مەترسیەكى ترى هێزە ئیسلامیە سیاسیەكان لەهەرێم!
Wednesday, 02/01/2013, 12:00
لەماوەى رابردوودا زۆر وتارو باس و خواس و تەنانەت بەكتێبیش باس لەمەترسى لایەنە ئیسلامیە سیاسیەكانى هەرێم كراوەو تیشكخراوەتە سەر زۆرێك لەمەترسیەكانیان لەسەر زۆر لایەنى سیاسى و كۆمەڵایەتى و.......هتد، بۆیە ئەمەوێ پەنجە بخەمە سەر خاڵێك لەپیلانەكانى هێزە ئیسلامیە سیاسیەكان لەهەرێمى كوردستاندا، كە دواجار كاریگەرى خراپى دەبێت لەسەر تێكدانى بیركردنەوەى تاكى كورد لەو هەرێمەدا، هێزە ئیسلامیە سیاسیەكانى وەكو (كۆمەڵى ئیسلامى و یەكگرتووى ئیسلامى) لەساڵانى هەشتاكانەوەو بەتایبەتیش دواى راپەڕین هەمیشە بەهاوكارى ئێران كاریان كردووە دژ بەلایەنى نەتەوەیى و خۆشەویستى نیشتیمان لاى تاكى كورد، لەبەرامبەردا ویستویانەو كاریان لەسەر ئەوە كردووە كە تاكى كورد بخەنە خزمەتى فیكرى سیاسى ئیسلامى خۆیانەوە!
لەئێستادا كە هەردوو حیزب تەلەفزیۆنى ئاسمانى و هۆكارەكانى ترى ڕاگەیاندنیان هەیە، هاوشانى خانەو شانەو رێكخستنە حیزبیەكانیان لەڕێگەى ڕاگەیاندنەكانیانەوە ئەجێنداى ئێرانى پەیڕەو ئەكەن و بەردەوام وەكو فەرمانبەرى قەرارگاى ئێرانى لەهەوڵى تێكدانى ئەو وێنە نەتەوەییەن لاى تاكى كورد.
بۆ بەڵگەى زیاتریش لەسەر ئەم بابەتە بەتایبەت لاى كۆمەڵى ئیسلامى ، مەلا كرێكار لەچاوپێكەوتنێكیدا كە بە پێنج بەش بڵاوكرایەوە لەبەرنامەى (المراجعات) لەكەناڵى (الحوار) بەئاشكرا ئەوەى خستەڕوو كە حیزبەكەى عەلى باپیر هاوكارى لەئێرانەوە وەردەگرن و سەرقاڵى جێبەجێكردنى ئەجێنداى شیعى ئێرانین بەبێ ئەوەى هەست بەمەترسیەكانى بكەن تەنانەت لەسەر فیكرەكەى خۆیشیان كە ئیسلامى سوننەیە، تەنانەت ئاماژەى بەوەشكرد كە ئەندازیارى بەرپرس و سەرپەرشتیارى تەلەفزیۆنەكەیان ئێرانیە.
ئەمە لەلایەكەوە وەكو هەندێ بەرنامەكانیان و دراما دۆبلاژكراوەكانیانەوە كە ئێرانین مەترسى لەسەر لایەنى نەتەوەیى دروستدەكات و لەهەمان كاتدا وەك لایەنى سیاسى تەداخولى ئێران لەسەر هەرێم دەسەلمێنێ لەكاروبارى ناوخۆ.
بەشبەحاڵى خۆم ناتوانم لێرەدا باسى ڕۆڵى خراپى یەكێتى و پارتیش نەكەم لەسەر هەمان بابەت كە بەهۆى بەردەوامى گەندەڵى و رۆتیناتى بێ ماناو ناعەدالەتى كۆمەڵایەتیەوە، توانیویانە كاریگەرى خراپیان هەبێت لەسەر سڕینەوەى ئینتیماى نەتەوەیى و خۆشەویستى خاك و نیشتیمان لاى تاكى كورد، چونكە ئینتیماى نەتەوەیى و وەلائى تاك بۆ خاك و نیشتیمان كاتێك دروست دەبێ كە تاك هەست بەئارامى بكات لەو ناوچەیەى تێدا دەژى، هەروەها هەست بكات كە پشكى هەیە لەو نیشتیمانە، هەروەك زاناى دەرونناسى ئەمریكى ئەبراهام ماسلۆ لەهەرەمەكەیدا باسى دەكات، پێویستە تاك پێداویستیە سەرەتاییە فیسیۆلۆژیەكانى ژیانى بۆ دابین بكرێت و هەست بەئەمن و ئارامى و سەلامەتى بكات و بونیەتى خۆى و پێگەى خۆى لەناو كۆمەڵەیەك یان دەستەیەك یان لایەنێكدا ببینێتەوە بۆئەوەى هەست بەرێزو خۆشەویستى دەوروبەرى بكات ئینجا ئەتوانى چاوەڕێى تواناو كارى لێ بكەیت، بەڵام تا ئێستا تاكى كورد ئەم پێویستیانەى بۆ جابین نەكراوە، ئیتر چۆن چاوەڕێى ئینتیماى لێبكرێت بۆ خاك نیشتیمان و نەتەوە، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ بۆچى ئەم دوو هێزە ئیسلامیە سیاسیەش كە خۆیان بەئۆپۆزسیۆن خەمخۆرى هاوڵاتیان دەزانن، بوون بەهاریكارى هێزە دەسەڵاتدارەكانى هەرێم لەكاڵكردنەوەى هەستى نەتەوەیى و خۆشەویستى خاك و نیشتیمان لاى تاكى كورد؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست