ئەرێ کەسێک نیە مەسرور فێری قسەکردن بکات؟
Tuesday, 09/07/2024, 16:02
کارەساتە یەکەم پۆستی گرنگت بەدەستەوە بێت کە پۆستی سەرۆک وەزیرانە، بەڵام توانای قسەکردنت نەبێت، کە هێزی قەناعەتی تێدابێت.
مەسروربارزانی هەمیشە لەکاتی قسەکردندا بەدوو حاڵەت خۆی نیشان دەدات: یا تووڕەیە یاخود قسەی بێ ئەرزش و بێ سود فڕێ دەدات.
یەک - دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ میدیاکاراندا هەردوو حاڵەتەکەی تێکەڵ کرد، دەمێک ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری مووچەی لێکرد ئەویش بەتووڕەییەوە گووتی: [مووچەی بێ خاک و کەرامەت قیمەتی نیە]، وەک ئەوەی مووچەخۆران هۆکاربن بۆ لەدەستدانی خاک و کەرامەت.
ئەو قسەیە وەک پرەنسیپ جوانە و پڕ بەهایە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، کە لەدەمی کەسێکەوە ئەو قسەیە دەرچووە، کە خودی خۆی و حیزبەکەی خاک و کەرامەتی کوردیان بەدۆڕاندن داوە.
جەندرمەی تورکی بەردەوام سەروەری [خاک]ی کوردستان پێشێل دەکەن و کردویانە ، لەئێستادا لەدەڤەری زەرد بە قووڵی پتر لە[٣٠] کم هاتوونەتە نێو خاکی کوردستان، ئەوتا لە ئامێدی و دەورووبەری هەرکەسێک تەلەفۆنەکەی بکاتەوە بە کوورتە نامەیەک بەتورکی بەخێرهاتنی دەکرێت بۆ نێوخاکی[تورکیا].
ئێوە، کە بەرپرسن لەم دۆڕاندنە و خۆشتان ئەوە باش دەزانن، کەواتە باشتردەبوو بێدەنگ بوویتایە و باسی خاکت نەکردایە هەی خاک فرۆش.
سەبارەت بە کەرامەتیش، دەڵێم هەر دەسەڵاتێک نەتوانێت داکۆکی لە خاک و هاوڵاتیانی خۆی بکات، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئەو دەسەڵاتە کەسانی بێ کەرامەت دەیبەن بەڕێوە.
بۆمەسەلەی مووچەش، کە چەندین ساڵە بۆتە کێشەیەکی گەورە و بۆتان چارەسەرناکرێت، ئەوەش هەرئێوە بەرپرسن لێی. ئاخر گەر دەسەڵاتێک نەتوانێت سادەترین ئەرک کە مووچەیە جێبەجێی بکات کەواتە ئەو دەسەڵاتە بۆ دۆزەخ.
ئێوە خۆتان و وەچەکانتان خاوەنی ملیارات دۆلارن و گەمە بەپارە دەکەن، سەیارەو ڤێلای گرانبەها بۆ کیژە بەناو مۆدێلەکان دەکڕن، کەچی بەقسەی بێمانا دەتانەوێت بەناوی خاک و کەرامەتەوە کوردایەتی{ساختە} بەخەڵکی چەوساوە و بەشمەینەت بفرۆشنەوە.
خەڵکی کوردستان باش دەتانناسن و گاڵتەیان بەم قسانەتان دێت، بۆیە باشترە بێدەنگ بیت، گەر قسەی باش نازانیت کە لەوە دڵنیام، کەواتە بە قسەی خراپیش هاوڵاتیان تووڕە و بێزارمەکە.
کۆمەڵێک مشەخۆرت بەناوی ڕاوێژکارەوە لە خۆت کۆکردوەتەوە کە مووچەی بەلاش وەردەگرن، دەی جاروبار ڕاوێژێکیان پێبکە بزانە ئەو بلیمەتانە چی دەڵێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست