رۆڵی
Sunday, 12/04/2009, 12:00
ئەو هەڵبژاردنانەی كە بڕیارە لەباشووری كوردستاندا سازبدرێت، فاكترێكی گرنگە بۆ پێش خستنی دیموكراسی. دەرفەتێكە دەتوانرێت هەندێك دەسكەوتی گەل دروست بكرێت، شوێنێك بۆ ناڕەزایەتیەكانی گەل دیار بكرێت و پەرشویڵاوی ناڕەزاییەكان كۆبكرێتەوە و بكرێتە هێز، ئەو هێزەش بكرێتە خاوەن رۆڵ، بەمشێوەیە یەكدەستی بەڕێوەبردنی هەمووشتێك، لاواز بكرێت. دەنگی دیكەش بكرێتە خاوەن رۆڵ.
چاۆدێری سەندوقی هەڵبژاردنەكان گرنگی تایبەتی هەیە، بەڵام تائیستا بەشێوەیەكی رێكوپێك بەكارنەهاتووە، لەلایان دەسەڵاتەوە ناوەڕۆكەكەی پوچەڵكراوەتەوە، لەبەرئەوە ئەویش نەیانتوانیوە خاوەن لەو بەرپرۆسیارێتییەی كە دەكەوێتە ئەستۆی دەربكەوێت. هەمووكەسێك لەسەرناوی پارتی یان سەربەخۆ، یان وەكو چاۆدێری رۆژنامەوانی دەتوانێت ببێتە چاۆدێری سەندوقەكانی هەڵبژاردنەكان و پرۆسەكە لەهەموو ساختەكاری و بێڕێزی و نادادییەك بپارێزێت و ئەرك و ئەمانەتی دیموكراتی خۆی پێكبهێنێت. هەر فەرتوفێڵێكی بینی رێگەی نەداتی، هەر ئاستەنگیەكی هاتە پێش لەدەرفەتی نووسینی رەخنە و پێشنیار و ناڕەزاییەكان بینووسێت و راپۆرتی خۆی بدات و دواتریش لەرۆژنامە و گۆڤار وكەناڵەكانی رادیو و تەلەفزیۆن بەشێوەیەكی جوان ئاگادار بكاتەوە.
هەتا هەڵبژاردنەكان تەواو دەبێت، پێشتر خۆی ئامادەبكات. بۆساتێكیش بنكەكانی هەڵبژاردن جی نەهێڵێت و تەنها باوەڕی بەهێزی خۆی هەبێت و بەهیچ شتێك نەخەڵەتێت و بنكەكە بەجێبهێلێت، وەكو گۆشت و نینۆك لەگەڵ بنكەكەی خۆی بێت. خواردن وخواردنەوەی خۆی ئامادە بكات، بەوردی یاساكان پیادەبكات، بۆیاغ، ناو بەجوانی چاودێری بكات. عاتفی نزیك نەبێت كەسێك لەیاساكانی هەڵبژاردن لابدات پەسەندی نەكات، لەپرۆسەی هەڵبژاردنی باشووری كوردستاندا تەنها ئەركی دیموكراتی گرنگە، لەو كاتەدا ئەركی دیموكراتی كوردیەتی هەرە راستە، ئەگەر كەس یان گروپ لەسەرناوی سۆزداری كوردایەتی، یان ژن ویستی یاساكانی هەڵبژاردن پێشێل بكات و دەنگی خۆی بەكار بهێنێت، نابێت رێگەی بدرێ و راستەوخۆ پێشی لێ بگیرێت.
پێویستە چاۆدێر لەسەرەتای دانانی سەندوقەكانەوە هەتاكۆتایی، كە مۆری لێدەدرێت چاۆدێری خۆی بەردەوام بكات و ژمارەی سەندوق و ژمارەی دەنگەكان و ژمارەی مۆرەكە بزانێت و لای خۆی بینووسێت. ببێتە خاوەن داتای زانیاریەكان. هەروەها دەرك بەوە بكرێت كە ئەركێكی نیشتمانی و دیموكراتی بەڕێوە دەبرێت، تا كەسانی شایستە مافی خۆیان وەربگرن، لە ناشایستەكان بپارێزرێت چاۆدێر دەتوانی خاوەن رۆڵ بێت.
لەم بوارەدا خویندكاری زانكۆ، ماموستا، نووسەر، شاعر و كەسانی دڵسۆز هەموو دەتوانن لەم دەرفەتە سوود وەربگرن و هەڵبژاردنەكان بكێشنە ناو دیموكراسییەوە تا هەڵبژاردنەكان نەبێتە قوربانی نەزانی، ئەوان بە زانا بوون و دڵسۆزی خۆیان پاراستنی پرۆسەكە لە ئەستۆ بگرن. لەكاتی خۆیدا خۆیان ناونووسی بكەن. كاغەزی مۆڵەتی ئۆتۆمبیلەكانیشان دروست بكەن و لەهەر لایەكەوە تەدبیر وەربگرن.
دەكرێت دەسەڵات یان هەر لیستێكی دیكە وەكو سیاسەت هەندیّك دەسكەوتی رۆژانەی بچووك بەكار بهێنێت، لای هەندێك جێگەی شانازی بێت و بەخۆشییەوە پێشوازی لێ بكات، هەڵبژاردنەكان لە ئامانجی خۆی دووربخاتەوە، بەڵام دەسكەوتی هەرە گەورە سەرخستنی پرۆسەكەیە بەشێوەیەكی دیموكراتی و پێویستە چاودێر خۆی لەو جۆرە دەستكەوتانە نزیك بكاتەوە كە خۆشی بۆ گەلەكەمان دەستەر دەكات كە لەچوارچێوەی سەرخستنی دیموكراتی و عەدالەتدایە. گرنگ ئەوەیە مرۆڤ خۆی بناسێت و بۆ دەسكەوتی رۆژانە هەموو شتە ستراتیژیەكانی نەكاتە قوربانی و دڵی بەوە خۆش بێت كە پرۆسەیەكی دیموكراتی بەسەر خستووە. تەنانەت خزم وخزمێەنە و حزبایەتیش ناكرێتە قوربانی دیموكراسی، كاتێك ئەركی نەتەوایەتی و دیموكراسی هاتە پێشەوە پێویستە چەمكی خزمایەتی و حزبایەتیش رێز نیشانبدەن و پرۆسكە بچووك نەكەنەوە. ئەركی چاۆدێرە كە لە وەها ساتێكدا بە شێوەیەكی گونجاو رۆلأ ببێنێت.
ئەگەر بۆ چاۆدێر پەروەردەی تایبەت بكرێتەوە، پێویستە كەسانی دڵسۆز لەرێگەی ئەو پەروەردانەوە خۆیان بەهێز بكەن تا بتوانن رۆڵی كارا بگێڕن. لەباشووری كوردستاندا پێویست بەزیاتر لە 5000هەزار چاۆدێر هەیە. ئەگەر لەو ژمارەیە كەمتر چاۆدێری سەربەخۆ و لیستەكانی دەرەوەی دەسەڵات هەبێت ئەوا دەرفەتی ساختەكاری بۆ دەسەڵات دەرخسێت. پرۆسەكە بە تەندروست بەڕێوە ناچێت. ئەو رۆژە "ناسنامە" و "كارتی چاۆدێر" لەگەڵ خۆی ببات لەرووی تەكنیكی و مەعنەویەوە خۆی ئامادە بكات.
چاۆدێر نابێت كەسانی ترسنۆك بن لەپێناوی خۆیان دا پرۆسەكە بكەنە قوربانی. بەهەڕەشەیەكی بچووك بنكەكان چۆڵ بكەن. پێویستە لەئاستی جەسارەتێكی بەرزدابن. بۆ هەر پێشێلكاریەك دەفتەری پێشێلكاریەكان پڕ بكاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست