شەوانیش دێتە خەوم
Monday, 11/06/2018, 22:37
تێبینی/ خوێندنەوەی ئەم بەسەرهاتە بۆ خوار تەمەنی ١٨ ساڵ گونجاو نییە
وتی حەقیقەت لای کێیەو ون بوو..
ئیترلەوساتەوە وەك دوو کیلۆی قورس بەر سەرشانەکانمەوە بێت داڕما و دیارن، هەردوو لای سەرم ئینزار لێدەدات، وەك ئەوەی نەخۆشی شەقیقەم بێت. کابرا ڕاستی کرد وتی لە نەوەدوویەکدا لە پڕێکدا و بێ هۆ منداڵە دوو ساڵانەکەم هاتە سەرشانم و دانەدەبەزی، ئیتر تێنەگەشتم پاشەڕۆژمان بەرەو کوێ دەڕوات! بەلام وەك دەڵێن قسە لە منداڵ وەربگرە یان لە شێت... ئیتر نازانم ئەم وتەیە چەندێك ڕاستە؟ بەڵام دواییش هەر ئاوەها دەرچوو..
خۆ ئەوان لەوێش هەر خەریکی خۆخۆری و گۆبەند دروستکردن بوون بۆ سڤیلی بڕوومەت و بێدەسەڵاتی گوند و ئاواییە دوورەکان، ئەوان بەخێویان دەکردن و کەچی ئەمان دەبوونە هۆکاری وێرانکردنی زێدی بابوباپیرانیان، دەیان هەزار مرۆڤی ئەم خاك و ئاوە لە پێناوی پلان و بەرژەوەندی شەخسیی چەند کەسێکی ساختەچیدا بە ناوی شۆڕشەوە تا ئەبەد بێمراد کەوتن...
بە کۆمەڵێک گۆبەندەوە هاتنەوە و ئەوەی بە پێوە مابوو لرفیاندا و ئاودیویان کرد، نە سیستەمیان هێشت، نە سیمای شارستانی، ئەمڕۆ باسی هەر شتێك بکرێت هی ئەوانە، هەر بەزمێك دابێت پێش قەرەوڵن، وا ئێستاش بوونەتە تێزاب و نەوە دوای نەوە بە گەردنماندا ڕۆدەچن، پۆل پۆل خەڵکی بە مەراق و خواردنی ژەهراویی و ئاوی پیس و درۆ دەکوژن..
ئەو مەلعونە لە هەموو شوێنێکدا لێم پەیدا دەبێت، تەنانەت لە کاتی دەست گەیاندن بە ئاودا دەبێتە دەموچاوێکی ناقۆڵاو لەسەر کاشیەکە لێم ورد دەبێتەوە و پێدەکەنێت، دەیداتە قاقای پێکەنین، شەوانیش لە خەونمدا دەبێتە کرم و دەچێتە ناو ئێسکی زەندی لاقەکانم و کوناودەری دەکات، وەکو کرم دەست دەکات بە هەڵکۆڵینی، دەبێتە پەردەیەکی سپی و بەری سۆماو رووناکایی و بینینم لێدەگرێت، ئەمە چ نەگبەتییەك بوو بێ پێشکەشی ناسیم و لە کۆڵم نابێتەوە و ئاوها یەخەی گرتووین؟ خۆ ئێمە لەسەر هەسارە سوورە بێ ئۆکسجینەکە ناژین! یان لە سەر پشتی بەرمۆدا نەخەوتوین!
ڕۆژێکیان لەسەر سنووری بەلوجستان کاڵاکانم دەبینیەوە سنووریان دەبڕی، ڕۆژێکی تریان لە بانکێکی سویسرادا شەددە دۆلارە خوێناویەکانم دەبینی دادەگیران. هەمووی ئیمزای ئەو نەعلەتییەی لەسەر بوو، زۆر بیرم لە ڕزگاربوون کردووە، تا دواجار گەیشتمە ئەو قەناعەتەی ئەم زەویەیان تەواو پیس کردووە و تاکە ڕێگە ئەوەیە جێی بهێڵم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست