کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە8 ى مارسدا چى بكەین؟!

Monday, 11/03/2013, 12:00


هەموو ساڵێك بەبۆنەى 8ى مارس رۆژى جیهانى ژنەوە چەندین چالاكى و ئاهەنگ و بەزم و چى و چى ساز دەكرێت، زۆربەى چالاكیەكان لەساڵانى پێشتردا خۆى لەئاهەنگ و جلى كوردى لەبەركردندا بینیوەتەوە، هەڵبەت ئەمەش دەسەڵاتى بۆرژوازخوازى یەكێتى و پارتى لەپشتەوە بووەو بەمەبەست ویستوویانە ئەم رۆژە بەمشێوەیە یاد بكرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ رۆژەكە بەشێوەیەكى تا رادەیەك جیاوازتر یاد دەكرێتەوە، بەپێى ئەو ئامادەكاریانەى بۆى كراوە، چونكە وا بڕیارە لەسلێمانى خۆپیشاندان و لەهۆڵەنداو بەریتانیا گردبوونەوەو كۆڕو سیمینار سازبكرێت و راستى ئەم رۆژەو پێویستیەكەى بۆئەوەى چى بكەین و چى كراوە بخرێتە بەر باس و لێكۆڵینەوەو قسەى جیددى لەسەر بكرێت، ئەمە جگەلەوەى كە تا ئێستا 2 كەمپینى باش بۆ ئەم رۆژە ئامادەكراوەو كارەكانیان بەردەوامەو توانیویانە دەیان رێكخراو و ناوەندو سەدان كەسایەتى بهێننە پاى راگەیاندنى كەمپینەكانیان بەوەى كە داواى مافەكانى ژنان و ئازادى و نان بۆ ژن دەكەن، هاوكات باس لەگرنگى رۆڵى ژن لەپێگە كۆمەڵایەتی و سیاسى و ئیداریەكانیش دەكەن، وەك تۆرە كۆمەڵایەتیەكانى فەیسبوك و ناوەدەكانى ترى راگەیاندنیش ئەمسالأ تا رادەیەكى باشتر گرنگى بەم پرسە دراوەو زیاتر رۆشتۆتە پێش، بەڵام ئەوەى كە مایەى نیگەرانیە سەربارى هەموو ئەمانە زۆر بەكەمى باس لەپێویستى گۆرینى تێروانینى پیاو بەرامبەر ژن كراوە، بەمانا فراوانەكەى كەمتر باس لەگرنگى و پێویستى گۆرینى پەروەردەى خێزانى و پێویستى گۆرینى پەروەردەى توێژى خوێندكاران و قوتابیان لەناوەندەكانى خوێندن كراوە.
هەرچەندە لەدواى ساڵى 1857 ەوە كە ژنانى كارگەى رستن و چنینى نیۆرك خۆپیشاندانێكى گەورەیان سازكرد ئەم رۆژە لەكاتى جیاوازى هەمان مانگدا یاد دەكرایەوەو خەبات بەردەوام بوو بۆ ئازادى ژن و دابینكردنى مافەكانیان، بەڵام دواجار رۆژى 8ى مارس لەساڵى 1921 و لەسەر دەستى كلارا زەتینى چالاكوانى كرێكارى ئەڵمانى وەك رۆژى خەبات دژى جەنگ، خەبات لەپێناو مافى دەنگدان بۆ ژنان و دابینكردنى مافى دایكان و مناڵان، هەروەها خەبات دژ بەهەڵئاوسان و گرانى نرخى شتومەك لەبازاڕدا دیاریكراو ئیتر تا ئێستاش ئەو خەباتە هەر بەردەوامە لەتەواوى جیهاندا، چونكە تا ئێستا كە 156 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەو 92 ساڵیش بەسەر ئەو 4 داواكاریەدا تێپەردەبێت، كەچى جگە لەمافى دەنگدانى ژنان هیچ كام لە 3 داواكەى تر ەهاتوونەتە دى لەزۆربەى وڵاتانى جیهاندا، تەنانەت وڵاتانى جیهانى یەكەم (ئەوروپاو ئەمریكاو ئوسترالیاو كەنەدا) تا ئێستاش بە بەكارهێنانى سیستمى سەرمایەدارى و كردنى ژنان بەئامێرو ئالەت بۆ مەبەستى بەرهەمهێنان لەمەیدانى كاردا نەیانتوانیوە مافەكانى ژنان و مناڵان بەتەواوى بەدەستبخەن، ئەمە جگەلەوەى كە بەهۆى ئەو سیستمە سەرمایەداریەوە بنەچەى خێزان و پەیوەندیە كۆمەڵایەتى و سۆزداریەكانیان نەهێشتووە كە زەرەرمەندى یەكەم لەم پرۆسەیە ژنان بوون، لەبەرامبەریشدا هیچ حیسابێكى ئەوتۆ بۆ ژن نەكراوە لەكایە ئیدارى و سیاسیەكاندا، بۆیە لەئێستادا باسى پرسى ژنان لەوڵاتانى جیهانى یەكەمدا گەرموگوڕەو هەوڵ و خەبات بەرێدەخەن بۆئەوەى كە ناكرێ ژنان تەنها لەمەیدانى كاردا رۆڵیان هەبێت، بەڵام لەمەیدانى ئیدارى و سیاسیدا هیچ رۆڵێكى بەرچاویان نەبێت.
وەك وڵاتانى جیهانى سێهەم كە عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەى كەمترین مافى ئافرەتیان داوەو رێژەیەكى زۆرى كارەساتەكانى سەر ژنان لەو وڵاتانەیە، ئەگەر وڵاتى عێراق بەنمونە وەربگرین بەشێكى كێشەو ئاریشەكانى ژنان پەیوەستن بەیاساو رێنماییە خراپەكانى حكومەت كەلەگەڵ پێوەرە جیهانیەكان بۆ ئازادى و مافى مرۆڤ یەكناگرنەوە، بەنمونە یاساى بارى كەسێتى و یاساى میرات و رێنماییە قەزاییەكانى هاوسەرگیرى لەدادگاكان و رێنماییەكانى مامەڵەى حكومەت لەگەلأ كێشەكانى خێزان، بەشێكى تریشى پەیوەندى بەپەروەردەى خێزانى و هۆشیارى كۆمەڵایەتى و تاكەوە هەیە.
سەبارەت بەئێستاى كوردستان یاساى بارى كەسێتى و رێنماییە قەزاییەكانى هاوسەرگیرى چارەسەركراون، بەڵام هێشتا حكومەت نەیتوانیوە رۆڵى ئەرێنى بگێڕێت بۆ سزادانى بكوژانى ژنان، هاوكات نەیتوانیوە بەشێوەیەكى تەندروستانە رۆڵى هەبێت لەچارەسەركردنى كێشە خێزانیەكان و هۆشیاركردنەوەى كۆمەڵگا لەئازادى و یەكسانى ژن و پیاو، هەڵبەت رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى و راگەیاندنەكانیش دەستكورت بوون لەپرۆسەى هۆشیارى تاك و پرسى یەكسانى و بەرابەرى ژن و پیاو، ئەوەى بەلاى منەوە زۆر گرنگەو جێگەى بایەخە كە بەداخەوە وەك ئاماژەم بۆ كردووە ئەوەیە كە لەسەرجەم ئاستەكاندا كەمترین بایەخ بەپێویستى گۆڕینى تێڕوانینى پیاو بەرامبەر ئازادى ژن و مافى یەكسانیان لەگەڵ پیاو دراوە، ئاخر چۆن دەتوانین داواى بەرابەرى و یەكسانى ژن و پیاو بكەین ئەگەر نەتوانین لەژیانى رۆژانەى خۆمان تێروانینمان وەك پیاو بەرامبەر ژن لەتێروانینى سێكسیەوە بۆ تێروانینێكى ئینسانیانە بگۆڕین؟!
خۆشەویستى یەكێكە لەمافە سەرەتاییەكانى هەر مرۆڤێك، بەژن و پیاوەوە، من سێ خوشكم هەیە دوانیان بەخۆشەویستى شوویان كردووەو یەكێكیشیان هێشتا شووى نەكردووە، بەڵام پەیوەندى خۆشەویستى هەیە، ئاگادارى پەیوەندى هەر سێكیان بووم و هەم، هەڵبەت خۆیان ئەو باسەیان لەگەڵما كردۆتەوەو زۆرجار پرس و راوێژیان پێكردووم، ئەگەر منى پیاو لەباسكردنى ئەم مەسەلەیە لەسەر خوشكەكانم بترسم یان پێم شەرم بێ بەدڵنیاییەوە باس لەئازادى ژن و مافى بەرابەرى و یەكسانى ژن و پیاو لەلایەن منەوە جگە لەدرۆیەكى شاخدارو خۆدەرخستن زیاتر هیچى تر نیە، بەپێچەوانەوە پێویستە بەشانازیەوە باسى بكەم هەروەك چۆن ئەگەر براكەم پەیوەندیەكى خۆشەویستى هەبێ پێى شاگەشكە دەبم، چونكە ئەوە منم توانیومە وا بكەم خوشكەكانم متمانەم پێ بكەن و پەیوەندى خۆشەویستى خۆیانم بۆ باس بكەن و ئاگام لێیانەو بەسەر هەڵەدا نارۆن، نەك وا بیربكەمەوە كە من بەوە بێ شەرەف و گەواد ئەبم، ئێستا لەو هەرێمەى خۆمان دەیان چالاكوانى بوارى مافەكانى ژنان دەناسین كە وەك ژنى دووەمى پیاوێك رازى بوون یان سەدان پیاوى رۆژنامەنووس و نوسەر دەناسین كە بەردەوام باس لەئازادى ژنان و مافەكانیان دەكەن، بەڵام لەواقیعى ژیانى خۆیاندا تەواو پێچەوانەن تەنانەت هەندێكیان ژنى دووەمیان هێناوە، ئەم پرسە زۆر گرنگە ئیشى لەسەربكرێت و پێویستە خەبات بۆ ئەم پرسە بەردەوام بێ، چونكە ئەگەر ئێمە هەریەكەمان لاى خۆمانەوە ژن وەك مرۆڤ ببینین، ئا بەم شێوەیەى كە باسمكردووە، هەڵبەت كێشەكانى بەزۆر بەشوودان و كوشتنى ژنان بەبیانووى شەرەف و زەوتكردنى مافى خوێندن لەژنان و بێبەشكردنى ژنان لەبوارى كاردا چارەسەر دەبن، كەواتە تكایە با یەكەم جار پیاوانى رۆشنبیرو رۆژنامەنووس و نوسەرو چالاكوانى مەدەنى و سیاسى و هونەرمەندو مامۆستاى زانكۆ لەخۆمانەوە دەستپێبكەین و ئەو هەموو هاتوهاوارەى بۆ مافى یەكسانى ژن و پیاو ئازادى بۆ ژن دەیكەین لەژیانى رۆژانەى خۆماندا رەنگبداتەوە، ئینجا ئەو كات قسەیەكیش لەسەر كەمتەرخەمیەكانى ئافرەت خۆیان دەكەین.

*فەرمان چیمەن - بەلجیكا
* بریارمداوە كە ناوەكەى خۆم لە(فەرمان خێڵانی)ەوە بۆ (فەرمان چیمەن) بگۆرم، چیمەن ناوى دایكى ئازیزو خۆشەویستمە، ئەمەش وەك هەڵوێستێ لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵمەى بەرامبەر ژنان دەكرێت، لەلایەكى تریشەوە پەیامێكە بۆئەوەى چیتر لەخۆمانەوە دەستپێبكەین و ئەو مافانەى بۆ ژنانى داوا دەكەین لەژیانى رۆژانەى خۆماندا رەنگیان پێبدەینەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە