خۆپیشاندانەكانی ئێران بەكوێ گەیشت؟
Saturday, 03/02/2018, 22:09
لەسەرەتای ئەم ساڵدا لەشاری مەشهەدی ئێران ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دژ بە ڕژێمی فاشیستی ئیران دەستی پێكرد. دواتر هەرزوو لەشارەكانی تری ئێران دەستی پێكرد بەشێوەێەك كە زیاتر لەهەشتا شاری ئێرانی گرتەوە بەتارانی پایتەختیشەوە. هەروەها زۆر لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشی گرتەوە. گەلانی ئێران بەشێوەیەكی زۆر چالاك هاتنە مەیدان دژی ڕژێمی كۆنەپەرستی دژەمرۆڤی پەت و سێدارە. لەئەنجامی ئەم ڕاپەڕینەدا شومارەیەکی زۆر لە مرۆڤی ئازادی خواز شەهید بوون بەدەستی چەك بەدەستەكانی رژێم، وەک ئیتڵاعات و سوپای پاسداران و بەسیج و ثاراللە و هتد. وە ئەوەی زانراوە زێاتر لە سێ هەزاركەس گیراوە (لەوانەیە زۆر لەو شومارەیە زۆرتریش بێ) و لەژێر ئەشكەنجەی بێڕەحمانەدان. بەتەنها لە شاری سنەی کوردستانی ئێران دوو كەس لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەست داوە. وە دەیان هەزار كەسی تریشیان هەڵهاتوون یان خۆیان حەشار داوە. بەڵام ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە كە ئیتر زوڵم و زۆری جمهوری ئسلامی بەجێگایەك گەیشتووە كە ئیرادەی خەڵكی ئازادی خوازی ئێران پێی قبوڵ ناكرێ. ئەگەرچی بەزەبری ئاگرو ئاسن كۆتاییان بەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی یانە هێنا، بەڵام دڵنیام مەرگی ڕژێمی ئاخوندی نزیكە هەر ۆەك هاوسەرۆكی پژاك هەڤاڵ زیلان دەڵێت خۆپیشاندانەكان دەست پێدەكەنەوە و گۆڕانكاری گەورە لە ئێران ڕووئەداتەوە.
سێبەری تاڵی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها بە سەر ئێران و کوردستانی ئێرانەوە نی یە، بەڵکو بە سەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش بە سەر کوردستانی باشوورەوەیە. بۆ نموونە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کاتێ دەوڵەتی بەغدا شار و دێهات و ناوچە کوردستانی یەکانی کێشە لەسەری باشووری داگیر کردەوە، لەو کاتەوە تا خۆپیشاندانەکان کاربەدەستانی بەغدا بە لووتبەرزی و مەغرووری یەکی زۆرەوە لێدوانیان دژ بە دەوڵەتی کوردستانی هەرێمی باشوور دەدا و خۆیان بە براوە دەزانی و هیچ هەلێکیان بۆ گفتوگۆ نەک هەر نەدەڕەخساند، بەڵکو زۆر سووکایەتی یان بە سەرکردەکانی کورد دەکرد. لێرەدا من نامهەوێ پاساو بۆ خیانەتەکانی کاربەدەستانی کورد بهێنمەوە، چونکە دەوڵەتی بەغدا چەند تاوانی داگیرکردنەوەی ناوچە کوردستانی یەکانی هەیە دوو ئەوەندە زۆرتر تاوانی خیانەت هی کاربەدەستانی یەکێتی و پارتی یە، بەڵام من لێرەدا باسەکەم لە سەر سێبەری تاریکی کۆماری ئیسلامی یە لە ناوچەکەو کوردستانی باشوور و بەغدا بەتایبەتی، ئەویش ئەوەیە کە بەغدا پێش ڕاپەڕینەکانی ئێران زۆر بە لووت بەرزی یەوە زمانی گفتوگۆی لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنا، کەچی لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا زمانی گفتوگۆی بەغدا لەگەڵ کاربەدەستانی پارتی و یەکێتی گۆڕانی بەسەردا هات و نەرمتر لێدوانی یان دەدا، چونکە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بڕوخێ یا لاواز ببێ، ئەوا ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا و سوریا و تورکیا، چونکە هەموو ئەو چوار دەوڵەتانە پەیوەندی بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە دژی کوردی بێ پشت و پەنا. هەر کامێکیان لاواز بێ، ئەوا ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر دەوڵەتەکانی تر و کوردیش پێگەیەکی بە هێزتری دەبێ، وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستانی ڕۆژئاوا، بەرخۆدانی عەفرین و کۆبانێ و سەرێکانی و گردەسپی و ... هتد. پێگەی کوردی بەهێزتر کردووە. وە هەروەها لاوازی هەر یەکێ لەو چوار دەوڵەتانەش پێگەی کورد بەهێز دەکا، لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان.
30/01/2018کانی عوسمان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست