گۆڕانی چەمکی دیالێکتیك لە سوقراتەوە بۆ کارل مارکس
Sunday, 27/01/2019, 19:16
داهێنانی چەمکی دیالێکتیك
دیالێکتیك Dialectic ووشەیەکی یۆنانی کۆنە کە لە پێش زایینەوە سەریهەڵداوە.سەرچاوەی ئەم ووشەیە دەگەڕێتەوە بۆ دیالێکتیکێ Dialektike` کە بەمانای هونەری گفتوگۆ بەکار هاتووە.لە مێژوودا چەندین گۆڕانکاری بەسەر ئەم چەمکەدا هاتووە. لەم ووتارەەدا هەولدەدم کە کورتەیەك لە چۆنیەتی گۆڕانی چەمکی دیالێکتیك باس بکەم کە بەدرێژایی مێژوو لەلایەن چەندین فەیلەسوفی رۆژئاواییەوە بەکارهاتووە لە سوقراتەوە تا کارل مارکس.
سوقرات پێیوایە کە چەمکی دیالێکتیك لەلایەن فەیلەسوفی کۆنی یۆنان زینۆنی ئیلیا of Elea Zeno داهێنراوە وەک هونەرێك Art بۆ گەیشتن بە حەقیقەت لەرێگەی ئاڵوگۆڕکردنی بەڵگەهێنانەوەی لۆجیکیانە Logical Argumentation.زینۆن هەوڵی دەدا گریمانە Hypothesis و دەرەنجامگیری Deduce کەسانی بەرامبەر و بەرهەڵستکارانی بخاتە ژێر پرسیارەوە ئینجا پوچاندنی ئەم گریمانە و دەرەنجامگیریانە لەرێگەی بەدەستهێنانی دوو دەرەنجامی دژ بەیەك لەهەمان گریمانە یان دەرەنجامگیری کە بەرهەڵستکارانی دەیانخستە روو. بەم شێوەیە زینۆن بەرهەڵستکارانی دەبەزاندوگفتوگۆکانی دەبردەوە.
لای هیگل و ئەنگڵز فەیلەسوفی یۆنانی کۆن هیراکلیتۆس Heraclitus بە داهێنەری مێتۆدی دیالێکتیك Dialectical method دادەنرێت .ئەم مێتۆدە پرینسیپی گۆڕان و پێشکەوتن Progress دەستنیشان دەکات و دەیانبەستێتەوە بە فاکتەری ناکۆکی ناوەوەی شتەکان.هیراکلیتۆس پێیوایە کە هەمووشتەکان لە گۆڕانی بەردەوامدان و ناکۆکی باوکی هەموو شتەکانە.لای ئەم فەیلەسوفە سەرچاوەی دیالێکتیك لە خودی سروشتەوەیە نەك لە هۆشەوە.
چەمکی دیالێکتیك لای سوقرات
لای سوکرات چەمکی دیالێکتیك گۆڕانی بەسەردا هات ئەگەرچی تاڕاددەیەک نزیکە لە تێگەیشتنی زینۆنی ئیلیا بۆ ئەم چەمکە .سوکرات لە میانەی پیادەکردنی مێتۆدێکی تایبەت بە خۆی کە ناسراوە بە تەوسی سوکراتیانە Socratic Irony خۆی وا نیشانی خەڵك دەدا کە ئەم لە هیچ شتێك نازانێت وهەوڵی دەدا تا خەڵك رابکێشێتە ناو گفتوگۆیەکەوە تا دواجار پەی ببەن بە ناکۆکی بۆچوونەکانیان لە پێناو دۆزینەوەی راستیی .
بە گشتی گفتوگۆکانی سوکرات بەپرسیارێك دەستی پێدەکرد بۆ نموونە ( ویژدان چییە ؟ ) لە میانەی گفتوگۆکاندا سوکرات سەرنجی خۆی چڕ دەکردەوە بۆ وەدەرخستنی سادەهزری ، پێشداوەری Prejudiceو دژبەیەکی Contradiction را و بۆچوونی کەسانی بەرامبەر و بەرهەڵستکارانی خۆی تاوەکو لە هۆشی خۆیان بیرۆکەکانیان دووبارە دابڕێژنەوە سەبارەت بە راستیی .
چەمکی دیالێکتیك لای ئەفلاتوون
ئەفلاتوون دیالێکتیکی وەك مێتۆدێك بەکاردەهێنا بۆ جیاکردنەوەی چەمك و بیرۆکەکان بەشێوەی پلەبەندی یان هەرەمی Hierarchy لەوپەڕی گشتیەوە بۆ ئەوپەڕی تایبەت. لە کتێبی ( کۆمار) دا Republic The ئەفلاتوون دیالێکتیك وەک هونەرێکی بیرکردنەوەی لۆجیکیانە An Art of Logical Thinking دەبینێت کە پێویستە لەلایەن فەیلەسوف ــ پاشا پەیڕەوبکرێت و لە واقیعدا پیادەبکرێت.
چەمکی دیالێکتیک لای ئەرستۆ
ئەرستۆ چوار جۆر دەرەنجامگیری Reasoning دەستنیشان دەکات کە یەکێکیان بریتیە لە دەرەنجامگیری دیالێکتیکانە Dialectical Reasoning کە وەك مێتۆدێکی توێژینەوە بەکاردێت لەبواری زانست و فەلسەفەدا.لێرەدا دیالێکتیك دەبێتە مێتۆدێکی لاوەکی Secondary Method چونکە پشت دەبەستێت بە پێدراوگەلێکی خۆسەلمێن A priori Premises یان پێدراوگەلێک کە بەگشتی پەسەندکراون لەلایەن زۆربەی خەڵکەوە یان فەیلەسوفانەوە . ئەمە مێتۆدێکە کە لە رێگەی راهێنانی رۆشنبیرانە Intellectual Training و بە کارکردن لەسەر پێدراوگەلێکی نەچەسپاو هەوڵی دۆزینەوەی حەقیقەت دەدرێت .
چەمکی دیالێکتیك لە چاخەکانی ناوەڕاست
لە چاخەکانی ناوەڕاست دیالێکتیك (کە لۆجیکشی پێدەووترا ) بەشێک بوو لە سێکوچکە The Trivium کە ئاماژەیەک بوو بە هونەری ئازادیخواز The Liberal Arts کە بریتیبوون لە :
رێزمان Grammar ، مەنتیق (لۆجیك ) Logic و رەوانبێژی Rhetoric.چەمکی دیالێکتیك لەو کاتانەدا بنیاتنرابوو لەسەرتێگەیشتنەکانی ئەرستۆ بۆ ئەم چەمکە .
بۆتیۆس Boethius یەکەم فەیلەسوفی چاخەکانی ناوەڕاست بوو کە کاریکرد لەسەرچەمکی دیالێکتیك .ئینجا فەیەلسوفەکانی دیکە بۆ نموونە ئەبیلارد Abelard ، ویلیامی شێروود William of Sherwood وهتد.ئەم چەمکە ئەوکات بەم شێوەیە داڕێژرابوو:
١ــ ئەو پرسیارەی کە پێویستە یەکلایی بکرێتەوە .
٢ــ دژەلا سەرەکیەکانی ئەم پرسیارە .
٣ ــ بەڕێخستنی تاکە ئارگومێنتێك سەبارەت بەم پرسیارە بەشێوەیەکی نەریتیانە.
٤ــ یەکلاییکردنەوەی پرسیارەکە دوای هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان.
٥ ــ وەڵامدانەوەی هەموو دژەلاکان.
چەمکی دیالێکتیك لای ئیمانوێل کانت
بۆچوونی کانت سەبارەت بە دیالێکتیك نزیکە لە هی ئەرستۆوە ئەگەرچی لای کانت دیالێکتیکی یۆنانی بە ( لۆجیکی وەهم ) The logic of Illusion ناوزەد دەکرێت چونکە وەک گەمەیەکی رۆشنبیرانە Intellecual Play دەبینرێت لە نێوان مەزەندەگەلێك کە ناکرێت دروستییان بسەلمێنرێت .چەمکی دیالێکتیك لای کانت ئاماژەیەك نییە بە بەڵگەهێنانەوەی لۆجیکانە یان گفتوگۆ ،هەروەها رێساگەلێك ناڕەخسێنن بۆ داوەریەکی متمانەدار Convincing Judgment سەبارەت بە بابەتێك بەڵكو ئارگومێنتێکە بەرەو وێڵی بە هۆی گریمانەیەکی هەڵەوە Wrong Presupposition یان دواتر ئارگومێنتگەلێکن کە لە تەك یەك دەبن بە جووتە Come in Pairs ئینجا هەردووکیان بە ئاراستەی پێچەوانەی یەکدی وێڵ دەبن Go Astray بەهۆی ئەم گریمانە هەڵەوە .پاشان بەشە دیالێکتیکەکە هەوڵدەدات کە گریمانەکە لابدات بۆ بەدەستهێنانی دەرەنجامێکی پاساودراوترMore Justified Conclusion سەبارەت بە بابەتەکە .لێرەدا دیالێکتیك وەك گفتوگۆیەک وایە کە دوو ئارگومێنتی هەڵە کەهەڵگری دەنکێك حەقیقەتن بریتین لە دوو بەشداربووەکە.
ئەم لێکدانەوەی کانت بۆ چەمکی دیالێکتیك زەمینەی رەخساند بۆ هاتنەکایەی چەمکێکی نوێتر بۆ دیالێکتیك لەرێگەی بەیەکەوەگرێدانی هەرسێ چەمکی تێز، ئەنتی تێز و سینتێز.
کانت لە کتێبی ( رەخنە لە عەقڵی پاراو) Critique of the Pure Reason لە بەشی دیالێکتیکی ئەودیوباڵایی Transcendental Dialectic باس لە بیردۆزە دژبەیەکەکان دەکات کە ناویان دەنێت ئەنتینۆمی Antinomy , بۆ نموونە بیردۆزەکان سەبارەت بە بوونی خودا . لێرەدا تێزو ئەنتیتێزەکان بەتەواوی یەکدی دەسڕنەوە بۆیە گەیشتن بە تاکە دەرەنجامێکی برەودار دەکەوێتە دەرەوەی مەودای عەقڵی مرۆڤەوە .
چەمکی دیالێکتیك لای یۆهان فیختە
فەیلەسوفی ئەڵمانی یۆهان فیختە بۆ یەکەم جارهەر سێ چەمکی تێز Thesis ، ئەنتی تێز Antithesis و سینتێزی Synthesis بەیەکەوە گرێدا لە چوراچێوەی چەمکی دیالێکتیك و رەهەندێکی دەروونی وکۆمەڵایەتی پێبەخشی بەشێوەیەك کە لای فیختە تێز هاوتای خود Ego و ئەنتیتێز هاوتای نا ــ خودە Non- Ego . لێرەد ا نا ــ خود ئاماژەیە بە جیهان یان واقیع کە بریتیە لە کەرەستەگەلێك یان پانتاییەك بۆ رەفتارە ئەخلاقیەکانی خود Ego`s Moral Actions . بە تێڕوانینی فیختە پرۆسەیەکی دیالێکتیکی روودەدات بەهۆی فاکتەری بەرەنگاربوونەوە لەنێوان خود و نا ــ خود . لەم هاوکێشەیەدا جیهانی هۆش وەکو خود ئامادەیی هەیە واقیعیش وەکو نا ــ خود. لەئەنجامی ئەم بەرەنگاربوونەوەدا سینتێز بەدیدێت کە جۆرێکە لە هاوکۆك بوون لە نێوان هەردوولای ناکۆکدا.
چەمکی دیالێکتیك لای فریدریك هیگل
هیگل رەهەندگەلێکی گشتگیرانەی Total Dimensions بەخشی بە چەمکی دیالێکتیك .لای هیگل دیالێکتیك دەکرێت پرینسیپێک بێت بۆ بوونناسی Ontology یان پرۆسەی بیرکردنەوە The process of Thinking . هەروەها دیالێکتیك دەکرێت مێتۆدێك بێت کە هەنگاوەکانی پرۆسەی گەشەکردن وگۆڕان دیاریدەکات کە پێویستە هەموو پرۆسە سروشتیەکان , کۆمەڵایەتیەکان و تەنانەت مەعریفیەکان پێیدا تێبپەڕن . هەر لەم پەیوەندیەدا هیگل لێکدانەوەیەکی دیالێکتیانە دەکات بۆنموونە لە بواری رەوتی مێژووی مرۆڤایەتی یان ئایدیالیزم کە لە فەلسەفەی هیگلدا بیر Idea بوونێکی رەهاو سەرەکی هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە گیانی جیهان World Spirit .هیگل بەگشتی سێ تێرمی بەکاردەهێنا کە پێکهێنەری دیالێکتیکن کە ئەمانەن : داماڵراو Abstract ، نەرێنی Negative و کۆنکرێت Concrete .بەڵام دواتر سێ تێرمی دیکە لەجیاتی ئەوان زیاتر چەسپان کە بریتین لە تێز ، ئەنتیتێز و سینتێز.لەدیالێکتیکی هیگلی ئەم تێرمانە بەم شێوەیە رووندەکرێنەوە :
* تێز Thesis کە هاوتای شوناسە Identity .گیان لەگەڵ خۆیەتی و لەرێگەی خۆیەوە لەخۆی تێدەگات .واتە : لەناو ــ خۆی Itself In- ( بۆ نموونە : منداڵیەتی منداڵ لەگەڵ خۆیەتی و لەرێگەی خۆیەوە لە منداڵیەتی تێدەگات )
* ئەنتیتێز Antithesis کە هاوتای لێکدابڕانە Splitting ، لێرەدا گیان خۆی بەجێدەهڵێت و رووبەرووی دژەکەی خۆی دەبێتەوە کە بەشێوەی ماددەیە و ئینجا گیان لێی تێدەگات ،واتە: بۆــ خۆی For-Itself (منداڵیەتی خۆی بەجێدەهێڵێت رووبەرووی باڵغ بوون و واقیع دەبێتەوە لێیان تێدەگات)
* سینتێز Synthesis کەهاوتای گەڕانەوەیە Return، لەم قۆناغەدا گیان دەگەڕێتەوە بۆ خۆی ، ئێستا لەخۆی تێدەگات لە ئاستێکی بەرزتر لە رێگەی تێگەیشتنەکانی لە ماددە . واتە :
لەناوــ و ــ بۆــ خۆی In-and- for-Itself ( گیان گەڕایەوە بۆخۆی ئێستا تێگەیشتن لە منداڵیەتی و باڵغیەتی زەمینە دەرەخسێنێت تا گیان لە ئاستێکی بەرزتر لەخۆی بگات لەرێگەی تێگەیشتن لە ماددەوە ).
لەمیانەی ئەم هەنگاوانەدا پرۆسەی گۆڕانی چەندایەتی Quantity بۆ چۆنایەتی Quality روودەدات ( بۆنمونە بە تێپەڕبوونی کات منداڵیەتی دەگۆڕێت بە باڵغبوون ) هەروەها پرۆسەی نەفی نەفی The Negation of the Negation روودەدات (بۆ نموونە باڵغ بوون منداڵیەتی دەسڕێتەوە هەروەك چۆن منداڵیەتی کۆرپەڵەیی لەناوسکی دایکدا دەسڕێتەوە ) .
چەمکی دیالێکتیك لای کارل مارکس
ئاشکرایە کە مارکسیەت وەك ئایدیۆلۆجیا کاریگەری گەورەی بە جێهێشتووە لە سەر مرۆڤایەتی لە قۆناغی مۆدێرنیزمەوە تا ئەمڕۆش چونکە لە سەرتاسەری جیهاندا ژمارەیەکی زۆر لە حیزب و گرووپی جیاواز کە هەڵگری بیری مارکسیەتن چالاکن لە بوارەکانی رامیاری و کۆمەڵایەتی و هتد.
مارکسیەت وەك ئایدیۆلۆجیا یارمەتیدەر بوو کە چەمکی دیالێکتیك لە ئاستێکی فراوان و لەهەموو دونیادا بایەخی پێبدرێت چونکە خودی فەلسەفەی کارل مارکس و هاوڕێکەی فریدریك ئەنگڵز بنیاتنراوە لە سەر پێکەوە گرێدانی هەردوو چەمکی ماددیەت Materialism و دیالێکتیك Dialectic .
ئەنگڵز سێ یاسای بۆ چەمکی دیالێکتیك سەلماند کە لە کتێبی زانستی لۆجیکی هیگلدا وەریگرتبوو . ئەم سێ یاسایەش بریتین لە :
* یاسای یەکیەتی و ناکۆکی دژەکان
The law of the unity and conflict of opposites
*یاسای تێپەڕینی گۆڕانی چەندایەتی بۆ گۆڕانی چۆنایەتی
The law of the passage of quantitative changes into qualitative changes
*یاسای نەفی نەفی ( بەشێوەی مارپێچی *حەلەزونی* روودەدات )
The law of the negation of the negation
بەشێوەیەکی فراوانتر دەکرێت بڵێین کە چەمکی دیالێکتیك لە فەلسەفەی مارکسیەتدا تیۆریەکە سەبارەت بە فاکتەرە گشتیەکان و داماڵدراوەکان کە ئەو گۆڕان و گەشەکردنانە بەڕێوەدەبات
کە لە سروشت ، کۆمەڵگە و هزردا روودەدەن.سیما سەرەکیەکانی
The Primary Features چەمکی دیالێکتیك بریتین لە :
* گەردوون گشتێکە کە بەشەکانی لەیەك دابڕاو نین بەڵکو بەیەکەوە پەیوەست و پشت بەستوون Interdependent .
* جیهانی سروشت یان گەردوون لە جووڵەیەکی بەردەوامدایە.
* پێشکەوتن بریتیە لە پرۆسەیەك کە گۆڕانی بچووك و شاراوەی بەردەوام لە چەندایەتی دەبێتە هۆی گۆڕان لە چۆنایەتی .گۆڕانی چۆنایەتی بە پلە روونادات بەڵكو کتوپڕوخێرایە کە لە حاڵەتێکەوە بازدەدات بۆ حاڵەتێکی دیکە .
*هەموو شتێك لە ناوەوەی خۆیدا دژەلای دیالێکتیکانەی خۆی تێدایە
Dialectical Contradictions کە هۆکاری سەرەکی جووڵە ، گۆڕان و پێشکەوتنن لە جیهاندا .
سەرچاوەکان
١/ بە زمانی ئینگلیزی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست