فیرەعەونەكان وكلكى تیمساح
Tuesday, 24/08/2010, 12:00
ئەنترۆپۆلۆژیاى فیرەعەونەكانیەكێك لە ئامانجەكانى زانستى ئەنترۆپۆلۆژیا(مرۆڤ ناسى)گرنگى دانە بە شێوازى بەراوردكردنى نێوان ژیانى مرۆڤى كۆن و مرۆڤى ئێستا،ئاماژە بەوە كراوە كە مرۆڤ كەوتۆتە ژێر كاریگەرى جۆراو جۆر كە كارى لە گۆرینى بەژن باڵا كردبێت ،لەلایەكى ترەوە سەرچاوەكانى ئەم زانستە دەڵێت (لەگەڵ ئەوەى تاكەكان جیاوازان لە رووى نەژادى یاخوود رەگەزیەوە ،كەچى ئەوان زۆرجار بە چەندین هۆكارى لێكچوو دەچنە ژێر كاریگەریەكانى یەك ژینگەوە ،ودیاردەیەكى هاوبەشى سەرنج راكێشى لێ دەبینرێت ئەویش چەند جۆرێكى لێكچوى هەڵوێستە دەرونییەكانە، هەروەها تێبنى كراوە كە قەبارەى سامان وموڵكە ماددیەكان پەیوەستە بە پەیوەندیێكى دیالێكتێكى یان لۆژیكییەوە كە هەیەتى ،لەگەڵ قەبارەى كاتەكانى بەتاڵى ورادەى جێگرى(شوێنى نیشتەجێ بونى كۆمەڵ) هەروەك چۆن پێوەستە بەرادەى دەستەبەر بوونى ئاسانكاریەكانى گواستنەوەوە و گەیاندن،بۆیە بەر لەوەى باسى بابەتى كلكى تیمساح بكەم بە پێویستم زانى تیشكێك بخەمە سەر پەیوەندی نێوان هەڵسوكەوتى مرۆڤەكانى كاتى فیرەعەون ومرۆڤەكانى ئێستا ئەگەر لە شوێن و كاتى جیاوازیشدا ژیابن،بەو پێیەى پەیوەندى مرۆڤەكان ئەگەر بكەونە ژێر كاریگەرى یەك دۆخ وژینگەوە لە ئەنجامدا هەڵوێستێكى لە یەك نزیك یان هاوشێوە دێتە كایەوە.
كلكى تیمساح كلكى تیمساح وەك بارەگایەكى كات بردنە سەرو مەى خواردنەوەو كۆبونەوەى گرنگى بەرپرسان ودزو چەتەكانى سەردەمى فیرعەونى بەر لە 3500ساڵ ئاماژەى پێكراوە لە پەرتوكى سینۆهەى بزیشكى فیرەعەون ، كاتێك خەڵكى تبس وەك شارێكى كۆنى میسرلە دەرئەنجامى ناكۆكى نێوان پەیرەوانى دوو رێبازى جیاواز بارودۆخى شارەكەیان دەشلەژێت و خەڵك ترسى شەڕى ناوەخۆى لەسەر دەنیشت بەجۆرێك رۆژ بەرۆژ ناكۆكیەكە گروتینى زیاتر دەگرت، وە كاتێك سەربازەكانى فیرعەون هاتنە ناو شارەوە بۆ بەرەنگاربونەوەو لەناوبردنى پەیرەوانى رێبازى كۆن ،خاوەن دوكانەكان وكارگەكان و ئاشەكان ناچار بوون دەست لە كار هەڵبگرن دەرگاكانیان دابخەن كە هەمیشەكارەكانیان باش بوو بەڵام ئیتر كەشەڕ هەڵگیرسا خەڵك نەك هەر لە گیانى خۆى ئەترسێت بەڵكو لە سەروەت وسامانەكەشى ئەترسێت كە كەوتۆتە مەترسیەوە ، بێ گومان مەترسى گەیشتە سەر كلكى تیمساحیش كە مەیخانەیەك بوو مەێكى تایبەتى گرانبەهاى پێشكەش دەكرد و موشتەریەكانى خەڵكانێكى تایبەت بوون، كە رێگا بە هەموو كەسێك نەدەدرا بچێتە ژورەوە و بە شێوەیەكى تر وەزعى مەیخانەكە بەم شێوەیە بوو كە خەڵكانى كەم دەرامەت نەتوانن بێنە ئەو جێگایە و شەراب و ئاوى جۆ یان كلكى تیمساح بنۆشنەوە ،هەروەها هەندێ كەسى ناو ئەم مەیخانەیە دەوڵەمەندیەكى خۆیان لە رێگاى تاوانى دزى كردنى گۆرى مردووەكانەوە بە دەست هێنا بوو بەڵام وەك گەورەكان هەڵسوكەوتیان دەكرد هەروەها هاتووە لە پەرتوكەكە كە موشتەریەكانى ئەم جێگایە ئەو كەسانەن كە پێوستیان بە یەكترى هەیە بۆ كرین و فرۆشتن و پێوستە ماددیەكانى دیكە كە رایان دەكێشێت بۆ كلكى تیمساح وەك دابەشكردنى ماڵە دزراوەكان وئالوگۆرى بەرژەوەندیەكان ئەگەر نا تەنها نۆشینەوە مەیى ئەم هەموو دزو سەركردەو زڕ دەوڵەمندانە راناكێشى بۆ ئەم شوێنە،بۆیە سینۆهەى شەریكى خاوەنى كلكى تیمساح بۆ مسۆگەرى قازانج و بەردەوامى كردنەوە ، پێویستى بە پەیوەندێكى تایبەت هەبوو لەگەڵ سەركردەى سوپاى فیرعەون بۆیە بەزووترین كات سینۆهە پەیوەندى لەگەڵ بەست وخزمەت باشى پێشكەش كرد لەسەر بنەماى ئالوگۆرى بەرژەوەندى، بۆیە سەركردەى سوپا فەرمانىدا كۆمەڵى سەربازى باوەر پێكراو بنێرێتە كلكى تیمساح بۆ ئەوەى ئاگایان لێ بێت،وە نەهێلێت لەوێ ئاژاوە رووبدات چونكە سینۆهە دەڵێت:(من بە دەركردنى ئەم فەرمانە رازى بوم چونكە وا بیرم دەكردەوە ئەگەر كارەساتى دڵتەزێن رووبدات، كلكى تیمساح یەكێكە لەو جێگایانەى كە لە پێش شوێنەكانى تر دەكەوێتە ژێر شاڵاوى خەڵكانى تاڵانجى چونكە هەموو كەس دەیزانى كەلە پشت ئەم مەیخانەیە هەندێ جێگاى لێیە كە ناوەندى مامەڵەى ئەو كەسانیە كە دزى لە گۆرى مردووەكان دەكەن،یان زێر پارەى دزراو لە نێوان خۆیاندا دابەش دەكەن).
دێمەوە سەر زانستى ئەنترۆپۆلۆژیا و پەیوەندى كلك و تیمساحەكان لە بەراوردى كردنى عەقل و هەڵس و كەوتەكان ،كاتێك هەمان ژینگە و هەمان عەقلى فیرعەون وسەركردە و هەمان بەرژەوندیەكان وهەمان كۆكردنەوەى پارە و موڵكەكان لە كلك و بارەگاى تیمساحەكان تاوتۆ دەكرێت .
كاتێك كلكى تیمساح كرا بارەگا و سەنتەر و شوێنى دابەشكردنى پارە و موڵكى دزراوى مردووەكان ،كە بەجۆرێك لە سەروەت وسامانى میللەتى ئەم سەردەم دادەنرا بۆ ئەوى لە كاتى زیندوو بوونەوەیان سودى لێ وەربگرن. هەمان كلكە تیمساحەكانى سەردەم بە ناوى جیاوازو ناوەرۆك هاوشێوەسەروەت سامانى میللەت دەخۆن،كاتێك مەترسیان لێ ئەنیشێت لەوى ئەگەر دەسەڵات بگۆردرێت ئەزانن یەكەم شوێن كە دەكەوێتە بەردەم لێپرسینەوەى دادگا یان هێزى تورەیى تۆڵە یان تاڵانچیەكان بارەگا حیزبیەكانە ، بۆیە فەرماندەى سوپاى فیرعەون سوپا دەنێرێت بۆ پاراستنى كلكى تیمساح، بێ گومان بە پێوەرى ئەنترۆپۆلۆژیا هێزى سوپا و پاراستن دەكەونە ئامادە باشى بۆ پاراستنى بەرژەوندی بەرپرسانى دەستەڵات ،لە بەراورددا كە ئەمرۆ نەك بەسوپاى ئەم لاو ئەم لا موڵكە دزراوەكان دەپارێزرێن بەڵكو موڵك وسامانە دزراوەكانى زیندووەكان ئەوەندە زۆرە سوپاى تایبەتى پێ پێك هێنراوە بۆ پاراستنى.
دواتر دزین لەهە هەموو كاتێكدابە یەكێك لە سەرچاوى زوو بە دەوڵەمەندى بوون ئەزانرێت ،كە هەرچەندە سەروەتیێكى شاردراوەو بەر چاو نەبو بۆ میسریەكان، كە موڵكى مردوێك بوو بەڵام دزەكان بەهەقى خۆیان دەزانى، بەوەى راگرتنى خەباتى زیندوى خۆیان پێ باشتر بوو لە مردوەكان، وسامانە دزراوەكەش كەس پێى نازانێ .
بەڵام گەندەڵچیەكانى سەردەم بە هەمان بنەماى ئەنترۆپۆلۆژیا دزین بەهەقى خەباتى خەباتگێران،هەق وەرگرتنێكە بە دزیكردن لە سامانى گشتى زیندووان،وئەگەر هەموو خەڵكیش پێى بزانێت بەڵام كەس بەڵگەى زۆرى بەدەستەوە نیە!یان ناوێرێت قسە بكات! چونكە دزیەكانى لە تاریكیدا ولە ژێر چاودێرى سەركردەو سوپاكان ئەنجام دەدرێت،بەوەى كەس نازانێت چۆن ئەنجام دراوە بەڵام لەهەمان كاتدا دەزانرێـت كە دزى كراوە بەوەى سەروەت وسامانێك دیار نیە وسامان وموڵكێكى بێ رەگ وریشە هاتۆتە وجود وزۆر كەسیش دەوڵمەند بووە یان ماڵى دزراو لەبەرچاون هاتوچۆدەكات.
بۆیەش هەردەم خاوەنى كلكى تیمساح سودى لەم دەستەڵاتانەى فیرەعەون وبەرپرسانى عەسكرى وەردەگرت لە وەى مەیخانەكەى بەكراوەیى بمینێتەوە پارێزراو بێت لە هەر هێرشێكى شاڵاوى شەڕو ناكۆكى نێوان ئایدیاكان،بەوەى كە بەرژەوەندیەكى هاوشێوەى ئالوگۆر لەگەڵ دزەكان كۆیانى دەكردەوە،بەوەى لە ناو مەیخانەكە شتە دزراوەكان دابەش دەكران لەبەرامبەر مانەوەو درێژە پێدان بە پاراستنى مەیخانەكەلەلایەكى ترەوە میوانى ئەم شوێنە بوون كە سامانێكیان لێى دەست دەكەوت جگە لە نۆشكردنى ئەم مەیەى كە هەموو كەسێك ناتوانێت پارەكەى بدات ولێى دابنیشێت وەك بارەگایەكى كۆبونەوەى دزو بەرپرسەكانى عەسكرى فیرەعەونەكان كە مسۆگەرى كارو پیشەى هەموولایەك دەكات،وهەركاتێ هەمان ببارودۆخ وهەمان عەقلیەت بێتە بەرهەم بە جیاوازى كات وشوێن نەك فیرەعەونێك هەزارها فبرەعەونمان بۆ درۆست دەبێت وهەزرەها كلكى تیمساحمان بۆ دادەنرێت لە ژێر ناونیشان وئەدرێسى درەوشاوەى جیاواز كە پیلانى دزیكردن وموڵكە دزراوەكانى تیادا دابەش دەكرێت،بۆیە بارەگاى كلكى تیمساح بۆ دزو چەتەكان پێویستە وهەردەم هێزو دەستەڵاتێكیشى پێویستە بۆ بەردەوامى ئەگەر نا ،كلكى تیمساح هەردەم لەمەترسیدایە بەیەك هەڵبژاردن كۆتایى دێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست