کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سوتانی بەشە ناوخۆییەکەی سەرچنارو قسەیەکی تر!

Saturday, 16/02/2013, 12:00


بیرمە شەوی ٣٠ ی تەموزی ٢٠١٠ کە خوێندکارانی زانکۆ ئاھەنگی دەرچونیان ھەبوو، بانگھێشتکرام، بەڵام لەراستیدا پێمخۆش نەبوو بڕۆم، ئەوکات لەرۆژنامەی دەستوور کارمدەکرد، رەنگە مەسەلە ئەوەبووبێ کە دڵم پێوە نەبوو بڕۆم بۆ ئاھەنگی خوێندکارانی زانکۆ، ھەتا شاھیدحاڵی گرگرتنی ئوتێل سۆما بم، دەرووبەری نیوەشەو بیستم کە ئوتێل سۆما گڕی گرتووە و شار شڵەژابوو، ئاخر نوسینگەی رۆژنامەی دەستوور لەبینای تەنیشت بینایەکەی ئوتێل سۆماوە بوو، ھەرچۆنێ بوو خۆم گەیاندە بینایەکەو بینیم ئەو نیوەشەوە بووە بەرۆژی حەشر، تەنانەت سەرۆکی حکومەت کە د.بەرھەم بوو تەشریفیان ھێنابوو، منیش ئەوەی پێمکرا وەکو ڕوماڵی رۆژنامەوانی کردم و دواتر گەڕامەوە ماڵەوە، ئینجا کەوتمە رووماڵی ئەو کارەساتەی ھۆتێل سۆما، ئاخر لەو ئوتێلە دەیان کەس بوونە قوربانی دەیانیش بریندار، یەکێک لەو قوربانیانە گەرمیانی بوو تازە زەواجی کردبوو، یەکێکی تر ھەر ئەو شەوە لەئەوروپاوە گەیشتبوویەوە خاکی نیشتیمان و ویستبووی پشویەک بدات، بەڵام ئەفسوس ئەو ئوتێلە بوو بەدۆزەخیان و تێیدا بوون بەپروز، ئا باسی رووماڵکردنی کارەساتەکەی ئوتێل سۆمام ئەکرد، جا بۆ رووماڵکردن و ئامادەکردنی راپۆرت پێویستم بەوەرگرتنی لێدوانی لایەنی زۆرو ھەندێ شتی تریش ھەبوو، لەو ڕووداوەکە بەرێوەبەری بەرگری شارستانی شارەکەو سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و تەنانەت خاوەنی ئوتێلەکەش کە بەرپرسێکی باڵای ئەو ھەرێمە بوو، ماوەیەکە گوایە وازی لەسیاسەت و ئیدارە ھێناوەو بازرگانی ئەکات، ھەر ھەموویان بێتاوانی خۆیان لەرووداوەکە دەرئەبڕی و ھەریەکەیان بیانوویەکی ھەبوو بۆ بێتاوانی خۆی، بەھەرحاڵ کێشەکە لەوەدابوو ئەگەرچی جگە لەلێدوانی ئەو لایەنانە، لێدوانی تەندروستی و پۆلیس و وەزارەتی گەشتوگوزارو ئەندازیارێک و لیژنەیەکی پەرلەمانیشم وەرگرتبوو، بەڵام ھێشتا راپۆرتەکەم بێ مانا بوو تا ئەو کاتە، چونکە نەمتوایبوو لایەنی بەرپرس بەبێ ئەوەی بیانووی بێتاوانی خۆی ھەبێ دەستنیشان بکەم، راستی بۆ خۆشم سەرم سوڕمابوو ئەبێ کێ بەرپرس بێ لەم کارەساتە؟!
دواجار بەھۆی سەرکێشی و گەڕانی زۆرمەوە توانیم بڕیاری مۆڵەتدان بەدروستکردنی ئەو ھەموو بینایەی سلێمانی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بەو رێژە زۆرە بەدەستبھێنم، بریارەکە لەو کاتەدا دراوە و سەرۆکی حکومەتیش د.بەرھەم ساڵح بوو، لەبڕیارەکەدا ھاتووە کە بەبێ رەچاوکردنی مەرجی سەلامەتی مۆڵەت بدەن بەدروستکردنی بینای زۆرو گەورە، ئەمەش لەپێناو بوژانەوەی زیاتری شارەکەو ھەلبەت ھەرێمیش، ئینجا زانیم کە ئاخۆ بۆچی و چۆن جەنابی سەرۆکی حکومەت بەو نیوەشەوە تەشریفیان ھێنابوو، زەحمەتیان کێشابوو خۆیان گەیاندبوویە سەر کارەساتەکە!
راپۆرتەکەم نزیکەی دوو پەڕەی ئەوکاتی رۆژنامەکەی پێویست بوو، خۆشبەختانە بڵاو کرایەوەو جەنابی سەرۆکی حکومەتیش داوای یاسایی لەسەر تۆمار نەکردم، بەڵام ھەر ئەو جەنابە لەسەر راپۆرتێکی ترم کە بۆ ھەمان رۆژنامەو لەسەر پرۆژە نەوتیەکانی بوو، لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتیەکان داوای یاساییان لەسەر تۆمارکردم، راستی ئیتر من نیشتیمانم بەجێھێشت و نازانم ئەو داوایەو پرۆسەی دادگاییەکە بەکوێ گەیشت، ئینجا دوابەدوای ئەو کارەساتەی ئوتێل سۆماو ئوتێلێکی تری ھەولێر، دەستبەجێ بریاری بەپەلە دانانی مەرجەکانی سەلامەتیان بۆ بینایەو ئوتێلەکانی ھەرێم دەرکرد و پێموایە ئەوکات بۆ ھەموو ئوتێل و بینایە گەورەکانیان داناو بڕیارەکەیان جێبەجێکرد، ئەوان وەک پەندە کوردیەکەیان کرد، "سودی چیە کە دوای ئەوەی سەگەکە پێستەکەی دزی ئینجا کوڕەکە فەلاقە بکەی" تا ئێستا باسمان لەساڵی ٢٠١٠ ئەکرد، بەڵام پێش چەند رۆژێ و لەمساڵدا ٢٠١٣ ھەواڵی سوتانی بەشە ناوخۆییەک ھەموومانی ھەژاند کە ٣ خوێندکاری تێدا بوو بەقوربانی و دەیان خوێندکاری تریش بریندار، ئێستا پرسیارەکە لێرەدایە : ئاخۆ حکومەتی ھەرێم چۆن دوای ئەو دوو رووداوەی سوتانی دوو ھوتێل لەساڵی ٢٠١٠ ئەو بریارەی دەرکرد کە مەرجی سەلامەتی لەبینایەکان دابنرێ و جێبەجێبکرێ، لەکاتێکدا ئوتێل و باڵەخانەکان ھی حکومەت نین، بەڵام چۆنە کە بۆ بینایەکانی خۆی بریارەکەی خۆی رەچاو نەکردووەو مەرجەکانی سەلامەتی لەبینایەکانی خۆی رەچاو ناکات؟!
لەھەموویشی سەیرتر ئەوەیە وەزارەتی پەروەردەش ھەمیشە ئەڵێن ئەو شتانە قەزاو قەدەرن و دەسەڵاتی ئێمەیان تێدا نیە، بەرێز بەمەنتیقی دینی راستە قەزاو قەدەرن، بڵام خۆ ھۆکاریش ھەیە بۆ تەحقیقی ئەو قەزاو قەدەرە، ئەوە کەمتەرخەمی ئێوەو بێباکیتانە بەرامبەر بەگیان و ژیانی مرۆڤ کە ئەو ھەموو کارەساتانە ئەخوڵقَێنێ، نەک بەتەنھا قەزاو قەدەر، ئەو وەزارەتە بەرێزە سەیروسەمەرەیەکی تری ئەو وەزارەتە ئەوەیە گوایە قەرەبووی خوێندکاران ئەکەنەوە!
ئاخر ئەو بەرێزانە ھێشتا لەوە تێنەگەیشتوون کە قەرەبووی ماددی ناتوانێ ببێ بەقەربووی جەرگسوتانی دایک و باو ک و براو خوشک، ھێشتا لەوە تێنەگەیشتوون کە بەھای مرۆڤ چەندەو جەرگسوتان و خەسارەتی مەعنەوی بەپارە قەرەبوو ناکرێتەوە، بەراستی ئەو ھەرێمەی ئێمە ھەرێمی کارەساتەکانە!
فەرمان خێڵانی - بەلجیکا

٧ - ٢ - ٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە