کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەورۆزتان پیرۆز

Tuesday, 28/03/2023, 20:11


کۆمەڵەی کلتوری کوردی لە شاری هامار لە وڵاتی نۆرویژ، رێو ورەسمی جەژنی نەورۆزی  ٢٧٢٣ ی کوردی  لە رۆژی شەممە، رێکەوتی ١٨/٣/٢٠٢٣ ی زاینی بەرێوە برد.  شوێنی ئاهەنگی نەورۆز ساڵۆنی " ئۆتستاد سامفون " بوو. دەسپێکی گرتنی جەژنی نەورۆز بە یەک خۆلەک راوەستان بە بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بوو. سرودی نەتەوایەتی کورد، ئەی رەقیب و سرودی نەورۆز پێشکێش کرا. دوایی عوسمان کەوکەبی‌شاد بەرێوەبەری کلتوری کۆمەڵەی کوردی و ئەندامی سیاسی فەرمی ئەنجومەنی شارەوانی هامار سەر بە حیزبی سوسیاڵ دێموکراتی کرێکارانی نۆرویژ  وتارێکی سیاسی لە ژێر ناوی شۆرشی ژینا و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی  پێشکەش کرد. گەلی کورد، یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک کلتورە ... ئێـمە نابێ هەرگیز جیاوازی لە نێوان یەکتر دانێین. ئێمەی گەلی کورد ئاوات و ئامانجمان یەکەو، ئەویش ئازادی کوردستانە. ئێستا کوردستان بە کاتێکی هەستیار تێپەر دەبێت. یەکریزی و یەکیەتی گەلی کورد بۆ سەرکەوتن و ئازادی کوردستان زۆر پێویستە. یەکگرتنە هێمای سەرکەوتنە.   بەرێز  " ئەرلینگ بەهرێنس"  کاندیدای فەرماندار بۆ شاری هامار سەر بەحیزبی سوسیاڵ دێموکراتی نۆرویژ وتارێکی سیاسی لە سەر گەلی کورد ئاراستە کرد. بەرێزیان کاندیدایە بۆ فەرمانداری (قایمقام) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەکان کە لە رێکەوتی ١١/٩/٢٠٢٣ ی زاینی بەرێوە دەچیت.  زۆر سوپاس بۆ عوسمان کەوکەبی شاد کە بۆ ئاهەنگی نەورۆزی کوری بانگ هێشتنی کردووم. گەلی کورد لە مێژووی خوێناوی خۆیدا  بۆ ئازادی و سەربەستی کوردستان زۆر توشی گرتن و زیندان و لە سێدارەدان و کۆمەڵکوژی بووە. کوردستان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە بە بێ ویستی خۆیان بە سەر چوار وڵاتی، وەک تورکیا، ئێران، ئێراق و سوریا دابەش کراوە. ئەو وڵاتانە لە جیاتی ئەوەی رێز لە مافی کورد بگرن، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە بە بێ رەچاو کردنی مافی مرۆڤ گەلی کورد چەوسێنەوە و مافە رەوا و بنەرەتیەکانی نەتەوایەتیان پێشێل دەکەن.  گەلی کورد ئیستا زۆر بوێرانە بۆ مافی نەتەوایەتی خۆی خەبات دەکات و بەردەوامە. نابێ هەرگیز خەباتی گەلی کوردمان لە بیر بچیتەوە، کە بە دژی حکومەتی ئیسلامی داعەش کە بۆ هەموو جیهان بە دژی داعەش شەریان کرد و زۆریشیان شەهید دا. ژینای کچی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی پۆلیسی ئێران زۆر بە شێوەیەکی درندانە شەهید کرا. دوای شەهید کردنی ژینا گەلی کورد بە تایبەت و گەلانی ئێران بە گشتی بە دژی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆنیشاندانیان کرد. ئەو بەرهەڵستکاریە بە دژی رژێمی ئێران نیشانەی ئەوەیە کە گەلانی ئیران لەو رژێمە بێزارن و داوای دێموکراتی و روخانی دەسەڵاتدارانی رژێم دەکەن. حکومەتی نۆرویژ و وڵاتانی رۆژئاوا دەبێ پشتیوانی لە خەبات و شۆرشی گەلی کورد بکەن بۆ ئازادی کوردستان و گەیشتن بە مافە نەتەوایەتی و کلتوریەکانیان. پستیوانی سیاسی لە لایەن وڵاتانی رۆژئاوا زۆر پێویست و گرینگە بۆ گەیشتن بە ئازادی کورد و دێموکراسی و ئاشتی. بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کۆتایی بە وتارەکەی هێنا." 
زیاتر لە ٣٠٠ کەس بەشداری جەژنی نەورۆز بوون کە بریتی بوون لە کوردەکانی رۆژهەڵات، باشور، باکور و رۆژئاوا. ئاهەنگی نەورۆز بە موسیقای رەسەنی کوردی لە کاتژمێر  شەشی ئێوارێ هەتا  یەکی شەوێ  لە سالۆنی "ئۆستاد سامفون" بەردەوام بوو. 
   ئاگر کردەنەوەی جەژنی نەورۆز ی ٢٧٢٣ ی کوردی لە شاری هامار لە قەراخ دەریاچەی " میۆسا" رۆژی دوو شەممە، رێکەوتی ٢٠/٣/٢٠٢٣ زاینی کاتژمێر شەشی ئیواری بە بەشداری کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان هەڵکرا. ئاهەنگی ئاگری نەورۆز بە گۆرانی و مویسقای سرودی " نەورۆز" دەستی پێکرد. لە لایەن بەرێوەبەری کۆمەڵەی کلتوری کوردی لە شاری هامار وتارێک لە سەر نەورۆز پێکەش کرا. ئاهەنگەکە بە موسیقا و شای کوردی هەتا کاتژمێر هەشتی ئێوارێ بەردەوام بوو. 
 
عوسمان کەوکەبی‌شاد
ـ بەرێوەبەری کۆمەڵەی کلتوری کوردی لە شاری هامار لە وڵاتی نۆرویژ
ـ ئەندامی سیاسی فەرمی ئەنجومەنی شارەوانی هامار

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە