کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عەفرین و کەرکوک لەبەشداری کێرڤی ھەڵبژاردندا

Wednesday, 21/03/2018, 2:03


ئەردۆگان بەداگیرکردنی عەفرین و عەببادیش بەکەرکوک ھەریەکەیان ئەیانەوێ کێرڤی دەنگەکانیان لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو بەرزبکەنەوە.
------------------------------------
باڵانسی ھێزی ئەردۆگان لەنێو کۆمەڵگەی تورکیا تاڕاددەیەک بە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دابەزی بوو، ئەمەش لە ڕێفراندۆمی دەستوریدا دەرکەوت کە ئەردۆگان سەرۆکایەتی دەنگی (بەڵێ)ی دەکرد لە بەرژەوەندی گۆڕان لە١٨ ماددەی سەرەکی دەستوریدا، بە لە ٥١٪‏ بەرامبەر بە لە ٤٩٪‏ سەرکەوت بەسەر نەخێردا.

بێگومان ئەمە شکستێکی گەورەیە بۆ پارتێک کە بتوانێ سێ جار لەسەیەک بەتەنھا دەنگی پێویست بێنێ بۆ پێکھێنانی حکومەت.
تورکیا لەقۆناغی ئەردۆگاندا بەرەو شەڕی دەرەکی و بەزاندنی سنوری وڵاتان ھەنگاوی نا، ھەرچەندە لەسەرەتای ھاتنی پارتەکەی ئەردۆگان تورکیا وەرچەخانێکی باشی بینی لەگشت بوارەکان بەتایبەت بوژانەوەی ئیقتسادو ئاسایشی ناخۆیی و سنورەکانی وڵات تا کۆتایی ھاتنی ئاشتی دەوڵەت-پەکەکە.
بۆیە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونی دژی ئیدارەی کوردانی خۆرئاوا دەست پێکرد تاکو ڕەئی تورک بەلای خۆیدا ڕاکێشێتەوە، بۆیەش شاری عەفرینی کردە ئامانج تا بەکۆمەڵگەی تورکیا بڵێ گورزی یەکەمین لەخواستی گەیشتنی کورد بەدەریای ناوەڕاست دەدەم.
سەرەتای دەرکەوتنی ئەردۆگان بەناوی پارتی دادو گەشەپێدان بەزۆرینەی دەنگی کورد گەیشتە ترۆپکی دەستەڵات و ئێستاش دەیەوێ بەھۆی دەنگی تورکە شۆڤێنیەکان ھەر لەترۆپکی دەستەڵات بمێنێتەوە.
١٦ ئۆکتۆبەرو کەمکردنەوەی میزانیەی ھەرێمی کوردستان لەبودجەی عێڕاق و نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەشێکن لەسیاسەتی عەببادی بۆئەوەی ڕەئی عڕوبەی عێڕاق بەلای لیستەکەیدا ڕاکێشێت.خۆ سوڵتە ڕەھاکانی کورد ھەم بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا لە ئیدارەی ئەردۆگان و ھەمیش بەرامبەر حکومەتی مەرکەزی عێڕاق بێ غەل و خەوش نین بەڵکو ھەڵەی بەرچاویان ھەیە، بەڵام لێرەدا شرۆڤەکە زیاتر لەمەڕ بەرزکردنەوەی کێرڤی عەببادی و ئەردۆگانە.
ئەمە ڕوونە کە کورد بە درێژایی مێژوو شەڕی مافەکانی کردووە لەو پێناوەشدا باج و قوربانی زۆری داوە بەڵام سەیر لەوەدایە کەدوای ئەم ھەموو خوێن بەخشین و قوربانی پێدانە ئەوەی قازانج ناکا تەنھا کورد خۆیەتی، وڵاتانی داگیرکەری ئیقلیمی و ئیپریالیزمی مۆدێرن قازانجمەندن و لەسەر خوێنی کوردان خۆیان پێش دەخەن، کوردیش لەبێ ئاگایی و ناڕێکیەوە تەھمیش دەکرێت. بێگومان دەبێ کورد خۆی نەقسی ھەبێت ئەگینا بۆچی ھەر دوژمن قازانج دەکات؟
حیزب و سەرکردەکانی کورد ھیچ کات ئەزنونداری مێژوو نەبوونە، زۆرجار لەبازنەی سیاسەتی ھەڵە خولاونەتەوە، تاکە خیتابی کورد ئەوەبووە کە تائێستاش ھەر دەیڵێنەوە: ئێمە ئامادەی قوربانیدانین. ئەوە لەکاتێکدا کە داگیرکەر ئارەزووی لەبوونە قوربانی و لەبەین چوونی ڕۆڵەکانی کوردە ئەگەر تاکێکیش بێت وای دادەنێت کە بەردێک لەسەر ڕێگاکەی لاکەوتووە. دەبوایە سەرکردایەتی کورد نەھێڵن مێژوو چیتر بەھەمان لەون خۆی نیشانی خەڵک و خاکی نیشتمان بداتەوە، دەبوایە ئیتر خیتابی یەکێتی کورد وابێت: ئێمە ئامادەین قوربانی بەدوژمن بدەین لەپێناو ئامانجە ڕەواکانی گەلی کورد.
جگە لەمەش پێویستە چیتر خەڵک نەکرێتە ئامانجی قوربانی لەپێناو خاک، چونکە ئەگەر خەڵک نەبێت خاک ھیچ بەھایەکی نامێنێت، وەکو عەڕەب دەڵین: المواگن قبل الوگن. خۆ ئەگەر بڕوانینە گوتاری گشت حزبەکان ھەر ئەوەمان بەرچاو ئەکەوێ وەلێ دیفاکتۆ و پڕاکتیک شتێکیترن وە زۆریش جیاواز بینراون بەراورد بەئەجێنداو خیتابی خەباتکاری.
ئەوەیی لە کەرکوک و عەفرین ڕوویدا بەتەنھا داگیرکاری نیە کەدوژمن ھێرشی ھێنابێت و یەکسەرە تاوان بێت، بگرە ھەڵەی حیزب و سەرکردەکانی کوردیشی تێدابووە.
کە نەیان توانیوە سود لەدۆخە خراپەکەی وڵاتانی دراوسێ وەربگرن، خۆیان ڕێک بخەن و سیاسەتێکی لێزانانە بکەن.
دووربین نەبوون و بیریان لەلای پێشھاتە کت و پڕەکان نەبوو. کە ئەگەر بێت و دوژمن دەرفەت وەرگرێت سڵ ناکاتەوە لە لەناوبردنی دەستکەوتە وەدیھاتووەکان.
لەکەرکوک و ناچە دابڕێنراوەکان بەر لە ١٣ ساڵ خەڵک و خاکی کوردستان خرانە نێو مەھزەلەیەک لەشێوەی تیروپشکی یاریەک بەناوی دیموکڕاسی و پڕۆتۆکۆڵی لێک تێگەیشتنی دەستوریەوە.وەک بڵێی سەدساڵە خەبات لەپێناو (گومانێک) کراوە و خەڵک و ڕۆڵەی ئەم کۆمەڵگەیەی بۆ دراوە بەکوشت.بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوریەش زەڕڕەیەک ھەنگاوی جددی نەنرا تا بخرێتەوە سەر خاکی کوردستان. ئیتر بوو بەمەھانەیەکی قانونی و دەستور ڕێگەی بەمەرکەزدا کەدەست بگرێتەوە بەسەر کەرکوکدا. چونکە لەحالەتێکی نائاسایی و بەھۆی خوڵقاوی دۆخێکی عەسکەری کورد تێیدا بووبوو بەباڵادەست بەبێ حساب کردن بۆ ئەو دەستورەی کەخۆیان دەستیان ھەبوو لەداڕشتنی. لەخۆرئاوای کوردستانیش کە پەیەدە دەستەڵاتی تێدا دامەزراند یەکێ لەھەڵەکانی ئەوەبوو کە بەئاشکرا ئیدیعای پەکەکەبوونی دەکرد، کەچی دەشیانزانی تورکیا بەھیچ جۆرێک ئەمە قبوڵ ناکات. قایلیش نابێت سنوری لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی (پەکەکە)دا ھەبێت، کە بەدرێژایی ٦٥٥ کیلۆمەترە.
بەڵام ئیدارەدەرانی خۆرئاوا وەک غرورێک ھیچ حسابێکیان بۆ زلھێزی و توانا سەربازیەکەی دەوڵەتی تورکیا نەکردبوو.
وە حسابیشیان نەکرد بۆ ڕق و قینەی داگیرکەر کەبیانویەک ھەر دەدۆزێتەوە بۆ لەناوبردنی ئەو کیانەی کەبەخوێن دیوارەکانی نەخشێنراون.جگە لەوەش دوای ئازادکردنی ناوچە کوردنشینەکان تەنانەت لەگەڵ سوریاشدا ھیچ پڕۆتۆکۆڵێکی فەرمی نەکرا تا بەسەلامەتی بمێننەوە، چونکە حەقیقەت ئەوەیە زامنی مانەوەی ئیدارەی کانتۆنەکانی خۆرئاوا پشتیوانی ڕوسیایە تا پارێزراوبن لەھێرشەکانی تورکیا، ئەوەش بە بەدەستھێنانی پشتگیری سوریا دەکرا.ئێستا ئەوەی حەلی کێشەکە دەکات تەنھا گەڕانەوەیە بۆ حکومەتی مەرکەزی سوریاو دانایی لەوەدایە کەبتوانن سەرەتا لەچوارچێوەی سوریادا مافەکان بەدەست بھێنن تا قۆناغی داھاتوو.
وە ئاڵای سوریاش لەتەک ئاڵای ئیدارە خۆجێیەکان ھەڵبدەن. چونکە لەم قۆناغەدا بڕوای من وایە، کە چەک ھەمیشە ئالیەتی بەدیھێنانی ئامانجەکان نیە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە