کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ریفراندۆم لە نێوان بەڵێ و نەخێردا بەرەو کوێ؟

Saturday, 12/08/2017, 23:33


با کوردانە بیربکەینەوە،کوردانە بدوێین،کوردانە کاربکەین.
بەرژەوەندیی نەتەوایەتیی بەرلە بەرژەوەندیی تەسکوتروسکی تایبەت وحیزبایەتیى و تاکپەرستیی
 ریفراندۆم، کێ دەیکات و کێ لەبەرامبەریدا دەوەستێ، هاوکار و دۆست و دوژمنانى دەرەکیی کامانەن؟
ئەگەرەکانى سەرکەوتن و مەترسییەکانى سەرنەکەوتن، ئامادەکارییەکان و کۆسپەکان، رووبەری جوگرافی پرۆسەکە.ئایا دوای ریفراندۆم گوزەرانى دانیشتووان باشتر دەبێت؟
براى کورد،براى هاوخوێن و هاوخاک و هاوزمان : ئەگەر سەر بە پارتی ، یەکێتى، گۆران ،کۆمەڵى ئیسلامیی ، یەکگرتووی ئیسلامیی ، کۆمۆنیست،نەتەوەییەکان،سۆسیال دیموکرات،چەب ولیبرال، عەلمانی یا ئیسلامیی رادیکاڵ، پێشکەوتنخواز یا کۆنەپارێز، موسوڵمان یا کریست یا ئێزدی یا کاکەیى،سوننە یا شیعەى عەلى کوڕى ئەبوتالیب، هەرچى هەبیت هەر کوردیت و وڵاتى تۆ کوردستانەو وڵات و نیشتەنیی کەمایەتییەکانى تورکمان و ئاسووریى وکلدانەکانیشە. پێویستەو ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتیمانیی پیرۆزە، هەرهەموومان لە ئاستى بەپرسیارێتی مێژووییدابین ،پەیوەندیی و وابەستەیى حیزب و هوز و بنەماڵە وەلانێین  و دوور لە هەست و سۆزی دەروونیى و گرێوگۆڵى دڕکاوى و ئاڵۆز و ئاڵۆسکاوى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە شێوێنراوەکان، ژیرانەو دووربین ، هزر و ئاوەز و لۆژیک و نەست ئینجا هەست و ویژدان بکەینە سەرپشک و سەرمەشقى هەڵوێست و بڕیارى کۆتاییمان لەبەردەم سندووقەکانى دەنگداندا بە بەڵێ یا نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دواتر بنیاتنانى دەوڵەتى کوردستان.حکوومەتى هەرێمیش بانگەشەی سیستمى دیموکراتیی و(ئازادیی بیروڕا) دەکات بەڵام گرنگترین شت بۆ هەریەکێک لە دانیشتوانى باشوورى کوردستان ئەوەیە هەڵوێستێک بنوێنێت هەردەم خۆی و نەوەکانی شانازیی پێوەبکەن ، هەڵوێستێک پەشیمانی و شەرمەزاریی لە دووا نەبێت و (قەرزارى دنیا و قیامەتیش نەبین ).
خوێندنەوەى بارودۆخەکە: ماوەیەکە لە باشوورى کوردستان ، باس هەرباسی ریفراندۆمە و هەراوهوریایەکى ئەوتۆى ناوەتەوە، خەریکە خەڵکە ستەمدیدەکە بازدەدات بەسەر خەمەگەورەکانى خۆیدا و قەیرانى ئابووریی و کێشەکانى ژیانى سەختى رژزانەى بیردەچێتەوە و هەندێک بە هەموو تواناوە و هەندێکیش ئەوەندەى هێزى تێداماوە،خۆ فڕێدەدەنە مەیدانە جەنجاڵەکەى ریفراندۆم و تێگەیشتن و وێناکردنیشمان بۆ پرۆسەکە زۆر لە یەکتر دوورن. ئاخۆ هەموان دەزانین لایەنە یاساییەکانى ریفراندۆم چییە،چۆن دەکرێت و کەى دەکرێت و بۆ دەکرێت؟ ئاخۆ لەخۆمان دەپرسین ریفراندۆمەکەى ێاڵى 1992 بۆ حسێب نییەو کاری بێناکرێت؟ ئەى ریفراندۆمێکى نوێ لە 25/9/2017دا، بۆ حسێب دەبێت و کاری پێدەکرێت؟ یا ئێمەى کورد، ئەمەش تەنها وەک مۆدێل بەکاردەبەین و ئەوى دیکەى گرنگ نییە!؟ کۆتایی حەفتاکان و سەرەتاى هەشتاکانى سەدەى رابوردوو، لاوانى باشوور ،بانتۆڵى(شارلستۆن = جارلستۆن) مان وەک مۆدێل لەبەردەکردو نەماندەزانى بەناوى (شارلس = جارلس) ى شاى بەریتانیاوە ناونراوە!؟
ئەوەى لە میدیاکانى باشوور و میدیاکانى بێگانەوە بڵاودەکرێنەوە زۆر جیاوازن و نێوانیان ئاسمان و رێسمانە. میدیاکانى خۆمان دانیشتوانى هەرێمى کوردستانى باشوورى کردووە بە سێ بەشەوە:
1/ ناوچەى ێەوز: سلێمانى،کەرکووک،گەرمیان،هەڵەبجە،دەنگ بۆ سەربەخۆیی نادەن.
2/ ناوچەى زەرد : هەولێر،دهۆک،زۆربەى هەرە زۆریان (بە زۆر بێت یا خوایشت) دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن.
3/هەموو ئەوانەى سەر بەو دوو ناوچەیەنین،یا سەربە لایەنێکیانن بەڵام لەبەردەم سنووقەکانى دەنگداندا خاوەنى دەنگى راستەقینەى خۆیەتی و ویژدانى خۆی ئاسوودە دەکات یا لە نێوان بەڵێ و نەخێردا ناتوانێ خۆی ساغبکاتەوە و کارتەکەى بە سپێتی فرێدەدات و دێتە دەرەوە.
بارودۆخى ناوخۆ : ماڵى کورد لەم ماوەیەى دواییدا لە هەرکاتێکى دیکە پەرشوبڵاو و ناڕێک و شێواو و شێوێندراوترە و روون و ئاشکرا دابەشبووە بەسەر سێ بەرەى ناکۆکدا بە کۆڵێک کێشە و لێکتێنەگەیشتن و قەیرانى کۆن ونوێى چارەسەرنەکراو و چەقبەستووى نێوانیانەوە.ئەوە جگە لە بەرەیەکى  حەپەساو کە زەینى بووە بە (زەینی سوڕسوڕە) و نازانێت شایەتمان بەرەو کوێ بێنێت ورۆڵى نێگەتیفى میدیاى هەڕەمەکیى وچەواشەکارى حیزبەکان و ئەوانەشیان کە کەم یا زۆر سێبەرى قورس و چەبۆک و هەژموونى دەرەکیی بەسەرەوەیە و بە نۆتەو ئاوازى ئەوان دەهۆڵ و زوڕناى (بلوێر ژەنى جادووگەر) ئاساى خستۆتەکار و ئەو خەڵکە هەڵدەپەڕێنن و شەڕیشە لەسەر سەرچۆپی و گاوانییەکە.تەنانەت کار بەوە گەیشتووە هەندێک دەیانەوێت کوردى باشوور بە ئامێرێکى ساتوسەمتوور هەڵپەڕێنن، جا وەرە تەماشاى ئەو بەزمە بکەو خۆت سەرپشک بە پێدەکەنیت یا دەگریت .با روونتر بدوێین و خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێین و هیزى جەماوەریی هەریەک لە حیزبە سەرەکییەکانى گۆڕەپانەکەى باشوورى کوردستان بخەمڵێنین :
بارتى دیموکراتى کوردستان (بارزانى) : زۆرینەى کورسییەکانى پەرلەمانى گرتووە و بەو پێیە زۆرینەى دەنگى دەنگدەرانیش بەدەست دەهێنێت.
یەکێتى نیشتیمانیی کوردستان (تاڵەبانى – هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)، کۆسرەت رەسووڵ،دکتۆر بەرهەم ێاڵح ، فوئاد مەعێووم،عادیل موراد و هاودەنگەکانى، تۆراوەکان لە یەکێتى،یەکێتییە خوێن زەردەکان و گرووپ وباڵ و دەستەوتاقمى دیکەش 18 هەژدە کورسی پەرلەمانیان گرتووە و 2 تا 3 باڵیان(هەتا ئەمڕۆ5/8/2017 بەرەنگاریی ریفراندۆم دەکەن و دەنگەکانى نزیکەى نیوەى سەرکردایەتى و ئەندام و لایەنگرانیان پێکدەهێنن. یا روونتر بڵێین 3 باڵ لە پێنج باڵە بەهێزەکە پشتگیریی راپرسیی ناکەن و دەنگى خۆیان بە نەخێر دەهاونە سنووقەکانی دەنگدانەوە.
بزووتنەوەى گۆڕان ( نەوشیروانییەکان ،(ئیسلامییەکان ، ناڕازییەکان لە دەنگ ورەنگ و رێبازى گۆڕان لە دواى سەرکردەکەیان): 24کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنابوو. لە 25/6/2017ەوە پێشنیازەکانى پارتییان داوەتە دواوە کە لە رێگەى یەکێتییەوە خرابووە بەر دەستیان و جگە لەوەش کێشەى دیاریکردنى جێگرەوەى نەوشیروان مسەفاو دیاریکردنى تێکۆشەرێکى دێرین و میانڕەوى وەک کاک عومەرى سەید عەلى بە خەلیفە،هەڵبژاردنێک یا دیاریکردنێکە بە دڵى هەموو ئەندامانى گۆڕان نییە.
چەوساوە و بەشخوراوەکان: لە رۆژى ریفراندۆمدا(ئەگەر ئەنجامدرا) رقوکینەى پەنگخواردووی خۆیان، رەشەباى تووڕەیى و هەڵچوونیان دەکەن بەناو سنووقەکاندا،زۆربەیان تارماییەکى رەشی بێهیوایى بەری چاوانى گرتوون و بەپێى وتە بەنێوبانگەکەى شەهیدى جوانەمەرگ، هونەرمەند عەلى بلبل (چیدەبێت با ببێت) هەلوێست وەردەگرن.
کۆمەڵى ئیسلامیی: لەهەموو هەڵوێست و کاردانەوەیەکدا هاودەنگ و هاوهەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕانن و 6شەش کورسی پەرلەمانیان گرتووە.
یەکگرتووی ئیسلامیی: هەتا ئێستە هاودەنگى پارتین،دەنگى نەیاریشى زۆر تێدایە و ئەو کاتەى دەچنە بەردەم سنووقەکان، ئامانجى سەرەکییان بەرژەوەندیی حیزبەکەیان و تورکیاو ئیخوانەکانە.
خاوەن بەرژەوەندییە قەبەکان : گەندەڵکاران و دز و هەلپەرستەکان ، ئەمانەش 1% ى رێزەى دەنگدەران پێکدەهێنن.
کەمایەتییەکان :
تورکمانەکان: هەرهەموویان تۆرانى و ئەڵقە لە گوێی تورکیان،دەنگ بە هیج پرۆسەیەک نادەن بەرژەوەندیی کوردى تێدابێت و بە پێداگرییەوە بەرامبەر سەربەخۆیى کوردستان دەوەستنەوە.بەڵاَم چەند لایەنێکی بەناو تورکمانیش هەیە،بەسەر پارتى و یەکێتیدا دابەشبوون و دەسندەخۆری ئەوانن، ئەوانەى دەروێشى پپارتین ، دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگى پارتی، ئەوانەش کە دەستنێزى یەکیتین دەنگى یەکێتى دەجوونەوە، بە بەڵێ یا نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتى کوردستان. لیژنەى پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان تورکمانە تۆرانییەکانی باشوور و عێراق،بەتوندى ئەنجامدانى ریفراندۆمەکە رەتدەکەنەوە.
 تورکمان،کڵدانەکان،ئاسوورییەکان12-15% ى دانیشتووانى باشوور پێکدەهێنن و دەشێت 6% ى ریژەى دەنگدەران لای ئەوان بێت و دواى بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان دەکەون ومەرجیان هەیە و هەتا دووایین کاتەکان چاوەڕێ دەکەن و خۆیان ساغ ناکەنەوە....سەرئەنجام 4-5%یان دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگى ئەو لایەنەى مەرجەکانیان دەسەلمێنێت، پارتی بێت یا یەکێتى، ئەوە گرنگ نییە .
یێزدیی - ئیزدیی یەکان: بە رەگەز کوردى رەسەنن بەڵام وەک کەمایەتییەکى ئاینیی لە نێوان ئاینەکانى کوردستاندا(سوننە،یێزدیی، کاکەیی،شیعەى عەلیی، زەردەشتیی...) بەسەر پارتی و یەکێتى و پێکەکەدا دابەشبوون و بەشێکیشیان خۆیان بە عەرەب دەزانن!
کریستەکان(گاور): ئەمانە بەکەمایەتى ناژمێردرێن چونکە بە رەگەز کوردن و کوردى پاک و نیشتمان پەروەرن.
عەرەب و عەرەبە هاوردەکان: بەسەر شیعەى عەلی و سوننەو کۆنە بەعسییەکاندا دابەشبوون و خاوەنى دەنگ و رەنگى خۆیان نین،پاشکۆى گالیسکەکانى ئێران و تورکیاو سعوودییەو قەتەر و ئیخوان و...فەرمانى سەرۆک هۆزەکانیان وکۆنە سەرکردەکانى بەعسییەکان و کوڕ و کچەکانى ێەددامن .تاکوتەرایەکیشیان بەرژەوەندییان لەگەڵ پارتى یا یەکێتیدا هەیە و لەو روانگەیەوە هەڵوێست لە دەنگدان وەردەگرن بۆ سەربەخۆیى کوردستان... دەتوانین بەشێوەیەکی دیکە بڵێین لە رووکەشدا وادەردەکەوێت نزیکەى 49% ى دەنگدەران دەنگ بۆ سەربەخۆیى نادەن و بە نەخێر وەڵام دەدەنەوە بەڵام هەر بە پێی خوێندنەوەى دەنگ و رەنگى جەماوەر، هەستونەستیان،گلەیى و گازندەو رەخنەکانیان لە حکومەتى هەرێم (بارتى و یەکێتى و گۆڕان وکۆمەڵى ئیسلامیی و یەکگرتووى ئیسلامیی)دەبێت ریژەى دەنگدەران بە بەڵى، زۆر لەو ریژەیە کەمتربێت، بەڵام ناتوانین حساب لەسەر ئەوە بکەین، چونکە کوردەکە(جیوەیی) یە و هەڵوێستەکانى ناچنە خانەى بڕیاری دروست و لۆجیکەوە!! ئەگەر دەشپرسیت چۆن، دەڵێین لە ساڵى 2014وە بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنین و نەبوونى کارەبامان قبووڵکرد، نەبوونى ئاومان قبووڵکرد،نەبوونى بەنزین و نەوت و غازمان قبووڵکرد، نیوە مووچەو چارەکە مووچەشمان قبووڵکرد،ئەو هەموو دزیی و فزیی و درۆو چاوبەستەمان قبووڵکرد،بە ئاشکرا خێروبێرى ئەم وڵاتە دەفرۆشرێت و کۆمەڵێکى دیار وناسراو حوولیدەدەن و تێرنابن، هەر هەڵدەلووشن و میللەت زەققەى چاوى دێت و چاوی دەردەهات،ئەوەشمان هەر قبووڵکرد،ێەدان جار بۆردومان و تۆپبارانى تورکیاو ئێران و کاولکردنى گوندەکانمان قبووڵکرد، دامەزراندنى ئەو هەموو بنکەى سەربازیی و سیخوڕیی و هەواڵگریی تورک وئێرانمان قبووڵکرد،وێرانکردنى ژێرخانى ئابوورى و پڵانە گڵاوەکانى بنەبڕکردنى ئاژەڵداریی و کشتوکالمَان قبووڵکرد(زۆر جار نرخى سنووقێک(23-25کیلو) تەماتەى هاوردە،دادەبەزێتە سەر تەنها 3000 سێ هەزار دینار)بۆ رێگرتن لە جوتیارى کورد کە بەرهەمەکەى بۆ نەفرۆشرێت ودەستبەرداری کشتوکاڵ بێت ...!! ئەوەشمان هەر قبووڵکرد، ئەى ئیتر چی ماوە قبووڵى نەکەین؟ بە مەزندەى کۆڵەوارى خۆم وەهاى تێدەخوێنمەوە، ئەوەى هەتا ئێستا لە گۆڕێیەولەبارەى ریفراندۆمەکەوە بڵاوکراوەتەوە، سوارى باێێک دەبین نازانین بە کوێدا دەڕوات و ناشزانین روو لەکوێ دەکات و بۆ کوێ دەڕوات و دەگاتە کوێ یا هەرناگاتە هیچ کوێ. تف لە دەست و قووەت لە خوا، تاڵ و کرمێ لەسەر خۆمان. ریژەیەکى زۆریشمان بە بەڵێ هاوبەشیی ریفراندۆمەکە دەکەین و ئەولاتریش، خۆ لەوە خراپترمان بەسەرناهێنن!! ئەم (خراپترمان بەسەر ناهێنن) ەش خۆى لە خۆیدا راستییەکەو ئەقڵ دەیگرێت وکەم یا زۆر، رێژەیەکى دەنگدەران لەو روانگەیەوە هەڵوێست وەردەگرن.بەڵام ئاخۆ سەربەخۆیی کوردستان ریفراندۆمى دەوێت؟ بێگومان نایەوێت.چونکە ئەم باشوورى کوردستانە بە ریفراندۆم نەخزێنراوەتە نێو ئەو دەوڵەتەى بەریتانییەکان ساڵى 1921بەناوى دەوڵەتى عێراقەوە دروستیانکرد بۆ بنەماڵەى هاشمییەکانى حیجاز. کەواتە بۆ ریفراندۆم دەکەین ، بۆ ئەم هەراوهوریایەمان ناوەتەوە و لەم قەیرانى ئابوورییەدا پارەو پوولێکى زۆریش بۆ ئەنجامدانى بەهەدەر دەدەین؟ 
ئایا ئەم ریفراندۆمە بۆ چییە، ئامانجەکانى بە شێوەیەکى گشتیی کامانەن،بەتایبەتیش بۆ سەربەخۆیى کوردستانە یا ئامانجى دیکەى لە بندا حەشاردراوە؟ ئایا ئێستا کاتێکى گونجاوە بۆ ریفراندۆم ،بەتایبەنیش ئەگەر بۆ سەربەخۆیی کوردستان بێت؟( مامۆستا کامیل ژیر دەڵێت: سەربەخۆیى کوردستان،هەموو کات کاتێتی،گەرچى کات هەیە لەکاتیتر گونجاوترە، کاتی ئێستاش لە گونجاوترین کاتەکانە.) بەڵام من دەڵێم ئەگەر دڵنیانەبین کە زۆرینەى دەنگدەران بە بەڵێ دەنگ دەدەن، نەکردنى لە کردنى باشترە، چونکە کاتێک دەنگەکانى نەخێر زۆربێت(کە لە راستیدا نەخێر نییە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەڵکو نەخێرە بۆ پرۆژەکەى پارتی) ئەوە دەبێتە بەڵگەیەکى مێژوویی بە دەست ناحەزان و دوژمنانەوە کە کورد سەربەخۆیی ناوێت و پێکەوە ژیانى لە چوارچێوەى عێراقدا بەلاوە باشترە.ئەوەشمان بیرنەچێت ماوەى کارپێکردنى هەر ریفراندۆمێک، تەنها یەک ساڵەو دواى ئەو ساڵە ئەنجامەکەى بووچەڵ دەبێتەوە.
پەیوەندیی ریفراندۆم بە هەڵبژاردنى گشتیی کوردستانەوە: جگە لە پارتی و یەکگرتووى ئیسلامیی هاودەنگی، هەرهەموو لایەنەکان و جەماوەرى بێلایەنەکانیش جەخت لەوەدەکەنەوە کە ریفراندۆم ئەگەر ئەنجامدرا، دەبێت بەر لە هەڵبژاردنى گشتیی هەرێم بکرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکى هەرێم،ئەمەش خۆى لە خۆیدا خاڵێکى یەکجار گرنگە و ئەوان و پارتى ویەکگرتووی ئیسلامی دەخاتە دوو بەرەى ناحەز و رکەبەرەوە.
گرنگیی کات: لە هەمووجەنگ و پێکدادانێکى چەکداریدا،دیاریکردنى کات و شوێنى شەڕەکە زۆر گرنگەو دەشێت نیوەى سەرکەوتن مسۆگەربکات. لە ریفراندۆمیشدا کات و ئەو شوێنانەى ریفراندۆمەکەى تێدا دەکرێت گرنگن .. ئایا 25/9/2017کاتێکى گونجاوە بۆ ئەم ریفراندۆمەى باشوورى کوردستان کە قسەى لێوە دەکرێت و هەراوهوریایەکی ناوەتەوە؟هەر بۆ نموونە، مامۆستا جەمال نەبەز دەڵێت:(گشتبرسیی لەم کاتەى ئێستادا،کارێکى بێ مانایە و گشتپرسیی لەسەر ماڵی خۆ، ناکرێ و بێجگە لەوەش لە کۆمەڵگەیەکدا سەرناگرێ کە لە ژێر هەڕەشەى شمشێر و رمی داگیرکەراندا بێ. ئەمە بیروڕای منەو ئێوەش ئارەزووى خۆتانە.)
گەورەبەرهەمهێنەرى باشوورى کوردستان و عێراق،فارووقى مەلامستەفا: داواکارم کاتى ئەنجامدانى ریفراندۆمەکە دوابخرێت.
شاسوارعەبدولواحید خاوەنى کۆمپانیای نالیا،25/7/2017دامەزراندنى حیزبێکى راگەیاند(کەهێشتا ناونەنراوە) و کەمپینێکیشی سازکرد بۆ هاندانى جەماوەر بە نەخێر وەڵامى ریفراندۆم بدەنەوە.شاسوار لەو بارەیەوە دەڵێت: دواى سەردانەکەم بۆ ئەمەریکا،دڵنیابووم کە ئەم ریفراندۆمە بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان نییە و مەترسى گەورەشى بەدواوەیە، بۆیە ئێمە دەنگدەران هاندەدەین دەنگ بۆ نەخێر بدەن! ئەو بەرپرسانەى بینیمن، وتیان بەرپرسێکى باڵاى هەرێم ئاگادارکراوەتەوە کە ئەنجامدانى ریفراندۆم(هەرنەبێت لەم ماوەیەدا) بەگونجاو نازانین و ئەگەر هەردەیکەن،ئەوە هەرچى رووبدات خۆتان بەرپرسن! ( دەستەواژەى هەرچى رووبدات خۆتان بەرپرسن، چەندین چەمکى زۆر گرنگ لەخۆدەگرێت.)
 سەربەخۆیی پیرۆزترین ئامانجەکانى کوردە کە هەتا ئەمڕۆ خەباتى بۆدەکات و بەردەوامیشە لە قوربانیدان لەو پێناوەدا، بۆیە لە بارودۆخى ئاساییدا کە ماڵمان شپرزەو پەرشوبڵاو نەبێت وەک ئێستا،دەنگ نەدان بۆ سەربەخۆیی هێڵی سوورە وبڤڤەیە،هەر کوردێک بخلیسکێتە ئەودیو ئەو هێڵەوە،مۆرى ناپاکیی دەنرێت بە تەوێڵیەوە و مێژووش سووک و ریسواى دەکات. ئاخر سەربەخۆیى نەپێشنیازى لایەنێک یا سەرکردەى ئەو لایەنەیە، نە مافێکە گەلێک بیەوێت وگەلێکى دیکە نەیەوێت، بەتایبەتیش بۆ گەلى کورد کە رووبارێک خوێن و فرمێسکى بۆ رشتووە، بەڵام لە نێو گەلانى دواکەوتوودا،بەرژەوەندییە تەسکەکانى بنەماڵە، تیرەو هۆز،حیزب وئاین و ئاینزاو رابەرانى ئاینیی، رۆڵێکى زۆر گرنگ دەگێڕن لەوەدا کێ رابەرایەتى دەکات ؟ هەر لایەنەو ئەو شەرەفەى بۆ خۆی دەوێت و بە لایەنێکى دیکەى رەوانابینێت(وەک هەڵگرتن و دانانى بەردە رەشەکەی کەعبە لە سەردەمى جاهیلیدا) بۆیە ناکرێت یەکێتى لە دژی  پارتیی ، یا گۆڕان لە دژی یەکێتى و پارتیی دروشمى نەخێر بۆ ریفراندۆم بەرزبکاتەوە یا بەکوردیی و کورتى بڵێین : دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان  ئەگەر بەرابەریی مەسعوود بەرزانى دابمەزرێت ، یەکێتى و گوڕان و کۆمەڵەى ئیسلامى نایانەوێت و بە هەموو شێوەیەک و بەهەموو توانایانەوە کۆسپ و تەگەرە و کێشەى بۆ دروست دەکەن ورێگریی لە سەرکەوتنى دەکەن، خۆ ئەگەر لە سەر دەستى ئەوان یا یەکێک لەوانیش دابمەزرێت ، پارتیش هەمان هەڵوێستى ئەوانى دەبێت. لێرەدا نموونەیەکى زۆر سادەو ساکار دەخەمە بەر دیدى خوێنەر،چەند برایەک دەمێکە ئاواتیانە خانوویەک دروست بکەن و هەموویان پێکەوە کۆبکاتەوە و لە کرێگرتەیى رزگاربن و ببنە خاوەن خانوویەکی سەربەخۆی خۆیان،هەم لە خانووەکان و هەم لە حێزانەکانى دیکەش جیایان بکاتەوە وخاوەنى  سەربان و بنبان  وحەوشەو دیوارى خۆیان بن، بۆ دەبێت ئەو دەمەى کار دەگاتە ئەوەى دیوارى حەوشەکەیان هەڵچنن، دووسێیەک لەو برایانە لە رقى برایەکیان دەست لەکار بکێشنەوە وهەریەکەیان بە بیانوویەک بلێن نەخێر دیوارى حەوشەمان ناوێت!!!
ئەوانەى نایانەوێت دەنگ بۆ سەربەخۆیى بدەن ، جۆراو جۆر و جیاوازن :
1/ ئەوانەى لە سەرەوە باسکران.
2/ئەوانەى دەڵێن ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان و دامەزراندنى دەوڵەتی کوردستان، پێویستى بە چەند خاڵێکى بنەڕەتییە، وەک:
زەمینەى ناوخۆ پتەوبێت و ناوماڵی کورد رێکخرابێت، پەیوەندیی و هەڵوێستى لایەنەکان بەرامبەر یەکتر گونجاو وجێگیربێت،کە دەکاتە ئەوەى پەرلەمان کارابکرێتەوە، بارودۆخى ناوچەکەو هەڵوێستى وڵاتانى دراوسێ (داگیرکارانى کوردستان)گونجاو و لە باربێت.پێشخان و مەرجەعییەتى یاسایى و دەستووریی و پێکهاتنی ئاشکراو بێ گرێوگۆڵ و فەرمیی نێوان هەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و بڵاوکردنەوەى لە میدیاکاندا. لاهوور شێخ جەنگى لەو بارەیەوە دەڵێت: بنەماکانى سەرکەوتنى پرۆسەکە پێویستى بە هێزى سەربازیی،پێکهاتنى(لێکتێگەیشتنی)لایەنەکان، ،ئابوورییەکى دامەزراو،دیبلوماتکارییەکى ئەکتیڤ و ئاشتەوایى کۆمەڵایەتییە.
3/ ئەوانەى دەڵێن ریفراندۆم ،پلانى نهێنیی و دەرەکیی لە پشتەوەیە و تەنها خزمەت بە لایەنێک و هێزە گەندەڵکارەکان و تورکیاى دوژمنى سەرسەختی کورد دەکات و هیج خێرێکى بۆ کورد تێدا نییە.
4/ ئەوانەى دەڵێن ئێستا گوزەرانمان زۆر خراپە،قەیرانى دارایی، نەبوونى مووچە، کێشەکانى ئاو و کارەبا و نەوت و غاز، بێکاریی، گەندەڵى و تاڵانکردنى خێروبێرى وڵات،ناکۆکیی و پەرشوبڵاوى ماڵى کوردو.....ئێستە ئەمە حاڵمانە،ئەى ببینە دەوڵەت ؟ زمانى حاڵیان دەڵێت:(گوریس بە یەک لایەنە نەدەهاتەوە،ئینجا دوولایەنە)،(مەیموون زۆر جوان بوو، ئاوڵەشى دەردا) یا (رەمەزانمان جوان گرت، نۆرەى شەشەڵانە).
5/ بۆ پووچەڵکردنەوەى پلانى ژێربەژێرى دز و گەندەڵکاران و هێزە دەرەکییە دوژمنکارەکان بەکورد،پێویستە هەرهەموو کوردى باشوور یا زۆرینەیان،یەک دڵ و یەک دەنگ، رۆژی 25/9/2017(یا ئەگەر دواخرا) بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیى کوردستان بچنە بەردەم سنووقەکانی دەنگدان و هەموو لایەنەکانیش ئەنجامەکە قبووڵ بکەن و پشتگیریی هەنگاوەکانى دوواتریش بکەن، ئەگەر نا،نەکردنى باشترە.
6/ هەندێک لایەنی سیاسیی: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و هەڵبژاردنى پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم پێکەوە و لەیەک رۆژدا لە مانگى 11/2017 دا بکرێت.ئەمەیان ئێستا بۆتە بەشێک لە مەرجە بنەڕەتییەکانى بزوتنەوەی گۆڕان لە سەردەمى کاک عومەری سەید عەلیدا(بە تەنها کاراکردنەوەی پەرلەمان، کێشەکان چارەسەرناکات، بەڵکو دەبێت لەگەڵ چارەسەرکردنى قەیرانی ئابووریی و سەرۆکایەتی هەرێم و گوزەرانی دانیشتوواندا پێکەوە چارەسەر بکرێن) 
دەتوانین بە کورتی بڵێین، کۆمەڵگەى کوردی باشوور لە هەڵوێستیاندا بەرامبەر ریفراندۆم دەکرێن بە سێ بەشەوە:
1/ بە چاونووقاندنەوە دەنگ بۆ ریفراندۆم دەدات و تاڵ و کرمێ لەسەرخۆی و چیدەبێت با ببێت!
2/ بەرژەوەندییەکانى خۆی و حیزبەکەى لەبەرچاو گرتووە و کۆمەڵێک مەرجی هەیە. هەندێک لایەنی سیاسیی: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و هەڵبژاردنى پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم بێکەوە و لەیەک رۆژدا لە مانگى 11/2017 دا بکرێت.
3/ لە نێو رووناکبیرانیشدا راوبۆچوونی جیاواز هەیە،بۆ نموونە، مامۆستا کامیل ژیر دەڵێت: (ریفراندۆم،نەکردنى باشترە لە کردنى. لە نەکردنیا هیوایەک بۆ سەربەخۆیی هەرئەمێنێ،لە دۆڕاننیا، مایەکەمان ئەبێتە مایەى بیازفرۆش!.. وەک وەڵامێ بۆ ئەوانەش کە(نان)یان لە سەربەخۆیی لا چاکترە،ئەڵێم: تێربوونى چینەبرسییەکان،هەر لە ژێر سایەى سەربەخۆییدا دێتە ئەنجام نەک لە ژێر باری دیلیا.)بەڵام  من هاوڕای مامۆستا نیم لە بەشى دووەمى بۆچوونەکەیدا،هەر دوور نەڕۆین سەردەمى ێەدام، خۆ بندەست بووین بەڵام نە برسی بووین و نە کەسانێک وەک ئێستە بێکارو رووتورەجاڵ و پلیشاوە و بێهیوابوون لە ژیان؟  
4/ دەنگ نادات و گرنگیش نییە بەلایەوە، یا بە نەخێر دەنگ دەدات.ئەوانە زۆرینەى ئەوانەن کە کوردبوون و هوشیاریی نەتەوەییان کزولاوازە،هەندێکیان ئیستاش بە باشوور دەڵێن(شیمال). جا وەرە ئەوە لەگەڵ هەڵوێستى عەرەبێکدا بەراوردبکە، سەر بەهەر لایەن و بەرەیەکى عەرەب بێت، سەربە هەرئایدیایەکە یا بێلایەن بێت،هەرگیز ناڵێت ئیسرائیل،بەڵکو دەڵێت فەلەستینى داگیرکراو،زایۆنیزمى دوژمن.
5/ توێژێکى نوێش پەیدابووە، لە نێوان نەخێر و بەڵێ دا، کارتەکەی بە وشەی نەڵێ پڕدەکاتەوە !
ئەگەرەکانى سەرکەوتن یا سەرنەکەوتنى ریفراندۆمەکە و ئەنجامەکانی: لای هەمووان روون و ئاشکرایە، پرۆسەى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ودامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان، پرۆسەیەکى مەزن و وەرچەرخانێکى مێژوویی ناوازەی نەتەوەى کوردە و بەدرێژایى مێژووى4-5هەزار ساڵەى خۆى ، بە ئەزموونى لەمجۆرەدا تێنەپەڕیوە. بۆیە پرۆسەکە ئەوەندەى چارەنووسسازە، ئەوەندەش هەستیارە وهەڵمەتێکى هوشیارکردنەوەى جەماوەریى هەرهەموو دانیشتوانى باشوورى کوردستانى دەوێت بە کورد و کەمایەتییەکانیشەوە، چونکە ئەوانیش ژمارەیەکن، هەرچەند ژمارەیەکى بچووکیشن.سەرکەوتن یا سەرنەکەوتنى پرۆسەکەش زۆر گرنگ و هەستیار و ئاڵۆز و مەترسیداریشە،خۆ هەموو دەزانین هەتا ئەمڕۆش بۆ گەلى کوردستان روون نەکراوەتەوە ،چەمکە یاسایی و دەستووریی وکۆمەڵایەتیی و ناوچەیی ونێودەوڵەتیی وسەربازیی وهونەرییەکانى پرۆسەکە، سەروبەریان بەکوێوەیە؟ئەگەرەکانى سەرکەوتن(ناڵێم گەرەنتی)کامانەن،لەنێو ئاگری جۆرەها چەکى چوار دوژمنى، دوژمن بە مرۆڤدا،لەکەنارى دەسەڵاتى سەربەخۆ/ نیمچە سەربەخۆى هەرێمەوە، رووتوقووت بە مەلە دەپەڕیتەوە بۆ کەنارى سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان و نازانییت لەو بەریش چى چاوەڕوانتە! سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەگەر بەرچاوى روونە و دەزانێت بەرەو کوێ ملدەنێت،پێویستە بەرچاوى میللەتیش روونبکاتەوەو میللەتیش بە ئارامیی و دڵنیایى بڕیارێکى دروست بدات بە بەڵێ یا نەخێر.باوەڕناکرێت مەسعوود بارزانیش هەروا ماشەڕایى و بە بینینێکى لێڵوپێڵەوە هەنگاوێکى وەها چارەنووسساز بنێت ونەزانێت کار بەکوێ دەگات. کەواتە دەزانێت و بەرچاوی روونە و کارتى بەهێزى لە دەستدایە، ئەى بۆ ئاشکرایان ناکات و دڵنیامان بکات؟
تیمەرمان،راوێژکاری سەرۆکى ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، بە ماڵپەری سپۆتنیک ی رووسیایی راگەیاند: پەیوەندی نێوان ئەمەریکاو حکوومەتی هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى کاتیی نییە، درێژخایان و ستراتیژیشە، لە نێو ئەندامانى کۆنگرێسیشدا،زۆرێکیان پشتگیریی ئەنجامدانى ریفراندۆمەکەى 25/9 دەکەن.بۆ هاوکاریکردنى زۆرتریشمان پێویستە لایەنەکانى باشوورى کوردستان، کێشەکانى نێوانیان چارەسەربکەن و هێزى پێشمەرگەش لە ژێر دەسەڵاتى حیزبەکان دەربهێنرێت.
لە بەرلین رێپێوانێک کرا بۆ پشتگیریی دەوڵەتى کوردستان،ئاڵاى ئیسرائیل زۆرتر دەبینرا وەک لە ئاڵاى کوردستان !
ئیرەجى ساجیدیی کونسوڵى ئێران لە بەغدا دەڵێت : لەرێگەى تایبەتیی خۆمانەوە دەتوانین زۆر بە ئاسانی رێگە لە سەرکەوتنى ریفراندۆم بگرین.دیارە رێگەى تایبەتییان چییە، ئێمەى کورد(مشتۆی نێو هەمانەکە،کوشتووینی)
وەزارەتى دەرەوەى رووسیا: ئێمە بەهیج شێوەیەک دژی ریفراندۆم نین بۆ سەربەخۆیى کوردستان بەڵام گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە گەڵ بەغدا بۆ ئەنجامدانی،کاریکى دروستە.ڤالیران شۆفایف کونسوڵى پێشووى رووسیا لە بەغداش دەڵێت ئەنجامدانى ریفراندۆم لە باشوورى کوردستان و کاردانەوەکانى بەسەر وڵاتاندا لەبەرژەوەندی کورد دەبێت . 
مالیکى، سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق: ئەگەر رێگە لە مەسعوود بارزانى نەگیرێت، عێراق و ئێران وسوریاش کەرتوپەرت دەکات! تکایە سەرنج بدەن،جاران بانگەوازی سەربەخۆیى کوردستان،داگیرکارانى نەدەوروژاند،هەندێک جار زۆر بێبایەخ بەلای گوێیاندا دەڕۆیشت و مێش میوانیان نەبوو! بەڵام ئەمجارەیان زۆر سەغڵەتى کردوون.
عەببادیی، سەرۆک وەزیرانى عێراق : پشتگیریی پەیمانى سایکس - بیکۆ ناکەم بەڵام کوردستان(مەبەستى باشوورى کوردستانە) بەشێکە لە عێراق.
دکتۆر ئایدى کۆهێن: لۆبى جوولەکە بە هەموو تواناوە هاوکاریی دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان دەکات.ترامب سەرۆکى ئەمەریکاش هاودەنگ و بشتیوانە.
عوسمان بایدەمیر،وتە بێژى پارتى دیموکراتى گەلان(هەدەپە)لە وەڵامى کۆمیتەى ئاسایشی نەتەوەیى تورکیادا،لە نێو هۆڵى پەرلەماندا رایگەیاند، پشتگیریی ریفراندۆم دەکەین بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان.بە ئەردۆگانیش دەڵێت، ئەگەر کورد بە برا دەزانیت،بۆ هەڕەشە لە کورد و سەرکردەکانی دەکەیت؟تۆ کە سەربەخۆیی تورکیات بەلاوە زۆر گرنگە، ئەى نەتەوەى کورد بۆ نابێت سەربەخۆیى کوردستانى بەلاوە گرنگ بێت؟
تورکیالە زمان مەولوود چاوەش ئۆغڵۆ وە رۆژی 7/7/2017 وتى: دژایەتیی دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان دەکەین لە باکوورى عێراق بەڵام لە داهاتوودا لاریمان لە دامەزراندنى نییە بە پێى مەرجەکانى خۆمان کە مەرجى سەربازین و دەبێت (باکوورى عێراق)وەک باکووری وڵاتى قوبروێ لە بندەستى تورکیادا بێت ودەسەڵاتى راستەقینە بەدەست تورکیا بێت و (خاکى ئەو ناوچەیەش) بەکاربهێنین بۆ لێدانى پارتى کرێکارانى کوردستان وهێزەکانمان(کە ئێستا لەو ناوچانە جێگیرکراون) بە پێی رێککەوتنێکى نوێ ژمارەیان زیادبکرێت.
ئێران: لەمیانەى کۆبوونەوەکەى رۆژی 23/7/2017 وەزیرى جەنگى عێراق،عیرفان حەییالی لە تەک سەرۆکى شورای بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران،عەلی شەمخانى، ئاژانسى (مهر) دەنگۆیەکى هەڵپڕوکاند گوایە فیتنەیەک لە ئارادایە بۆ تێکدانى هێمنى و ئاسایش و یەکپارچەیى خاکى عێراق.لەزمان وەزیری جەنگى عێراقیشەوە بڵاویکردەوە کە: سوپای عێراق هەر هەوڵێک پووچەڵدەکاتەوە بۆ کەرتوپەرتکردنى خاکى عێراق.بەڵام هەمان رۆژ وتەبێژى وەزارەتى جەنگى عێراق هەواڵەکەى بە درۆخستەوە و وتی(دوورە لە راستییەوە)کە سوپای عێراق دەجوڵێنن بۆ رێگرتن لە دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان.بەڵام راستیی مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەمەریکا بەهۆى ئەو وەزیرەوە نامەیەکى ئامۆژگاری بۆ سەرانى ئێران ناردووە و ئاگاداریان دەکات ئەگەر سیاسەتى چەوتى خۆیان راستنەکەنەوە لە دەستخستنە کاروبارى ناوخۆ و دەرەوەى عێراق و سوریا، دەبێت چاوەڕوانى کاردانەوەى توندى ئەمەریکاو ئەورووپا وهاوبەیمانەکان بکەن و خاڵ بەخاڵیش بە جۆرێک ئامۆژژگارییەکانیان بۆ روونکردونەتەوە،سەرانى ئێران دڵنیابن سەرۆک دۆناڵد ترەمپ گاڵتەى لەگەڵدا ناکرێت و پلانێکى گەورەو فراوان ئامادەکراوە و هەرهەموو پێداویستییەکانى جێبەجێکردنیشى ئامادەیە، بۆیە ئاقڵانە سەرى رەزامەندى و ملکەچییان لەقاند بەر لەوەى وەک هەنگاوى یەکەم بەدەردەکەى میرى قەتەریان بەسەربێت.
ئەمڕۆ ئێران مەترسیی راستەقینە رووی تێکردووە،ئەوەى ئەمەریکاو ئەورووپا،38ێاڵە چاوى لێدەنووقێنن و لە سەردڵیاندا بووە بە گرێ،هاتۆتە کۆتایی.کۆبوونەوەکەى ئەم دواییەى ریاز(لوتکەى ریاز) بڕیاریدا،هەوڵێکى نوێ بدەن بۆ ئابڵووقەدانى ئێران و گۆشەگیرکردنی و ئاڕاستەى دوژمکاریی وڵاتی سعوودییە و هاوپەیمانەکانى،لە ئیسرائیلەوە بگۆڕن بەرەو ئێران کە 38ێاڵە شەڕەکانى لە دەرەوەى سنوورەکانى خۆیدا دەکات و لەمەودوا شەڕ بخەنە ناوماڵییەوە،بە هۆی وەهابییەکانەوە(تەکفیرییەکان).بێگومان ئەو هێزانەى لەو بەرنامەیەدا بەکاردەهێنرێن، هەر وەهابییەکان نین،پارتی دیموکراتی کوردستان -ئێران و کۆمەڵەى رەنجدەرانى کوردستان- باشوورش گەلى عەرەب لە ئەهواز،گرووپى موجاهیدینى خەلق لە ناوەڕاستى ئێران هەر یەکەیان بەرەیەکى جەنگیان بۆ دەکرێتەوە! دوورنییە پاشماوەکانى داعشە بەزیوەکانى مووێڵ و گرووپى دیکەى نوێش لەو بەرنامەیەدا بخرێنەکار. 
ئەمەریکا:جەیمز جێفری، باڵیۆزى پێشووى ئەمەریکا لە عێراق(سەر بە دیموکراتەکانە ): سیاسەتى چەسپاوى ئەمەریکا، عێراقێکى یەکگرتووی فیدراڵی دیموکراتیی دەوێت.کورد دەیەوێت ئەم ریفراندۆمەش وەک ئەوەی 2005 بەکراوەیى بهێڵێتەوە(باڵۆنێک هەڵدەدات وەک تاکتیک بۆ گوشار و بۆ خوێندنەوەى کەشوهەواى دەوروبەر). 
 سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا، تێریزا مای، بە تەلەفوون حەیدەر عەبادیی دڵنیاکرد کە لەندەن پشتگیریی عێراقێکى یەکگرتووى سەقامگیر دەکات و رێگە نادەن یەکپارچەیى عێراق رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە. 
مەسعوود بارزانی: هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم و سەرۆکى هەرێم ئەنجام لە 1/10/2017دا ئەنجامدەدەین.ریفراندۆمیش هیچ هەڕەشەو مەترسییەکى تێدانییە بۆ هێچ لایەک،بەڵکو هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنى کێشە گیر و چەقبەستووەکان لەگەڵ بەغدا.
ژەنەراڵ دانفۆر، سەرۆکى ئەرکانى هێزە هاوبەشەکانى ئەمەریکا: ریفراندۆم و سەربەخۆیى کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق، پەیوەستە بە بەغدا و هەولێرەوە، بە عەبادیی و مەسعوود بارزانییەوە.
جۆن بۆڵتۆن،کونسوڵى پێشووتری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەى ۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت: عێراق بەم شێوەیەی ئێستا، دۆستى ئەمەریکا نییە.کورد شەڕى مردن و ژیان لەبەرامبەر هێزەکانى (داعش) دا دەکەن بۆ رێگەخۆشکردن لەبەردەم ئاواتى هەزاران ێاڵەیاندا،کە بریتییە لە دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستانى مەزن.
جەنەڕاڵ ئێرنى ئۆدینۆ(خانەنشین): یەکپارچەیی وڵاتى عێراق خزمەتی بەرژەوەندییەکانى ئێران دەکات کە دەستی بەسەر ناوەڕاست و خواروودا گرتووە و بەردەوامیش هەوڵدەدات باشوورى کوردستانیش بخاتە بازنەى دەسەڵاتى خۆیەوە.تاکە رێگە بۆ رێگەگرتن لە ئێران و بووچەڵکردنەوەی  بلانی (دەمەداسە شیعە نشینەکە) سەربەخۆیى کوردستانە.
 بریت مەکگۆرگ، نوێنەری تایبەتیی سەرۆک ترامب بۆ جاودێریکردنى بنەبڕکردنى هێزى سەربازیی داعش13/7/2017 رایگەیاند: بە راشکاویی وتمان بە مەسعوود بارزانى( ئێستا کاتێکى لەبار نییە بۆ ریفراندۆم ، چارەسەر دانوستاندن و رێککەوتنە لە گەڵ بەغدا بۆ بەرژەوەندی هەردوولا. 
نیکی هیلی،نوێنەرى ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیى، پێچەوانەى سیاسەتى ئەمەریکایە لە عێراق و کۆسپ و تەگەرە دەخاتە بەردەم جێبەجێکردنى پلان و ئەرکەکانى بۆ لەناوبردنى پاشماوەکانى داعش و دەستەبەرکردنى ئارامیی لە ناوچەکەدا.
جۆزێف نیکتۆن، جێگری وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا، رۆژى14/7/2017 رایگەیاند کە ئەنجامدانى ریفراندۆم بارودۆخى عیراق دەشڵەقێنێت،بۆیە لەم کاتەدا پشتگیریی لێناکەین.
ئیسرائیل: ئیسرائیل کتوبڕ رایگەیاند(لەبەر چەند هۆیەکى پەیوەست  بە ئاسایشەوە، کونسوڵگەریی خۆمان لە ئەنقەرە داخست). بەم بڕیارە رێککەوتنەکەىساڵى 2016ى نێوان ئیسرائیل وتورکیا بووبە بڵقى سەرئاو. ئەمەش ئاشکرا دیارە بەهۆى پشتگیریکردنى ئاشکراى ئیسرائیلە لە دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان.دەنگۆیەکیش بڵاوە، کە دەوڵەتى ئیسرائیل بە فەرمیی بڕیاریداوە لە 25/9/2017بەدوواوە هەر هێزێک هێرش بکاتە سەر هەرێمى کوردستان،هێزەکانمان دەستوبرد وبەتوندی وەڵامی دەدەنەوە!!
کۆمکاری عەرەب لە زمان ئەحمەد ئەبولغەیزى سەرۆکییەوە: نامەیەکى تایبەتیی ناردووە بۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ئەوەى خستۆتە بەرچاو کە(هەموو مافەکانى گەلى کورد، تەنها لە جوارچێوەى دەوڵەتى عێراقی فیدراڵیی دیموکراتیداو بەپەنجەنەرمکردن لەگەڵ دەستووردا ئەو مافانە دەستەبەردەکرێن.)
میرنشینە یەکگرتووەکانى عەرەب: دەبێت حەشدى شەعبی وەک داعش و (جەبهەى نوێرە) لەنێوببرێن.دیارە ئەمەش لە ناوەڕۆکدا زۆر پەیوەستە بە ئێمەی کورد و سەربەخۆیى کوردستانەوە، چونکە بەڵگە نەویستەو شایەتی ناوێت، بە ئازایەتی و قوربانیدانى کورد، داعش تارومارکرا،حەشدى شەعبیش ئەگەر کەڵک لە کۆتایی داعش وەرنەگرێت، وەک ئەو بزنەى بەسەردێت کە نانی شوانەکەى خوارد.
مەسعوود بارزانى : سەربەخۆیى کوردستان رێگە لە هەڵگیرساندنى جەنگێکى فراوان دەگرێت لە ناوچەکەدا.سەرنەکەوتنى ریفراندۆم تەنها سەرنەکەوتنى پارتی نییە لەو بڕۆژە نەتەوەییەدا، بەڵکو سەرنەکەوتنى نەتەوەى کوردە لە هەنگاوناندا بەرەو سەربەخۆیی.
رابەری باڵاى کۆمارى ئیسلامیی ئێران، عەلى خامەنەیی: چرپوهووڕى راپرسیی بۆ سەربەخۆیى کوردستان خەفە دەکەین.
جەلال تاڵەبانى، سکرتێرى گشتیی ینک، تاران دڵنیادەکات کە هاودەنگى مەسعوود بارزانی نییە بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم.ئێرانیش عەبادى دڵنیا دەکات کە دژی ئەنجامدانى  ریفراندۆمە لە هەرێم.
هوشیار زێباری، وەزیری پێشووی دەرەوەى عێراق و ئەندامى دەستەی باڵاى راپرسیی کوردستان: راپرسییەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و هیچ جۆرە دواخستن و گۆڕاکارییەک لە ئارادانییە.ترس و دڵەڕاوکەتان نەبێت و بەدڵنیایی دەنگ بدەن بۆ سەربەخۆیی کوردستان.هیچ دەوڵەتێک دژى ریفراندۆمەکە نییە،143دەوڵەت پەیماننامەى دابینکردنى مافى گەلانی واژووکردووە، چۆن دژایەتی مافەکانى کورد دەکەن، کە پێشێلکردنى پرەنسیپەکانى ئەو پەیماننامەیەیە.دەنگۆ و پروپاگەندەی شڵەقاندنى بار و دۆخى هەرێم و گرانیی و قاتوقڕیی، دوژمنان بڵاویدەکەنەوە.
قوباد تاڵەبانی،جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە مەڵبەندى بادینانی ینک، لەگەڵ بەرپرس و کادیران و ئەندامانى حیزبەکەیدا کۆبووەوە و رایگەیاند:(هەر یەکێتییەک دژی ریفراندۆم بێت، ئەوە دژى خواستى هەڤاڵ مام جەلالە و سزاى توند دەدرێت.ێاڵی1982یەکێتى نیشتمانی کوردستان، دروشمى چارەی خۆنووسینى بەرزکردەوە،چۆن ئەمڕۆ لە دژی دەوەستین؟ پێویستە یەکێتییەکانى مام جەلال بە گڕوتینەوە پشتگیریی ریفراندۆم بکەن و مام ئاسوودە بکەن.
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ساڵی2004 بانگەشەى راگەیاندنى سەربەخۆیی کوردستانى دەکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتى مەسعوود بارزانى پشتگیریی لێنەدەکرد!!
کونسوڵى عێراق لە تاران،راجیح ێابیر موسەوى: جیابوونەوەى هەرێمى کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، پێشێلکردنى دەستوورى عێراقە کە ێاڵى 2005 گەلانى عێراق دەنگیان بۆ داوە. خۆ ئەگەر ئەو راپرسییە بکرێت و دەوڵەتى کوردستان دروست بکرێت،ئەو دەوڵەتە بە مردوویى لە دایک دەبێت.
نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئێران، نازم دەباغ لە رۆژانى (سەردانەکەى) جەلال تاڵەبانى بۆ ئێران9/7/-13/7/2017 رایگەیاند: ریفراندۆم بۆ جیابوونەوەى هەرێمى کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان(ناوچە بەعەرەب کراوەکانى سەردەمى ێەدام حسێن)لە 25/9/2017دا، تەنها تاکتیکێکە بۆ گوشار خستنە سەر بەغدا، بۆ جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى و بەلاداخستنى کێشە چەقبەستووەکانى دابەشکردنى دەسەڵات و فایلى نەوت،کەرکووک و مادەى 140و مەترسییەکانى کورد لەپەلاماردانى  سوپای عێراق و میلیشیاکانى حەشدى شەعبیی. ئەگەرنا کورد نایەوێت لە عێراق جیابێتەوە.چاوەڕواندەکرێت شاندێکى باڵاى ینک: کۆسرەت رەسووڵ جێگرى یەکەمى سکرتێری گشتی،مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەى کارگێڕیی مەکتەبى سیاسی،مەحموود سەنگاوى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و چەند بەرپرسێکى دیکەى باڵا،بگەنە تاران و دواى گەڕانەوەیان دووا بڕیارى ینک بڵاوبکەنەوە.لەم بارودۆخەدا کەس خۆزگە بە ینک ناخوازێت،ئەگەر پشتگیریی ریفراندۆم بکات ، پشتیوانى ئێران لە دەستدەدات و بارو دۆخیش لە ئێستە زۆر خراپتر دەبێت.ئەگەر پشتیوانیش لە ریفراندۆم نەکات بەرپرسیارێتییەکى میژوویی زۆر گەورەى دەکەوێتە ئەستۆ و دەبێتە بەڵەیەکى رەش بە تەوێڵییەوە.
ئیبراهیم جەعفەریی،وەزیرى دەرەوەى عێراق و سەرۆکی رەوتی چاکسازی نیشتیمانی(تیارالاێلاح الوگنی):لە هیچ دەوڵەتێک نەمبیستووە پشتگیریی ریفراندۆم بکات لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەر هەموویان یەکپارچەیی خاکى عێراق بە گرنگ دەبینن بۆئاشتیی و ئارامیی ناوچەکە.جەعفەری جەختی لەوەشکرد کە(ئێمەلە سنووری دەستووردا، رێز لە بۆچوونەکەی لایەنى کورد دەگرین.)
دکتۆر نەجمەدین کەریم،ئەندامى مەکتەبی سیاسی ینک. وپارێزگاری کەرکووک: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان(هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانیش)لە کاتى دیاریکراودا ئەنجام دەدرێت.
ئەیاد عەلاوى ،سەرەک وەزیرانى پێشوترى عێراق: عێراق(مەبەستى لە وڵاتى نێوان دوو رووبارەکەیە) نیشتیمانى عەرەب نییە، کورد و کریست و جوولەکە دانیشتووانى رەسەنى ئەم وڵاتەن.
مەلا بەختیار،سەرۆکى دەستەى کارگێڕیی مەکتەبى سیاسیی ینک: کورد مافى خۆیەتى سەربەخۆیی رابگەیەنێت.هەڵوێستى میدیای ینک لەبارەى ریفراندۆمەوە بە دوو ئاڕاستەدا کاردەکات!
هوشیار عەبدوڵڵاى ئەندام پەرلەمانى عێراق11/7/2017 لە کەناڵى تیڤی، ئێن ئاڕ تی، رایگەیاند کە حکوومەتی بەلجیکا و پەرلەمانى ئەورووپا، یاسا نێودەوڵەتییەکانیان پێشێلکرد و بێڕێزییان بەرامبەر سیادەو سەروەریی خاکى عێراق کرد، کە ئاڵاى کوردستانیان بێ ئاڵاى عێراق  لە هۆڵى کۆبوونەوەکاندا،دانا.
ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگای سلێمانى: پێویستە هەموومان خۆمان بە خاوەنى ریفراندۆم بزانین.
ئەبوبەکر کاروانی: راگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان، گوزەرانى دانیشتووانى کوردستان دەئەوەندەی ئێستا خۆشتر دەکات.بەڵام خۆ ئەو بەڕێزە هەر ئەوەندە دەڵێت و دەڕوات،پێمان ناڵێت چۆن وبە چی،بە ژیرخانى ئابووریمان،بە هەلی کار بۆهەموان، بە دامەزراندنى دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان، بە خزمەتگوزارییەکان، بە سەروەریی یاسا، بە دڵسۆزیی وخەمخۆریی و دەستپاکیی لێپرسراوان، بە...
 شێخ جەلال ئەلێەغیر: محەممەدى مەهدى دەردەکەوێتەوە و یەکەم هەنگاو پەلاماری کورد دەدات!!! 
 کەناڵی تیڤى، ئێن ئار تى: لە راپرسییەکدا بۆ روونکردنەوەى هەڵویستى دانیشتووان لەمەڕ رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان ئەم ئەنجامەى بڵاوکردەوە : بەڵێ 38% ، نەخێر 61% .
بەر لەو راپرسییە، کەناڵی تەلەفیزیۆنى رووداو،لە بازارى هەولێر،پرسیارێکى سادەى لە خەڵک دەکرد: باشووری کوردستان کوێیە؟باکووری کوردستان کوێیە؟ هەر کوردێک بڕشتێک هوشیاریی نەتەوەیی هەبێت،بیرکردنەوەى ناوێت، دەبێت دەمودەست وەڵامى دروست بداتەوە. بەڵام زۆر سەیر بوو،ئێمە چەند کەسێک بووین پێکەوە دانیشتبووین،هەرهەموومان تووشى شۆک بووین کە کەسێک لەوانى پرسیارەکەیان ئاراستەکرا،نەیدەزانى باشوور، باکووری کوردستان کوێیە!! بەڕاستى بەر لە ئەنجامدانى ریفراندۆم بێویستە ئەوەى لەو بەرنامەیەدا بینراو بیسترا(ئەو ئاستى هوشیاریی نەتەوەییە) بە هەند وەربگرین و بزانین لە چ ئاستێکداین.
لاوانمان بە کچان و کوڕانەوە گاڵتەو لاقرتى بە ریفراندۆم دەکەن و دەڵێن(لە وڵاتێکدا خۆشەویستیی بەدزییەوە و دزیی بە ئاشکرادەکرێت!!)
بەتێپەِربوونى کات و نزیکبوونەوەى وادەى ریفراندۆمەکە لە25/9/2017دا(ئەگەر گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت)،عەبادیی نەرمیى دەنوێنیێت و لایەنەکانى کوردستانیش خاوخاو لە یەکتر نزیک دەبنەوە.
بەشێکى بەرچاوى جەماوەری کوردى باشوور لەو باوەڕەدان دەنگۆی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، تەنهاو تەنها هاشەو هووشە و گەوجاندنى جەماوەرەو تەنانەت بۆ فشار خستنە سەر حکوومەتی عێراقیش نییە کە داواکارییەکانى حکومەتی هەریم جێبەجێ بکات.بەشێکى جەماوەریش دەڵێن: نموونەی زیندوو هەیە، ئەگەر گەلێک کە رابەری هەبێت،بڕیاربدات لەبندەست گەلێکى سەردەست رزگاربێت و سەربەخۆ بژی، وەک کۆسۆڤۆی سەر بە ێربیا دەکات.هاشم تاجیی سەرۆک وەزیرانى هەرێمی کۆسۆڤۆ، رۆزی 17/2/2008 یەکلایەنەو لە هۆڵى پەرلەمانەوە جیابوونەوە و سەربەخۆیی کۆسۆڤۆی بە هەموو جیهان راگەیاند.ئەمە لە کاتێکدا ێربیا تووشى شۆک بوو،رووسیا دژایەتی دەکرد و وڵاتانى ئەورووپاش، سەرەتا بێدەنگییان هەڵبژارد. بەڵام ئەمڕۆ ێەدوبیست120 دەوڵەت گەل و نیشتیمانى کۆسۆڤۆ یان بەسەربەخۆ ناساندووە. 
مەسروور بارزانى، سەرۆکى ئاژانسى ئاسایشى نەتەوەیی کوردستان: کاتە دیاریکراوەکە بۆ ریفراندۆم، زۆر گونجاوە، هەرچەند هەندێک وادەزانن نەگونجاوە. ریفراندۆم موزایەدەکردنی سیاسی یا حیزبى نییە،پرسێکى نیشتیمانییەو ناتوانم بڵێم نەتەوەییە، چونکە کوردستان جۆرەها رەگەز و ئاین و ئاینزاى تێدا دەژی، هەر هاونیشتیمانییەکى کوردستانیی مافی دەنگدانى هەیە،هەرکەسێکیش نایەوێت بەشداریی پرۆسەى(ریفراندۆم)و هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیى بکات،ئازادە کە بەشداری ناکات.
مەسروور بارزانى: بەغدا و چەندین وڵاتی دوور و نزیک، لەم کاتەدا پشتگیریی ئەنجامدانى ریفراندۆم ناکەن، گوایە بەرەى جەنگ لە دژی داعش پەرش و بڵاو دەکات.ئەوانە بەرژەوەندی خۆیان بەلاوە گرنگە و ئێمەش بەرژەوەندی گەلى کوردستانمان بەلاوە گرنگە.کاتەکەش لە گونجاو گونجاوترە و کوسپ و تەگەرەکانیش تەخت دەکەین.
ناوەڕاستى ئەمساڵ2017ماوەى کار و ئەرکەکانى سەرانى عێراق بەکوردو عەرەبەوە، دواى ئەوەى ئەو ئەرکانەیان ئەنجامدا کە بۆیان دیاریکرابوو،کۆتاییهات. ئەمەش بە پێی ئەو بەرنامەیەى کە دەمێکە(جۆ بایدن)ی جێگریئۆباماى سەرۆکی پێشووى ئەمەریکا سەرپەرشتیی دەکات و ماوەى 14ێاڵە چاو لە پێشێلکارییەکان و دەست تێوەردانى راستەوخۆى ئێران لە کاروباری ناوخۆ و دەرەوەى عێراق دەنووقێنن بە ئامانجى :
1/دەستبەسەرداگرتنى سەرچاوەکانى نەوت بۆ ئەمەریکا،وەک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ساڵی داعاتوو، سێ ئەوەندەى ئێستا پێستمان بە نەوتە. بە پێى رێککەوتنە ژێربەژێرەکان،غازە سروشتییەکەش بۆ رووسیا و نەوتەکەى بەێراش بۆ بەریتانیا دەبێت. 
2/دەرکردنى ئێران لە خاکى عێراق .
3/ ئیسرائیل جڵەوى کارەکان بداتەوە دەست ئەمەریکا و جێگە پێیەکیش بۆ بەریتانیا بکەنەوە.
ئامادەکارییەکانى بەرنامەکە: وڵاتى سعوودییەوکەنداو،بڕی140ێەدوچل ملیار دۆلار پێشکەش دەکەن بۆ هەستانەوە و ئاوەدانکردنەوەى عێراق و بڕینى دەست و پەنجەکانى ئێران و جێگە لێژکردن بە رێکخراوە ئیسلامییەکانى سەربە ئێران یا ئیخوان موسلیمین و جێگە پێیەکیان بۆ نەمێێنێتەوە لە هیج لایەکى عێراقدا.
بە دوواداچوون و لێبێچینەوە لە دز و گەندەڵکاران و دەستبەسەرداگرتنى ملیارەهادۆلار پارەى دزراوو ئاشکراکردنى تاوانبارەکان کە سەرانى عێراق و سەرانى هەرێم و مافیا و بانکەکان بۆ وەزارەتى دارایی ئەمەریکاو لایەنە پەیوەندیدارەکانى یوئێن ئاشکرادەکات.ئەم هەڵمەتەش لە پارێزگارەکانەوە دەستپێدەکات و بەرەو ژوور دەبێتەوە بۆ سەرۆک ئەنجوومەنى پارێزگاکان، وەزیرەکان،ئەندام پەرلەمانەکان و سەرۆکەکانی وەزارەت و سەرۆکەکانى پەرلەمان لە 2003بە دواوە.
دامەزراندنەوەی هەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ کە لە خزمەت گەل و نیشتیماندابن نەک حیزبەکان.سەرەرای ئەمانەش چەند تیمێکى تایبەت دەگەنە عێراق کە شارەزا و پسپۆڕن لە بواری جیاجیادا و پێشتر لە کونسوڵگەرییەکانى ئەمەریکا،بنکە سەربازییەکان لە عێراق کاریان کردووە،بۆ رێنماییکردنى گواستنەوەى عێراق بۆ وڵاتێکى دامەزراوی دیموکراتى فیدراڵ.دوو هێزى سەربازیی دەستوەشێنى زۆر تایبەتیش وەک هێزى(دەلتا)  دەگەنە عێراق بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنى ئەرک و فەرمانەکان. 
عەمار حەکیم سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵای شیعەکانى عیراق،یەکەمین بەرپرسی باڵایە،زوو لە فیکەى ئەمریکا تێگەیشت و ملکەچیی خۆی راگەیاند و وادیارە زووتر لەگەڵیاندا رێککەوتبێت کە دەستبەرداری ملیارەها دۆلاری کەڵەکەبوو دەبێت لە بانکەکاندا بە مەرجێک ناوى نەزڕێت و نەکەوێتە بەر لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن.بۆ دڵنیاییش یەک لایەنە ئەم هەنگاوانەی هاویشت:
دەست لە کارکێشانەوەى لە سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى باڵا و بارەگاى سەرەکیی ئەنجوومەنەکەشى بە هەر هەموو کەلوپپەلەکانییەوە رادەستى حکوومەت کردەوە.
چۆڵکردنى کۆمەڵگەى جادرییە بۆ حوکمەت.
ئێستا سەرلەبەرى مافیاکانى عێراق سەرقاڵی خۆکۆکردنەوەن،سەری خۆیان قوتاربکەن، بەرلەوەى بکەونە بەر رقوکینەوسزاى جەماوەری ستەمدیدە و زۆۆرلێکراو وبەشخوراو و پلیشاوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە