گەنجەکەی گۆڕستان
Saturday, 16/06/2018, 4:04
وتی: لەم جەژنەدا عالەم هەموو دڵخۆشن من نەبێت!
وتم: جا خەتای کێیە؟ خۆ خەتای من نییە!
وتی: سەبەبکارەکەم بە کۆی زوخاڵ بێت.
وتم: سەبەبکارەت کێیە؟
وتی: ئیتر...
وتم: جا لە هەردوو بنەماڵەی ستمەکار بترازێت کەسی تر هەیە؟
وتێ: ئەوە بۆچی سەروبنی قسەی کوردان هەر سیاسەتە.
وتم: گوایا ئەوەی بەناوی سیاسەتەوە سیاسەتمەداری کورد دەیکات سیاسەتە؟ ئەوەی کەللـە بۆگەنەکانی سەرانی بارزانی و تاڵەبانی کردوویانەو دەیکەن میللەت قڕاندنە. مەگەر وا نییە؟
وتی: خۆشی و ناخۆشی دڵ لە جەژندا چ پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە؟
وتم: مەگەر تۆ دەرچووی زانکۆ نیت و شەهادەکەت لافاو نەیبرد؟ یان دایناسۆر خواردی؟ وا ئێستا پێڵاو بۆیاخ دەکەیت، هەرچەندە ئەو پێڵاو بۆیاخکردنەی تۆ شانازییە و زۆر لە سامانی دەسەڵاتدارانی دزو خائینان شەریفترە.
وتی: وایە.
وتم: مەگەر هەر تۆ نیت هیچت پێناگۆڕدرێت و دەسەڵاتت نییە یاساو دادپەروەریی بهێنیتە مەیدان، تا بێزاریی وات لێدەکات بڕۆیت سەری خۆت هەڵگریت و مل بە چارەنووسی نادیاری تاراوگەوە بنێیت؟ بەڵام پارەت نییە ئەم ڕێگەیەش تاقیبکەیتەوە بۆیە هەر لەناو خۆتدا فیش دەخۆیتەوە؟
وتی: ئەوە چۆنت زانی؟
وتم: شتی تریش دەزانم، مەگەر تۆی جەحێڵ خەون نابینی بە پێکەوەنانی ژیانی هاوسەرگیریی بەختەوەرو ئاهەنگی گواستنەوەو پاشان وەک گەنجانی دنیا دەست لە دەستی هاوژینت بنێیت و بە کامی دڵ پیاسە بکەن و بچنە سەیرانگاکان و سەردانی خزم و ناسیاوان بکەن؟
وتی: ئەوە خەمی هەموو گەنجێکی ئەم نیشتمانەیە.
وتم: ئەی کێ لەو خەونانەی کردوون؟ هەر مەگەر سیاسەتی میللەت قڕانی جووت بنەماڵە نییە؟ ئەو دوو دوژمنە نەگریسەی دەیان ساڵە دەستیان لە قوڕقوراگەی نەتەوەی کورد ناوەو وەکو مێشوولەی ئەنۆفیلس خوێن و داهاتەکانی دەمژن.
وتی: ئەوانە هەمووی ڕاستن بەڵام من خەمێكی لەوانە گەورەترم هەیە.
وتم: چییە؟
وتی: خەمی من قەیرانی مرۆڤە، زۆر هەست بە نامۆیی دەکەم کە مرۆڤێك نابینمەوە لەم زەمەنەدا وەکو مرۆڤ بیر بکاتەوەو رەفتار بکات، تێبفکرێت و بەهای راستگۆیی و ئەمانەت و هاوکاری و هاوڕێیەتی و دەستپاکی و لێبوردەیی تێدا بێت، گەر ئەم قەیرانە چارەسەربووایە ئەوا هەموو قەیرانەکانی تر دەپوکانەوەو نەدەمان، ٢٧ ساڵە یەکێتی و پارتی گەورەترین زیانیان بە بەهای مرۆڤی کورد گەیاندووە کە مەسخی کەسایەتیان کردووە. باوکیان بە دەستی کوڕ بە کوشتدا، بۆ پارە برایان بە دەستی برا بە کوشتدا، تاکو ئێستا حاڵمان بەم حاڵە گەشتووەو ژیان بۆتە زۆرانبازی و فەوزاو کۆمەڵگاش جەنگەڵستان.....
ماوەیەك پاشتر ... شەوێکی رەشەباوی و تەپوتۆزاوی بوو، لورەی گورگ و وەڕینی سەگەکان تێکەڵ بووبوون، نزیک شاری خامۆشان بەلای کێلێکدا ڕەت بووم ناوی ئەوی لەسەر نووسرابوو، دانیشتم تا کەمێك بۆ بەشمەینەتی ئەو نەتەوەیە بگریم ، لە ناکاو دەستێکی ئێسکین لە پشتەوە بە نینۆکە تیژەکانی کە گۆشتی پێوە نەمابوو دەیکێشا بە پشتمدا، زانیم داوای شتێك دەکات، بەڵام نەمزانی ئەو شتە چییە، منیش بەدەنگی بەرز هاوارم کرد : سەبەبکارەکەت بە کۆی زوخاڵ بێت.
بەڵام چونکە دنیا چۆڵ و بێدەنگ بوو زایەڵەکە لە هەوادا دەنگی دایەوەو خۆم هاوارەکەی خۆمم بیستەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست