کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵبژاردنەكان لە ئێراق، كوردستان، ئیسرائیل و توركیا و دەرئەنجامەكانی

Tuesday, 17/02/2009, 12:00


هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە لە دووهەفتەی رابردوودا لە چواردە پارێزگای ئێراق بەڕێوە چوو، لایەنی كوردی بە گەرمی نەكەوتە نێو ئەو هەڵبژاردنەوە، وێرای ئەوەی سێ پارێزگای كوردستان ـ هەولێر، سلێمانی، دهۆك ـ لەو هەڵبژاردنە بێبەش بوون، لەسەر داخوازی پەرلەمانی ئێراق و بە پەسەندكردنی لایەنی كوردی شاری كەركوكیش نەكەوتە نێو هەڵبژاردنی پارێزگاكانەوە. ئەمەش كاریگەری لەسەر دەنگدەرەكانی ناوچە كورد نشینەكانی دیكە كرد. بۆ نموونە ئەگەر ماددەی (140) لە دەستووری ئێراقدا جێبەجێبكرێت، ئەوا دیمۆگرافیای شاری كەركوك دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی و شارۆچكەی دووز دەكەوێتەوە سەر كەركوك. بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا شارۆچكەی دووز لەسەر شاری تكریت كەوتە هەڵبژاردنەوە. ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا سەرنجڕاكێش بوو كوردی ئەو شارۆچكەیە زۆر بەشداری دەنگدان نەبوون، تەنانەت ژمارەی دەنگدەرە توركمانەكان لە ژمارەی دەنگدەرە كوردكان زیاتر بوو. ئەمە لە كاتێكدایە كە ژمارەی دەنگدەری كورد دەگاتە () شاری دووز و ژمارەی دەنگدەری توركمان (4/1)ە هۆكاری ئەم بەشدارنەبوونەی كوردان چی دەبێت بابێت، ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە لە فەرمییەتدا سەلماندنی بەهێزبوونی توركمانە لەو شارەدا. ئەو ئەنجامە وانە و تاقیكردنەوەیەكە كە هەركەسێك دەخاتە نێو بیركردنەوەوە. سەركەوتنی بەرەی توركمانیش لەو شارەدا، ئەنجام وەرگرتنی سیاسەتی توركیایە لەو شارەدا.
هەڵبەتە لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەو شوێنانەی كە بەشداری كردووە، حەزی لێبووە كە خەڵك بەشداری هەڵبژاردن بێت و دەنگیش بێنێت. بەڵام بەشێوەیەكی جددی بۆ ئەو حەزەی خۆی كاری نەكردووە و بۆ ئەو مەبەستەش خەڵكی جۆش نەداوە، لەسەر هەمان رێبازی كلاسیكی كەوتە هەڵبژاردنەوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەندامانی ئەو لیستە تەنانەت بۆ خۆشیان پێویستیان بەجۆشدان هەبوو. ئەگەر لە شارۆچكەی خانەقین خەڵك بەگەرمی چوونە سەر سەندوقەكانی دەنگدان هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ركابەرایەتی لە نێوان كاندیدەكەی پارتی و یەكێتی دروست بووە، تەنانەت كاندیدەكەی پارتی دەنگی لەهی یەكێتی زیاتر هێناوە. ئەمەش وانەیەكی دیكەیە كە لیستی هاوپەیمانی لە تێكۆشانی نەتەوەیی زیاتر لە نێو تێكۆشانی حزبیدایە. ئەگەر نزیكایەتی لیستی هاوپەیمانی لە دووز و خانەقینش بەراورد بكرێت، ئەو راستییە ئاشكرا دەبێت. ئەم ئەنجامە بەراییەش دەیسەلمێنێت كە لیستی هاوپەیمانی ناتوانێت ببێتە نوێنەری نەتەوایەتی. 
ئەگەر لە شاری كەركوك هەڵبژاردن كرابایە، لەو بڕوایەدام كە كورد سەركەوتنی بەدەست دەهێنا. سەركەوتنی كوردیش لە هەڵبژاردنە جێبەجێكردنی ماددی (140)ی دەخستە گەرەنتییەوە، لە هەمانكاتدا كاریگەری سیاسەتەكانی توركیاش پووچەڵ دەبوو. دواخستنی هەڵبژاردنی كەركوك گەمەیەكی توركی بوو، ئێراق پێشكەشی كرد و كوردیش بوو بە تۆپەكەی. بیانوی كەركوك بەرمیلێكی بارووتە، پێش تەقینەوەكەی هەر كەس تۆقاندبوو، ئەم بۆچوونە كاریگەری زۆری لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن یان نەكردنی هەیە و دەبێت. بەڵام ئەگەر وەكو شارێكی برایەتی گەلان سەیری بكرێت و ئامادەكاری بۆ بكرێت، ئەوا دەبێتە نموونەیەكی دیموكراتی و پێكەوە ژیانی گەلان و كاریگەری گرنگی لەسەر ناوچەكە دەبێت. 
ئەو ساختەكاریانەی كە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا كران، ئەگەر هەڵوەستەیەكی لەسەر بكرێت، ئەوا ئەنجامی باش وەردەگرین. بۆ نموونە لە بری ئەوەی ساختە كاری بكرێت، با ساختە كاری پەسەند نەكرێت. ئەمە وێرای ئەوەی خزمەتی دیموكراتی و ئازادی دەكات، بۆ رۆژێكی وەكو ئەمڕۆش لە شاری دووز خەڵك نالێت: بچین و نەچین هەر وەكو یەكە بۆ خۆیان تەزویری دەكەن. دەركەوت نەك لیستی هاوپەیانی ناتوانێت تەزویر بكات، لە هەمانكاتدا خەڵكیش نایەتە هەڵبژاردن. توركمان خۆ تەزویری نەكرد، ئەو دەنگەكانی خۆی بە ئاسایی بەكارهێنا ئەو ئەنجامەی بەدەست خست. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە نهێنی سەركەوتن لە ساختەكاریدا نییە، ساختەكاریش تەمەنی كورتە.
هەڵبژاردنی باشووری كوردستان ئەگەر نەبێتە هۆی براكوژی و لە وادەی خۆیدا بكرێت و نەبێتە تەمەن درێژترین پەرلەمان و ساختەكاری تێادا نەكرێت، دەرفەتی هەموو چین و توێژێك بدرێت و برابەش نەكرێت، ئەوا بڕیاری ئەوەی لەكاتی خۆیدا بكرێت زۆر باشە. بەڵام ئەگەر ئەم شتانەی باسكران رووبدات، ئەوا نەكرێت زۆر باشترە. پێویستە هەر لە ئێستاوە هەم پارتی و یەكێتی وەكو هەرێم هەم ئێراق و ئەمریكاش خەڵك دڵنیا بكەنەوە كە ئەو هەڵبژاردنە بۆ خزمەتی دیموكراتییە و مافی رەوای خەڵكە كە دووبارە نوێنەری خۆی هەڵبژێرێتەوە. پێویستە بەشێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ ئەو مافە بكەن و ئەو رێزەش نیشان بدەن. هەر لە ئێستاوە بێ واتای نەكەن، ئەوەتا سەرۆكی حكومەت قسەی كردووە گوتوویەتی پەرلەمان بۆ یەكێتییە و حكومەتیش بۆ پارتی. مافی خۆیەتی پروپاگەندە بكات، بەڵام مافێكی بەوشێوەی نییە كە بەرلە هەڵبژاردن برابەشەكەی رابگەیەنێت. پێویستە سەرۆكی حكومەت نموونەی دووزی لەبیرنەچێت. ئەگەر دەیەوێت سەركەوێت، پێویستە پشتگیری بداتە دیموكراتی و هانی خەڵك بدات بۆ بەكارهێنانی دەنگەكانیان گرنگ سەر خستنی پرۆسەكەیە، چەندە پرۆسەكە سەركەوتوو بێت واتای بەهێزی پێشاندات. دواتر ئەنجام گرنگە. ئەم هەڵبژاردنە گرنگی خۆی هەیە، ئەویش پێشخستنی پرۆسەی دیموكراتییە و موبایەعە نییە. بەمافی خۆتان بچنە دەسەڵات. گەرەنتی ئەو برابەشیەت چییە؟ ئەگەر باوەڕت بە هەڵبژاردن هەیە، ئەو بڕیارە بهێڵنەوە بۆ خەڵك. لێرەدا پێویستە باسی بەشداركردنی خەڵكیش بكرێت، ئەو بەشداریكردنە چۆن بێت پێویستە گفتوگۆبكرێت. ئەگەر هەر تەنها بەكارهێنانی مافی دەنگدان بێت ئەوا كورت دەهێنێت، چونكە پێدەچێت ئەو هەڵبژاردنەش بێ فێڵ و تەلەكەبازی تێپەڕنەبێت. بۆ تەگبیر پێویستە هەتا بكرێت خەڵك خاوەن لە دەنگەكەی خۆی دەربكەوێت. چاودێری سەندوقەكان بكات. داخوازی گەرەنتی هەڵبژاردنەكان بكات و كوێرانە نەچێتە سەر سەندوقەكان، پێش ئەوەی هەڵبژاردن بكرێت خۆی ئامادە بكات. ئەو مافەی خۆی نەهێڵێتەوە بۆ نەیارانی دیموكراسی و بەرژەوەندی خوازان و بە دوای مافەكەی خۆیدا بچێت. تەنها پشتی بە خۆی گەرم بێت. دەنگی ناڕەزایی خۆی بباتە پەرلەمانەوە، رەنگێكی دیكە بخاتە نێو پەرلەمان. پێویستە بەكارهێنانی دەنگ بۆ پێشخستنی رۆحی دیموكراتی بێت. خزمەت بە ئازادی بكات. 
لە توركیاش لە 29/3 واتە لەو بەهارە هەڵبژاردنێك دەكرێت، بەڵام ئەو هەڵبژاردنە بۆ شارەوانییە، ئەو هەڵبژاردنە بە نیسبەت كوردەوە وەكو هەڵبژادنی كەركوكە. وەكو چۆن سەركەوتنی هەڵبژاردنی كەركوك كوردستانییەتی كەركوك دەسەلمێنێت. لەباكووریش لەگەڵ سەركەوتنی كورددا دەسەڵاتی سەدان ساڵەی توركیش لە كوردستان دەردەپەڕێنرێت، بۆ ئەوەش لە باكووری كوردستان دەنگدان وەكو شەڕی نەتەوەیی و پێشخستنی دیموكراتییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەلی كورد سوورە لەسەر ئەوەی كە لە هەڵبژاردنەكاندا دیموكراتی بە بنەما بگیرێت. بەو هیوایەی ئەو هەڵبژاردنە كاریگەری لەسەر باشووری كوردستانیش بكات و رۆحێكی دیموكراتی پێش بخات.
سەركەوتنی پارتی راستڕەوی ئیسرائیل كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی توركیا و باشووری كوردستانیش دەكات، چونكە سەركەوتنی پارتی راستڕەو واتای دواخستنی پرۆسەی ئاشتییە لە فەلەستین و ئیسرائیل، لەهەمانكاتدا واتای پشتگیری خەڵكی ئیسرائیلیشە بۆ نەتەوەپەرستی و ئایینگەرایی و شەڕی نوێ. ئەمەش بەشێوەیەكی نێگەتیڤ كاریگەری دەكاتە سەر هەڵبژاردنەكانی توركیا و باشووری كوردستان. سەركەوتنی ئەو راستڕەوانەش لە ئیسرائیل، لە دژایەتیكردنی دیموكراتیدا دەبنە خاوەن رۆڵ، بەتایبەتیش لە شێواندنی پرۆسەی دیموكراتیدا دەستە وەستان ناوەستن. لە باكووری كوردستانیشدا مەترسی لەدەستدانی هاوپەیمانەكەی ـ ئاكەپە ـ زۆر لەپێشە. هەر لەبەرئەوەشە ئاكەپە كەوتۆتە فیڵكردن و تەنانەت قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە شەش ملیۆن دەنگدەر بەشێوەیەكی نائاسایی زیادی كردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە