بەڕێوەبەری پاراستن لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری نەزهەت حالی
Sunday, 29/12/2013, 23:44
دەبێت دەزگای هەواڵگری ئەو ڕاستی و زانیارییانە بدات بە سەركردایەتیی باڵا كە پێویستیان پێیە، نەك ئەو شتانەی كە حەز دەكەن بیبیستن،
نەزهەت حالی دیمانه: هەولێر
سهبارهت به ڕۆڵ و گرنگی ئاسایش له نێو کۆمهڵگادا و، پهیوهندیی نێوان میدیا و دهستگا ئهمنییهکان و پرسگهلێکی تری پیوهندیدار، نهزههت حالی بهڕێوهبهری پاراستن له ئاژانسی پاراستن و زانیاری لهم دیمانهیهی رۆژنامهی ههولێردا تیشکی خسته سهر ئهم پرسه گرنگانه.
---------------------------
* گرنگی دەزگای هەواڵگری بۆ وڵاتێك چییە؟
كاری هەواڵگری بە یەكێك لە چالاكییە نهێنی و هەستیارەكانی حكوومەت ئەژمار دەكرێت كە لەلایەن دەزگای هەواڵگری بەڕێوە دەچێت بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی پێویست و شیكردنەوە و ئامادەكردنی لە شێوەی راپۆرتی زانیاری و شیكاری بۆ پاڵپشتی داڕێژەرانی سیاسەتی باڵای وڵات (policy makers) بۆ ئەوەی بتوانن بڕیاری گونجاو بدەن.
بە بێ دەزگای هەواڵگری حكوومەتەكان ناتوانن بە سەركەوتوویی ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن و زانیاریی هەواڵگری وەكو خواردن وایە بۆ بوونەوەرەكان و دەزگای هەواڵگری بە چاو و هەندێ بە دەزگای هەستەوەری (عصب) دەوڵەت دایدەنێن.
* پرەنسیپە سەرەكییەكانی كاری هەواڵگری چین؟
پرەنسیپە سەرەكییەكان بریتین لە نهێنیبوون و راستگۆیی و بەپیشەیی كاركردن، ئەفسەرانی هەواڵگری پێویستە كارەكانیان بە نهێنی ئەنجام بدەن و لەگەڵ دەزگای خۆیان راستگۆ بن و بە پیشەیی كار بكەن، هەروەها دەزگا هەواڵگرییەكانیش بە هەمان شێوە پێویستە بە نهێنی و بە پیشەیی كارەكانیان ئەنجام بدەن و راستگۆ بن لەگەڵ سەركردایەتیی باڵای وڵاتدا.
دەزگای هەواڵگری دەبێت ئەو راستی و زانیارییانە بدات بە سەركردایەتیی باڵا كە پێویستیان پێیەتی، نەك ئەو شتانەی كە حەز دەكەن بیبیستن، چونكە هەندێك جار هەندێ لە بەرپرسانی باڵا لەبەر هەندێ هۆكار رەنگە حەز نەكەن راستییەكان ببیستن، چونكە زانیارییە هەواڵگرییەكان هەڕەشە و كەموكورییەكان پێشان دەدەن و خاڵە لاوازەكان دیار دەخەن و هەندێ لە بەرپرسە باڵاكان زیاتر حەز بە بیستنی خاڵە بەهێزەكان و سەركەوتنەكان دەكەن نەك خاڵە لاوازەكان، بۆیە ئەركی دەزگای هەواڵگری قورس و هەستیارە و تەنیا بە رەچاوكردنی ئەو پرەنسیپانە دەتوانێت پیشەییانە كار بكات.
* ئایا لە هەرێمی كوردستاندا دەزگای هەواڵگری بەپێی ئەو پرەنسیپانە بەڕێوە دەچێت؟
لە هەر وڵاتێكدا دامەزراوەكانی حكوومەت بەپێی سرووشت و سیستمی سیاسیی وڵات رێك دەخرێن، لەوانەش دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەكان لەو چوارچێوەیەدا رێك دەخرێن، ئێمە دەوڵەتی سەربەخۆ نین و هەرێمێكی فیدراڵین كە لە ناوچەیەكی بارگاوی بە كێشە و هەڕەشەكان دەژین، بەڵام سەرەڕای ئەوە بەپێی توانا و ئەزموونی خۆمان و بە سوودوەرگرتن لە سیستمی دامەزراوەیی وڵاتانی تر، هەوڵ دراوە ئەو دەزگایانە بە یاسا و رێساكان رێك بخرێن، هەر بۆیە لە ساڵی 2004 بە بڕیاری ژمارە (46)ی پەرلەمانی كوردستان، ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دامەزرا و دووبارە بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانكارییەكان و هەڕەشەكان، ئەو دەزگایانە رێك خرانەوە بە یاسای ژمارە (4)ی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2011، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دامەزرا، بەڵێ ئێمە باوەڕمان وایە كە بەپێی پرەنسیپەكانی نهێنیبوون، راستگۆیی و بەپیشەیی كاركردن دامەزراوەكانمان كار دەكەن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم باس لە رۆڵی بەڕێز كاك مەسروور بارزانی (راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش) بكەم لە دەركردنی هەردوو یاسا و رێكخستنەوەی دەزگاكان و بەرەوپێشبردنیان و بەپیشەییكاركردنیان.
* لە رووی هەیكەلییەوە دامەزراوە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان چۆن كار دەكەن بە تایبەت ئاژانسی پاراستن و زانیاری؟
هەروەك پێشتر باسم كرد، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە بە بڕیاری ژمارە (4)ی پەرلەمانی كوردستان دامەزراوە، وەكو چەترێكە بۆ سەرپەرشتیكردنی كاری هەواڵگری و ئەمنی لە كوردستان كە لە سێ دەزگای سەرەكی پێك دێت لەوانە (دەزگای ئاسایش، هەواڵگری سەربازی، ئاژانسی پاراستن و زانیاری) كە ئەو دەزگایانە هەندێ ئەركی تایبەت و هەندێك ئەركی هاوبەشیان هەیە و بەپێی یاسا و رێسا رێكخراون.
ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە دوو بەڕێوەبەرایەتیی سەرەكی پێك دێت كە یەكەمیان (بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن)ـە كە بەندە وەكو بەڕێوەبەری دەستنیشان كراوم و بەڕێز (لاهور شێخ جهنگی تاڵەبانی) وەكو (بەڕێوەبەری زانیاری) دەستنیشان كراوە لەسەر پێشنیاری بەڕێز راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و فەرمانی بەڕێز جەنابی سەرۆكی هەرێم، هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئەركیان كاری هەواڵگرییە لە ژێر سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و ئەركە سەرەكییەكانیان بریتین لە كۆكردنەوەی زانیاری، دژە سیخوڕی و دژە تیرۆر و نەهێشتنی تاوانی رێكخراو.
* بۆچی تاكو ئێستا گلەیی ئەوە دەكرێت دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان پاشخانی حزبییان هەیە؟
گەر لەسەر ئەو بابەتە بدوێین، دەبێت واقیعی هەرێمی كوردستان لە بەرچاو بگرین، پارتی و یەكێتی پێشتر وەكو دوو حزبی سەرەكی لە كوردستان هەریەكە و لە ناوچەیەك و لە دۆخێكی تایبەت بە ئەركی حكوومەت هەڵساون و هەروەها زۆرینەی خەڵكی كوردستان لایەنگریی بۆ لایەنێكی سیاسی هەبووە و بەشی ئەو دوو پارتە سیاسییە زۆرینە بووە، بۆیە ئەو دەزگایانە زۆرینەیان لە لایەنگرانی ئەو دوو پارتە بوون، بەڵام لە كاری ئەمنی و هەواڵگری گرنگترین خاڵەكانی بریتین لە بەپیشەیی كاركردن و سەركەوتن لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە پێمانوایە زۆرینەی خەڵكی كوردستان و تەنانەت خەڵكی بیانی شایەتی بۆ سەركەوتنی ئەو دەزگایانە دەدەن.
هەروەها دەمەوێ بڵێم كە لە سرووشتەوە مرۆڤ بوونەوەرێكی سیاسییە، بۆیە هەر تاكێك مافی خۆیەتی هەڵگری هەر بۆچوونێكی سیاسی بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو بیروباوەڕە كار نەكاتە سەر بەپیشەییبوونی، هەر تاكێكی ئەم هەرێمە ئەگەر خۆشەویستییان بۆ نیشتمان هەبێ و خودان توانا بن و ئامادەییان هەبێت بەپێی پرەنسیپ و رێنماییەكانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان كار بكەن، بێگومان شوێنی شایستەی خۆیان لەنێو ئەم دەزگایانەدا دەكەنەوە.
* تا ئێستا خەڵك بە باشی لە كاری ئێوە نەگەیشتوون، هۆكارەكەی دووریی ئێوە نییە لە میدیا و راگەیاندن؟
كاری میدیا و كاری هەواڵگری لێكچوونیان هەیە بەوەی هەردوو پیشە بەدوای كۆكردنەوەی زانیاری و شیكردنەوەیدا دەگەڕێن، بەڵام لە كاری میدیا زانیارییەكان بە ئاشكرا بڵاو دەكرێنەوە، كاری هەواڵگری بەدوای ئەو زانیارییە نهێنیانە دەگەڕێت كە تەنیا بۆ سەركردایەتیی باڵا و داڕێژەرانی سیاسەت و بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی پێویستن، لەلایەكی ترەوە ئەركی دەزگای هەواڵگری رێگەگرتنە لە بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییە هەستیارانە كە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی و ئاسایشی نیشتمانی دەگەیەنن، لە هەمان كاتدا میدیا بە یەكێك لە سەرچاوەكانی زانیاریی هەواڵگری دادەنرێت، بۆیە پێویستە میدیاكاران وریا بن لە بڵاوكردنەوەی هەندێ زانیاریی هەستیار، لەبەر ئەوەی ئەو زانیارییانە بە ئاسانی دەگاتە دەستی نەیارەكان.
پێمانوایە رەنگە جۆرە تێنەگەیشتنێك هەبێت لەلایەن میدیاكارانەوە لە كوردستان بۆ كاری هەواڵگری، دەكرێت هۆكارەكەی هەردوو لامان بین بەوەی نەمانتوانیوە زیاتر لە یەك نزیك بین و بە یەكەوە تەواوكەری یەكتر بین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.
وەكو بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن بەرنامەمان هەیە كە كار لەسەر ئەو كەلێنە بكەین و دەرگامان كراوەیە بۆ هەر پێشنیارێك و بەرنامەی بەسوود لەم بارەیەوە.
* چۆن دەڕواننە رۆڵی هاووڵاتیان لە هاوكاریكردنی دەزگا ئەمنییەكان؟
رۆڵی هاووڵاتیان لە دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری رۆڵێكی گرنگە، لە هۆشیارییانەوە دەست پێدەكات كە دەزگا سیخوڕییە بیانییەكان، تیرۆریستان و تێكدەران بە راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ سوود لە زانیارییەكانیان وەرنەگرن و پڕوپاگەندە و شەڕی سایكۆلۆژی نەیارانی گەلەكەمان بۆ كەمكردنەوەی متمانەیان بە دامەزراوە فەرمییەكان كاریان تێ نەكات، تا دەگاتە هاوكاریكردنی دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەكان بە پێدانی زانیاری، كە هەر زانیارییەكی ورد و دروست، سەرەداوێكی باش دەبێت كە ئەو دەزگایانە كاری لەسەر بكەن كە ئەو كارە بریتییە لە بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و بەڵگەی زیاترە كە رەنگە ماوەیەكی زۆر و توانایەكی زۆری بۆ تەرخان بكرێت تاكو بە ئەنجامی دروست دەگەن.
تا ئێستا هاوكاری و پاڵپشتیی هاووڵاتیان لەو دەزگایانە لە ئاستێكی باشدایە، بەڵام ئومێدمان وایە باشتر بێت، چونكە بۆ پاراستنی خۆیانە.
* هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی ئەمنیی هەرێم چییە؟
هەرچەندە لە هیچ شوێنێك ئاسایشی رەها نییە، بەڵام دۆخی ئاسایشی هەرێم بە بەراورد لەگەڵ شوێنەكانی تری عێراق باشە، سەرەڕای ئەوەی كە دامەزراوەكانی بواری دابینكردنی ئاسایش زۆر بە وریایی و هەستیارییەوە و بە شەونخونی كار دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەكان كەم نین، دەبێت بە هەند وەربگیرێن و تیرۆریستان و دوژمنان لە هیچ شتێك سڵ ناكەنەوە بۆ زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان، تەنیا هوشیاریی هاووڵاتیان و پشتگیریی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان، گەرەنتیی پاراستنە لەو هەڕەشانە، چونكە هەبوونی ئاسایش بنەمای سەرەكییە بۆ خوشگوزەرانی و گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەمنییەتیش بە بێ بوونی زانیاری دەستەبەر نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست