لە سێبەری خیانەت بە کورد و کوردستاندا!

Saturday, 21/10/2017, 0:35

3852 بینراوە


وەک مامۆستای گەورەمان پەشێو دەفەرمێت: "پارێز بکەین لە ئایدزی ڕەفتاری [سیاسییەکانی] کورد؛ ئەمانە ڕۆژێ هەزاران جار بە ئاشکراو و بەدزییەوە ئاو و خاک و نیشتمان و خوێنی شەهیدانمان دەفرۆشن و ڕۆشنبیرە بەکرێگیراوەکانیشیان بێ‏شەرمانە پاساوی دەدەن و هێرش دەبەنە سەر هەر ڕەخنەگر و ڕەخنەیەک. ئەوەی بەڕەڵا و ئەنفالچییە ئێستاکە سەروەری کوردستانە و خەڵکی هەژار و برسی و ئەنفالکراویش دەبێ باجەکەی بدەن؛ تەنیا ڕێگەی ئازادی کورد و کوردستان لە بنبڕ کردنی مێشکی کۆیلایەتی و داگیرکەری ناوخۆییە؛ با لە دوڕێیانی تاڵەبانی و بارزانی تێپەڕین."
شاری کەرکووک ئەو جۆرە کە جەلال تاڵەبانی سەردەمانێک وتبووی "قودسی کوردستان" نەبوو، کەرکووک هیچکات دڵی کوردستانیش نەبوو ئەم جۆرە کە بارزانی بانگەشەی دەکرد، ئەم دڵە لەمێژە وەکو گۆشتی قوربانی لە قەسابخانەی سیاسی و ئابووریی تاڵەبانی و بارزانی ئاڵوگۆر دەکرا و ئەمڕۆش بۆ جارێکیتر مامەڵەی پێوەکرا. ئەم دڵە لەمڕۆدا میراتگرانی تاڵەبانی زۆر بەئاسانی و ملشۆڕانە و بە خەیانەتێکی بێ پاساو بۆ کەسانێکیان بەجێهێشت کە دەستیان بەخوێنی هەزاران کەسی بێتاوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سوورە. کەسناێک کە لە ڕەگەزی مرۆڤ نین.
دەستوپێوەندی تاڵەبانی، میراتگری ڕاستەقینەی باوکی خۆیانن؛ ئەوان دەستی دڕەندەترین دەسەڵاتی نگریسی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان هەزاران جار ماچ کردووە و مارەکراوی ئەو دەسەڵاتە دڕندەیەن. باوکێک کە جگە لە قەشمەری و لەکاتی خۆیدا مامەڵە و فرۆشتنی وڵاتەکەی شتێکی ئەوتۆی بۆ نەتەوەکەی پێکنەهێنا. خەڵکی باشووری کوردستان کە ماڵ و منداڵی خۆیان بەمتمانەکردن بەمانە و بەسادەییەوە پێ بەخشین، خۆ بۆ ئەوە نەبوو بێ شەرمانە خوێنیان بەفێڕو بدرێت و سەروماڵیان بەتاڵان بڕوات. ئەو کەسەی کە حەفتەیەک لەمەوبەر خەڵکەکەی بە "چێگوارای" کورد ناویان دەبرد، ئەمڕۆ جنێوی پێدەدەن ،بەڕاستی هەر وەک ئەمڕۆ دەیان کارەساتی وەهای قەوماندووە. تاڵەبانی بەداخەوە بنەماڵەیەکی دڕندە و بەڕەڵا و دڵڕەقی بۆ کورد بەجێهێشت؛ بنەماڵەیەک کە لەمڕۆدا وەکو "هەشت پێ" دەریاییەکان دەستیان خستووەتە قوڕگی ژنان و منداڵانی هەتیو و برسی ئەم وڵاتە. لەهەرکوێ باس لە باڵباڵێن و پارەکۆکردنەوە و دزیی بێت، ناویی بنەماڵەکەی تاڵەبانی دەدرەوشێتەوە.
هیچکات لەبیرم ناچێتەوە، کەسێک ئاگاداری کردمەوە و گوتی "مامە" کۆچی دوایی کردووە. بە ڕاشکاویی گوتم: ئەو دەمێکەیە مردووە! لە وڵامدا گوتی: مامە چەند ساڵێک نەخۆش بووە! گوتم: دەزانم و پێم ڕاگەیاند ئەو لەوکاتەی ساخیش بوو، هەر مرد بوو. ئەو بەزیندوویی مردبوو! ئەوەی لەو بەجێماوە مافیای پارە و چەک و ڕەفتاری بێ بەزەییانە و ترسنۆکانەیە و لەنێوان حیزبە سیاسییەکان و گرووپە میلیشیا بەڕەڵاکەی بە سەرۆکایەتی کوڕ و ژنەکەی دەسووڕێتەوە. ئەمانە وەک مشەخۆرێک ئەوەی ئاوەدانی و جوانی بوو ناحەزیان کرد و دەیان ساڵە لە هەژاری و ڕۆژڕەشی خەڵک دەخۆن و ژیان بەسەر دەبەن. ئەمەیە میراتی مام جەلال. ئەو هەموو شتێک بوو جگە لە "مامە" نەبێ؛ ئەو قەت لەڕاستیدا جەلال و جەبەروتی نەبووە، بەڵکو تەنیا فێڵی دەزانی و بەس. بوونی ئەو جگە لە کورد بۆ هەموو کەسێک بەرەکەت بوو. ئەو بە درێژەی چەندین ساڵ بۆچوونی مارکسیستی - لینینیستی بوو، بەڵام هەرگیز باوەڕی پێی نەبوو و هەر لەسەرەتاوە وازی لێهێنا.
سەردەمانێک مەلا مستەفای بارزانی لە دەیەی ١٩٧٠ دەسەڵاتی نیوە سەربەخۆی کوردستانی عەراقی لەئەستۆ گرتبوو، تاڵەبانی وەکو ئەمڕۆ ڕۆڵی نەتەوخوازییەکی کوێری دەگێڕا و هەرەسی پێهێنا و خەباتی کوردی بە شکست گەیاند. دوای ساڵانێک مام جەلال بوو بە ناوبژیوانی نێوان دکتور قاسملو و کۆماری سێدارە و بووە هۆی شەهیدبوونی دکتۆر قاسملوو. تاڵەبانی، لەسیاسەتدا سەرکردەکی (پڕاگماتیست) بوو، واتە ئەوەی لەبەرژەوەندی خۆی نەبوایە دەستبەجێ دەیفرۆشت ـ وەکو ئێستاکە کوڕ و برازاکانی دەیکەن. لەخەڵکی چارەڕەشی حەڵەبچە قەڵغانێکی پاراستنی ساز کرد و هەزاران کەسی بێتاوانی لە کیمیاباران بەکوشتن و بڕین دا و بۆ بەیانییەکەی بووەوە بە نۆکەری گوێڕایەڵی سەدام. هەر دوای ئەوەش کەوتە پێشەوەی هێزی سپای پاسداران و بوو بە چاوساغیان بۆ کۆیە و مقەڕەکانی حیزبی دیمۆکڕات و دەزانن چی بەسەردا هات. بۆ دڵخۆشکردنی برا پاسدارەکانیان زیاتر لە دووسەد کادری حیزبی دیمۆکڕات و پارتەکانی دیکەی کوردستانی ئێرانیان بە کوشتن دا و ئێستاش تەواوی کورد لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بەئێران دەفرۆشن و وەکو جووجەڵە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکەن بەقوربانی ئیران.
هیچکات وەکو سەرۆک کۆمارێک لەلایەن ئێرانەوە ڕێزی نەبوو و لەبیرم ناچی، ئەحمەدی نژاد بە تاڵەبانی دەگوت "ئەمانە"! و وەکو گوێرایەڵی خۆیان سەیریان دەکرد، نەک سەرۆک کۆمار. هەموو جارێک کە دەچووە ئێران خێرا دەچووە سەر گۆرێ ئیمامەکەی! تاکوو تەوافی نەکردایە نانی نەدەخوارد. باشترین دۆستی دوژمنانی کورد بوو.
لایەکەی تریش، بەهەمان شێوەی میراتگرەکانی تاڵەبانی ئەمڕۆ کە کەرکووکیان ڕادەستی عێراق و سپای پاسداران کردەوە، کارەساتی مێژوویی شنگالیان خوڵقاند. لەکاتی خۆیدا مەلا مستەفای بارزانی "ئاشبەتاڵی" کرد، دەیان پێشمەرگە کە لە لووتکەی هێز و توانادا بوون خۆیان کوشت... دواتر بارزانییەکان کەوتنە پێش سوپای پاسداران و پێشەنگی شەڕ لەگەڵ سەدام و ئەمەش بەهانەی دا بە سەدام هەزاران کەس لە عەشیرەتی بارزانی بە بێ تاوان ئەنفال بکرێن و سەدان گوند خاپوور کرا!
سەرەڕای ئەمانەش، تاڵەبانی و بارزانی کەوتنە گیانی یەکتری و شەڕی ناوخۆیان سازکرد و بەدەیان کەسی بێ تاوان و ساویلکە تێوەگلان و تیاچوون و ئاسەواری "شەڕی بەناو براکوژی" (چۆن هەگیز وەکوو برا پێکەوە نەژیاوەن مەگەر بە زۆر و یارمەتی وڵاتانی بیانی) ئێستاش وەکو خۆی ماوەتەوە. بوون بە دوو ئیدارەیی و وەکو خێڵی "هووتوو تووتسییەکان" بەربوونەوە کوشتن و بڕینی خۆیان. لەپاشان بە بێ شەرمی باسیان لە سەربەخۆیی و حکوومەتی سەربەخۆی کوردی دەکرد.
ئایا ئەم خەیانەتانە و ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرکووک و شنگال کردیان بەس نییە کە ئەم خەڵکە بۆ دواجار خۆی لەگەڵیان یەکلا بکاتەوە؟ دەسکەوتی سی (٣٠) ساڵ دەسەڵاتی کوردی چاو لێ بکەن، بزانن جگە لە هەژاری و برسیکردنی خەڵک چیان کردووە؟
سەیری زانکۆ و خوێندنگەکان بکەن کە لە ئاستی دواکەوتووترین وڵاتانی دنیاش نییە. ئەوەی کۆلکە خوێندەوارییەکی هەیە، کردوویانەتە مامۆستا و پڕۆفیسۆر. زانکۆکانیشان کردۆتە مەفرەزە و بنکەی حزبی! ئەوەی دەستی لە کوشتنی خەڵک بووە و هەزاران جار نیشتیمانی بە بێگانە فرۆشتووە، ئێستا بووەتە خاوەن دیوەخان و متمانە پێکراو و بەسەر خەڵکی هەژار و داماودا بوون بە مافیای ئابووری و سیاسی! 
ئەمە تراژێدیای سیاسی ئەم چارەگە سەدەیەی کورد لەباشوورە: ڕەگ و ڕیشەی ئابووری، پیشە، ئاژەڵداری و کشت‌وکاڵیان لە بن دەرهێنا. هەموو خەڵکیان بەرەو شار هێنا و کردنیان بە مووچەخۆر و کارمەندی بن دیوار! ناوندنی کڕین و فرۆشتنیان لە ئەورووپا و ئەمریکا بۆ بنەماڵەکانی خۆیان ساز کرد و خەڵکی ڕووت و برسێش نەوتی بۆ زستانێی نییە خۆی پێ گەرم بکاتەوە. دەسەڵاتی کوردی بوو بە مەکۆی چەتە و جەردە و هەموو ڕۆژێک بە کەسێکی دەفرۆشن! تێکڕای ئەم کولتوور و جوگڕافیای پڕ لەبیرەوەری و خاوەن مێژووەیان بۆ باڵاخانەی کارتۆنی و مۆڵی بێ بنەما و پێشانگای سەیارە و شاری کایە و مەلەوانگە بەناوی گەشەی ئابووری و کولتووری گۆڕی و ئەمانەش بۆ گیرفانی هەندێک دەستوپێوەندی خۆیان بوو. لەزمانەوە بگرە تا دەگاتە سروشت هەموویان ئەنفالکرد و کولتووری مشەخۆریی و بەرخۆری و تەوەزەلیی وەهای کردووە بووە بەزبڵدانی هاوسێو درواسێی خۆیان. کاتێک سنوورەکانیان بگرن ناتوانن خۆیان بژێنن و لەبرسا دەمرن!
ڕەگ و ڕیشەی کولتوور و زمانیان لەبن دەرهێنا و سەرچاوەکەیان وشک کرد و منداڵی ئەو وڵاتە بەگەمژەیی پەروەردە دەکرێن: نە وڵاتی خۆش دەوێت، نە زمانی دەزانێت و نە مێژوی ڕاستەقینەی دەناسێت. بیست ساڵ دەخوێنێ هیچ نازانێ! تەنات، نازانێ پێنووسەکەی بەدەستەوە بگرێت. خۆشی لەزمانی خۆی ناێت و حەزی لەزمانی فارسی و تورکیی و ئینگلیزییە. هەرچی خەڵکی بۆگەن و پیس و خوێریلکەیە  لەدەورووبەری خۆیان خڕ کردووەتەوە. ڕۆحی نەتەوایەتیان کوشت، شەهیدەکانیشیان بە سەروماڵەوە فرۆشت. لەوڵاتی ئیتاڵیا و ئامریکا لەسەر پارەی نەوت و گازی خەڵک ڤیلایان کڕی! ئێستا سەیر بکەن، ئەو ماڵە کارتۆنییە وەها بی ساحێبە، سەگ ساحێبی خۆی ناناسێتەوە! دواتر باس لە زمانی ستاندارد و خوێندنگەی بیانی دەکەن و باس لە پەیوەندی نێوان زانکۆکان دەکەن بۆ دانانی کورسی زمانی کوردی و کوردناسی، هەمووشی کۆبوونەوەیە بێ هیچ پلانێک پارەی خەیاڵی بۆ سەرف دەکرێت و دەرەنجامیشی هیچ! زۆربەی گەنجی ئەو وڵاتە، ڕوویان کردە هەندەران و هەڵهاتن. بە دەیان گەنج یان لە دەریا دا خنکان یان ئێستا لەکەمپەکانی ئەوروپا بەچارەڕەشی دەژین. چونکە تروسکەیەک لە هیوایان بە باشوور لە ژێردەسەڵاتی بنەماڵە چەتەکاندا بۆ نەماوەتەوە! خەیاڵێک بوو هات و ڕۆیی.
شانشینەکانی "دەباشان" و "سەری ڕەش" هاوشێوەی فلیمەکانی کۆریای باشوور، وەکو [جووموونگ] لەناو یەکتری خەریکی کوشتن و بڕینی خۆیانن، ئەویش لەسەر پارەی نەوت. سەیری تەلەفزیۆنەکانیان بکەن، خەرکین یەک دەخۆن بە کەرەسەی نوێ. ئیشی وەحشیترین دەسەڵاتدارانی کۆنی وەکو چەنگیز و ئاتیلا و خوێنخۆرەکانی مێژوو دەکەن!
کولتووری وەحشیگەری سیاسییەکانی ئەمانە دەستی دڕندەترین کەسانی ناومێژووی لەپشتەوە بەستووەتەوە. میدیاکارێکی بەئەزموون و ژیر و نەتەوایەتی نابینی خەمی خەڵکی وڵاتی هەبێت، بە فرمێسکی منداڵی خەڵک و خوێنی ڕژاویان لەبەرەکانی جەنگ پێدەکەنن. ئەمانە، دەسکەوتی شوومی سێ دەیە دەسەڵاتی شانشینی باشوورە. دوو هێندەی هەموو وڵاتی ئەمریکا کێشە و دەنگ و هەرای هەیە! ئەویش کێشەی دزیی و جەردەیی و ڕواوڕووت! کوردی رۆژهەڵاتی ساویلکەی داماو! لە حەیبەتی دەسەڵاتی دڕندەی سوپای پاسداران دڵی بەم دواکەوتووانە خۆشکردووە و ئەوانیش جگە لە فرۆشتنیان بە سوپای پاسداران شتێکی دیکەیان نەکردووە. کولتووری سێ شتە: کوشتن، دزی، فرۆشتن! لەم ساڵانەدا ئەم سەرکردانە بوون بە کان‌فرۆش و نەوت فرۆش، جگە لەوەی هەر سەرکردەیەک بۆخۆی لەخانووەکەی خۆی نەوت دەفرۆشی، هەموو داهاتی ئەو وڵاتەشیان دزیوە. بۆ نەوەی داهاتوو، گەر نەوەیەک هەبێت، جگە لە کەلاوە کۆنێک هیچیان بۆ جێی ناهێڵن.
لەمیراتی دز و چڵاکاو خۆر و کوردفرۆش دەتەوێ چی بکەوێتەوە؟! خەڵکی شاری سلیمانی و هەولێر جگە لە ڕۆژەڕەشی و نەهامەتی چییان بەرکەوت؟ ئەمانە حیزبایەتی چڵکن، هەرچەندە وشەکە هەڵەیە و هەمان کولتووری عەشیرەیی ئەفریقایە، لەناو دین و دنیایان ڕەگی داکوتاوە. شتێک بەناویی حیزب نییە! حیزب لەدەوڵەتی یاساوە سەرهەڵدەدا و ئینسانی شارەزای سیاسەتی دەوێ و ئەمەش خەڵکی مەدەنی و عاقڵ سازی دەکات نەک کۆمەڵێک بێ سەروپا! کانگە‌فرۆشەکانی ئەم وڵاتە، نموونەی زەوی کولتووری پاش کلۆنیالیزمە، قوربانی دوێکە و بکوژ و جەردەی ئەمڕۆ! ئایا ئەنفالی زمان و کولتوور و سروشت و شۆناسی نەتەوەیی ئەمانە کوشتن و بڕین نییە و درێژکراوەی پیستری ئەنفالی سەدام و ئینکاری خومەینی و قڕکردنی ئاتاتۆرک نییە؟! بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتەکانی هاوسێ هەزاران کەسیان فرۆشت و ئێستاش دەیکەن و کچ و منداڵیان فرۆشت و ئێستاش هەر دەیکەن. کارەساتی کەرکووک و شەنگال نە یەکەم خەیانەتە و نە دواخەیانەتیشە! هەر ئەو کەسانە و ئەو کولتوورە سیاسییە دواکەوتووە هەموو شتێک دەکات. کوژرانی پێنج هەزار ژن لە ژێر دەسەڵاتی باوەکسالاری دواکەوتوو نەکرا؟ ترۆری ڕۆژنامەنووس و کوشتنی دەیان زیندانی و بێ سەرشوێن کردنی یەکتری لە شەڕی ناوخۆ، ئاخۆ هەر ڕەشەکوژی و ئەنفال نییە، ئەی چییە؟ ئەمانە وەها بەشی زۆری خەلکی خۆشیان گەمژە کردووە کە پارتی و یەکیەتی لیبۆتە دین و دکیا و ناموس؛ هەر کە بەم کانفرۆش و نیشتمان فرۆشانە لە گوڵ کاڵتر بڵێن وەکو سەگی هار بۆی دەچن و هەلابەهەلای دەکەن. دیارە بەپێچەوانەی عەقڵ، ئەخلاقی بەشەر کوشتن و دزی لێرە ئەخلاقە! ئەمانە هیچکات برا نەبوون، دوو شانشینی لێک جیاوازن، جگە لەخۆیان کەسیان پێ دوژمن نییە! ئەوەندە شعووریان لەخوارەوەیە وەکو هۆزە کۆنە ئەفریقییەکان، شانشینی دەباشان و سەری ڕەش یەکتری بە دوژمنی سەرەکی دەبینن. وەکو چۆن پێشمەرگەی دێرین کە ڕایکردبوو دەیگوت؛ لەسەدام نەترسام بەدوامەوە بوو سەرم لێبکاتەوە، لە جاش و خەیانتەکارەکانی خۆمان دەترسام لەماڵەکەم بمکوژن. چونکە لەبەرانبەر پێشمەرگەیەک پێنج جاش هەبوو! ئێمە هەموو جاش بووین، بۆیە کەس خەمی وڵات ناخوا ئەوەی تیاچوو خوێنی بەفیڕۆ چوو!
کورد کولۆنی دەستی خۆیەتی، دواتر کولۆنی داگیرکەرە. خۆی گەورەترین داگیرکەرە، بەڵام داگیرکەری خۆی؛ کۆلۆنییەک کە لە "دێگەڵە و چەمچەماڵ" دا خۆی دەدۆزێتەوە کە سیمبۆلی ماڵجیایی و هێمای لێکدابڕانە؛ جێگەیەکە کە ڕەنگەکان لە ئاستی ئاڵا و جلووبەرگ تێدەپڕن و لەگەڵ خۆین و رەگەز تیکەڵاو دەبن! ئەمەیە کولتووری نگریسی سیاسەتی باشوور. وەکو خوێندکارێکی کورد (بەڵام نەک ڕۆشنبیر، چونکە ئەو وشەیە میراتی وڵاتانی پێشکەوتووە و لەباشور ئەو وشەیە پیسکرا، هەرکەس زۆر گەندەڵ و قسەزل بووایە ناویی ڕۆشنبیر بوو!) ناتوانم خۆم فریو بدەم و دڵخۆخش بکەم بە ڕێبەرێک کە دوو ساڵە بە زۆرەملە لە کورسی خۆی نایەتە خواری، سێ ساڵە پاڕلمانەکەی داخستووە و ڕێفراندۆمەکەی بۆ فرت و فێڵ بوو؛ ڕێفراندۆمیک کە لەسەر بنەمای کەلەڕەقی و بێپلانی ئاوای بەسەرهات. ناتوانم دڵخۆش بکەم بەو دەروازەیەی نەوتی لێوە دەدزن، هەر بەوێشدا هەژاری و برسیەتی و کوشتن و بڕین وتاڵانکردنی دێتە ژورێ و دەشەکێتەوە. ناتوانم باوەڕ بەوڵاتێک بکەم عەرەبێک کە خۆیان پەنایان داوە و دەیژێنن بەڵام کوردی داماو دەردەکەن فشە بەئاڵاکەیان دەکات و ژێر پێی دەنێ و سوکایەتییان پێدەکات. شانیشەکان لە پاش ئەم هەمووە سوکایەتی و خەیانەتە لە کۆشکی خۆیان بێقڕە بۆی دانیشتوون و چاوەڕێن وڵاتێک بەزەیی پێیاندا بێت و پارەیان بۆ بنێرێت دا وەکوو فڵان وەزیر و نوینەرە جەپڵەیان بۆ لیدات! ئێوە کە تەواوی ژیانتان هەڵەیی و مامەڵە و کرێگرتە بوون، کێ متمانەتان پێبکات لەکاتێکدا ڕەحم بەخۆتان ناکەن؟! ناتوانم متمانە بەکەسانێک بکەم وەک شێرپەنجە خوێنی خەڵکی دەمژن و زمان و وتەیان بۆنی خومەینی و ئاتاتۆرک و بەعسی لێدەتکێ. کەسانێکە خومەینی بە ئیمام دەزانن کە فتوای جیهادی دژ بە کورددا دەچن بۆ تەوافی گۆرەکەی! فەڕشی سوور بۆ بکوژەکەی دکتۆر قاسملو ڕادەخەن و ناویشی دەنین سیاسەتکردن! تا ئێستا لەمە سەیرترت دیوە؟!
ئایا ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لەم هەمووە بەلاهەت و گەمژەیی و نەهامەتیە هەیە؟ یەکێک لەهاوڕێکانم کاتی خۆی وتی ئەوەی ئەم دوو بنەماڵە بێڕەحمە بەسەر ئەم خەڵکەدا هێنایان چارەنووسێکی تاریکە وەکو تاوێرێک یان بەردێک لە شاخێکەوە بەریبدەیتەوە، هێچکات ناگەڕێتەوە! بەڵام من دەمەوێ جۆریکی دیکە بۆ بابەتەکە بڕوانم. رووی دەمی من لەو قوماربازە سیاسی و نەوت فرۆشانەیە سی ساڵە منداڵی خەڵکی دەکەنە قوربانی مەرامی پیسی خۆیان و ئەوەی بەسەر ئەم خەڵکەدا هاتووە مێشک و بیرکردنەوەی کۆیلەیی و کۆلۆنی و خۆ بەکەمزانی و ڕابردووبین بە بیرکردنەوەی ئێحساسی و خەیاڵی شاعیرانەیە و بەشێعر و هەڵپەرکێ و گۆرانی وڵات ساز دەکەن. هێندە سۆزی ساویلکە بەسەریاندا زاڵبووە هیچ مەنتیقێک ناناسن. بوونی ئەم ڕێبەرە شانشینانە بەڵای گیانی خەڵکین، کامە بیرکردنەوەی داگیرکراو و کولۆنی کە هێشتا لەخەونی کۆیلایەتی وەخەبەر نەهاتووە، دەتوانێ چارەنووسی لەمە زیاتر بێت؟ نەتەوەیەک تاڵەبانی بە چێگوارا بزانێت و جوێن بە ڕێبەری وڵاتانی دیکە بدات و شەڕ سازبکەن و ئەو لای تریش هەمان هەڵە دووپات بکاتەوە، چاوی لە دەرگای ئەم و ئەو بێ کارێکی بۆ بکات و دڵی بەقسەی پڕوپووچی وەزیری ئەم وڵات و ئەو وڵات خۆش بکات دەبێ چی بێت! نەتەوەییەک کە مەسروو و بافێل ببنە بەرپرسی ئەمنیەت و ئاسودەییان دەبێ چۆن بویرێت چاوی بنیتەوە و بە ئارامشەوە بخەوێت؟ شانشینیک کە چارەڕەشی و ماڵوێرانی خەڵکی ڕەش و ڕووت بخاتە ئەستۆی سیستەمی جیهانی و ناوچەکە و هیشتا لەخەونی سەدساڵی ڕابردوو هەڵنەستابێت و هەر چاوی لە دوای خۆی بێت، دەبێ چی پێ ساز بکرێت! بۆ جارێکیش بێ دژی گەندڵی و خۆ فرۆشی خۆی نەوەستیتەوە. ئەوەی سیاسی و ناسیاسی و ئەندازیار و مامۆستا و پزیشکییەتی هەمووی لەبن باخەڵی خۆی کۆمەڵە شێعر و نازناوی شاعیری هەبێت، دبێ چی لێبکەوێتەوە لەوە زیاتر؟! هەر وڵاتێک هەر خەریکی شێعر و هەڵپەرکێ و حەکایەت گێرانەوە و خواردن بوو بزانە دەرەنگ یان زوو بەرەو داڕوخان دەچێت! خەڵکێک کە لە سەدەی بیست و یەکەم و لە سەردەمی بەجیهانی بوون لە ئامریکا و ئەورووپا لەنێوان دووڕێیانی تاڵەبانی و بارزانی ماوەتەوە ئایا چارەنووسی لەمە باشتر دەبێ! بڕوا ناکەم! خەڵکێک کە بەفەخری دەزانێت منداڵەکەی لە خوێندنگەی غەیری کوردی لە حکومەتی کوردیدا دەرس بخوێنێ ئایا چارەنووسی لەمە باشتر دەبێ؟ منداڵێک کە لە خوێندنگەکانیان فێری دەرسی داعش و سەلەفیگەری دەبێت، چارەنووسی لەمە زیاتر چی دەبێت؟ ئەو هەموو میدیا بێ ساحێبە بۆ شەڕە جنێوی ناو کوچە و کۆڵان، تڕافیکی ڕۆشنبیر و گۆرانی بێژ، سکرتێر [سک‌تێڕ] و کاناڵی بێ ساحێب و ئەو هەموو ڕۆژنامەنووسە کەس لەکەسە چی لێدەکەوێتەوە؟ بۆ تاسەر ئیسقان دواکەوتوون؟ بۆ ئەوەی کە نیشتیمان فرۆش و سەلەفی بنیادەم خۆرە لەو وڵاتە کۆبووەتەوە؟ هەموو جارێک گوتوومە تاکە ڕیگەی گرتنەوەی چارەنووسی وڵات و هەر بەشێک لە کوردستان پەیوەندی بە ڕزگار بوون لە بیرکردنەوەی کۆلۆنییە کە ناتوانی لەوپەڕی زمان و ئایدیۆلۆژی بە کۆلۆنی کراو و کۆیلە کراو بیربکاتەوە. ڕەخنە و لێدانی شانشینە بێ خەیاڵەکان و وەستانەوە دژ بە ستەمکاری دەرەوە و ناوەوە کە بە ناحەق خوینی هەزاران کەسیان ڕشتووە، ئەرکی من و هەر کەسێکە خۆی بە دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر دەزانێت. ئیمەی خویندەوار نابێ لەم دەسەڵاتە کارتۆنییە بێ بنەمایە بترسین. دەبێت قامکمان لە چاویان ڕۆبکەین؛ دەبێ لێیان لەهاوار بدەیەن، دەبێ ئیهمالیان بکەیین و ڕێزیان لێنەگرین، پیرۆزیان نەکەین. ستەم و زوڵم نە سنوور دەناسێت و نە زمان و نە ئەخلاق. دزی و خەیانت و برسی ڕاگرتنی خەڵک و نیشتیمان فرۆشی چەندە لە فارس و تورک و عەرەب نەشیاوە، دوو هیندەش لە ڕیبەرە تاڵانچی و نوکتە خۆشەکانی کوورد کە دەیان ساڵە خۆینی پێشمرگە بە فیرۆ دەدن. بۆ پێتان وایە شەق و زوڵم و زۆر کابرای کورد جیاوازە و خۆشترە؟! لەمێژووی پیس و ناشیرن و پڕ لە کوشتن و بڕینی خۆتان (نەک لە ئی خەڵکی دی!) دەرس وەربگرن. گەر دەرس وەرنگرن، وەکو کەرکووک و شەنگال، سلێمانی و هەولێریش دەفرۆشرێت و بەتاڵان دەڕوات. مەکەونە داوی حیزە فێڵی ئەم سیاسیانە چونکە لەپای سندوقی دەنگدان پەنجەکانتان دەشکێنن و دەتانفرۆشن هەر وەک تا ئێستا لانیکەم سی ساڵە کڵاوتان چۆتەسر. گەر مەحکووم بە دووپاتکردنەوەی مێژوو نیین، خۆتان قۆڵی لێ هەڵماڵن بۆ گرتنەوەی حورمەت و کەرامەت خۆتان و هەروەها شار و گوندەکانتان. چۆن ئەمانە هەر ڕۆژێک شوێنێکی دەفرۆشن، گەر ئیوە وەخۆ نەکەوون، هەموو ڕۆژێک کارەساتێک دەخولقێت و بۆ ئەبەد لەناو دەچن و لەتاریکستانی مێژوو دەتانسڕنەوە.
(( لەناو گڵکۆکەی خانیدا، حاجی قادر دەنگمان دەدا و هاوار دەکات دەڵێ بڕۆن لەوڵاتی کوردی خۆکوژ، ڕاکەن))؛ بەس من دڵێم با ڕانەکەین، با ئەمانە بەڕاکردن بدرێن بەڵکو رۆحی پیس و ڕەشی کۆیلایەتی بۆ هەمیسە لەهەناو و جەستەی خاکی پیرۆزی نیشتیمان بسڕدرێتەوە.
ئەحمەد مەحەمەدپوور، دکتۆرای کۆمەڵناسییە، خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ناوبراو تا ساڵی ٢٠١٢ مامۆستای زانکۆی بوعەلی سینای هەمەدان بووە لە ئێران و لە ٢٠١٢ تا ٢٠١٤ مامۆستای بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر بووە. لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ مامۆستای ئەنترۆپۆلۆجی لە زانکۆی ڤاندەربێلتی ئەمریکا بووە و ئیستاش لە زانکۆی ماساچۆسێتی ئەمریکا خەریکی تویژینەوە و وانەووتنەوەیە.
د. ئەحمەد محەمەدپوور
کۆمەڵناس لە زانکۆی ماساچۆسێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە