرهەڵستكار بۆ سروشتێكى زوو بە دستەمۆ زیاتر بروات كە خاڵە لاوازەكانى روون ئاشكران بۆ پەكخستنیان پێش هەر هەنگاوێك بۆ نمونە: بەرێزانى گۆران ویەكگرتوو پێش هەڵبژاردنى كەماڵ كەركوكى بۆ سەرۆكى پەرلەمان وا پێك هاتبوون بەیەك دەنگى بەرنگى ئۆپۆزسیۆن كاندیدیان هەبێت بەڵام رۆژێك بەر لە هەڵبژاردن گۆڕان بە لایەنى دووەمى راگەیاند هەر كەس بۆ خۆى كارى خۆى بكات ئێمە چیتر بەرگەى نانبراوانى تر ناگرین، وبۆ مەسەلەى تیرۆرى سەردەشتیش بە بەیاننامەیەك ستۆپى كرد ...كە ئەمانە پێوەرن بۆ هەڵوێست لە سەر هەردوو ئاست ،بەم جۆرە پەیوەندى نێوان دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە مانا گشتیەكەى ناخۆێندرێتەوە تا حیسابێكى جددى بۆ بكرێت ،ئیتر دور دەبێتەوە لەسكەى خۆى ودواتر پەیوەندى سێ حیزب وبزوتنەوەكە خۆى لە یاریەكى راكێشانى پەتى نێوان دوو تیمى سیاسى ئەدۆزێتەوە ،(كۆمەڵ) یش ناوە ناوە سەیر دەكات ناوە ناوەش لایەكى پەتەكە دەگرێت، دەرئەنجام راكێشانەكە بەلاى هێزى دەستەڵات ئەرواتەوە چونكە جگە لە بونى دارایى ودەستەڵات لە مشت یەكێتى وپارتى خاڵە لاوازەكانى یەكگرتوو وگۆران لەبەر چاوانە كە ئەتوانێت دەستى بۆیان ببات، لێرەدا پرسى هەق وناهەق لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەستەڵات بەرەو وون بوون ئەروات وئەگۆردرێت لە نوێنەرایەتى بەرژەوەندى گشتى بەرامبەر پێشێلكاریەكان بۆ ململانێیەكى دوو هێزى سیاسى ،ومساوەمەش هەردەم وەك خیارێكى پێشنیار كراو مەتروحە، بەمەش بازنەى تەعبیر كردن بچوك دەكرێتەوە بە شێوەیەك وا نیشان ئەدرێت كە ئۆپۆزسیۆنیش تەنیا تەعبیر لە خۆیان دەكەن ،ئەمە دەردەنى لایەنێكى واقیعى پەیوەندى نێوان ئۆپۆزسیۆن ودەستەڵاتى كوردستانە كە هەمیشە بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانەى ناو قەیران وململانێ نایەكسانەكان رووبەروى وەڵامى ئالۆزو كێشەى ترمان دەكاتەوە،وەك لەت كردنى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان دواتر دروست كردنى كێشەو گوشارى دارایى وهەڵچنینى تۆمەت بۆیان...، لەمەش ناوەستێت پەل دەهاوێت بۆ بێهێز كردنى راگەیاندنە سەربەخۆكان بە دەم كوتكردنى نوسەروو رۆژنامەنوسان لەلایەكى ترەوە كە ئەمانیش لە خستنە رووى مەسەلە ناتەندروستەكان هاوكارن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن،بۆیە پێویستە ئۆپۆزسیۆن لە قاڵبى بەراوردكارانەى ئەداى حكومەت بپەرێتەوە وهەنگاوى جددى تر بهاوێت ،لە نمونە كایەسادەكانى ئێستاى ئۆپۆزسیۆن : كارەباى مولیدەكان وایرێكى زۆریان بە كۆلانەكان بڵاوكردۆتەوە ، لە فلانە گەرەك ئاو ناێت، لە لادێیەكى بیست ماڵیدا خزمەتگوزارى بۆ نەچووە، ئەم پردەیان خوار دروستكردووە، ئەم شۆستە باش قیرتاو نەكراوە ،ئەم شوێنە سەگى زۆر بووە... كە ئەمانەى خزمەت بە دروست بوونى رۆحى ویستبونى گۆڕانى دەستەڵات ناكات لاى هاوڵاتى وەك كایەكى بەهێزى مەسەلەى ئۆپۆزسیۆن ،كە خالیە لە بوونى هەر ئامانجێكى بە ئۆپۆزسیۆن بوون وەك پرسێكى ستراتیجى یەكلاكەرەوەى راى زۆرینە،چونكە ئەمانە هەمووى وەڵامیان هەیە لەسەر ئاستێكى نزم لەلایەن راگەیاندنى دەستەڵاتەوە وبە چارەسەركردنى ئەگەر كاتیش بێت خەڵك رۆحى نارەزایى كاڵ دەبێتەوە وهیچ مەترسیەك لەسەر بەستە وپایەكانى بە دەستەڵات بوون دروست ناكات، لەم لاوە دەستەڵات دەڵێت ئەوەندە دێیەمان ئاوەدان كردۆتەوە ،ئەوەندە شەقامەمان قیرتاو كردووە موچەى ئەوندە كەسەمان داوە كێشەى كارەباى ئەم وێسگەیەمان چارەسەر كرد، ئەوندە مریشكەمان زیندە بەچاڵ كرد،كەسێك نزیكەى هەزار سەگى كوشتووە وئامادەیە بۆ زیاترش... نەك ئەمەش بەڵكو ئێستا واى لێهاتووە راگەیاندنى دەستەڵات خۆى پێش ئۆپۆزسیۆنیش دەكەوێت لە خستنە رووى كەمو كوریەكانى ئەم بوارانە وئیشى موعارەزەش دەكات ،كەواتە ئەبێت ئۆپۆزسیۆن لەم هەنگاوەو قۆناغە كەم بێسودە بپەرێتەوەو ئیحتواى بكات،وئیتر ئەم مەسەلە بچوكانە نەكاتە سەردێرى كایەى موعارەز بوونێكى رەهاو بەریتیم و رێزبەندى جاران ،ململانێكە بۆ ئاستێكى تر سەر بخات وكایەكانى موعارەزە بوون بخرێنە قاڵبیكى بەرنامەرێژى ونەخشەیەكى ستراتیجی لەسەر ئاستى هەردوو باڵى نوێنەران وحیزبەوە، بۆنمونە ئۆپۆزسیۆن لە یەم رۆژى پێویست بوو پیلانى بە شەفافیەت بوونى بوددجەى هەبێت بە فوێك ساردیش نەبێتەوە،نەخشەى بەرەنگاربونەوەى گەندەلیەكانى وەزارەتى نەوت ئەوانى تریشى ببێت، وپیلانى بۆ مەسەلەى دەستور هەبوایە نەك ناوە ناوە ئەگەر بیرى بێتەوە تەسریحێكى بۆ بدات ،پیلانى هەڵوەشانەوەى لقى ئەم كۆمۆسیۆنانەى هەبێت كە شاگردى دەستەڵاتن وئاسانكارى تەزویر دەكەن ، پیلانى هەڵوەشانەوەى تۆرى ئەم رێكخراوە ناحكومیەكانى لاى خۆى تۆمار بكردایە كە وەك سێبەر لە خزمەتى دەستەڵات كار دەكەن شتى تریش ... ،نەك لەم كاتەى واقیع شتێكت بهێنێتە پێش تۆش وەك ئۆپۆزسیۆن ئەم كات ئەبێت قسەت هەبێت، كەواتە پێویستە بەرنامەت بۆ شتەكان هەبێت قۆناغ وماوەكانیشى بەپێى پرسەكان ئەبێت، نەك شتەكان بتخەنە سەر بەرنامەى كاردانەوە، كە ئەمە لوتكەى رواڵەتى بێبەرنامەییە ،بۆیە دەبینین مەسەلەكانى موعارەزە بوون لە نیوەى رێگا تاقەتى نامینێت یاخود بە مۆرەیەك ئەگەرێتە دواوە یاخود ئەوراقەكان تێكلڵاو دەكەن لە جیاتى ئارستەكردنى كایەى موعارەزبوون بۆ دەستەڵات ئاراستەى یەكتر دەكەن وەك مەسەلەى كۆوارى وێران.
بۆیە كارى بەنەخشەو پیلان بۆ ئۆپۆزسیۆن ئەتوانێت سیاسەتێك دروست بكات كە وەك چاكەیەكى گشتى خۆى بنوێنێ بەرامبەر بەكۆمەڵگا وهێزێكى جەماوەرى بخوڵقێنێ ،ئەم كات پەیوەندی وبەستەیەكى نەبراوە لە نێوان موعارەزەو بەرژەوەندى كۆمەڵگاوە دروست دەبێت لە سەربنەماى بەرهەڵستكارى مەسەلە ناتەواوەكانى دەستەڵات كە خزمەتى تاك وگشت دەكات ،وئەم كاتیش نابێت تەنازولى بۆ بكات لەوەى كە كێشەكان لە ناوەوەى دەستەڵاتدا ساغ بكرێتەوە كە دەستەڵات بە ئەمە لێبردونەتەوە ،ونابێت ئەم تەنازولە بكرێت وەك نمونەى راگەیاندنى سەربەخۆ كە دەست پێشخەرتر بوو لە ئۆپۆزسیۆن كە نەفەسیان درێژترە ومەسەلەكان ئەخەنە بەردەم شوێنى دەستەڵاتى ناوەندەوە ئەگەر بێ ئومید بن لە چارەسەرى ،ئەمانەش وەك هێوایەك بۆ شكاندنى بێ دەستەڵاتى ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە دەستەڵات وپەرینەوە بە ئاستى كایەو مەلەفى موعارەزە بوون بۆ ئاستێكى هەقیقى تا تەعبیر لە ئۆپۆزسیۆن بكات نەك ختوكە بە دەستەڵات بكات.
حسین عمر سلێمان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست