خالید زامدار هونەرمەندە زامدار و ناکامەکە (بەشی 2)
Monday, 07/05/2018, 18:22
سێیەمین کەس کە دەستی خالیدی گرت وکەموزۆر رێنمایی دەکرد هونەرمەندی شێوەکاری ناسراوی کورد مامۆستا جەمال بەختیار کە ساڵانی 1967ـ 1969 دەهات بۆلای خالید لە یەکەم دۆکان کەکاری هونەری تێدادەکرد لەدامێنی گەڕەکی ئەزمڕ، کەئەوکات پێیدەوترا گەڕەکی ئیسکان.جار هەبو تابلۆیەکی بۆ خالید تەواودەکرد و بەدەم کارەکەوە رێنمایی دەکردو ئافەرینیشی لێدەکرد.
ئەمە سەرەتاکانی فێربون و پێگەیشتن و پێشکەوتنی خالید بو..ماوە یەکیش بو لەگەڵ کچێکی گەڕەک یەکتریان خۆشدەوێست، دڵدار و ئەوینداری یەکتر بون و بەدەستوری ئاشقانی ئەوسەردەمە نامەی گەرموگوڕ و پڕ ئاخ و داخ و دڵ و تیرە خوێناویەکە و بەڵێن و پەیمانی وەفاداریی بەیەکتردان (یا بۆ تۆ دەبم یا بۆ گڵ) هاتوچۆی دەکرد .. خالید زۆر جاران ئەم دونیوە دێڕەی حەزرەتی مەولەوی دەوتەوە:
ئازیز بەگیانت نیو گیانم ماوە ئەو نیوە گیانەش بەتۆوە ماوە
بەڵام لە ناکاودا خورپەی هەواڵێک،هەورە بروسکە ئاسا ئەوکوڕە ناسکە،ئەو دڵدارە شەیدایەی تاساند و سەرتاپای ژیانی شیواند و هەرگیز نەکەوتەوە سەرخۆی.هاوسەرگیریی کچەکە لەگەڵ پیاوێک بە نێوی (م.س) کەجیاوازی تەمەنیشیان زۆر بو،نەک خالیدی توشی شۆک کرد بەڵکو چزە لە ناخی هەڵدەستێنێت و زامێکی قوڵ قوڵی لە دڵ و دەرونیدا هەڵکەند کە هەرگیزاو هەرگیز ساڕێژ نەبوەوە.
(هێڵکارییەک و دو نیوە دێڕ هۆنراوە بە خامەی زامدار)
(هێلکارییەک و دو نێوە دێڕ هۆنراوە بە خامەی هونەرمەند خالید زامدار)
{وێنەکە،بەهاری 1969،دانیشتوەکان: زامدار، نوری کەریم.وەستاوەکان: جەعفەرمەجید و حامیدی برای زامدار}
لێرەوە هۆنراوە،بەتایبەتیش هۆنراوەکانی مەولەوی، وەلی دێوانە، هێمن، مەدهۆش و پەندەکانی پیرەمێرد، وتە بەنرخەکانی فەیلەسوفی بەریتانیایی دکتۆر بێرنارد شۆ، فەیلەسوفی چین کۆنفۆشیۆس بونە ئاوێنەیەک سەرتاپای ژیانی رابوردو،ئێستاو داهاتوی خۆی تێدا دەبینی، بونە بەشێک لە ژیانی وخودی خۆی و ئازارە بەسوێکانی تێدا خاودەکردەوە و هەوڵیدەدا لەو پانتاییە فراوانە مەعریفییە و لەبەرهەمەهونەرییەکانی خۆی و خوێندنەوەی بابەتی بەکەڵک دنیایەکی نوێ بۆ خۆی فەراهەم بکات و پەردەیەکی ئەستور بەسەر رابوردودا بدات،بەڵام هەرگیز نەیتوانی،نەیتوانی زامەکانیش تیماربکات، هەر بەو زامانەوە دەتلایەوە و گینگلی دەدا و لەهەر باخچەی گوڵێک ، دێڕێک لێرەو دو دێڕ لەوێ و کۆپلەیەک لەو لاتر ، هۆنراوەی رەوان دەکرد و پەندو وتە بەنرخەکانی دەخستنە پاڵ ،بەڵام سەیرە کە هەرگیز دێرێک هۆنراوەی بۆنەهات و تەنها جارێکیش هەوڵی نەدا یا زۆر لەخۆی بکات و دەربڕینێکی بێتام ناوبنێت هۆنراوە! بەزۆریش ئەم هەڵبژاردانەی لێدەبیسترا:
بۆیە چاوێلکەم دیاری ئەوێ لێت
کە یادگارت لەسەر چاوم بێت
جێگیربێت لەسەر دو دیدەکانم
بەوچاوە لە روی گێتی بڕوانم
(مەدهۆش)
ئاخ چەند پەشێوە دڵە وێڵەکەم
چۆن بەتاو ئەگری چاوە لێڵەکەم
جۆی زرێباری فرمێسکم بەخوڕ
مەریوانی کرد بە لیتەو بەقوڕ
راوەستە تاکو هەناسەم لێیدا
سەهۆڵ بیبەستێ، جابڕۆ پێیدا
(مەولەوی)
(ئەو ئافرەتەی دوێنی خۆشیدەویستی و ئەمڕۆ دەیپەرستی ، سبەینێ لەبیرت دەکات)!
لێرەوە خالید بوبە خالید زامدار و تابلۆکانی بەو ناوە واژو دەکرد.
یەکەمین تابلۆی گەورە کە ناوی خالید زامداری لەژێردا نوسی، تابلۆیەک بو بۆ پێشانگایەکی فرۆشتنی دیاری(پێشانگای دیاری) لە شەقامی مەولەوی نزیک لە بەردەرگای سەرای سلێمانی و ئەم دێڕە هۆنراوەیەش لە دامێنییەوە نوسرابو:
بەدەستی بەتاڵ نەڕۆی بێ دیاری
دیاری پێویستە بۆ یادگاریی
ساڵی پار کە چومەوە کوردستان، ئەو تابلۆیە هێشتا بەسەر ئەو پێشانگایەوە بو،ساتێک لە بەردەمیدا رامام، رەنگ و روی نەژاکابو،تێکنەچوبو،کاڵ نەبوبوەوە،هەستم بە تاپۆی چاوەگەشەکان و پەنجە باریک وسپییەکانی زامداری هونەرمەند،زامداری ناکام و جوانەمەرگ دەکرد بەسەرتابلۆکەوە!
کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو کۆستە گەورەیەی زامدار هەمەلایەنە بون،سەریکردە جگەرەکێشانێکی زۆر و مەی خواردنەوە، جگە لە خۆشبەختیی کورد ئامانجێکی دیاریکراوی نەبو، دەستلەملانی هیوایەک نەبو ، سبەینێی نەدەخوێندەوە،بۆ ئەو ساتە دەژیا کەئەو رۆژە دەیگوزەراند، داهاتو بایەخێکی ئەوتۆی نەبو.. بەڵام هەرگیز گەل و نیشتیمان وهاوڕێ و دۆستەکانی پشتگوێ نەدەخست، پاکوخاوێنی و جوانپۆشیی و سادەیی و ناسکیی و روخۆشییەکەی لەدەستنەدا،بەردەوام لەگەڵ هونەرەکەدا گرنگییەکی بەرچاوی دەدایە خوێندنەوە و گفتوگۆ لەسەر تێگەیشتنی هۆنراوەکانی مەحوی و هەوڵی لێکدانەوەیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست