کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گاڵتەجاڕیەكى ترى پارتى لەكەیسى سەردەشت عوسماندا!

Sunday, 06/01/2013, 12:00


لەراستیدا زۆر لەسەر سەردەشت و ئەو هەوڵە نەزۆك و گاڵتەجاریانەى پارتى نوسراوە، بۆیە من بەپێویستى دەزانم كەمێ لەچیرۆكى تیرۆركردنەكەى سەردەشت وەبیر خوێنەران بخەمەوە!
سەردەشت عوسمان پەیامنێرى نهێنى ماڵپەرى كوردستانپۆست بوو بەناوى (سەرۆ) نزیكەى 20 وتارێكى نوسیوە، هەروەها خوێندكارى كۆلێژى ئادابى زانكۆى سەلاحەدین بوو، بەشى ئینگلیزى دەخوێند، دواى ئەوەى وتارێكى بەناونیشانى (من عاشقى كچەكەى بارزانیم) كە جۆرێك بوو لەرەخنەگرتن لەشێوازى حوكمى تاكلایەنەى پارتى و قۆرخكردنى هەموو كایەكانى سیاسەت و ئیدارە لەلایەن پارتیەوە، ڕووبەڕووى چەندین قسەى ناشیرین و جنێو و سوكایەتى بوویەوە، تا دواجار ناچار بەئاشكراكردنى ناسنامەى خودیى كرا، دوا بەدواى ئەوەى خۆى ئاشكرا كرد لەبەروارى 4ى 5ى ساڵى 2010 و لەبەردەم كۆڵژەكەى خۆى و بەبەرچاوى ئاسایش و زێرەڤانیەوە لەلایەن باندێكى پاراستنەوە رفێنراو لەشەوى 6ى 5ى هەمان ساڵدا تەرمەكەى لەشارى موسڵ دۆزرایەوە، دواى ئەوەى لەلایەن رۆژنامەنووسان و رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى چەندین چالاكى جۆربەجۆرى وەكو خۆپیشاندان و گردبوونەوەو وتارنوسین و كۆڕو سیمینار لەسەر ئەم تیرۆركاریەى پارتى ئەنجامدراو دەنگۆیەكى گەورەى تەنانەت جیهانیشى دروستكرد، پارتى وەكو پیشەى هەمیشەیى و زۆر نەزانانە كەوتە هەوڵى دێزەبەدەرخۆنەى تیرۆركاریەكەى، لەسیناریۆیەكیدا ئەو رۆژنامەنووسى بەتیرۆریست ناساند، بەڵام ئەم سیناریۆیەى پارتى بەلاى هەموانەوە جگە لەگاڵتەجاریەك زیاتر هیچى تر نەبوو، ئێستاش پارتى لەتازەترین سیناریۆییدا لەبەروارى 5ى 1ى ئەمساڵ 2013 دیسانەوە پارتى بانگهێشتى خێزانەكەى سەردەشتیان كردووە بۆ ئامادەبوون لەدادگایى كەسانێكى تیرۆریست كە گوایە لەكەیسى رۆژنامەنووسى ناوبراودا تێوەگلاون، ئەم سیناریۆیەشیان بەهەمان شێوەى سیناریۆكانى تریان جگە لەگاڵتەجاڕى هیچى تر ناگەیەنێت.
سەردەشت عوسمان ئێستا سیمبولى ئازادى رادەربڕینە و یەكێكە لەرۆژنامەنووسە بوێرو چاونەترسەكانى ئەو هەرێمە كە هەرگیز لەوتنى راستى هیچ سڵێكى نەكردۆتەوەو تا ئێستاش فایلى رۆژنامەنووسیەكەى و كارە نایابەكانى لەسەر رووپەڕى ماڵپەرى كوردستانپۆست ماوەتەوە، بەڵام پارتى جگە لەسیمبولى خیانەتى نەتەوەیى و كوشتنى دەنگى ئازادو قۆرخكردنى سەرجەم كایەكانى ژیان و موزایەدەكردن بەسەر گەلى باشورى وڵاتدا، هیچ پێناسەیەكى تر بەبەر خۆیاندا ناكەن.
ئێستا ئیتر كاتى ئەوەیە بەجیددى داواكارى گشتى و دادگاكان و سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان كە بووە بەدیوەخانى حیزبەكان، بخەینە ژێر پرسیارەوەو بپرسین ئاخۆ تاكەى بێدەنگ دەبن لەتیرۆركردنى رۆڵەى ئەم میللەتە كە جگە لەوتنى راستى هیچ تاواێكى تریان نەكردووە؟؟!
لەبەرئەوەى سەردەشت تەنها كەس نیە كە پارتى تیرۆرى كردبێ، بەڵكو سەدانى وەكو قابیل و هابیل كە كادیرى كۆمۆنیستەكان بوون لەهەولێر لەنەوەدەكاندا بەدەستى پارتى تیرۆر كران، سۆرانى مامە حەمەو عەبدولستار تاهیر شەریف لەكەركوك و بەهەمان شێوە بەدەستى پارتى تیرۆر كران، ئەمانە تەنها ئەو كەسانە بوون كە هەوڵدراوە ناویان بمێنێتەوەو تۆماركراون، ئاخۆ ئەبێ چەند سەدان كەسى تر لەپشتى پەردەو بەبێ ئەوەى كەس پێیان بزانێ بەدەستى پارتى و یەكێتى تیرۆركرابن؟!
بەداخەوە لەم سەردەمى تەكنەلۆژیایەدا كە زۆر بەئاسانى هەموو دونیا ئاگاى لەهەر جوڵەو كردەوەیەكى سیاسى دەبێ، كەچى پارتى زۆر بێ شەرمانە ئەیەوێ وێنەى ڕۆژنامەنووسێكى قوربانى ئازادى رادەربڕین بگۆڕێ بۆ تیرۆریست، بەڵام زۆر بەهەڵەداچوون گەر بیانەوێ بەم چەواشەكاریانەیان وێنەى سەردەشت بگۆڕن، چونكە سەردەشت تەنها نیەو لەئێستادا هەموومان سەردەشتین و قبوڵى ئەوە ناكەین پارتى بەئارەزووى خۆى یارى بەداشەكان بكات!
بژى دەنگى ئازادى و ئازادى ڕادەبڕین و نوشستى و ریسوایى بۆ هەر هێزێك كە دەیەوێ دەنگى ئازادى بێ دەنگ بكات! 
فەرمان خێڵانى بەلجیكا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە