کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە رۆژی جیهانی زمانی زگماكیدا زمانی كوردی پەرلەمانی توركیای هەژاند

Saturday, 28/02/2009, 12:00


لەكۆبوونەوەی گروپی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتیدا كە لە رۆژی 2009/2/24 لە پەرلەمانی توركیادا ئەنجامدرا ئەحمەد تورك هاوسەرۆكی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی و بەرپرسی گروپەكە لە كۆتایی قسەكانیدا بۆ ماوەی یازدە دەقیقە بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی زگماكییەوە بەزمانی كوردی قسەی كرد، كەناڵی (TRT3) كەراستەوخۆ كۆبوونەوەی گروپەكان بڵاودەكاتەوە، بەفەرمانی سەرۆكی پەرلەمان پەخشی راستەوخۆی راگرت، بەڵام ئەحمەد تورك قسەكانی خۆی بەردەوامكرد. بەمشێوەیە بۆجاری دووەمە لە پەرلەمانی توركیادا بەزمانی كوردی قسە دەكرێت، جاری یەكەم لەیلا زانا پەرلەمانتاری كورد لەنێو پەرلەماندا بەكوردی قسەی كرد و لەئەنجامدا یازدە ساڵ زیندانی كرا. ئێستاش ئەحمەد تورك بە زمانی زگماكی بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانەوە كە رۆژی (21-2)ە بەزمانی كوردی قسەی كرد.
تەلەفزیۆنی(TRT) لەشەش كەناڵ پێك دێت، بە واتایی(تەرتە بە واتای تەلەفزیۆن و رادیۆی توركیا) دێت، هەموو تەرەكەكان كەناڵی فەرمی دەوڵەتن، هەریەكە و بەئامانجێك پەخشی خۆی دەكات. (TRT3) ناوەكەی دیكەی(TBMW) واتە كاناڵی ئەنجوومەنی پەرلەمانی گەورەی توركیا. ئەو كەناڵە راستەوخۆ كۆبوونەوەی گروپەكانی بڵاودەكاتەوە. كەناڵێكی دیكەی ناوی(TRT6)ە، ئەم كەناڵە بەزمانی كوردی زاراوەی كرمانجی وەشان دەكات. بەفەرمانی حكومەتی ئاكەپە دامەزراوە. سەیر لەوەدایە (تەرەتە سێ) قسەكانی ئەحمەد تورك بەزمانی كوردی دەبڕێت و لەولاشەوە بۆخۆیان كەناڵێكی كوردی دروست دەكەن و بەكوردی وەشان دەكەن!!
هەرهەمان رۆژ گروپەكانی دیكەی پەرلەمان بە گروپەكەی ئاكەپەشەوە، هەموویان ناڕەزاییان نیشاندا و بە ئاژاوە گێڕی بەناویان كرد. بیانوویشیان ئەوەیە كە لەپەرلەمانی توركیادا تەنها بەزمانی توركی قسەكردن هەیە. هەر زمانێكی دیكە بە ئاژاوەگێڕی دەژمێرن و تۆمەتی جوداخوازی دەدەنە پاڵ. هەروەها دڵێن ئەمە چالاكییە و ئامادەكاری بۆ كراوە و بەپیلان بەرێوە چووە.
هەرچی هەڵوێستی دەتەپەیە، سوور بوونی خۆیان بۆ بەردەوامكردنی بەكوردی قسەكردن رادەگەیەنن. لەمبارەیەوە بەنگی یڵدز ئەندام پەرلەمانی دەتەپە گوتی ئێمە سورین لەسەر بەردەوامكردنی قسەكردن بەزمانی كوردی. هەروەها حەمید گەیلانی بەهەڵوێستێكی فەلسەفی بەناوی كرد، دواتر سەلاحەدین دەمیرتاش نوێنەری گروپی دەتەپە لە پەرلەمانی توركیا گوتی؛ ئەو شتەی ئێمە كردوومانە چالاكی نییە و ئاژاوەگێڕیش نییە، بەڵكو هەڵوێستێكی سیاسییە، ئێمە سەلماندمان كە ئەو كەناڵەی بەناوی(TRT6) كراوەتەوە بۆ ئامانجێكی سیاسی لەبەرامبەر كوردان دروستكراوە. ئێمە لەسەرەتاوە گوتمان ئەو كەناڵە یاسایی نییە، بەیاسا پشتگیری نەكراوە، چونكە قسەكردن بەزمانی كوردی لەدەستووری توركیا نییە. ئەو هەڵویستەی ئێمە راستی قسەكانی ئێمەی سەلماند، و قسەكانی ئێمە راست دەرچوو. هەروەها گوتی ئێمە پێویستیەكانی مافی دیموكراتی پێكدێنیین، ئەوە مافێكی سروشتی خۆمانە، ئێمە ئەومافە بۆ هەموو زمانەكان دەناسین.
سەبارەت بە پرسیاری رۆژنامەوانان داخۆ قسەكردن بەزمانی كوردی لە پەرلەمانی توركیا یاسایی نییە، ئێوە سوێندتان خواردووە كە پێشێلی یاسایی نەكەن. لە وەڵامدا ئەحمەد تورك گوتی چەندە، بە سەرپۆشەوە هاتنە نێو پەرلەمان پێشێل كردن بێت، بەكوردی قسەكردنی منیش ئەوەندە پێشێل كردنە. ئەوەی ئێمە كردوومانە هەوڵدانە بۆ یاسایی كردنی زمانی كوردی و زمانەكانی دیكە. پێویستە هەركەسێك پشتگیریمان بكات. ئێمە سوێندمان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤیش خواردووە، لەبەرئەوە نابێتە پێشلكردنی یاسایی.
بەگۆێرەی ئەو زانیارانەی كە لە ئەو رووداوەی بەكوردی قسەكردن لە پەرلەمانی توركیا هاتە ئاراوە، تابڵۆیەكی سەیر دەبینرێت. بەر لە هەموو شتێك فێڵی گەورەی دەوڵەت بۆ كردنەوەی تەلەفزیۆنی كوردی و نزیكایەتی بۆ كێشەی كورد كەشف كرد، چارەسەری كێشەكە لەپەرلەمانە و مەسەلەیەكی سیاسییە و كێشەیەكی جددییە و زۆر لەوە گەورەترە بەكردنەوەی كەناڵێك چارەسەری بكرێت.(TRT3)ش یەكێكە لەكەناڵەكانی دەوڵەت، مافێكی بەوشێوەیەی نییە وەشانی خۆی راگرێت، چونكە سەرۆكی پەرلەمان ئاكەپەییە و (TRT)هی دەوڵەتە، نەك حكومەت. ئەگەر كەناڵێكی راگەیاندن خۆی بكاتە لایەن و لە دژی زمانی كوردی هەڵویست نیشان بدات. ئەوا ئەو سوێندەی كەبۆ وەشانی ئازاد خوراوەوە باوەڕی داوەتە گەل و رۆشنبیران، پووچەڵدەكاتەوە و ناكۆكییەكی گەوەرەیە. لەهەمانكاتدا هاندانی جودا خوازییە و دەیسەڵمێنێت كە (TRT6)یش درۆیەكی گەورەیە. بەتەواوی بۆ ئامانجی سیاسییە، ئاشكرای دەكات. ئەوەش دەسەلمێنێت كە حكومەتی ئاكەپە، لەئاستێكی بەرزدا و هەموو دەرفەتی دەوڵەت لەدژی گەلی كورد بەكاردەهێنێت و سیاسەتی چەواشەكاری درۆیانە بەرێوە دەبات. هەروەها ئەوەش ئاشكرا بوو كە نەك هەر ئاكەپە بەڵكو پارتەكانی دیكەش راست نزیكی كێشەی كورد نابن و بۆچارەسەری هیچ پرۆژەیەكی سیاسیان نییە و حكومەت و پەرلەمان و پارتەكانی دیكەش لە دەرەوەی شەڕو توندوتیژی پشتگیری نادەنە هیچ چارەسەرییەكی دیكە و بەهەموو هێزی خۆشیانەوە لەدژی هەرچارەسەرییەكی دیموكراتیش دەوستنەوە. هەوڵدانی لەو شێوەیەش بە گێرەشێوێنی دەبینن. هەروەها لەنزیكایەتی نەتەوەپەرستی توركیا جێگەی یەك وشەی كوردی ئازاد نابێتەوە، تەنها كوردی دەستەمۆ پەسەند دەكەن دووبارە پشت راست كرایەوە. ئەو تەلەفزیۆنەش خەڵەتاندنێكی گەورەیە، ئاكەپە بۆ هەڵبژاردنەكان بەیارمەتی ئەمریكا بەبێ پشتیوانی یاسایی كردویەتییەوە. ئەگەر لەو هەڵبژاردنە سەركەوێت، ئەوا بڵێت فەرموون ئەوە تەلەفزیۆن و هاك ـ پاریش بكەنە نوێنەری كورد و لەگەڵ ئەواندا دانوستاندن بكەن. كێشەی كورد لەگەڵ ئەواندا تاوتۆی بكەن و لەناو كورداندا دیسان كۆكوژی پێش بخەن.
لەتوركیا كوردایەتی كارێكی ئاسان نییە، پێویستی بەهۆشیاری و تێكۆشانێكی هەمە چەشنەی زۆر و بێوچان هەیە. گروپی دەتەپە ئەوەیان باش دەزانی كە لە پەرلەمانی توركیادا بەكوردی قسەكردن نایاساییە. بەڵام ئەو یاسایەی گەلێك ئینكار دەكات، مافی پێشێل دەكات. ئەگەر پەرلەمانتارانی دەتەپە بەپێی ئەو یاسایە هەڵسوكەوت بكەن، پێویستی نەدەكرد بچنە ئەو پەرلەمانەوە، هەڵبەت ئەوان لەبەرئەوە چوونە پەرلەمان تا لەو مەیدانەش تێكۆشان بكەن و سوود لەدەرفەتی دەوڵەتیش وەربگرن. ئەو یاسایانەی كە لە دژی گەلی كوردن و ئەو شوێنەی كە ئەو یاسانەی تیادا تاوتۆی دەكرێت پەرلەمانە. لەبەر ئەوە لەوشوێنە پێویستی بەتێكۆشان هەیە. لەبەرامبەر سیاسەتی ئینكاری كوردان، بەكوردی لەپەرلەمان قسەكردن پوچەڵكردنەوەی ئەو سیاسەتەیە. ئەو هەڵوێستەی گروپی دەتەپە شكاندنی رێچكەیە، بەهێزی گەلی كورد نیشاندەدات، سوور بوونی گەلی كوردە بۆ رێگا چارەی ئاشتی و دیموكراتی.
ئەو هەڵویستە پشت راستی دەكاتەوە كە هەرچەندە ئاكەپە پەنجا ئەندام پەرلەمانیشی هەیە. بەڵام هیچ بۆ كوردان ناكەن، بەڵكو لەدژی چارەسەری ئاشتین، ئەوانیش لەدژی گوتنە كوردییەكانی ئەحمەد تورك هەڵوێستیان نیشاندا بوو. ئەمەش ئەوەی سەلماند كە نوێنەری راستەقینەی گەلی كورد خاوەن هەڵوێستی كوردانەن. ئەركی خۆیان بەجەسارەتەوە پێكدێنن. سوورن لەسەر ئەوەی كە ئەو دەرفەتە بۆ یاسایی و سیاسی كردنی كێشەی كورد بەكار بهێنن.
پێویستە گەلی كورد پشتگیری بدەنە پارتی دەتەپە و ئەو هەڵوێستەی گروپەكەیان لە پەرلەمانی توركیا، لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا هەوڵی خۆیان بۆ سەركەوتنی دەتەپە بەكار بهێنن. سەركەوتنی كوردان لەو هەڵبژاردنەدا رێگا چارەی ئاشتی پێشدەخات و رۆڵی لە یەكێتی كورداندا بەهێز دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە