داواکاری و پەیامێکی بەپەلە لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
من وەک پێشمەرگەیەک و ئەندامی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کورد و کوردستان، هیوادارم بەڕێزتان و هەموو ئەو کەسانەی ئەم نامەیە دەخوێنەوە بەدەنگ داواکاریی بەندەوە بێن و با یاسا و مەحکەمەی هەرێمی کوردستانیش سەروەر بێت.
من کە ناوم مەنسوور مەلا خالید تیکانتەپەیە و نازناوم مەنسوور تەها ـیە، خۆم و براکەم بەناوی ناسر تەها ناسراو بە کاک چالاک، چەند ساڵێک ئەندامی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بووین کە دواتر حسەین یەزدانپەنا و چەند کەسێکی دیکە لەمەڕ پاوانخوازیی و گیرفانی خۆیان گوتیان " پارتی ئازادیی کوردستان ".
وەک بەڕێزتان ئاگادارن، لە هەموو کات و ساتێک دا شۆڕش و پێشمەرگە و سیاسەت و حیزب، کەوتوونەتە بە ڕەخنە و گلەیی و گازندەی جیددی و کەس ناتوانێت بڵێت لە کار و خەباتی سیاسی خۆیی دا، هەرگیز سووچ و هەڵەی نیە و نابێت.
بەڵام بێ هیچ گومانێک، تێکەڵ کردنی ژیانی شەخسی و سیاسی هەڵەیەکی کوشندەیە و ناکرێت لە سەر خوێنی خەڵک و وێرانکردنی کوردستان بازرگانی بکرێت بە شۆڕش و قارمانیەتی پێشمەرگەوە.
قەناعەت بکەن، ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی شتی وای دەرحەق بە باوک و دایکی پێشمەرگە نەکردووە و تا بە ئەمڕۆ تەنانەت بۆ جارێکیش لە سەر هەڵوێستی سیاسی ئێمە، بەم شێوە دەرگای بە بنەماڵەم نەگرتووە.
لە حەقیقەت دا نازانم حسەین یەزدانپەنا لە کۆماری سێدارە خراپترە یا کۆماری سێدارە لەو شەریفترە.!
من وەک خۆم ئەو مرۆڤە باش دەناسم و چاوەڕێی هەموو شتێکی خراپتری لێ دەکەم، بەڵام پێم تاڵە و قەبووڵ ناکرێت، ئەو کابرایە کە خۆی وەک کەسێکی نزیک لە بەڕێزتان و دەستە ڕاستی ئێوە بە خەڵکی لێقەوماو دەناسێنێت، ئاوا ڕێی پێ بدرێت دەرحەق بە نەتەوەکەی دەیان جینایەت بکات و ئێوەش لێی بێدەنگ بن.
بۆیە وەک پێشمەرگەیەکی ڕێبازی قازی موحەمەد و کوڕی بنەماڵەیەک کە هەموو خەڵکی بۆکان و موکریان دەزانن و دەمانناسن، داواکارم جەنابتان وەک ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی چیدی مەهێڵن لە ژێر ناوی کوردایەتی و چەمکی سەربەخۆیی دا، ئێمەی ڕۆژهەڵاتی بریندار بکرێین و تکایە پێش بەو ئاکار و کردارە ناشیرین و نامرۆڤانەیەی حسەین یەزدان پەنا بگرن.
بە دڵنیاییەوە، خەڵکی ڕۆژهەڵات بنەماڵەی من و هاوکات مێژوو و ڕابردوو و ئێستای حسەین یەزدانپەنا باش دەزانن و دەناسن و ئەوەیکە کام یەک لە ئێمە هەوڵمان بۆ نەتەوە و نیشتیمانی خۆمان داوە با ئەوان و مێژوو حاکم و دادوەر بێت.