کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


گۆڕان یان تۆران؟

Friday, 16/03/2012, 12:00









چه‌ند چرکه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ کاک ئالان هه‌ورامی و کاک ته‌ها ئه‌حمه‌ددا


کاک ئالان له‌ ووتارێکدا به‌ناوی (هەشت پەرلەمانتارە شەفافەکەی گۆڕان لە بەغدا) وه‌ کاک ته‌ها له‌ ووتارێکدا به‌ ناوی ("من" و ئەوەى دەنگم پێدا.. "ویستمان بگۆڕێین، بەڵام تووشى هەر هەمان شت بویینەوە") که‌ له‌ کوردستانپۆستدا بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، گه‌لێ لایه‌نی گرنگیان له‌ ڕۆڵی گۆڕان شیکردۆته‌وه‌ که‌ له‌ ئه‌مڕۆدا جێگای باسێکی فراوانی خه‌ڵکیه‌ له‌ کوردستاندا. ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌م دێنێته‌وه‌ یاد که‌ له‌ حه‌فتاکاندا به‌هه‌مان شێوه‌ی ئێستای نووسه‌رانی وه‌ک کاک ئالان و کاک ته‌ها، باسمان له‌ ڕۆلی تاڵه‌بانی ده‌کردو له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵه‌ییه‌کاندا کۆک بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی هه‌مان ئامانجی جارانی هه‌یه‌و هه‌رگیز ناتوانێت واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی بهێنێت و خزمه‌تێک به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی چه‌وساوه‌کانی کوردستان بکات. به‌شێکیش له‌ کۆمه‌ڵه‌ییه‌کان، به‌ هه‌ر هۆیه‌ک بێت، پێچه‌وانه‌ی ئێمه‌ بوون و باوه‌ڕیان وابوو تاڵه‌بانی خه‌تی پان، خه‌تی ده‌ره‌به‌گه‌کانی کوردستان، ده‌خاته‌ خزمه‌تی چه‌وساوه‌کان.
له‌ کۆتایی ڕێگاداو له‌ گه‌یشتندا به‌ دوا مه‌نزڵ، ژیان ڕوونی کرده‌وه‌ تاڵه‌بانی هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌و ناشتوانێت خزمه‌تێک به‌ چه‌وساوه‌کان بگه‌یه‌نێت، به‌ڵکو زۆر شاره‌زایانه‌، توانی چه‌وساوه‌کان وه‌ک پلیکانه‌ی سه‌رکه‌وتن به‌کاربهێنێت بۆ گه‌یشتن به‌ نازو نیعمه‌تی ده‌سه‌ڵات. ئه‌و توانی له‌ خودی میکافیلی خۆی میکافیلیانه‌تر، به‌ یاریه‌ سیاسیه‌کان، کۆمه‌ڵه‌ییه‌کان به‌کاربهێنێت بۆ خزمه‌تی ده‌ره‌به‌گه‌کان و برجوازیه‌کانی کورد. له‌ دێهاته‌کان توانی به‌رژه‌وه‌ندی جووتیاره‌ هه‌ژاره‌کانی لادێ بکاته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی پیاوانی وه‌ک سواراغاو له‌ شاره‌کانیش ‌به‌رژه‌وه‌ندی کرێکاران بکاته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی پیاوانی وه‌ک فاروقی مه‌لا مسته‌فا. ئه‌و ده‌مه‌یش نزیکترین که‌سی تاڵه‌بانی نه‌وشیروان مسته‌فا بوو.
ئه‌وه‌ی ئێستایش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ناوی گۆڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌رده‌وامبوونی هه‌مان ئه‌و یاریه‌ سیاسیه‌ میکافیلیانه‌یه‌‌ که‌ خودی خه‌ڵکی هه‌ژاری کوردستان خۆی، به‌کاردێننه‌وه‌ بۆ خزمه‌تی سواراغاکان و فاروقه‌کان. وه‌ هه‌روه‌ک چۆن ئێستا کاک ئالان ده‌ڵێت "گۆڕان بۆ ئەوە دروست بوو گوایە داکۆکی بکات لە مافەکانی خەڵکی کوردستان"، ئابه‌وجۆره‌ هه‌تا ماوه‌یه‌کیش له‌مه‌وبه‌ر خه‌ڵکی به‌ سه‌رسووڕمانه‌وه‌ ده‌یانووت یه‌کێتی بۆ ئه‌وه‌ دروست بوو گوایه‌ داکۆکی بکات له‌ مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان.
کاک ته‌ها ئه‌مه‌ ته‌واو ده‌کات و زۆر به‌ڕوونی‌ ده‌ڵێت "من" و ئەوەى دەنگم پێدا.. "ویستمان بگۆڕێین، بەڵام تووشى هەر هەمان شت بویینەوە"، له‌وه‌یش ڕوونتر ڕووی ده‌م ده‌کاته‌ گۆڕان و ده‌ڵێت "من" كە لەگەڵ "تۆ"دا دەچمە سۆپەرماركێتێك، كە دڵنیام ئەویش بەپارەى گشتى "من" دروستكراوە یان بەلایەنى كەمەوە بەشێكى ئێوەى تێدایە، من تەنها لە نهۆمى خۆاردەمەنیەكاندا ئەوەندە شتبكڕم كە پێویست بەسەلەیەكیش نەكات بگرم بەدەستمەوە، بەڵام "تۆ" لەسۆپەرماركێتێكى گرانتر پێداویستیەكانت لە هەرچوار نهۆمەكەى بكڕیت، بەشێوەیەك نەك یەك عەرەبانە بگرە چەند عەرەبانەیه‌ك وەك شەمندەنەفەر بەدواى خۆتا رابكێشیت و بخەیتە سندوقى سەیارەى خۆت و خێزانەكەتەوە".
له‌م ووشانه‌ی دواییدا ده‌بینین کاک ته‌ها باس له‌ جیاوازی دوو چین ده‌کات، ئه‌و دوو چینه‌ی له‌ زه‌مانی گه‌نجایه‌تی ئێمه‌یشدا هه‌روه‌ک ئێستا، دوو به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی و بارزانی، وه‌ له‌ کاتێکا خه‌ڵکی باوه‌ڕیان وابوو تاڵه‌بانی ڕزگاریان ده‌کات، ئێمه‌ هاوارمان ده‌کرد "نه‌که‌ن، گورگ نه‌که‌ن به‌ شوانی مه‌ڕه‌کان". به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییه‌یش که‌ چیرۆکه‌که‌ی یه‌کێتییان له‌ چیرۆکێکی تازه‌دا پێشکه‌ش کردینه‌وه‌ به‌ناوی گۆڕانه‌وه‌، ئێمه‌ هاوارمان کرده‌وه‌‌ "نه‌که‌ن، ئه‌مجاره‌یش گورگ نه‌که‌ن به‌ شوانی مه‌ڕه‌کان".
ئه‌مجاره‌یش هه‌مان حاڵه‌ت دووباره‌ بۆوه‌. به‌ڵام بۆ به‌دبه‌ختی ئه‌وان خه‌ڵکی له‌ ئێستادا هۆشیاره‌و هه‌زارانی وه‌ک کاک ئالان و کاک ته‌های تێدایه‌ که‌ هه‌رگیز به‌ یاریه‌ سیاسیه‌کان ناخه‌ڵه‌تێن، وه‌ زۆر به‌ئاگان له‌وه‌ی جیاوازیه‌ چینایه‌تیه‌کان به‌و جۆره‌ن که‌ ئێمه‌ به‌شی پڕکردنی سه‌به‌ته‌یه‌ک خۆراک پاره‌ له‌ گیرفانماندا نیه‌، ئه‌وانیش یه‌ک شه‌مه‌نده‌فه‌ریان پێ پڕ ده‌کرێت، ئێمه‌ ڕووناکی له‌ ماڵه‌کانماندا نیه‌، ئه‌وانیش نازانن ڕه‌نگی تاریکی شه‌و چۆنه‌، ئێمه‌ ناتوانین مناڵه‌کانمان به‌ ئاسانی ڕه‌وانه‌ی قوتابخانه‌کانیان بکه‌ین، ئه‌وانیش به‌ گرانترین ئۆتۆمۆبێل و به‌ سایه‌قی تایبه‌تی مناڵه‌کانیان ده‌نێرنه‌ قوتابخانه‌، وه‌ یان وه‌ک کوڕه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فا ساڵانه‌ به‌ 250 هه‌زار دۆلار ده‌خوێنن له‌ ئه‌مریکا، ئێمه‌ ساڵانه‌ دوو به‌رمیل نه‌وتمان به‌گرانی ده‌ست ده‌که‌وێت، ئه‌وان خاوه‌نی بیره‌ نه‌وتن، سه‌رانی گۆڕانیش شه‌ڕی ئێمه‌ ناکه‌ن، شه‌ڕی بیره‌ نه‌و‌ته‌کان ده‌که‌ن. له‌وه‌یشه‌وه‌ تێده‌گه‌ین ئه‌مانه‌ خاوه‌نی هه‌مان بیرو به‌رژه‌وه‌ندی پارتی و یه‌کێتین و هیچ هاوبه‌شێکیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووتی کوردستاندا نیه‌. ئه‌وان تۆراون تۆراو، وه‌ هیچیشیان پێ ناکرێت ته‌سلیم کردنه‌وه‌مان نه‌بێت به‌ ئاغاکانیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە