ئەو ئەگەرانەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراقدا چاوەروان دەكرێت ـ
Wednesday, 14/10/2009, 12:00
لە هەڵبژادنی ئەمجارەدا رەنگی جۆراوجۆر دەبینرێت، بۆ نموونە لە ناوچانەی كە نەتەوەی جیاوازی تیادایە وەكو كەركوك و موسڵ و دوز ...هتد، یان ئەو ناوچانەی كە ناكۆكییە مەزهەبییەكان رەنگدانەوەی تیادایە وەكو بەغداد، یان لەنێوان مەزهەبەكان خۆیاندا وەكو لەنێوان شیعەكاندا هەیە كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر هەڵبژاردنەكانیش دەبێت. ئەم تایبەتمەندیانە هەڵبژاردنە كە زیاتر بەرەو جۆشوخرۆش دەبات. كاردانەوەكانی لە ئێستاوە بە ئاشكرا دیارە، بۆ نموونە سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، لەبەرئەوەی لە كاتی هەڵبژاردنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانیشدا گومانی زۆری هێنایە سەر ئەدای كارەكانی، ئێستا تۆمەتی جیاوازی دەخرێتە پاڵ، دەتوانرێت ئەم هەوڵە لەلایەك بۆئەوەی رابردوو دووبارە نەبێتەوە وەكو فشارێك ببینرێت، لەلایەكی دیكەشەوە وەكو رەنگدانەوەی ئەو ناكۆكیانەشە.
هەروەها هەوڵێكی بەوشێوەیەش هەیە كە وەكو چۆن كەركوك لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا بەبیانووی پارستنی ئەمنی شارەكە رێگە نەدرا بەشداری هەڵبژاردن بێت بەهەمان شێوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ئەو هەوڵە بەردەوام بكات، ئاشكراشە كە لە هەڵبژادنی پەرلەماندا بەشداری نەكردنی ئەو شارە كاردەكاتە سەر ژمارەی دەنگەكان و ژمارەی نوێنەرانیشی لە پەرلەمان كەم دەكاتەوە.
لە هەرێمی كوردستانیشدا ئەگەری ئەوەی كە كورد بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بێت زۆر لاوازە، دەكرێت لە داهاتوودا كورد لە پەرلەمانی ئێراقدا لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەكان هاوڕابن، بەڵام بەیەك لیست بەشداری كردنیان تا ئێستا هیچ قسەوباسێكی ئاشكرای لەسەر نەكراوە، بۆ هاوپەیمانێتیش بەهەمانشێوەیە، بەپرسێكی لیستی یەكگرتوو ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئەوان لە رابردوودا تەنسیقی باشیان لەگەڵ لیستی كوردستانی هەبووە، ئەمەش واتای ئەوەیە كە دیسانەوە بەلیستی جیاواز بەشداری دەكەن، لیستی گۆڕانش بۆچوونێكی لەو جیاوازتری نییە و لیستی كوردستانیش ئەو دڵ گەورەییەی نیشان نەدا كە لستێكی كوردستانی فراوان دروست بكات و گەرەنتی ئەوە بكات كە بەرژوەندی هەمووان بپارێزێت، یان ئامادەبێت بۆ هاوپەیمانێتییەكی بەوشێوەیە. نزیكایەتی لسیتی هاوپەیمانی كورستان و هەڵسووكەوتەكانی لە رابردوودا هێشتی كە "كوردە فەیلییەكان" بەلای كورددا نەیەن و خۆیان دوور بگرن، لە موسڵیش هەمان شت هاتە ئاراوە، لە ئەنجامی نزیكایەتی لیسیتی برایەتی "شەبەك" بەرەو لای لیسیتی حەدبا چوو. دەتوانرێت بگوترێت دەنگی كورد سێ لیستە لە خۆوە دەگرێت. دەنگە نارازییەكانی هەرێم لەبەرامەبەر لیستی كوردستانی، هێزی دایە لیستەكانی تر و هەمان ناڕەزایی لە دەروەی هەرێمیش دەنگی كورد بۆ لیستەكانی تر دەبات.
زۆرجار گفتوگۆیەكی بەوشێوەیە هەیە كە ئەگەر كورد سیاسەتێكی راستی لەبرامبەر توركمان هەبوایە، ئەوا توركمان لە كوردان دوور نەدەكەوتنەوە، واتە سیاسەتێكی بەڕێوە دەچێت بمانەوێت و نەمانەوێت مۆركی میللی ـ حزبی پێوەیە، نەك سیاسەتێكی دیموكراتییە و بەرژوەندی گەلان تیادا بە بنەما گیراوە، لەبەرئەوەش چوونی توركمان بەرەو لای شیعە پەیوەندی بە مەزهەبەوە نییە، بەڵكو پارستنی توركمانە لە بۆتەی شیعەدا، لە هەمانكاتدا پەیوەندی بە سیاسەتی دەكیشەوە هەیە، چونكە توركیا ناخوازێت هیچ جۆرە رێككەوتنێك كە دەستی كوردان بەهێز بكات لە نێوان كورد و توركماندا هەبێت، رێككەوتنی كورد و توركمان واتای گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكانیشە بۆ سەر هەرێم، پێچەونەكەشی راستە.
لە بەغداد و ناوەڕاستی ئێراقیشدا لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو هەندێك وانە دەرخراوە و شتی سەیر دەبینرێت، بۆ نموونە ئەیاد عەلاوی و ساڵح موتڵەگ بەیەك لسیت دادەبەزن، هەروەها ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كە شیعەیە لە نێو لیستەكەیدا سوننیش هەن! واتە دەخوازن بڵێن بەرژوەندی نەتەوەیی بە بنەماگیراوە، بۆیە تێكەڵییەكی بەوشێوەیە دروستكراوە. هەرچی لسیتەكەی سەرۆكی حكومەتی ئێراقە، كە خۆی لە چل قەوارەی سیاسی و نا سیاسی دەدات، لەسەر ناوی چەسپاندنی یاسا گەوەرترین لستی پێكهێناوە.
لە ئێستاوە ئەو هەوڵە زۆرەی بۆ بەدەستخستنی دەسەڵات دەبینرێت زۆر لەوە زیاترە كە بۆ خزمەتكردن بێت. واتە خزمەتكردن لە پلەی دووەمدایە، هەڵپەی بەدەستخستنی دەسەڵات لە پلەی یەكەمدایە. لە ئەنجامی ئەم چەمكەشدا گەل تووشی زیانی گەورە دەبێت، ئەو پەرلەمانەی داهاتوو زۆربەی كاتەكەی بەخۆیەوە سەرقاڵ دەبێت نەك بە كێشەكانی كۆمەڵگاوە. دەسەڵاتی ئەمجارەی ئێراق وەكو رابردوو نابێت، دەسەڵاتێكە راستەوخۆی ئەمریكای تیادا نییە، بەڵكو ئێراقییەكان لەپێشن، واتە وەكو میراتگریشن، بۆ ئەوە كێ هەڵپەی زیاتر بكات و زۆرتری دەست دەكەوێت، ئەمە لەلایەن مالكییەوە باش دەبینرێت، بۆیە بەهەموو شێوەیەك خۆی ئامادەكردووە.
ئەو پەرلەمانە دەتوانرێت وەكو ئارەنای سەردەمی كونیش ببینرێت، دیقەتی رای گشتی جیهانی و هەرێمی و ناخۆیشی بێتە سەر. كوتلەكانی نێو پەرلەمان نمایشێكی بەوشێوەیە نیشانبدەن. ئەمریكاش پەرلەمانێكی بەوشێوەیەی دەوێت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست