کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەلمانیا چۆن ھەستایەوە

Monday, 27/05/2019, 22:23


ئەفسانەی ھەستانەوەی ئەلمانیا چۆن بوو ؟ 
ئەلمانیا ژێرخانی ئابووری لە دەستداو ، چەندین شاری بە بۆمب خاپوور کران و سڕانەوە و تەختی زەوی بوون . ملیۆنان ھاوڵاتی کوژران و کەم ئەندام بوون ،
 بەڵام لە ژێر دار و پەردووی دوو جەنگی جیھانیدا ھەستایەوە ،
 لە چەند ساڵێکدا توانی ئابووریەکەی بەھێزتر بێت ، لە ئابووری بەریتانیا و فەڕەنسا ، کە داگیریان کردوو سەرکەوتن بە سەریدا ! 
ئەلمانیا چۆن توانی جارێکیتر خۆی بونیاتبنێتەوە ببێتە خانمی ئەوروپا ؟
لە ٨ی ئایاری ساڵی ١٩٤٥ دا جەنگی دوەمی جیھانی وەک خۆێناویترین جەنگ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کۆتای ھات ، کە ٦٥ ملیۆن کوژراوی لێکەوتەوە . 
ئەو ڕۆژە ڕۆژی سەرکەوتن بوو بۆ ھاوپەیمانان و قوربانیەکانی دەستی نازییەت . 
بەڵام ڕۆژی شکست و بەزین بوو بۆ زۆرینەی ئەلمانیەکان لەو کاتەدا . چەندین ساڵ لە بۆردومانی ئاسمانی وێرانەیەکی لێکەوتەوە ، کە زۆر زیاتر بوو لە زیانەکانی دوو بۆمبە ئەتۆمیەکەی ھیرۆشیما و ناکازاکی ژاپۆن .
٧ ملیۆن و نیوو ھاوڵاتی ئەڵمانی کوژران ، کە ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی تەمەن ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ کوژران یا کەم ئەندام بوون . چەندین شاری وەک درێزەدن بە تەواوەتی خاپوور بوون ، ژمارەی دانشتوانی شاری کۆڵن لە ٧٥٠ ھەزار کەسەوە بۆ ٣٢ ھەزار کەس کەم بوونەوە .
لە سەدا ٪‏٢٥ ی خاکی ئەڵمانیا کەوتە دەستی پۆڵەندا و یەکێتی سۆڤیەت ، نزیکەی ١ یەک ملیۆن کەس لە کاتی ئاوەرە بونیاندا مردن ، بەرھەمە کشتوکاڵیەکان بۆ  ١/٣ یەک لە سەر سێ دابەزین و زۆربەی کارگەکان بە پلان لە کار کەوتن و لە ناو بران ، بە ئامانجی ئەوەی ئەڵمانیا بکرێتە وڵاتێکی گوندنشین ،
 کە نەتوانێت زیان بە کەس بگەیەنێت . ئەوەش لە سەر پێشنیاری "ھێنری مۆرجینتاو " وەزیری دارای ئەمریکا کرا ، ئەمریکا و بەریتانیا دەستیان بە سەر تەکنۆلۆژیا و داھێنانەکانیانی ئەڵمانیادا گرت ، کە بەھاکەی زیاتر بوو لە ١٢١ ملیار دۆلار بە پێی نرخەکانی ئێستا .
سیاسیەتی کۆنترۆڵکردنی نرخ کە ئەوروپێییەکان سەپاندبوویان وایکرد ، کە شمەک و کەل و پەل لە بازاردا کەمبووە و بازاڕی رەش و جگەرەی ئەمریکی تەشەنەیسەند ، خواردنەوە کحولییەکان جێگەی مارکەی ئەڵمانیان گرتەوە کار گەیشتە ئەوەی لە جیاتی دراو 
کڕین و فرۆشتن بە سیستەمی ئاڵوگۆری کۆن کرا ، کاڵا بە کاڵا ئاڵوگۆریان پێدەکرا ، لە سەروو ھەموو ئەمانەشەوە دەبوو قەرەبووی وڵاتانی ھاوپەیمان بکاتەوە  کە بڕەکەی یەکسان بوو بە ٢٤ ملیار دۆلار بە پێی نرخی ئێستا 
لەو کەشە تۆقێنەرەدا قسەکردن دەربارەی تۆڵە کردنەوە لە ئەڵمانییەکان باڵی بە سەر کتێب و ڕۆژنامە جیھانیەکاندا کێشا ، وەک پێشنیازەکەی بزنسمانی جولەکە " تیۆدۆر کۆڤمان " کە لە کتێبەکەیدا ئەڵمانیا دەبێت بھاڕدرێت  “Germany Must  Perish “ 
پێشنیازیکرد وەچە خستنەوە لە ئەڵمانییەکان قەدەغە بکرێت .
دابەش بوون بۆ دوو دەوڵەت 
ئەڵمانیا کاتێک لە جەنگ ھاتە دەرەوە لە لایەن چوار وڵاتەوە داگیر کرا بوو ، دواتر بە دیواری بەرلین کرا بە دوو دەوڵەت 
یەکەمیان : کۆماری ئەڵمانیای خۆرھەڵات لە ساڵی ١٩٤٩ کەوتە ژێر چەپۆکی پۆڵاینی یەکێتی سۆڤیەت و ملکەچی پلانێکی ئابوری مەرکەزی کرا ، لە گەڵ ئەوەشدا کە بەدەست قورسای برینەکانی جەنگی و قەرەبووە سەپێندراوەکانی یەکێتی سۆڤیەتەوە دەیناڵاند 
بەڵام بووە دەوڵەمەندترین دەوڵەت لە بلۆکی خۆرھەڵات و داھاتی تاک لە ساڵی ١٩٨٥ گەیشتە ٢٣.٣٠٠ بیست و سێ ھەزار ە سێ سەد دۆلار بە نرخی ئێستا ، ئەڵمانیای ڕۆژئاوا کە نزیک بوو لە بلۆکی سەرمایەداری گەشەی ئابورییەکی بە خۆییەوە بینی ، کە بە " موعجیزەی ئابوری ئەڵمانیا  " ناودەبرێت .
ساڵی ١٩٤٤ " لۆدوێگ ئیرھارد " ئابوریناسی ئەڵمانی وتارێکی بڵاو کردەوە و گریمانەی شکستھێنانی نازییەکانی کرد و دیدێکی بۆ ئابوری ئەڵمانیا پێشکەشکرد.  وتارەکەش گەیشتە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دوای جەنگ کردیانە وەزیری ئابوری لە ولایەتی" باڤاریا " 
زۆری نەخایاند ئێرھارد بووە بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئابوری ئەڵمانیای خۆرئاوا ، ئێرھارد دەستی بە کارکردن کرد بۆ سەرلەنوێ بوژاندنەوەی ئابوری ئەلمانیا لە ڕێگەی دوو ھەنگاوەوە 
یەکەم : کارکردن لە گەڵ ھاوپەیمانان ، بۆ دەرکردنی دراوی نوێی ئەڵمانی لە بری دراوە کۆنەکە لە ئەنجامدا دراوی بەردەست لە ناو بازاڕدا ٪‏٩٣ کەمبووە 
پێش ڕاگەیاندنی دراوە نوێیەکە لە ٢١ ی حوزەیرانی ١٩٤٨ ، ئێرھارد ھەنگاوێکی تری یەکلاکەرەوەی نا کە بە دڵی ھاوپەیمانان نەبوو سیاسەتەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی نرخی ھەڵوەشاندەوە کە لە لایەن ھاوپەیمانانەوە سەپێندرا بوون  بەوەش ڕوبەڕوی ڕەخنەی جیھان بوەوە ، بەڵام ئەو ڕاستی بڕیارەکەی بۆ ھەموان سەلماند 
لە شەو و ڕۆژێکدا ئەڵمانیای خۆرئاوا ژیانی بۆ گەڕایەوە و دووکان و مارکێتەکان پربوونەوە لە کاڵاو کەلوپەل . کاتێک ئەڵمانیەکان ھەستیان بەوە کرد کە دراوە نوێیەکەیان بەھای ھەیە بازاری ڕەش و پرۆسەی گۆڕینەوەی کاڵا بە کاڵا کۆتای ھات و ھەستی پیشەسازی بۆ ئەڵمانییەکان گەڕایەوە 
لە ئایاری ساڵی ١٩٤٨ ئەڵمانییەکان خۆبەخشانە ماوەی نۆ کاتژمێر و نیوو سەرقاڵی لابردنی پاشماوەکانی جەنگ بوون . ئەڵمانییەکان نمونەیەکی باڵایان لە سەر کارکردنی بەردەوام بۆ چەندین کاتژمێر بە ھەموو وزەو توانایەکەوە پێشکەشکرد ، لە مانگی ئایاری ئەو ساڵەدا بەرھەمی پیشەسازی ٥٠٪‏ ھەستایەوە و لە کۆتای ساڵەکەدا گەیشتە  ٪‏٨٠ بەڵام ئەم  ڕاپەڕینە نوێیەی پیشەسازی ڕووبەڕوی ئاستەنگ بۆەوە 
لە ڕووی گواستنەوەی کرێکاران و کارگەکان ، لە گۆڕان لە پیشەسازی قورسی سەربازییەوە بۆ پیشەسازی مەدەنی بە ھۆی بونی ھەستی دوژمنکارانە بەرامبەر ئەڵمانیا خواستی جیھانی لە سەر کەلوپەلی ئەڵمانی لاواز بوو ، بەڵام کەمبوونەوەی کەلوپەل و کاڵا لە جیھاندا بە ھۆی جەنگی کۆریاوە ، 
لە سەرەتای پەنجا کاندا خواست لە سەر کەلوپەلی ئەڵمانیا لە ماوەیەکی کورتدا زیادی کرد و بەھاکەی بوو بە دوو ھێندە . ھاوکات لە گەڵ پربوونی ئەڵمانیای خۆرئاوا لە کۆچبەرانی ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات و ناوچەکانی تر لە کەسانی بە توانا بەرھەمی ناوخۆی ئەڵمانیا بە ھاتنی ساڵی ١٩٥٨ بۆ چوار  ھێندە زیاتر بوو 
 دانەوی قەرزەکان و ھەستانەوە
پلانی مارشاڵی ئەمریکی بۆ دووبارە بوونیاتنانەوەی ئەوروپا ، کاریگەریەکی گەورەی بۆ سەر ھەستانەوەی ئەڵمانیا نەبوو پشکی ئەڵمانیا لە بودجەکانی پلانەکە بە بەراورد بە پشکی بەریتانیا کەمتر بوو ، بەڵام چالاکی ئابوری ئەڵمانیا لە سەر و بەریتانیاوە بوو ساڵی ١٩٦١ ڕێژەی بێکاری بۆ ئاستێک دابەزی 
کە کەس چاوەڕێی نەدەکرد ئەویش ٠،٧٪‏ بوو دوای چەند ساڵێک لە وێرانکاری مادی و دەرونی بووە پێشەنگی ئەوروپا لە ڕووی ئابورییەوە ساڵی ١٩٧١ ئەڵمانیا دواھەمین بڕی قەرەبووی زیانەکانی جەنگی دوەمی جیھانی دایەوە و داھاتی تاک گەیشتە ١٩ ھەزار دۆلار بە پێی نرخی ئێستا ، ھەستانەوەی ئابوریی ئەڵمانیا تەنھا ئەنجامی کاری خودی ئەڵمانییەکان نەبوو 
کەمی ھێزی کاری ئەڵمانی وایکرد لە چەند وڵاتێکی وەک ئیتالیا و تورکیا و تونسەوە دەستی کار بھێنرێت . ئەڵمانیا بووە پەناگەی کەسانی ھەڵاتوو دوورخراوەکانی کەمپی خۆرھەڵات و پەنابەرانی دەوڵەتانی تری جیھان .
ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە بوونیاتنانەوەی ئەڵمانیادا ؟
لە دوای کۆتای ھاتنی جەنگ ھەتا ساڵی ١٩٤٨ حکومەتێکی نیشتمانی نەبوو  پرۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوە ڕێکبخات ، ئەوەش خەڵکەکەی ناچارکرد پشت بە خۆیان ببەستن ، بە ھۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان کوژرا بوون یان گیرا بوون . ژنان چەندین گروپیان پێکھێنا بۆ لابردنی دارو پەردووی پاشماوەی جەنگەکە 
ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات ڕویکردە سەرلەنوێ بوونیاتنانەوە بە کەرەسەتەی نوێ  ، بەڵام ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بە پەرۆشبوو بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو تەلار و باڵەخانانەی کە ھەڵگری سیمبولێک بوون ، وەک تەلاری شارەوانی بەرلینی ڕۆژئاوا و گەرەکەکانی شارلۆتنبۆرگ لەوەشدا خەڵکەکەی ڕۆڵێکی گەورەتریان ھەبوو 
لە پێناو پاراستنی ناسنامەی دێرین لە ھەندێک شاردا دژی پلانی نوێکردنەوە وەستانەوە و لە چەند ھەوڵێکیشدا سەرکەوتوو بوون ، وەک دابەشکردنی شەقامێکی گەورەی ناوەڕاستی بەرلینیان ڕەتکردەوە و حکومەتیان ناچار کرد بیکاتە ناوچەیەکی پیادەڕەوی فراوان 
شاری فرانکفۆرت سەرەڕای پێویستی زۆری بە ڕوبەرێکی فراوان بوو بۆ کردنەوەی نوسینگە بە ھۆی ئەوەی سەنتەری بانکەکان بوو ، بەڵام دانشتوانەکەی داوایانکرد لە دەور و بەری شارەکە تەلاری نوێ بوونیاتبنرێت نەک لە شارە دێرینەکە ھەروەھا سەرەڕای داواکاری ھاوپەیمانان 
بۆ ڕوخاندنی ئەو تەلارانەی کە سیمبولی نازیان ھەڵگرتبوو  وەک باڵەخانەی پۆلیس لە دوسڵدۆرف , بەڵام ئەڵمانییەکان ھەندێک لەو باڵەخانەیان ھێشتەوە وەک قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی بە کۆمەڵ بەرامبەر بە تاوانەکانی نازییەکان 
چەند گرتووخانەیەکیش کە خەڵکی تێدا ئەشکەنجەدەدرا و دەکوژرا کرانە مۆزەخانە .

ئەمڕۆی ئەڵمانیا 
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە ساڵی ١٩٥٩ ناونیشانی موعجیزەی ئابووری ئەڵمانیا ی بۆ یەکەمجار لە وەسفی گەشەی خێرای ئابووری ئەو وڵاتەدا بە کارھێنا کە ھەتا ئەمڕۆ ڕاستگۆیانە ماوەتەوە و ئەو وەسفە بۆی دەگونجێ ئەڵمانیا ھێزێکی گەورەی ئابووریە کە چوارەمە لە جیھانیدا 
بە داھاتی ساڵەنەی تاک کە زیاترە لە ٤٩،٥٠٠ چل و نۆ ھەزار و پێج سەد دۆلار . ئێستا ئەڵمانیا لە ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی کەلوپەلدا پلەی سێیەمی گرتووە ، خاوەنی ئاستێکی بەرزی گوزەرانە لە گەڵ کۆمەڵگەیەکی باڵای بە توانا ڕێژەیەکی زۆر نزمی گەندەڵی تێدایە 
خاوەنی بەرزترین تێکڕای بەرھەمی کرێکارانە لە جیھاندا بە پێی باشترین پێوەرەکانی جیھان ، خاوەنی باشترین سیستەمی دڵنیای کۆمەڵایەتی و چاودێری تەندروستی و فێرکردن و پاراستنی ژینگەیە ، خاوەنی بەرزترین ڕێژەی پابەندبوونی دانشتوانە ، بە ڕیسایکلینی پاشماوەکان دەگاتە ٪‏٦٥ ی ھاوڵاتیان 
ئەڵمانیا بە نیشتمانی نوێترین تەکنۆلۆژیای ئۆتۆمبیل دادەنرێ لەو ڕوەوە لە پلەی چوارەمدایە لە بەرھەم ھێنانیدا ، لە ھەناردەکردنی چەکیشدا لە پلەی سێیەمدایە ، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە گرنگترین فرۆکەخانە و بەندەرە لە جیھاندا : وەک فرۆکەخانەی فرانکفۆرت و بەندەری ھامبۆرگ 
زياتر لە ھەزار کۆمپانیای ئەڵمانی لە بوارەکانی خۆیاندا لە ئاستی جیھاندا لە پلەی یەکەمدان ، ئەڵمانیا سێیەم درێژترین تۆڕی ڕێگای ھاتوچۆی خێرای لە خۆ گرتووە کە لە ھەندێکیاندا خێرای لێخوڕین بێسنوورە ، ئەڵمانیا لە وزە نوێبوەکاندا رابەرایەتی دەکات لە جیھاندا و لە نیسانی ساڵی ٢٠١٧ ئەو وڵاتە ٪‏٨٥ بڕی وزەی پێویستی 
لە سەرچاوەکانی وەک : با و ئاو و خۆرەوە بەرھەم ھێناوە و کاردەکات بۆ ئوەی بە ھاتنی ساڵی ٢٠٢١ دەستبەرداری وێستگە ئەتۆمیەکانی ببێت لە بواری بەرھەمھێنانی وزەدا ، ئەڵمانیا بە سەرزەمینی زانا و داھێنەران دادەنرێت و خاوەنی چەندین زانکو و ناوەندی لێکۆڵینەوەی گەورەیە 
ساڵانە دوای کۆریای باشوور زۆرترین دەرچوی زانکۆی لە بوارەکانی ئەنازیاری و زانستەکاندا ھەیە لە سەر و ھەموو ئەمانەشەوە خاوەنی پلەی حەوتەمە لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی جیھاندا کە زۆرترین گەشتیار ڕویان تێدەکەن و تەنھا لە ساڵی ٢٠١٨ دا زیاتر لە ٣٥ ملیۆن کەس سەردانیان کردووە ، 
ئەڵمانییەکان نەتەوەیەکن گەڕانەوە بۆ دواوە ڕەتدەکەنەوە لە ڕابردویەک کە زۆر لە ئێستای عێراق ھەرێمی کوردستان خراپتر بووە توانیان بگەن بەوەی کە ئێستا ھەن کە ھەموان شانازی پێوە دەکەن وەکوو سمبولێک سەیر دەکرێت  .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە