پرۆژەی دیمستۆرا لە ماددەی 140 كەمتری بۆ كورد تیادایە
Saturday, 09/05/2009, 12:00
ئەقڵییەتی ماددی 140
ئاشكرایە كە سەرتا بۆ مەسەلەی كەركوك و ئەو ناوچانەی كە بوونەتە قوربانی سیاسەتەكانی ئینگلیز، هەر لە بەدرە و جەسانەوە تا شەنگال و شێخان، پەسەندكردنی ماددەیەك بەناوی ماددەی 140 هەڵەیەكی زۆر گەورە بوو، ئەقڵی ئەو هەڵەیەش پارتی و یەكێتی بوو، ئەوان هێشتا سایكۆلۆژیای شەڕی ناخۆیان لەسەر بوو، هەموو هێزی سیاسی و سەربازی و ئابووری خۆیان بەگوێرەی پوچەڵكردنەوەی یەكتری تەرخان كردبوو. لە پڕێكدا كەوتنە ناو مەسەلەی ئێراق و دەسەڵاتی گەورەوە ئەوەندەیان پێخۆش بوو، ئیتر لە پەرلەمانی بەغداد خۆش و جوان لێی دەخەوتن. ئەوەندە باوەڕییان بە ئەمریكا هەبوو و هەیە وەكو باوكی خۆیان نزیكی دەبنەوە. ئەم ئەقڵییەتە بە هەر شتێك رازی بوو، هەر شتێكی بۆ خۆی نەك بۆ گەلەكەی بە دەستكەوت دەبینی. ئەم ئەقڵانە هەموو شتێكیان لە ماددەی 140دا كۆكردەوە.
كاتی سوور بوون لەسەر ماددەی 140 بەسەرچوو
پاش ئەوەی پرۆژەی دیمستۆرا تەواو بوو ئیتر پێشكەش بە لایەنەكان كرا، ئەگەر باسی ماددی 140 بكرێت ئەوا هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە ماددی 140 وادەی خۆی هەبوو. ئەو وادەیەش تەواو بوو! ئێستا سڕەی پرۆژەی دیمستۆرایە! كە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكاش پشتگیری لێدەكات، ئەگەر ئەمریكا پشتگیری لە ماددەی 140كردبا پێویست نەبوو نەتەوەیەكگرتووەكان پرۆژە پێشكەش بكات، بۆ ئەوەش كورد رووبەڕووی سێ بژار دەبێتەوە؛ یان ئەوەتا بە خێر و شەڕییەوە پەسندی بكات یان رەتیبكاتەوە و سێیەمی ئەمەش كورد بۆخۆی پرۆژەی هەبێت، كە نییەتی. ئەگەر پەسەندی بكات ئەوا پێویست ناكات باسی ماددی 140 بكات و ئەگەر باسی ماددی 140ی كرد، ئەمە واتە پرۆژەكەی دیمستۆرا رەتدەكاتەوە، ئەوەی لە قسەكانی بارزانیش كە رۆژی 5/5/2009 لە پەرلەمانی كوردستان كردی سووربوون بوو لەسەر ماددی 140 تەنانەت گوتی:" ئێمە سوورین لەسەر ماددەی 140 و گوتی پرۆژەكەی دیمستۆرا ئەوەندە درێژە پیاو گێژ دەكات، گوتیشی ئەو پرۆژەیە 500 لاپەڕەیە!".
پرۆژەكەی دیمستۆرا بەگوێرەی بەرژەوەندی گشتی نووسراوە، واتا دەخوازێت هەركەسێك لە خۆی رازی بكات، بە تایبەتی عەرەب و توركمان، بەگوێرەی ئەوەی كەركوك بەرمیلێكی بارووتە نووسراوە، ئەوانەی ئەو پرۆژەیەیان داناوە نە ئێشوئازاری گەلی كورد، نە هی كەركوكیش دەزانن! ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە نەتەوە یەكگرتووەكانیش ناخوازێت ماددەی 140 جێبەجێ بێت. بەمشێوەیە كێشەكە لەچوارچێوەی ئێراق دەردەخەن و بەخۆیانەنەوە دەبەستنەوە.
كورد هیچ پرۆژەیەكی بۆ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان نییە گفتوگۆی بكات و كاری بۆ بكات!
هەر كەسێك دەزانێت كە كورد هیچ پرۆژەیەكی بۆ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان نییە، ئەو بۆشاییەی كە كورد لەئەنجامی بێ پرۆژەییەوە دروستی كردووە، هەركەسێك دەیبینێت، تەنها كورد بۆخۆی نایبینێت. جێی خۆیەتی ئەگەر بپرسین پارتی و یەكێتی و حمكومەتی هەرێم كۆا پرۆژەتان بۆ كەركوك؟ كۆا پشتگیریتان لە كەركوك؟ چیتان كردووە بۆ كەركوك، دیارە مەبەست لە پرۆژە شتی عەمەلییە، ئەگەر شتی عەمەلی نەكرێت، ئەو مەسەلەیە بە قسەی خۆش چارەسەر ناكرێت. دەسەڵاتی سیاسی كورد لە ئێراق و باشووری كوردستانیش خاوەن هەستیاری سیاسی و ئیرادیەكی ئەوتۆ نییە و هەموو شتێكی لەلا هەر نوێیە و هەمیشە لە دوای رووداوەكانەوەیە. ئەو بۆ خۆی هیچ پرۆژە و سیاسەت و ئیرادەیەكی نییە. چاوەڕێی دەستی گەورەكانییەتی. بۆ نموونە تاڵەبانی كێشەكەی لە كۆڵ خۆی كردەوە خۆی كرد بە ئیمامی عادل بۆ هەر نەتەوەیەك بەبێ زیاد و كەم سی و دوو كورسی پێشكەش كرد. لە راستیدا ئەم پرۆژەیە بێ پرۆژەترین پرۆژەیەی و ترسنۆكانە ترین پرۆژەیە. ئەگەر تاڵەبانی گەورە سیاستەمەداری كورد ئەمە بێت پرۆژەكەی، پێویستە باش بزانێت كە ئەویش پەسەند ناكرێت، ئەگەر پەسەند بكرایە دیمستۆرا ئەوەندە سەری خۆی نەدەئێشاند. خێرا پرۆژەكەی بەڕێزتی پەسەند دەكرد. هەرەوها بارزانیش دەڵێت پرۆژەكەی دیمستۆرا مرۆڤ گێژ دەكات، بەرای منیش راستە دیمستۆرا مرۆڤ گێژ دەكات. لە راستیدا ئامانجی دیمستۆراش گێژكردن و مراوەغەی سیاسییە. ئەگەر بارزانی دەزانێت ئەو پرۆژەیە بۆ گێژكردنە، خۆ ئەڵتەرناتیفەكەی خۆشی سووربوونە لەسەر ماددەی 140 ئەمەش شتێكی نوێ نییە و پرۆژەش. هەروەها سیاسەتی پەرلەمانی كوردستانیش روونە؛ ئەویش خاوەن هیچ سیاسەتێك نییە! كۆمەڵێك بێ ویژدانی حزبی و بەرژەوەندی خوازن. ناتوانن هیچ سیاسەتێك بكەن. تێگەیشتین حزبین بەڵام بۆ حزبەكەی خۆشتان بێت، پێویستە هەندێك هەنگاو بنێن و دۆسییەی كەركوك بە تایبەت تاوتوێ بكەن و پرۆژەی حكومەتەكەی خۆتان پێشكەش بكەن.
هەڵوێست و پرۆژەكانی كەركوك دوورن لە راستی كەركوكەوە
لەو بڕایەدا نیم خەڵكی كەركوك بە كورد و عەرەب و توركمانیشەوە وەكو لە پرۆژەكەی بیكەر ـ هاملتۆندا هاتبوو وەكو بەرمیلێكی بارووت بن و بتەقنەوە! ئەو سێ نەتەوەیە وەكو خەڵك هیچ كێشەیەكی ئەوتۆیان نییە كە ژیانیان راوەستێنێت، ئەوان بۆخۆیان لە زمانی یەكدی تێدەگەن. دەستی دەرەوە و هەڵوێستی چینی سەردەستی كورد و عەرەب و توركمان. بە پرۆژە سروشتییە رازی نین كە لەنێوان خەڵكەكەدا لەدێر زەمانەوە هەیە. بەرژەوەندییەكانی ئەوان پێچەوانەی ئەوەیە. ئەگەر كێشە بێتە ئاراوە ئەوا هیچ پەیوەندی بە خودی خەڵكی كەركوكەوە نییە! بەڵكو پەیوەندی بە بەرژەوەندی ئەو هێزانەوە هەیە. واتە كێشەكان لەسەرەوە بۆ خوارەوە دێت، لە خوارەوە كێشەكان لەو ئاستەدا نین كە بگاتە رادەی كوشتن. یان تەقینەوە. ئەو تەقینەوە و كوشتنانە هیچ پەیوەندی بە خەڵكی رەسەنی شارەكەوە نییە. خەڵكی كەركوك خەڵكێكی هەژارن هەمیشە قوربانی بوونە. كورا هەژار مرۆڤ دەكوژێت و تەقینەوە دەكات. ئەوە كاری چینی سەردەستە زەبەلاحەكانە.
دەركەوتنی ئەمریكا لەساڵی 2011 و كاریگەری لەسەر كێشەی كەركوك
وەكو باس دەكرێت هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2011 ئێراق بەجێدێلن، لە ئەنجامی ئەم چوونەی ئەونیشدا بۆشاییەك دێتە ئاراوە، بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا كورد و حكومەتی هەرێمیش هیچ پرۆژەیەكیان نییە! بەڵام مالكی پرۆژەی هەیە و بۆئەوەش لیوای 12 هێناوەتە كەركوك تا ئینسیاتیفی بۆشایی ئەمنی بگرێتە دەست و وردە وردە خۆیان فەرزبكەن. لە ئێراق هێزی سەربازی دەخواتەوە، ئەگەر هێزت نەبێت، ئەوا ناتوانرێت یەك هەنگاویش بنرێت. ئەمەش مەترسی هەرە گەورەی لێدەكەوێتەوە.
ئایا گەلانی ناوچەكە دەكەونە نێو گەمەی مالكی و بەرەی توركمانی و پارتی و یەكێتییەوە؟
راستە لەشاری كەركوك گەلی توركمان لە رووی هێزی ئابووری و سیاسی ژمارەشەوە، وەكو كورد یان عەرەب نییە. هەمیشە لەگەڵ لایەنی هێزدان تا بیان پارێزێت، خاوەنی ئەم چەمكە لەنێو گەمەكەدان و بە ناچاریش پەسندیان كردووە. بەڵام چارەسەری كێشەی گەلی توركمان نە لای توركیایە نە لای مالكی نە بەرەی توركمانی و نە پارتی و یەكێتیشدایە، ئەگەر ئەوانە چارەسەرییان بویستبوایە كێ دەستی گرتبوون؟ تا ئێستا بۆ چارەسەریان نەكەردووە! لەبەرئەوە ئەوان بۆخۆیان دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و پێویستە ئەو بڕیارەش بە هەركەسێكی بدنە پەسەندكردن، دەتوانن هیزی خۆشیان لە كورد و عەرەبی نیشتمانپەروەروە وەربگرن و نەك لایەنە بەرژەوەندیخوازەكان. ئەگەر بەوشێوەیە بیربكەنەوە، ئەوا دەتوانن ببنە خاوەن هێزی گەوهەری خۆیان. كەركوك بە كورد و عەرەب و توركمانەوە جوانە ئەگەر هەموو عەرەب یان كورد بێت، ئەوا جوانی و فەرە رەنگییەكەی خۆی لە دەست دەدات، باوەڕ ناكەم نە كورد نە عەرەب نە توركمانیش بەوشێوەیە بیربكەنەوە. پێویستە ئەوەش بگوترێت ئەنجامی ئەم بێچارەییەی ئێستا بە پلەی یەكەم پارتی و یەكێتی و بەرەی توركمانی و مالكی بەرپرسیارن. نزیكایەتی ئەوان بێ باوەڕی نێوان نەتەوەكانی پێشخستووە، ئەو بێباوەڕییەی ئێستا ئەنجامی سیاسەتە هەڵەكانی ئەوانە. فەرموو بگەڕێوە ناو گەل بزانە دەتوانی یەك كێشەش ببینی؟! بۆیە پێویستە گەلی كەركوك چاوەڕێ نەبێت دیمستۆرا چارەنووسی دیاری بكات، كێشەكەی بە هەڵواسراوی بباتە دەرەوەی ئێراق، نابێت ئێمە پێمان خۆشبێت كێشەكانمان هەواڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەین. لە كاتێكدا تەنها باس لەوە دەكرێت كەركوك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان كە چارەسەرییەكی ناوخۆییشە و خێرا ناڕەزایی نیشانبدرێت. ئەو حاڵەتەی ئێستا كە كەركوك نە لەسەر هەرێمە نە لەسەر ئێراقیشە، لای توركمان سەربەخۆیە، لای عەرەب لەسەر ئێراقە لای كوردیش لەسەر هەرێمە. پێویستە كۆتایی بەو رەوشە بهێنرێت و كەركوك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و ئەو چارەسەرییە زۆر لەو بێچارەییەی دیمستۆرا باشترە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست