کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاشكراكردنى تازەترین هەوڵى كەتیبەكانى تاڵەبانى بۆ بێدەنگكردنى خەڵكانى ناڕازى كوردستان

Tuesday, 19/04/2011, 12:00


یەكێتى و پارتى لەشكست نزیك بوونەتەوە
ئەمڕۆ تا كاتژمێر 2:30 لەسەراى ئازادىو بەردەم مزگەوتى گەورەو لاى ئەسحابە سپى بووم، دواتریش گەرامەوە بۆ كانى ئاسكان، تاڵەبانى نزیكەى 5,000 هەزار كەتیبەى چەكدارى لەچوار هێزى تێكەڵ لەو شوێنانەى سلێمانى بڵاوكردۆتەوە، كۆمەڵێك لەچەكدارەكان دارى كارەبایىو كۆمەڵێكى تریان سۆندەى یەك ئینجو كۆمەڵێكیشیان بۆری نیو ئینجیان بەدەستەوە بوو، دواى كاتژمێر 12:30 ئیتر وردە وردە چەكدارەكان دوكانەكانیان بەهاوڵاتیان دادەخست لەو شوێنانەى ناوم هێناون، شار چۆڵ دەبینرا، بەشێوەیەك كە چەكدارەكان دوو هێندە زیاترى هاوڵاتیان دەبوون، زیاتر لە500 چەكدار لەسەراى ئازادى دەست لەسەر میللى چەكەكانیانن، چەكدارەكانى لاى مزگەوتى گەورەو كانى ئاسكانیش دەست لەسەر دڵ بوون بۆئەوەى كۆمەڵێك گەنجى خۆپیشاندەر كۆببنەوەو ئەوانیش تەقەیان بەسەردا بكەن، كاتژمێر 2ى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 19/4/2011 نزیكەى 500 گەنجێك لەبەردەم مزگەوتى گەورەوە بەرەو سەراى ئازادى رۆیشتن بەشیعارى بەئاشتى بەئاشتى، بەڵام كەتیبەكانى تاڵەبانى هەر زوو تەقەیان بەسەردا كردنو نزیكەى 7 گەنجیان بریندار كرد، هەر لەو كاتەشدا هێرشیانكردە سەر پەیامنێرێكى سایتى كوردیو، ئەوەى چاوەڕێمان نەدەكرد لەیەكێتى ئەوەبوو كە هاوشانى ڕژێمەكەى پارتى تەقە لەخۆپیشاندەرانى سەراى ئازادى بكەن، بەڵام لەدوو رۆژى رابردوودا یەكێتى بەدۆشكە تەقەى لەخۆپیشاندەرانى سەراى ئازادى كردو بەگازێكى تایبەتى فرمێسك ڕژیش زۆربەى ستافى ئەنجومەنە كاتیەكەیان بریندار كرد، رەوشى سلێمانى لەئێستادا زۆر ناجێگیرەو ئەمنیەتى كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، سەرەتاى شكستى یەكێتىو پارتىو حكومەتەكەیان دەركەوتووە، بەڵام بەرپرسە چەتە ئاساكانى ئەو دوو حیزبە كە زیاتر لەدوو كۆمپانیاى بازرگانى دەچن، زۆر بێباكانە قاچیان لەسەر قاچ داناوەو نیازى چاكسازىو گۆرانكاریان نیە، لەبەرامبەردا هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوەو بۆئەوەى قەزافى ئاسا مەیدانەكان بەخۆپیشاندەران چۆڵ بكەن، وەك ئەوەى ئێستا دەیبینین لەخورماڵو رانیەو كۆیەو هەولێرو دەربەندیخانو كەلار خۆپیشاندەران توندوتیژیان لەدژ دەكرێت، تازەترین سیناریۆو هەوڵى یەكێتى بۆ كۆتایپێهێنانى نارەزایىو كۆبوونەوە گشتیەكانى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان بریتیە لەداگیركردنى مەیدانى نارەزایەتیەكان لەشاروشارۆچكەكانداو جێگیركردنى هێز لەمەیدانەكاندا، هەروەك ئێستا دەیبینین كردویانە، لەبەرامبەریشدا جوڵاندنى هێز بەرەو بارەگاى تەلەفزیۆنەكانى هەر سێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن بۆئەوەى جەماوەرى ئەو لایەنانە بڕۆنە بەردەم تەلەفزیۆنەكانیانو هەوڵ نەدەن لەمەیدانى ئازادیەكانى شاروشارۆچكەكان كۆببنەوە (مەبەستم شارە گەورەكانە)، وەك ئەوەى ئەمڕۆى بەردەم تەلەفزیۆنى كەى ئێن ئێنو تەلەفزیۆنى پەیام.
ئێستا بارودۆخە ئەمنیەكە توند بۆتەوە، ڕێگە چارە ئەم دوو ڕێگا چارەیە:
یەكەم: یەكێتى لەبرى ئەم هەڵسوكەوتە قەزافیانەى ئێستاى بێتە پاڵ نارەزایەتیەكانى خەڵكى بەشمەینەتى كوردستان، چونكە ئەو توندوتیژیانەى ئێستا لەلایەن یەكێتیەوە دەكرێت لەبەرژەوەندى یەكێتى نیەو لەبەرژەوەندى هێزە ئەمنیەكانو جەماوەرى كوردستانیش نیە، ئەمڕۆ دیمەنى چەند چەكدارێكم بینى كە بەتەمەن بوونو پرچو ڕیشیان سپى بوو، لەگەڵ چەند گەنجێك گفتوگۆیان دەكرد، كە دەلالەت بوو لەوەى ئەو چەكدارانە لەپێناو پەیداكردنى قوتى رۆژانەى خۆیانو مناڵەكانیاندا ئەو چەكە نەگریسانەیان هەڵگرتووە، ئەگینا ئەوانیش حەز ناكەنو پێیان خۆش نیە فیشەك بەگەنجى ئەم هەرێمەوە بنێن، ئەو چەكدارانەش قوربانى دەستى یەكێتىو پارتین كە برسیان كردوونو بەبڕێك پارەى كەمى مانگانە پێگەى خۆیانى پێدەپارێزن، ئەگەر یەكێتى لەم بارودۆخە هەستیارە سیاسیەى هەرێمدا بێتە پاڵ نارەزایەتیەكانى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانەوە ئەوا مێژوویەكى زێڕین بۆ خۆیان تۆمار دەكەن، ئەگەر بەم شێوەیەى ئێستاش مامەڵە لەگەڵ رەوشەكەدا بكەن، ئەوا پەڵەیكى ترى رەش دەدەن بەناوچاوى خۆیاندا، بەشێوەیەك كە لەگەڵ پارتى پێكەوە دەچنە زبڵدانى مێژووەوە.
دووەم: ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ خەڵكدا پێكەوە بەگفتوگۆ بتوانن هێزێكى ئەوتۆ كۆبكەنەوە كە دەسەڵات ناچار بەدانوستان بكەن، ئەگەریش دەسەڵات وەك پیشەى هەمیشەییان دانوستانیان نەكرد، ئەوكات ناچار ئێمەو ئۆپۆزسیۆن پێكەوە چەك هەڵبگرینو راپەڕینێكى تر لەدژى ئەم دەسەڵاتە بۆگەنكردووە دەست پێبكەین، بەشێوەیەك كە بەتەواوى رایانبماڵین، هەڵبەت بەش بەحاڵى خۆم بەچەكى خۆمەوە ئامادەى ئەم ڕێگە چارەیەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە