پەسەند كردنی یاسای هەڵبژاردن وهەڵوەستەیەك
Monday, 09/11/2009, 12:00
پەسەند كردنی یاسای هەڵبژاردن و بەشداری كەركوك بە زۆرینەی دەنگ و ئەو مشتومڕە زۆرەی نێو پەرلەمان ودەركەوتنی ئەو ئەنجامە، بەئاشكرا ئەوە دەبینرێت كە فشارێكی سیاسی دەرەكی و ناوخۆی رۆڵی لەو ئەنجامە هەبوو؛ لەسەرەتادا ئەمریكا ـ توركیا و ئێران لەگەڵ ئەوە نەبوون شاری كەركوك بكەوێتە نێو هەڵبژاردنەكانەوە هەر ئەمەش هۆكاری مشتومڕەكە بوو، ئەمەش دەرفەتی زیاتری بۆ عەرەب و توركمانی شۆڤێنی رەخساند تا پێداگری زیاتر لەسەر بەشداری نەكردنی كەركوك دابگرن، بەڵام پاش پێشنیارەكەی ئەمریكا كە هەڵبژاردن بە پێی سەرژمێری 2009 بكرێت، سوور بوونی كوردان بۆ بەشداری كەركوك لەهەڵبژاردن فشار كەوتە سەر لایەنی عەرەب و توركیاش موداخەلەكەی راگرت، ئەمەش بووە هۆی بێدەنگبوونی توركمان و بەوشێوەیە یاساكە بەزۆرینەی دەنگ پەسەند كرا. ئەگینا پیلانگێڕییەك بوو تا ئاستی پارچەكردنی دەنگی كوردانیش دەڕۆشت.
نابێت ئەوەش لەبیر بكەین كە دەنگی كورد لەپەرلەمانی ئێراقدا لاواز بێت، لەبەرژەوەندی ئەمریكاشدا نییە. هۆكاری ئەو پێشنیارەی ئەمریكاش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو مشتومڕەی نێو پەرلەمانیش راستە پەیوەندی بەموداخەلەی توركیاو ئێرانیشەوە هەبوو، دەبووە زەمینی بۆ دەركەوتنی كۆنترۆڵی نێو خۆی ئێراق لەدەستی ئەمریكا و پێشكەوتنی تەوژمی میللیگەرایی لەئێراقدا، ئەمەش زیانی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دەگەیاندو كاریگەری دەستۆڕی ئەمریكاش كەم دەكردەوە. ئەو پێشنیارەی ئەمریكا یەكلایی كردنەوەی مشتومڕەكە بوو.
سووربوون و پێداگری لایەنی كوردیش لەسەر پێشنیارەكەو بەشداری كەركوك لەهەڵبژاردنەكان گرنگ و جێگەی بایەخە. لەبەرئەوەش ئەگەر لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی لەدژی داخوازییەكی ئاسایی نیشاندەدرێت ودەكرێتە گرێ گوێرە، یەكێتی كوردان بەشێوەیەكی دیموكراتی بەبنەما نەگیرێت، ئەوا ناتوانرێت بەشێوەیەكی بەهێز بەشداری هەڵبژاردن ببین و بڵێین لە تواناماندایە بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بپارێزین.
هەروەها پشتگیری سەرۆكی كۆماجڤاكن كوردستان بۆ یەكێتی هەڵوێست و پێداگری وجەختكردنەوەی لایەنی كوردی لەسەر بەشداری كەركوك لەهەڵبژاردن جێگەی بایەخەو رۆڵی لە بەهێزكردنی یەكێتی هەڵویستی سیاسی كورد لەئاستی نەتەوەییدا دەبینێت و وەكو چۆن توركیا پشتگیری توركمانەكان دەكات، شیعەی ئێران پشتگیری شیعەی ئێراق دەكەن، پشتگیری كۆماجڤاكن كوردستانیش لەرووی نەتەوەیی و دیموكراتییەوە گرنگە و واتادارە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست