کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


باكۆنفرانسی نەتەوەیی پیلانی بێ چەك كردنی پەكەكە نەبێت

Monday, 16/03/2009, 12:00


ئاشكرایە كۆنفرانس یان كۆنگرەی نەتەوەیی پێویستییەكی سەرەكی گەلی كوردە، تائێستا ئەنجام نەدراوە بەهەمان شێوە كەموكورتییەكی گەلی كوردە، ئەو رۆڵەی كە پارتی سیاسی و رۆشنبیران لەمبارەیەوە گێڕاویانە تائێستا كۆنفرانس یان كۆنگرەیەكی نەتەوەیی كە كورد بتوانێت ستراتیژ و تاكتیكی خۆی تیادا دەستنیشانبكات نەهاتۆتە ئاراوە. ئەو هەواڵانەی كەتا ئێستا دراون گرنگن، بەتایبەتی كۆنگرەی گەلی كوردستان و پەكەكە ئەوە چوارساڵە بەفەرمی بانگەوازیان لەهەموو لایەنەكان كردووە و ئامادەكاری خۆیان نیشانداوە. لەم لایەنەشەوە پرۆژەی ستراتیژی نەتەوەییان بۆ رای گشتی و هەموو لایەنە سیاسی و رۆشنبیرییەكان پێشكەش كردووە.
بەرهەمی ئەو تێكۆشانەی كە بەساڵانە پێشدەخرێت و لەپێناویدا خوێنی بۆ دەڕێژێت و رەنجی بۆ دەدرێت لەو ئاستەدایە كەگەلی كورد كۆبكاتەوە وەكو هەر نەتەوەیەك ستراتیژی خۆیان داڕێژن. بۆ ئەو مەبەستە داخوازی گەلی كوردیش دروست بووە. تا ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستان لەهەموو روویەكەوە ئەو توانایەی نیشانداوە و لەو بارەشەوە مۆدیلێكی تێكۆشانی نەتەوایەتی دەرخستووە، لەكاتی هێرشی توركیا بۆسەر باشووری كوردستان بەرخودانی ئۆرەمار دواتریش داستانی زاپ و بێزەلێ و شكاندنی سوپای دەوڵەتی توركیا و دەرپەڕاندنی لەباشووری كوردستان، بەرگرییەكی نەتەوەییە و سەركەوتنیشی سەركەوتنێكی نەتەوەییە، ئەو سەركەوتنەش سایكۆلۆژیای ترس و تێكشكانی بەڵاوە ناو سایكۆلۆژیای سەركەوتنی ئاواكرد، لەهەمانكاتدا دەوڵەتی توركیا زۆر شانازی بەسوپاكەیەوە دەكات، ئەو سوپایە لە شەڕی زاپدا تێكشكێنرا. ئەگەر باش دیقەت بكەین لەپاش چالاكی بێزەلێ سوپای توركیا تائێستا بێدەنگە و ئەمەش ئەنجامی ئەو سایكۆلۆژیایەی دۆڕان و شكاندندیە كە لە شەڕەكاندا تووشی هات.
پەكەكە بەو بەرگرییە نەتەوەییە هەڵوێستی خۆی بە پراتیكی سەلماند خۆی یەكلاكردەوە و دۆست و دوژمنیش ئەمە باش فێربوون. تائێستاش بانگەوازی خۆی بۆ كۆنفرانسێكی نەتەوەیی بەردەوام دەكات. بۆ مەبەستەكە بەرێز ئۆجەلانیش ئەومەسەلەیەی بەگرنگ بینی پێنج پرەنسیپی وەكو پێشنیار بۆ كۆنفرانسی نەتەوەیی پێشكەش كرد، ئەو پرەنسیپانەش بریتین لە؛ پرەنسیپی مافی كەلتووری، و ئابووری، پرەنسیپی دیموكراتی، پرەنسیپی شەڕو ئاشتی. دواتریش پرەنسیپی پەیوەندییە دەرەكیی و ناوخۆییەكانیشی خستە سەر.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم رۆژانە باسی كۆنفرانسی نەتەوەیی دەكرێت و كەس بەتەنگ داوا كارییەكەی كۆنگرەی گەل و پەكەكەوە نەچووە! لەهەمانكاتدا لەپایتەختی باشووری كوردستان هەولێر، كۆنفرانسی ئابانت بۆ فەتحوڵڵا گولەنییەكان دەبەسترێت، دەزگای سیخوڕی لەدژی پەكەكە دەكرێتەوە و باسی كۆنفرانسیش دەكرێت. وادیارە ئەم كۆنفرانسەش هەر لەهەولێر دەكرێت. بەڵام ئایا ناوەڕۆكەكەی وەكو كۆنفرانسی ئابانتی فەتحوڵڵایەكانە یان لەچوارچێوەی پرەنسیپەكانی سەرۆكی گەلی كورد بەرێز ئۆجەلاندایە؟
ساڵی 1993 بەهەمان شێوە گەلەكەمان لەباكووری كوردستان وەكو ئێستا لەنێو سەرهەڵدان بوو، هێزی دەوڵەت تەنها بەسەربازی لەكوردستان مابوو، ئێستاش بەهەمان شێوەیە، سەرهەڵدانی گەل لەئاستێكی بەرزدایە، دەوڵەت لەرێگەی شەڕیشەوە ناتوانێت ئەنجام بگرێت. دەوڵەت هەموو هێزی خۆی كردۆتە یەك، تەنانەت لەباكووری كوردستان تەنها لیستی ئاكەپە هەیە و هەموو پارتەكانی دیكە پشتگیری دەكەن. بەڵام لە شوێنەكانی دیكەی توركیا پارتەكان بەهەموو شێوەیەك هێرش دەكەنە سەر یەكتری!
لەساڵی 1992 دیسان لەسەر داخوازی توركیا پەرلەمانی باشووری كوردستان شەڕی لەدژی پەكەكە راگەیاند بەو بڕیارە جارێكی دیكە دەستی دەوڵەتی توركی فاشیستی لەباكووری كوردستان بەهێزكرد. دەوڵەتیش بەهەزاران گوندی كۆچبەر كرد و بەهەزاران كۆشتاری بكەر نادیار و قەتلۆعامی لە كوردستان بەرێوەبرد و لە هەموو كوردستان رەوشی نائاسایی (ئاوارتە)ی راگەیاند و زیاتر لە 20 هەزار مرۆڤی كوردی خستە زیندانەوە، بەهەزاران خەڵكی ناوچەی شرناخ ودەوروبەریان ئاودیوی باشووری كوردستان كرد و لە باشووری كوردستانیش لەئەنجامی بڕیاری شەڕەوە بەسەدانیان لێ كوژرا.
جارێكی دیكە مەترسیەكی بەوشێوەیە وەكو ساڵی 1993 لەئارادایە. سەرهەڵدانی گەلی كورد لەباكووری كوردستان گەیشتۆتە لوتكە، لەهەمانكاتدا جارێكی دیكە باشووری كوردستان وەڵامی داخوازییەكانی توركیا دەداتەوە، ئەو كۆنفرانسەی سازبكرێت، بەرلەهەر شتێك پێویستە ئەو سوكایەتییەی كەلەسەر ناوی ئابانت و دەزگای سیخوڕی بەگەلی كورد دەكرێت، شەرمەزار بكات. وەكو ساڵی 1993 زەمینی شەڕی براكوژی پێش نەخات و كار بۆ ئاشتیەكی هەمیشەیی بكات، بەرلەوەی داوای چەك دانان لە پەكەكە بكرێت، پێویستە زەمینەكەی ئامادە بكرێت، چی دەكەوێتە سەر كورد چی دەكەوێتە سەر توركیا دەستنیشان بكات و پرەنسیپی دیموكراتی بەبنەما بگرێت. ئەو كۆنفرانسە خۆی لەیارییەكانی دەوڵەتانی دراوسی بپارێزێت، بەر لە هەموو شتێك بەرژەوەندی گەلی كورد بەبنەما بگرێت، گەلی كوردیش مافێكی بەوشێوەیەی هەیە بۆ نەتەوەكەی بەشێوەیەكی دیموكراتی گفتوگۆی خۆی بكات، ستراتیژی خۆی دابڕێژێت .
ئەگەر كۆنفرانسی نەتەوەیی لەباشوور و پایتەختی هەولێر دەكرێت ئەوا پێویستە شاراوە نەبێت، پەخشی راستەوخۆی بۆ بكرێت، هەر لەئێستاوە قسەكەری كۆمیتەكە لێدوان بدات و گومانی گەلی كورد بڕەوێنێتەوە ژێر بەژێر چی كراوە تا ئێستا هەڵبوەشێنرێتەوە و سەرلەنوێ بەجەسارەتەوە بەئاشكرا كار بكرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە