کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کە هاتنەوە کێ ئەو پرسیارەی لێکردن؟

Friday, 15/06/2018, 18:50


بێگومان دروستکردنی هێڵی ٣٣ و ٣٦ ی دژەفڕین لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەڵکردنی گڵۆپێکی سەوز بوو بۆ میللەتی کوردو شیعەی باشوور کە دژی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرەی بەغدا لە ساڵی ١٩٩١دا راپەڕین بکەن، ئەوەبوو کورد هەموو پێکڕا ڕاپەڕینی کردو ئاوارەبوو، بە هۆی بوونی چیاکانەوە ڕژێم نەیتوانی وەکو شیعەکانی هۆڕەکانی باشوور زەفەر بە گیانی نیشتیمانپەروەریی و کوردایەتی میللەت بهێنێت، لەو لاشەوە سەرکردەی حیزبەکان و بە تایبەتی (یەکێتی و پارتی) بە پێڵاوی لاستیکەوە هاتنەوەو خۆیان کردە خاوەنی ڕاپەڕین، بەڵکو هەموو هۆیەکانی پاکتاوی یەکتریان بەکارهێنا بۆ باڵا دەستبوونی خۆیان و لەناوبردنی یەکتری، لەم پێناوەشدا هەموو ڕێگایەکی قێزەونیان گرتە بەر، شەڕی نەگریسی ناوخۆیان داسەپاند بەسەر خەڵکداو ناوچەکانیان دابەشکردو سەرانەیان لە خەڵك دەسەندو ئەو کەسایەتیانەش لێرەو لەوێ دژیان بووەستانایەو رەخنەیان لێبگرتنایە تیرۆریان دەکردن، بەمجۆرە هەر بەگوندەیی تا ئەمڕۆیان هێناو بە پشت بەستن بە پشتیوانی ناوچەیی بوونە دوو جەمسەری پاراستنی بەرژەوەندیەکانی (ئێران و تورکیا) لە عێراق و ناوچەکە، سادەیی و ساویلکەیی خەڵکی کوردیش وای کرد ئەوان یەکەمجار بە زەبری چەك و درۆو پارەو پروپاگەندەی زل و قەبە خۆیان بکەنە سوورەی بەر لەشکرو دەمڕاستی میللەت و بە هەموو هەڵدێرو نشێوێکیاندا ببەن، کەس هەڵوێستی نەبێت و ناڕازی نەبێت، ئێستا پێویستە میللەت باجی ئەو بێ هەڵوێستییەو قبوڵکردنی زوڵم و ستەمی ئەو مافیایانە بدات، بەڵام باجەکە زۆر قورسە ئەویش وێرانکردنی ٢٧ ساڵی تەمەنمان....دواکەوتنمانە لە هەموو رووەکانی ژیانەوە، لەدەستدانی هەموو شتێکمانەو نەبووینە هیچ و تەنانەت ئەو ڕێزەی کورد هەیبوو لە بەرچاوی هێزە دەرەکییەکان زۆر بە خێرایی لەسایەی ئەم دوو حیزبە فاشیلەدا وەکو سەهۆڵ توایەوە، ئەمانە هەموو با لە لایەك بووەستن، بەس ئەو پرسیارە گرنگەی کە هەر دەبوو لە ساڵی ١٩٩١دا لەو بەرپرس و لایەنە چەکدارو خۆسەپێنانە بکردرایە ئەوەبوو کە پێیان بگوترایە: باشە ئێوە هەر تەجروبەی شەڕی خۆبەخۆتان هەبووە لە شاخ، سیخوڕیی و مەلەفداریی و سەرانەلەخەڵک و کاولکردنی گوندەکان دەسکەوتتان بووە، کوا ئێوە ئەهلی حوکم و فەرمانڕەوایی و دادپەروەرین؟ کوا بڕوانامەو تەجروبەی جوانی ئێوە لەم مەیدانەدا؟ خۆ حوکم کردن هەروا ئاسان و گۆترە نییە، ئێمە کەسانی دەستپاك و خاوەن شارەزایی و دادپەروەرمان دەوێت، نەك مافیاو تاوانبارو مەلەفدارو سیخوڕ! نەك ئەوانەی حوکمی قەرەقۆش دەکەن و لە ئاستی بەرپرسیاریدا کوێرن و هەر داوای ئیمتیازاتی زیاتر دەکەن، تا هەموو شارو شارۆچکەو سەیرانگاو بست بە بستی کوردستانیان لەسەر خۆیان تاپۆ کردو میللەتیش ئیتر با سیر بخوات و زووڕنا لێبدات، زۆر سەیرە ئایا ٢٧ ساڵ بەس نییە بۆ میللەت هوشیار بێتەوەو لە چەپڵەلیدان بکەوێت بۆ دزو تاوانبارو مافیا، با لە خۆمان بپرسین ئەگەر سوود لەو تەجروبە دوورودرێژە تاڵانەی رابردوو وەرنەگرین هەرگیز حاڵمان باش نابێت و ناگەینە سادەترین مافی خۆمان، ئەوساش با گلەیی لە کەس نەکەین جگە لە بێ هەڵوێستی و بێدەنگی خۆمان نەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە