کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوەی بارزانی نەیکرد

Saturday, 04/11/2017, 3:47


راستە هەموو کوردانی جیهان توشی شۆک بوون بەم رووداوانەی دوای ریفراندۆم روویاندا، بەڵام هەموو بەرەنجامێک پاشکۆی هۆکارێکی پێش خۆیەتی، هەمیشە ئێمەی کورد لە شکستەکاندا لۆمەو خەتا دەخەینە سەر کەسانی تر و دەسکەوتەکانیش بۆ خۆمان دەپارێزین، بەڵام جێگای خۆیەتی نوقرچێکی قایمیش لە بارزانی بگرین بۆ ئەو هەموو هەڵەیەی لە ماوەی ٢٦ ساڵی دەسەلاتیدا پێی تێ دەخست.
باس لە ناگونجاوی کاتی ریفراندۆم و دارودەستە بەهەڵە بەرەکەی دەوری بارزانی ناکەم، باس لەوە دەکەم بۆچی بارزانی لەو ملیارەها دۆلارەی پترۆ دۆلار سوپایەکی پڕ چەکی قورسی پێکنەهێنا؟ بۆچی دەبابەو راجیمەو رۆکێتی پێشکەوتووی نەکڕی لەو ماوەیەدا؟ من وەک کەڕڕە لادێییەکیی ناوچەی شوان ئەو راستیەم دەزانی ئایا مەسعود کە خۆی بە تێگەشتوو و سیاسەتمەدارو بە تەجروبە دادەنێت بۆ ئەمەی نەزانی؟؟ یان لە بچوکترین ئەندامی پارتیەوە تا گەورەترینیان دز بوون و هەر خەمی گیرفانی خۆیان بوو.
لە ٢٠١٢وە ملیارەها دۆلار داهاتی ناوخۆو پترۆدۆلار بوو کەچی چارەکە موچەی فەرمانبەرانی بە ڕێکوپێکی نەدەدا، گوێی لە شەیتانەکانی وەک سەرۆ قادر دەگرت کە دەیگوت میللەت سەگە، سەگەکەت برسی بکە با شوێنت بکەوێت، ئەوانەی رەخنەیان بگرتایە لە بارزانی دەیانکوشتن بە تۆمەتی دوژمنایەتی و خیانەت، هەر ئەوانیش دڵسۆز بوون و راستییان دەگوت و ئەم رۆژانەیان لە بیر بوو، هەروەها ئەو هەموو زوڵمەی بارزانی لە خەڵکی هەژاری دەکرد ئەوە ئەنجامەکەی بوو، هاوڵاتیانی باشوری کردبوو بە چەند پلەیەکەوە: ئەوانەی لە خێڵی بارزانی بوون و نزیکی بنەماڵە بوون هاوڵاتی پلە یەک بوون، ئینجا پارتیەکان پلە دوو بوون، هاوبەشەکانی دەسەڵات پلە سێ بوون، خەڵکی رەشۆکی و رەشورووتیش هاوڵاتی پلە چوار بوون.
ئینجا با ئەو سوئالە بکەین و بپرسین ئەگەر باڵێکی ناو یەکێتی خیانەتیان لە میللەتی کورد کردو کەرکوکیان فرۆشت و شێخ جەعفەریان کردە مقاش بۆ ئەم ناپاکییە قێزەونە، ئەی بۆچی هێزی ٨٠ شەڕیان نەکرد، بۆچی شەنگال و مەخموریان چۆڵکرد؟
ئەمانە هەمووی سەلمێنەری ئەو راستیەن کە بارزانی و دەستودایەرەکەی ئەهلی حوکم و دەسەڵات نەبوون، بەڵام میللەتی تێنەگەشتوو هەر پێشەوای وای دەبێت کە هەموو ریسەکەی دەکاتەوە بە خوری و %٥١ی خاکی کوردستان بە ٤ سەعات دەدۆرێنێت، بە کێ؟ بە دەوڵەتی ئێران، درۆ دەکات عەبادی کە باسی سەروەری یاسا دەکات ، ئەوە دەمامکە بۆ دەسەڵاتخوازی ئێران لە هەموو عێراقدا.
بەعالەمی ئاشکرا دیارە کە ئەمریکا ئاگاداری ئەو رووداوانە بوو، ڕێی بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دا پێشرەوایەتی بکەن و چەکی قورسی وەک دەبابەی ئەبرامزی ئەمریکی بەکاربێنن ، بەس دەیگوت فڕۆکە بەکارمەهێنن، ئێستاش ئەمریکا خۆی غەشیم دەکات وەک ئەوەی ئاگای لە هیچ نەبێت دەڵێت لەسەر مێزی گفتوگۆ ڕێک بکەون، ڕێک کەوتنی چی ؟ ئەوان %٥١ی خاکی کوردستانیان داگیر کردووە، ئێستا لە مونتەڵەقی هێزو سەرکەوتنەوە بڕیارەکانی خۆیان دەسەپێنن، کەچی عاجبایەتی ئەوەیە ئێستاش میدیا چەواشەکارەکانی وەک رووداو و ک٢٤ دەڵێن ئەمریکامان لەگەڵە!
پیاوی عاقڵ و ژیر لە ناو هەردوو بنەماڵە پێش ئەوەی لەوە ڕسواتربن سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەڕۆن، بەو هەموو پارە دزراوانەی میللەت ژیانی وەچە دوای وەچە دابین دەکەن لەو دوورگانەی لە خۆشترین شوێنی جیهان کڕیویانە و ئیتر تا مردن ژیان لەوێ بە هێمنی بەسەر دەبەن و دەست هەڵدەگرن لە ماڵوێرانکردنی کوردو کوردستان، ئەوەی ئەو ٢ بنەماڵەیە بەسەر میللەتی کوردیان هێناوە هیچ دوژمنێک ئاوهای نەکردووە بەم گەلە بەدبەختە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە