کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕیفراندۆم و ئاشبەتاڵی نوێی بنەماڵە

Saturday, 05/08/2017, 20:35


گەر بە وردی لە مێژووی هاوچەرخی کورد بڕوانین و بە تایبەتتر لە سەدەی بیستەمدا و دروست لە کاتی لە سێدارەدانی کۆماری مهاباتدا، ئەوا ئەم مێژووە دەبێتە یەکەمین ئاشبەتاڵی بنەماڵەی بارزانی و فرۆشتنی کورد لە لایەن بنەماڵەی بارزانیەوە. پاشان لە ڕێکەوتنامەی جەزائیردا دیسان ئاشبەتاڵی دووەمی بنەماڵەی بارزانی ڕووی دایەوە و جارێکی تریش کەرد فرۆشرایەوە لەسەر دەستی بنەماڵەی بارزانی.. بەڵام ئەمجار دوژمنی کۆن بووە دۆستی ئەوکات و کەرەج بووە لانکەی کارەکتەرە سەرەکیەکانی ئاشبەتاڵی دووەم..
 لە ئێستاشدا کە زیاتر لە سێ ساڵە حکومەتی هەرێم بە دەست چەندین قەیرانێکی دەستکردی بنەماڵەی بارزانیەوە دەناڵێنێت(هەر لە بڕینی قوتی خەڵک تا دەگات بە دزینی ملیارەها دۆلاری میللەت و بە فرۆشی ژێر بەژێری نەوت بە تانکەرو بۆری و هەروەها پەکخستنی پەرلەمان بە بڕیاری حزبی و ....هتد) کە هەموو ئەمانەش تەنها لە پێناو مانەوەی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی و مەرامی بنەماڵەییە، جەنابیان بەڵێنی سەربەخۆیی و دروشمی باق و بریق دەدا بە ئێمەی هاوڵاتی.. بەجۆرێک کە ئەمساڵ گەیشتە لوتکەو لە سەروبەندی نزیک بونەوەی هەڵبژاردنەکانداو پاش دوو ساڵ لەکارخستنی گەورەترین دەزگای تەشریعی لە هەرێم، لە کۆبونەوەیەکی حزبیدا وادەی ماڵوێرانکردنی (ڕیفراندۆم) دیاریکرد..  
ئەدی سەرۆک من لە بیرمە ٢٠٠٥ ڕیفراندۆم کراو ڕێژەی دەنگی بەڵێ  ٩٨% بوو، ئەدی بۆ دەوڵەتت ڕانەگەیاند!!؟؟ یان پیاوی دەوڵەت نەبویت و نیت!! من تێ ناگەم پێویستە چەند جار ڕیفراندۆم بکرێت بۆ ئەوەی جەنابت دەوڵەتێکی بێ بنەمای  وەک خۆت دروست بکەیت؟ تۆیەک کە هێشتا سنورەکانی شەڕی ناوخۆت تێک نەشکاندووەو هێشتا بوێری ئەوەت نیە سەردانی سلێمانی بکەیت و خۆپیشاندەرانی مەدەنی بە گۆرانیبێژ و عەریف حەفلە تێبگەیت و هەرکەسێک دوو وشەی ڕاستی گوت لولەی تفەنگەکەتی ئاڕاستە بکەیت یان سمێڵ و برۆی بتاشیت و ئاودیوی ئەودیو دێگەڵەی بکەیت، پێم ناڵێی لەسەر چ بنەمایەک دەوڵەت دادەمەزرێنیت؟ تۆیەک کە موچەی ٥ مانگی فەرمانبەران بخۆیت و چارەکە موچەش بە دوو مانگ جارێک بدەیت، بەکام ژێرخان و سەرخانی ئابوری دەوڵەت ڕادەگەیەنیت؟!! تۆیەک لەبەر کوڕەکەت شەنگال ڕادەستی کۆنەپەرستانی داعش بکەیت و هیچ باکێکت بەوەش نەبێت کە هەزاران ئافرەتی یەزیدی لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلە بفرۆشرێن، ئیدی بە هەموو ئەقڵتەوە لەو بڕوایەدایت  کە خەڵک متمانەت پێ بکات و بە درۆو گەمە سیاسیەکانی تۆ فریو بخوات؟؟؟ تۆیەک لەبەردەم  پەرلەمانی ئەوروپا هێندە نەفام بیت و  بڵێیت پەرلەمان ویستی کودەتا بکات بۆیە دامخست!!! تۆیەک لەبەردەم ئەوروپا داوای دیموکراسی بکەیت و خۆشت لە میللەت کردۆتە کیم سۆنگ ئیلی کۆریای باکور!؟  
بۆیە من لەو بڕوایەدام کە ڕیفراندۆم تەنها گەمەیەکی قێزەون و گڵاوی تری بارزانیە بۆ شەرعیەتدان بە مانەوەی خۆی لە پۆستەکەیدا.. دەنا بە پێچەوانەوە ئاشبەتاڵی سێ یەمی بارزانی و گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا نزیکترین ئەگەرە، بەڵام ئەمجارە بۆ کەرەج و سۆڤیەت نا، بەڵکو بۆ باوەشی ئەردۆغان و تورکی فاشی... بۆیە دەڵێم سەرۆک توشی نەنگی و ئاشبەتاڵێکی ترمان مەکە و ژێوان بەرەوە لە بڕیاڕە عەجیبەکانت.. هەروەک  دکتۆر یوسف گوتەنی  ( حکومەت بە کەسانی نەخوێندەوار ناچێت بەڕێوە ) منیش دەڵێم چ مەهزەلەیەکە بۆت بەڕێوە نەچێت و ئەوجا بتەوێت  بنیاتیشی بنێی) ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە