کورد راوە ژیشک دەکات
Saturday, 20/02/2021, 14:44
نوسەری ناسراوی ئەمەریکایی(بن رۆبنسن) لە کتێبە بەنێوبانگەکەیدا(جیهان وەک ئەوەی کە هەیە) نهێنی یەکانی پێکهاتنی ژێربەژێری سەرۆکی پێشوتری ئەمەریکا، ئۆباما و ئێران ئاشکرا دەکات. رۆبنسن نێوان ساڵانی 2011 – 2013 بەرپرسی فایلی سوریا بو لە شورای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، دواتر فایلی چەکی ئەتۆمیی ئێرانی پێسپێردرا.
رۆبنسن دەڵێت پتر لە 20کۆبونەوەی لە شاری مەسقەت – عومان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئەنجامدا، لەبارەی خودی سەرۆک ئۆباماشەوە، نهێنی یەکی سەیر ئاشکرا دەکات و دەڵێت سەرۆک ئۆباما بەشێوەیەکی زۆر سەرسوڕهێنەر رقی لە گەلانی عەرەب بوو، بەردەوام لەبەردەم ئێمەدا دەیوت: (عەرەب نە ڕەوشت و نە شارستانێتی یان هەیە، دەوارنشین و دواکەوتون)، بەڵام سۆزێکی ئاشکرای دەردەبڕی بۆ ئێران و سەرسام بوو بە شارستانێتی یە دیرینەکەیانەوە. ئۆباما لە 2010 ەوە پەیوەندی نهێنی لەگەڵ ئێران دامەزراند لەپێناو رێککەوتنێکدا. ئێران پێشنیازی کرد، ئێمە چالاکی ئەتۆمی خۆمان بۆ ماوەی 10 دە صاڵ رادەگرین، بە مەرجێک ئەمەریکاش سزاکانمان لە سەر هەڵگرێت و دەستیشمان واڵا بیت لەنێو وڵاتانی عەرەبدا. ئۆباما پێشنیازەکەی پەسەندکرد و لەو کاتەشەوە ئێران پتر لە 400 ملیار دۆلاری دەستکەوت، 100 ملیاری بۆ چالاکی یەکانی لە سوریا، عیراق، یەمەن، لوبنان و باکوری ئەفەریقا خەرجکرد. ئیتر لێرەوە باڵادەستیی ئێران لەو وڵاتانەدا بەجۆرێک دەرکەوت، لەهەڵبژاردنەکانی 2013ی عێراق دا، ئەیاد عەلاوی سوننە مەزەب سەرکەوت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزارەت، بەڵام ئێران عەلاوی پەسەند نەکرد و داوایان کرد لە ئۆباما کاربکات بۆ هێنانە پێشەوەی نوری مالیکی شیعەمەزەب. ئۆباما ئەوەشی بۆ کردن و نوری مالیکی بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەموو ئەو رووداوە سەیرانەی لەو ماوەیەدا رویاندا بە رێنمایی سەرۆک ئۆباما و بە فرمانی راستەوخۆی نوری مالیکی ئەنجامدران بۆ بەرژەوەندی ئێران وەک:
کردنەوەی درگای زیندانە گەورەکەی بەغدا بۆ تیرۆریستەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، کە هەرهەمویان بەکرێگیراوی ئێران بوون.
ئینجا هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام(داعش) یان لێدروستکردن بە 600 چەکدارەوە لەسوریاوە گەڕانەوە بەرەو موصڵ و نوری مالیکی فەرمانیدا بەهێزەکانی سوپا لە موصل کە بکشێنەوە و چەک و جبەخانەکان و 600 ملیون دۆلاری بانقی رافیدەین یش جێهێڵن!
بەوجۆرە داعش موصڵی داگیرکرد و بەو چەکە قورسانەوە هەتا نزیک بەغدای داگیرکرد و مەترسی راستینەشی خستە سەر هەولێر! جا ئەوەی ئەوەی رێگریی لە پێشڕەویکردنی داعش کرد بەرەو هەولێر، فەرەنسا، ئیتالیا، یا ئیران بوو، ئەوە بابەتێکی دیکەیە.
دیارە راپۆرتی سات بەساتی ئەم رووداوانە دەخرانە بەردەم سەرۆک ئۆباما، بەڵام چاوی دەنوقاند، چونکە دەیویست بەهەر نرخێک بێت لە سەردەمی سەرۆکایەتی خۆیدا رێککەوتنێکی بنجبەست لەگەڵ ئێراندا مۆربکات کە زامنی ئەوەبێت دەستیان بە چەکی ئەتۆم نەگات. ئێران زۆرترین کەڵکی لەو ئامانجی خۆویستی یەی ئۆباما وەرگرت و بەجۆرێکیش دەستی خستە کاروباری سوریا و عێراقەوە کە ئەمەریکا و ئەوروپاش نەتوانن سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە سەر کار لابەرن، ئەوەش بەوهۆیەوە بو کە ئێران هەڕەشەی ژوانبونەوەی دەکرد لە راگرتنی چالاکی یە ئەتۆمی یەکانی بۆ ماوەی 10 صاڵ. بەوجۆرە ئەو رێککەوتنە چەپەڵە بەڕدەوام بوو، ئێران و ئۆباماش بەئامانجی خۆیان گەیشتن، تەنانەت ئۆباما بەهاوکارەکانی دەڵێت چیتر لەبارەی ئەو فایلەی ئێرانەوە مەدوێن، تەواو، ئێمە کاری خۆمان ئەنجامدا! بەڵام ئەوەی راستی بێت سەرۆک ئۆباما بەهەڵەدا چوو، یا راستتر بڵێین ئێران بەهەڵەیدا برد، چالاکی ئەتۆمی یان رانەگرت، هێزەکانی داعشێش بەخوێنی شەهیدانی کورد توشی شکستێکی مێژویی بوون، بەڵام هەموان بەکردار منەتیان لە کورد نەزانی و قیروسیا و هەزارجار چش لەو هەمو قوربانی یەش کرا کە کورد پێشکەشی کرد!
راوە ژیشک: یارییەکی دێرینی کوردەواری یە، چەند کەسێک تەگبیر لە کەسێکی کاڵفام دەکەن و بەناوی راوە ژیشکەوە شەوێک لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن بۆ ئەو چیاو دۆڵانە، تەنەکەیەک و دارێکی پێدەدەن و دەڵێن تۆ هەر تەنەکە لێبدە ، ژیشکەکان دێنەدەرەوە وئێمە راویان دەکەین، بەڵام ئەوان هەمویان دەگەڕێنەوە بۆ ئاوایی و ئەویش هەتا درەنگانێک هەرتەنەکە لێدەدات و نە ژیشک دەبینێت و نە هاوڕێکانی و لۆش لۆش دەگەڕێتەوە بۆناو دێ ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست