پەرشوبڵاوی حیزبە کلاسیکییەکانی ئێمە و هەڵەکانیان لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا
Thursday, 03/05/2018, 21:41
بەداخەوە، پێش رووداوەکانی ١٦ ی دەی ٢٠١٧ یش، جگە لە پیشاندانی رووکەشی میوانداری نێوان سەرانی مەڵبەندو لق و مەکۆ و بارەگاکانی تری حیزبە کوردییەکان،دەنا لە هیچ بوارێکی تردا، نە لە بواری هەڵوێستی تەکتیکی و ستراتیجی سیاسی، نە لە کارو خزمەتی کۆمەڵایەتی، نە لە ئاراستەکردنی پەروردە و خوێندن، نە چالاکی هەنەری و وەرزشی و نە لە بۆنە رۆشنبیرییەکان، هەروەها نە لە ئەرکی حکومی و ئیداری پارێزگاکاندا،حیزبەکانی ئێمە چ لە هەرێم و چ لە کەرکوکو ناوچە دابڕێنراوەکاندا،یەکهەڵوێستییان پەیڕەو نەکردو نەکردو نە کرد. هەڵبەتە ئەگەر سلبیاتیئەو پەرشوبلاوییە لە جومگەکانی هەرێمدا بە رێژەی ٧٠٪ بووبن،ئەوا بێشک لە کەرکوک و ناوچەکانی تردا دا لە سەرووی لە ٩٥٪ بوون.!
بەداخەوە، بە پێچەوانەی بەرەی تورکمانی – کە لەوانەیە کەمترین خوێنەری کورد بزانێت کە بەرەی تورکمانی یەک حیزب نییە و بەڵکو پێکهاتەی حەوت حیزب و لایەن و چەندین کەسایەتی تورکمانییە. بەڵام لە زۆربەی بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری بچووککردنەوەی دەسەڵات و کاریگەری کورد، بە یەک ناو و بە یەک دەنگ هەڵوێست وەردەگرن.
نا یەکهەڵوێستی حیزبە کلاسیکیەکان و دەسەڵاتەکانی ئێمەی کورد لە کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکاندا،لە هەر هەموو ئەم بوارانەی خوارەوە، زەق و بەرچاوبوون و بۆیە ئاکامەکان، ئەم رۆچوونە بوون کە ئێستا شۆکی بۆ بیروبۆچوونی خۆمان و دۆشداماوی بۆ هەڵوێستەی تاکەکانی نەتەوەکەمان دروستکردووە :
١- لە نا شەفافیەتی سەرجەمی ئەو داهاتانەی هاوپەیوەندن بە کێڵگەکانی نەوت و گاز و پەردەپۆشی لە داهاتەکانی تری وەك باج و کۆمرگ و هاوشیوەکانیان.
٢ – لە پشتگوێ خستنی مەسەلەی دانانی سەنگ و یەکسانی لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەسەندن و مۆدرێنەرکردنی شارو شارۆچکەکانی ئەو ناوچانە، بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی کە گوایە ویستوویانە هەولێر و یا شوێنێکی تری هەرێم وەك دوبەی لێ بکەن!
٣ – لە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەو خوێندنی کوردی و لە قوتابخانەکان و لە ساندیکاکانی مامۆستایاندا،هەروەها لە خەستکردنی حیزبایەتی لە ناو ساندیکا جۆربەجۆرەکانی مامۆستایان.
٤ – لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و خەستەخانەکان و کۆمەڵەو ساندیکاکانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیدا. وە پشتگوێ خستنی مەسەلەی هەوڵدانی جدی چ بەرەو حکومەتی بەغدا و چ بەرەو حکومەتی هەرێم لە نەوژەنکردنی ئەم سەکتەرە گرنگەی خزمتی هاووڵاتیان.
٥ – لەکارو کردەکانی شارداری و شارەوانیەکانەدا.
٦ – لە دامەزراندن یا دەستنیشانکردنی قائیمقام و مودیر ناحیەکاندا، وە گوێدان بە ئەسبەقیەتی حیزبی، یا نزیکی لە بەرپرسانی حیزبەکان، لە بری تواناو پسپۆری و شارەزایی ئەو کەسانەی لەو پلەو پایانەدا دەستنیشان دەکران.
٧ – لەسەرجەمی کار و کردەکانی سەندیکایی و رێکخراوەی بەناو مەدەنی دا. وە نەبوونی هیچ جۆرە چاودێری و بەدواچوونێك لە زەرورەت و نا زەرورەتی هەبوونی ئەو سەندیکاو رێکخراوانە.
٨ – لە کۆمەک و پشتیوانیکردنی هونەری و رۆشنبیری و وەرزشی و لاواندا،
٩ – لە چۆنیەتی و چەندایەتی دابەشکردنی بەڕێوەبەرایەتی سەرجەمی دائیرەکاندا، بەتایبەتی لە مەڵبەندەکانی پۆلیس و پۆلیسخانەکان،لە دائیرە خزمەتگوزارییەکانی نەوت و ئاو و کارەبادا،
١٠ – لە چۆنیەتی دابەشکردنی نا یاسایی باخ و ئەرزەو قۆڕخکردنی ناوچە گرنگەکانی ناو شار و شارۆچکەکان،
١١ – لە دوبارەکردنەوەی رەوت و هەڵسوکەتی رژێمی بەعس، لە هەڕەمەکیەتی ئەو پرۆژانەی جاروبار لە دوو لایەنی حکومەتی هەرێمەوە،بە ناوی ئەم سەرکردەو یا ئەویتریان لە شار و شارۆچکەکاندا جێبەجێ دەکران،
راستی و هەقیقەتی کار،ئەوەیە کە حیزبەکانی ئێمە تەنیا لە یەک خاڵدا یەکهەڵوێست بوون،ئەویش لە کاتی هەڵبژاردنەکان و لە دابەشکردنی پلەو پایەی وەزارەت و پارێزگارەکاندا ؛ بەداخەوە وا دەرئەکەوێت کە ئێستا،لەمەشدا هەر پەرشوبڵاوی هەڵبژێرن و ئیتر چش لەبو حیسابکردنی بەرژەوەندی گشتی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان، چش لە سوودمەندی یەکهەڵوێستی کورد،چش لە دۆڕاندنی هەر دەستکەوتێك کە بەری خوێنی دەیان هەزار شەهیدی رۆڵەکانی ئەم گەلی کورد بوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست