کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حیلە شەرعی دەستووری هەرێم!؟

Wednesday, 24/06/2009, 12:00


دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە، ئەگەر تا ئێستا نەبووە تاوانێكی گەورە لەبەرامبەر گەلانی هەرێمی كوردستان كراوە. پێویستە ئەو پەرلەمانەی ئێستا لەسەركارە رەخنەدانێكی جددی بۆ ئەو تاوانە گەورەیەی بدات و داوای لێبوردن لەگەلی كورد و گەلانی هەرێمەكە و مرۆڤایەتی بكات، تا ئێستا حوكمێكی بێ دەستوور بەڕێوە چووە، ناشارستانیترین حكومەت حكومەتێكی بێ دەستوورە. شەرعییەتی حكومەت و پەرلەمانی وڵاتێك لە دەستووری وڵاتەكەدایە. چونكە حكومەت و پەرلەمان و دادوەری بەپێی دەستوور دەبنە شەرعی و مافی حكومكردن وەردەگرن.
دەستوور پەیمانێكە لەنێوان گەلانی جیاوازی وڵاتێك، یان گەلی وڵاتێك بۆ پاراستن و پێشخستنی بەرژوەندییە كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، پەیوەندی ناوەكی و دەرەكییەكانی پێكهاتەكانی ئەو گەلەیە. شێوازی مافی بەڕێوەبردنە. یاساكان لەچوارچێوەی ماددەكانی دەستووردا دادەڕێژرێت.
ئەو دەستوورەی كە ئێستا پەرلەمانی كوردستان دەخوازێت ئەرێی بكات، هێشتا باش گفتوگۆ نەكراوە و لەكاتی ئێستاشدا بە بۆنەی هەڵبژاردنەكانەوە دەرفەتیێكی ئەوتۆ نییە گفتۆگۆی بكرێت. ئەگەر مەسەلەیەكی چارەنووسسازی بەوشێوەیە باش گفتوگۆ نەكرێت، كاتی بۆ تەرخان نەكرێت، دیارە دەرئەنجامی باشیشی لێناكەوێتەوە. گۆمان دەخاتە سەر ناوەڕۆكەكەی و تەنها دەبێتە دەستووری پارتی یەكێتی. ئەمەش گاڵتەجاڕییەكی گەورەیە. لە رابردوودا توانیان بەبۆنەی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانەوە مەسەلەی دەستوور دوابخەن! فێلەكەیان سەریگرت! لەكاتی ئەرێ كردنی یاسای فرەژنی و یاسای كاری رۆژنامەوانیدا بە روونی فشاری دەسەڵات و پاراستنی دەسەڵات و داخوازییەكانی دیاربوون، نەیانشاردەوە گوتیان دەتوانن تێكۆشان بكەن و ئەوانە یاسان، یاساش توانای گۆڕانی هەیە!؟ دواتریش بەهیچ شێوەیەك گوێیان نە بۆ تێكۆشانی ژنان و نەش رۆژنامەوانان گرت.
گومانی لەسەددا یەك هەیە، بەرژوەندی پارتی ـ یەكێتی بخاتە گفتوگۆوە، خێرا كەوتنە پەلەقاژە. چونكە ئەگەر ئەم پەرلەمانەی ئێستا دەستوور ئەرێ بكات؛ بەرژوەندی پارتی ـ یەكێتی چی بێت ئەوە بە بنەما دەگیرێت. بەرژوەندی نەتەوەیی و ستراتیژی نەتەوەیی پشتگوێ دەخرێت، مافی ژنان لەبەرچاو ناگیرێت، ناوچە دابڕاوەكان بۆ جارێكی دیكەش پشتگوێ دەخرێنەوە. ئازادی رادەربڕینی سیاسی و راگەیاندنی سەركوت دەكرێت. كەسوكاری ئەنفالەكان ئەوەندەی تر پشتگوێ دەخرێن و ...هتد. پارتی ـ یەكێتی هیچ پرۆژەیەكیان بۆ ستراتیژی نەتەوەیی نییە، بۆ نەتەوە و حزبیش بەهەمانشێوەیە، پرۆژەكانیان لەچواچێوەی بنەماڵە و عەقڵی عەشایری بنەماڵەدایە. مافی ژنان لە فرە ژنیدا دەبینرێتەوە! لەمەودواش بەگوێرەی دەستووری پارتی ـ یەكێتی دیسان هەر چوار ژن خۆیان بۆ پیاوێك ئامادەكەن!
ناوچە دابڕاوەكان، بە دابڕاوی دەمێنێتەوە. چونكە پارتی ـ یەكێتی دەڵێن ماددەی 140 ئەو ماددەیەش لە رۆژەڤدا نەماوە و 23 و دیمستۆرا جێگەی گرتووە. ئەوەش پرۆژەی ئەوان نییە. هیچ سوودێكی ئەو پرۆژانەش بۆ خەڵكی ئەو دەڤەرانە نییە.
سیاسەت و راگەیاندن زیاتر تووشی گیروگرفت دەبێتەوە كەسوكاری ئەنفالەكان ئەوەندی تر پشتگوێ دەخرێن. وەكو چۆن خۆیان نادۆزنەوە، كەسوكارەكانیشیان پشتگوێ دەخەن.
بەرژوەندی پارتی ـ یەكێتی ئەوەیە، ئەمەش هەتا ئێستا لەبێ دەستووریدا بەڕێوە چووە. بەگوێرەی دڵی پارتی ـ یەكێتی بووە. دەركەوت ئەگەرێكی بچووك هەیە كە لایەنێك لەلایەنەكان لەوانەیە بۆ بەرژوەندی خۆیشیان بێت ئەو مەسەلانە بوروژێنن، بكەونە چوارچیوەی دەستوورەوە.
بۆیە پارتی ـ یەكێتی بەپەلە كەوتنە خۆیان دەستوورەكەیان هاوێشتە نێو پەرلەمانەوە، تا پەرلەمانی داهاتوویشی پێ كۆنترۆڵ بكەن. ئەمەش مەترسییەكەی گەورەیە! لەم مەسەلەیەدا یەكێتی مەمنوونی پارتییە، چونكە یەكێتی لە ئەنجامی كێشەی ناوخۆیی ناپەرژێتە سەر ئەو مەسەلانە. بەڵام پارتی لەو بوارەدا زۆر وشیارە!؟
مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش لەپەرلەمان دەریانهینا و خستیانە نێو جەماوەرەوە، ئەوە لەدەستوورە نوێكەدا گەرەنتی كراوە، لەو دەستوورە نوێیەدا دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم هەتا پادشایەتی دەبات، لەبەرئەوەشە ئەو شەرعییەتی حوكمە ئینجا لەناو گەل بەدەست بخرێت. چونكە لەسەروو پەرلەمانەوە هێزی گەل هەیە، بەڵام لەسەروو گەلەوە هیچ هێزێك نییە، گەلیش سەرۆكی هەڵبژاردووە، كەواتە سەرۆك لەسەروو هەموو كەسێكەوەیە. بێگومان دەستووری نوێ هەموو ئەم شتانەی رەچاوكردووە. لەپەرلەمانی ئێستادا بە ئاسانی بۆیان ئەرێ دەكرێت، بەڵام لەپەرلەمانی داهاتوودا كێشەیان بۆ دەنێنەوە. لێرەدا گرنگ ئەوەیە سەركی هەرێم ئەو شەرعیەتە بەخەباتی نەتەوەیی و دیموكراتی بەدسەتی بخات نەك بە حیلە شەرعی!!؟؟
ئەم خستنە رۆژەڤەی دەستوور شتێكی بیرم هێنایەوە، دیارە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە دڵی پارتی و یەكێت نابێت! لە ئێستاوە لە رێگەی دەستوورەكەی خۆیانەوە پەرلەمانی داهاتوو كۆنترۆڵ دەكەن!!؟؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە