کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كولتوری مەرگدۆستی

Monday, 06/05/2013, 12:00







كاتێك شاعیرێك ئەنوسێت ژیان لێرە سەدان ساڵە یەك ئیقاعەو سۆڵۆكەی ناگوێزێتەوە، ئەوە ئەو شاعیرە باس لەنەهامەتی میللەتێك دەكات كە بەهۆی كۆتوبەندە دینی و خەونە رەنگاڵەییە نەتەوەییەكانیەوە توانای گوزارشتی ژیانی نیەو هەمیشە لەدۆخی مردوویدا دەژی، سەر بەهەر ماڵ و دوكانێكدا دەكەیت یان پارچە ئایەتێك یان پەندێكی پێشینان لەسەر مردنت بەرچاو دەكەوێت، ئەمە جگەلەوەی كە لەسەر زۆربەی بیناو باڵەخانەو خانووە گەورەكانی فیرعەونەكانی ئەو نیشتیمانە نوسراوە(هژا من فچل ربی) واتە (ئەمە لەفەزڵی خواوەیە)، لەكاتێكدا یان بەدزی لەمیللەتەكەی یانیش بەفرت و فێڵ پارەكەی پێكەوە ناوە، ئیتر لێرەوە راستەوخۆ سەرنجت دەرواتە سەر مردن و حیساب و كیتابی دونیایەكی ترو ئەوەی ژیان و ژیاندۆستی بێت بەبیرتا نایەت.
مەبەستەكە لێرەدا ئەوەیە كە میللەتی ئێمە (كوردانی باشوری وڵات) هەر بیر لەمەرگ و دونیایەكی تر دەكەنەوە، لەو نیشتیمانەدا شتێك نیە ناوی بیركردنەوەو هەڵپەكردن بێت بۆ ژیان، بەڵكو تەنهاو تەنها بیر لەمردن و دونیایەكی تر دەكرێتەوە، ژیان و بیركردنەوە لەژیان لەو نیشتیمانەدا مانایەكی بۆ نەماوەتەوە، هەموو مڕومۆچ، تۆراو لەزەردەخەنەو بێ ئومێد، هەر دەڵێی دونیا بەسەر كۆڵی ئەوانەوەیە، راستی ئەم دەركەوتەیە كاتێك دەبینیت كە بێیتە دەرەوەی ئەو نیشتیمانەو نیشتیمانەكانی تری هاوشێوەی ئەو نیشتیمانە، چونكە كە دێیتە دەرەوەی ئەم جۆرە لەنیشتیمان ئیتر هەست دەكەیت كە مرۆڤەكان لەبری رك و كینە زەردەخەنەو خۆشەویستیت پێشكەش دەكەن، هەر ئەمەشە هۆكاری ئەوەی كە لەباری هونەری شێوەكاری و میوزیكەوە زۆر هەژار بین، ئاخر كلتورێك كە تەنها بەرهەمهێنەری ترس بێت لەدونیایەكی ترو بیركردنەوەی زۆر لەمردن و پشتگوێخستنی ژیان، ئیتر چۆن دەتوانێت بەرهەمی هونەری شێوەكاری و میوزیكی نایاب بەرهەم بهێنێت، بەو پێیەی ئێستا لەیەكێك لەوڵاتانی جیهانی یەكەم دەژیم (ئەوروپا) ، بەیانیان زوو تەنها چەند پەرداخێك ئاو دەخۆمەوەو بەرەو خوێندنگا بەرێ دەكەوم، هەرچەند هێشتا خەو بەری نەداوم، بەڵام بزەو زەردەخەنەی مرۆڤەكان خەوم دەزڕێنن و سەرنجم بەرەو لای خۆیان رادەكێشن، ئاخر ئەوان ژیان دۆستن و ئەوەی باسی مردن و دونیایەكی تر بێ لەبیریان نیە، ژیانیان خۆشدەوێت و بۆی دەژین و بیر لەداهاتوویەكی نادیار كە خورافیاتی ئاینەكان دروستیان كردووە ناكەنەوە، دەتوانم زۆر نمونەی تر باس بكەم، بەڵام ئێستا تەنها دوو نمونەم بیرە، مامۆستایەكمان هەبوو، بەكوڕێكی ئەفریقی رەشپێستی وت "تۆ دەتوانیت لێرە ببیت بەمامۆستا، لەبەرئەوەی ماوەی 13 ساڵە لێرە ئەژیت و شارەزایت لەمن باشترە لەمێژوو یاساو شوێنەكانی ئەم شارە، بەڵام هەوڵ بدە كەمێك زمانەكەی ئێرەت باش بكەیت" ئەو مامۆستایە وەك هەر بەرپرس و خاوەن پیشەیەكی تری لای خۆمان ترسی لەشوێنەكەی خۆی نیەو هاوكات مرۆڤدۆستیشە، چونكە دەزانێ لەدارستان ناژی كە هەر كەس پلەی حیزبی و واسیتەی هەبێ لەپێشتر بێ، ئینجا هەر لەماڵەوە تا خوێندنگاو بگرە كۆمەڵگەكەشی مرۆڤدۆستیان فێركردووە، فێریان كردووە كە مرۆڤەكان جیاوازیان نیە لەڕووی رەنگ و دینی و نەتەوەییەوە، بەڵكو تەنها جیاوازیەك كە هەبێ لەنێوان مرۆڤەكاندا جیاوازی توانایانە، بۆیە ئەو مامۆستایە ئاوەها دەبێتە پاڵپشت و هاندەری رەشپێستێكی ئەفریقی كە هەوڵ بدات زمانەكەی باش بكات و لەو شوێنەی ئەو دەوامی تیا دەكات ببێتە مامۆستا، نمونەی دووەم، هاورێیەكی رۆژنامەنووسمە لەكوردستان كە ڤیجیتاری خۆرە، ئەو تەنها خواردنی ڕووەكی دەخوات، جارێكیان نوسیبووی كە لەو نیشتیمانەی خۆمان سەر بەهەر خواردەمەنی و چێشتخانەیەكدا دەكات هەر گۆشت دەبرژێنن و هەر خەریكی چاككردن و لێنانی ئەندامەكانی لەشی پەلەوەرو ئاژەڵەكانن، بەڵام من لێرە نەرۆشتوومەتە هیچ چێشتخانەیەك و خواردەمەنیەك كە خواردنی هەر دوو جۆری ڕووەكی و گۆشتیشیان نەبێ، لەم خاڵەی دووەمەوە ئەمەوێ بڵێم كە لەو نیشتیمانەی ئێمە هیچ شتێ لەجێی خۆی نیە، بەڵكو هەموو بابەتەكان شێوێنراون، لێرە هیچ شوێنێكی شەعبی نابینیت كە لەنیوە زیاتری ئافرەت نەبێ، بەڵام لەو نیشتیمانەی خۆمان ئەگەر ئافرەتێ بڕواتە سەهۆڵەكەی سلێمانی یان ئیسكانی هەولێر، خۆ هەتا لەوێ دەربازی دەبێ ئەگەر تووشی كێشە نەیەت، ئەوا بێگومان هەست بەنامۆیی خۆی دەكات، لێرە هیچ گەنجێك نابینیت كە تەمەنی لە 30 ساڵ كەمتر بێ و باسی سیاسەت بكات، بەڵام لەو نیشتیمانەی خۆمان هەر كە 13 تەواو دەكات ئیتر ئەیەوێ قسە بۆ كۆمەڵگە بكات، هەڵبەت خۆم یەكێكم لەو قوربانیانە، تەمەنم 14 ساڵ بوو، بووم بەرۆژنامەنووس و لە 17 ساڵیدا ئیتر بێزار بووبووم لەقسەكردن بۆ كۆمەڵگە، گروپم دروستكردبوو، ئەوانم دەنارد بۆئەوەی قسە بۆ كۆمەڵگە بكەن، هەر ئەوكاتیش لەگەڵ رێكخراوی NPA ی نەرویجی كە بەشی گەشەپێدانی خەڵكی هەبوو چالاكیەكم رێكخست كە 3 ئەندامی گروپەكەم لەیەكێك لەشارەكانی ئەو نیشتیمانەدا قسەیان بۆ كۆمەڵگا دەكرد، ئەم شتانە ماڵوێرانی و نەگبەتیە، ئەگینا گەنجێك تا تەمەنی دەگات بە 24 بۆ 25 ساڵ و بگرە زیاتریش تا دەگاتە 30 ساڵی، پێویستە هەر مومارەسەی گەنجایەتی و هەرزەكاری خۆی بكات نەك خەریكی سیاسەتی وشك و فەلسەفەی رەق و تەق بێت و بیەوێت كۆمەڵگە بگۆڕێت، بەكورتیەكەی ئەمەوێ بڵێم ئەوانەی سەرەوە بەشێكن لەو هۆكارانەی كە وایكردووە زۆربەی زۆری گەنجەكانمان، بگرە زۆربەی زۆری خەڵكی ئەو نیشتیمانە بیانەوێ سەفەربكەن و نیشتیمان بەجێبهێڵن، ئەمە جگەلەوەی ئەو هەرێمەی ئێمە هەرێمی كارەساتەكانەو هەتا بنەماڵە حوكمی بكات و ئاوا شێواو بێت ناتوانین بڵێین خاوەنی ژیانێكی شكۆمەندانەین.

فەرمان چیمەن بەلجیكا
27 4 2013 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە