ماف و ژیانی كوردانی رۆژهەڵات لە سایەی كۆماری ئیسلامی ئێران دا
Tuesday, 02/05/2017, 5:52
مافی كورد وەك هاوڵاتی و نەتەوە لە سایەی كۆماری ئیسلامی ئێراندا سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی كوردستان رێژەی بێكاری هەرەشە لە ئایندەی كوردانی ئێران دەكات بڕینەوەی ئەندامانی جەستە و لە سیدارەدانی كوردانی رۆژهەڵات خراپی ڕێگاوبانەكان وەك سزایەك بۆ كوردانی رۆژهەڵات مافی و ژیانی كورد كەمەنەتەوەییەكان لە سایەیی كۆماری ئیسلامی ئێران دا دەسپێك لەم راپۆرتە كورتەدا هەوڵ دەدرێ بە كورتی تیشك بخرێتە سەر لایەنی مافی مرۆڤ و چۆنیەتیی روانین و هەڵسوكەوتی ئەو حكوومەتەوە لە بەرانبەر مافی گەلی كورد وەكو یەكێك لە كەمەنەتەوەیی و مەزهەبیەكانی ئێران، هەروەها ئەو دەسكەوت و بەرەنجامانەی كە بەهۆی سیاسەتی حكوومەتی ئێران لە بیاڤی مافی مرۆڤدا هاتوونەتە ئاراوە. ساڵی 1979 بە بەشداریی زۆرینەی گەلانی ئێران و پاش رووخاندنی حكوومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی كۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزرا.
سیستمی “كۆماری ئیسلامیی ئێران” وەك تاكە بژاردەی حكوومەتی دەسەلاتداری ساڵی 1980 خرایە راپرسییەوە و هەرچەند حكوومەتی بانگەشەی ئەوە دەكات كە زیاتر لە 98%ی خەڵك دەنگیان پێداوە، بەڵام نەتەوەی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات هەر لە سەرەتاوە نەخێری بە كۆماری ئیسلامی وت و ئەو راپرسییەی بایكۆت كرد، بۆیە هەر لە یەكەم ساڵەوە دژایەتیی حكوومەتی ئێران لەگەڵ بزووتنەوەی رەوای كورد بە ئاشكرا راگەیەندرا مافی كورد وەك هاوڵاتی و نەتەوە لە سایەی كۆماری ئیسلامی ئێراندا هەرچەندە لە سەردەمی حكوومەتی حەمەڕەزاشای پەهەلەویشدا ماف و ئازادییە سیاسی و مەزهەبییەكان بۆ كورد و نەتەوەكانی دیكەش دۆخی لە سەردەمی حكوومەتی كۆماری ئیسلامی باشتر نەبوو، بەڵام ئەوكات كورد بەهۆی زاڵبوونی بیرۆكەی چەپ لە رۆژهەڵاتی كوردستان توانیبوویان هەتاڕادەیەك وشیاریی سیاسی و نەتەوەیی كورد پێ بگەیەنن و ویست و داخوازییەكانی كورد بهێننە گۆڕێ و رۆڵی كارا و بەشداریی بەرچاوی نەتەوەی كورد لە رۆژهەڵات بۆ هەموو لایەك روون بكەنەوە، بەڵام دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیی خۆسەپێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەو كاتەوە تا ئێستا بە توندی بەرەنگاری ویست و داخوازە رەواكانی كورد بووتەوەو بەردەوامە لەسەر سیاسەتی خۆسەپاندن و لەناوبردنی كەمە نەتەوەیی و ئاینیەكانی وڵاتەكەی. ساڵی 2015 و لە دووەمین ساڵی دەسەڵاتی حەسەن رۆحانی دا كە بانگەشەی ریفۆرم و ئازادی و كرانەوەی كۆمەڵگەی دەكرد نزیكەی یەك هەزار كەس لە زیندانەكانی ئەو وڵاتە لە سێدارە دران كە لەنێویاندا نزیكەی 30 بەندكراوی كورد بوونی هەبووە.
لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی حكوومەتی رۆحانی پێچەوانەی ئەو دروشم و بانگەشانەی كە حەسەن رۆحانی بۆ كرانەوەی سیاسی و ماف و ئازادییەكان دەیكرد، لە ئێران بەڕای چالاكانی مافی مرۆڤ و بەڵگەكانی بەردەست، نەك تەنیا رەوشی سیاسی، ئابووری و مافی هاوڵاتیانی كورد باشتر نەبووە، بەڵكوو خراپتریش بووە. داخستنی كارگە و ناوەندەكانی بەرهەمهێنان، دەركردن و بێكاربوونی سەدان كرێكار و قووڵبوونەوەی قەیران و خەسارە كۆمەڵایەتییەكانی وەك: “بێكاری، دزی، لەشفرۆشی، تووشبوون بە مادە هۆشبەرەكان و…” نیشانەی سەركەوتوو نەبوونی حكوومەتی “رۆحانی” یە هەرچەند حەسەن رۆحانی لە كارنامەی سیاسەتی دەرەوەیدا رێككەتنی ناوكی لەگەڵ وڵاتانی كۆمەڵەی پێنج كۆ یەكی هەیە و هەندێ لە گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران هەڵگیراون، بەڵام لە رەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵكدا هیچ كاریگەرییەكی نەبووە. بەپێی راپۆرت و هەواڵەكانی “رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان” نەتەوەی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات لە ماوەی 37 ساڵی رابردوودا بۆ ئازادی و رزگاریی نەتەوەیی نرخی زۆری داوە وەك؛
1. ئیزن نەدان بە كورد لە دەسەڵاتی سیاسی و رێگری لە هەڵبژاردنیان بۆ پۆستەكانی سەركۆماری و وەزیر و تەنانەت پارێزگار دان پێدانەنان وەك نەتەوە و ناوهێنانیان وەك “قەوم، عەشیرە و….” بە فەرمی نەناسینی زمانی كوردی.
2. بێبەش بوون لە خوێندن بە زمانی زگماكی لە سیستمی خوێندن.
3. دواكەوتنی كوردستانی رۆژهەڵات لەباری ئابووری و پێشكەوتن و بەرهەمهێنان و زۆر بوونی رێژەی.
4. هەژاری و دەستەنگی.
5. روانینی ئەمنیەتی بۆ كوردستان و لەقەڵەمدانی هەرچەشنە چالاكییەك بەناوی سیاسی و ئەمنیەتی و گرتن و زیندانیكردن و لەسێدارەدانی چالاكانی سیاسی و مەدەنی.
6. كوشتنی كاسبكاران و كۆڵبەرانی سەرسنوور بە تۆمەتی قاچاخی كەلە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پێشیڵكاری و كوشتنی ئەم توێژە زۆر پەرەی سەندووە و تەنانەت لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤیش كەوتووەتە بەرباس.
7. بەپێی سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ و بەڵگەكان تەنیا لە ماوەی 11 مانگی ساڵی 2015دا لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی رۆژهەڵات زیاتر لە 700 حاڵەتی پیشیڵكاریی مافی مرۆڤ تۆمار كراوە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی كوردستان : بەپێی هەواڵێك كە لە ماڵپەڕی كوردستان میدیا بڵاوكراوەتەوە، ڕۆژنامەی "فیرێتێن"ی نەرویژی ڕاپۆرتێكی لەبارەی سووتاندنی دارستان و لێڕەوارەكان لە كوردستانی ڕۆژهەڵات، بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتیی خەڵكی كوردستان، كوشتنی كۆڵبەرانی كورد و كاریگەرییەكانی لە سەر ناوچەی كوردستان بڵاوكردوەتەوە. لە ڕاپۆرتەدا كە بە قەڵەمی "سەنار ئەرسزادە" نووسەری كتێبی (خۆری تاریك لە سەر كۆڵانە تەنگەكان) نووسراوە هاتووە؛ سووتاندنی دارستان و لێڕەوارەكان لە لایەن رێژیمی سەركووتكەر و تێرۆریستی كۆماری ئـیسلامیی ئـێران، بە مەبەست و بە شێوەیەكی پلان بۆ دارێژراو و دوژمنكارانە ساڵانە ئەنجام دەدرێت و دووبارە دەبێتەوە و ئەوەش زیانێكی گەورە و كارەساتێكی گەورە لە ژینگەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدات. لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە؛ خەڵك و ڕێكخراوەكانی ژینگە پارێزی كوردستان بە كەرەستەی سەرەتایی هەوڵی كۆنترۆڵ كردن وكوژاندنەوەی ئـاگری دارستان و لێڕەوارەكان دەدەن و لە لایەكی دیكەوە دامودەزگاكانی پێوەندی دار بە ژینگە سەر بە كۆماری ئـیسلامی، چاو لێكەرن و لەماوەی رابردوودا بێدەنگیان هەڵبژاردوە لە هەمبەر ئـەم كارەساتە گەورەیە.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستانیش نووسەر دەنووسێ: كۆماری ئـیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەركارییەوە سیاسەتی سەركوتكردنی دەنگی ئـازادیخوازانی كوردی لە ژێر ناوی جیهاد گرتە بەر و ئێستاشی لەگەڵدا بێ، هێزە سەركوتكەرەكانی كۆماری ئـیسلامی بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە خەڵكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان كوشتار و قەڵاچۆ دەكەن.
لە درێژەی ڕاپۆرتی ئاماژەبۆكراودا هێما بە كوشتاری كۆڵبەرانی كورد لە لایەن هێزەكانی رژێمەوە كراوە كە بە هۆی خراپیی باری ئـابووری لە كوردستان، بۆ پەیدا كردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان بۆ كاری كۆڵبەری ڕوو لە سنورەكانی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان دەكەن و بەهۆی تەقەكردنی سەربازانی ئێرانی لە كۆڵبەرەكان، مانگ نیە چەند كۆڵبەرێكی كورد گیان لەدەست نەدات، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی خراپی رێگاوبانەكان و بوونی مین و تەقەمەنی و ڕووداوە سروشتیەكانی وەكو (كەوتنە ژێر هەرەسی بەفر) ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە هاونیشتیمانیانی رۆژهەڵاتی كوردستان گیان لەدەست دەدەن و توشی كەمئەندام بوون دەبن. ئێران پێچەوانەی دروشمە سەرنج ڕاكێشەكانی كردارو مامەڵە دەكات و ناوخۆی ئەو وڵاتە پڕە لە قەیران و ئەشكەنجەدان و پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ، بۆیە ساڵانەبە سەدان نوخبە و بیرمەند و چالاكی فەرهەنگی و خوێندەواری لە سەرجەم نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە بە نەتەوەیی كورد و دانیشتوانی رۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە، بەهۆی نەبوونی ئازادیی سیاسی و رادەڕبڕین وڵات بەجێ دەهێڵن و بەپێی ئامارەكان لەئێستادا زیاتر لە 180 هەزار نوخبە و ئەكادیمیستی ئێرانی لە زانكۆ جیاجیاكانی جیهانن و دوور لە وڵاتی خۆیان دەژین. رێژەی بێكاری هەرەشە لە ئایندەی كوردانی ئێران دەكات: بەپێی ئامارە نافەرمیەكان لە ئێستادا 15 ملیۆن لاوی بێ كار لە ئێران دا بوونی هەیە.
ئەحمەد مورادی ئەندامیی مەجلیسی رژێمی ئێران دەڵێ ئاماری بێكاری لە ئوستانی هورموزگان زیاترە لە 30 لەسەد و هەزاران لاوی خوێندەوار وخاوەن بڕوانامە لە بێكاریدا خەریكی كرێكاری و دەستفرۆشین. لە سەرجەم شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بێ كاری هەڕەشەیەكی جددیە لەسەر ژیانی كوردان و بەهۆی بێ كارییەوە گەنجەكان یان ئەوەیە توشی ماددەهۆشبەرەكان دەبن و ژیانی ئاسایی خۆیان لەدەستدەدەن، یان توشی نەخۆشی و گرفتی دەروونی دەبن، یان دەبنە چەكدار و سیخوڕی دەزگا ئەمنیەكانی ئێران و لەگەڵ هێزە كوردیەكانی دژی كۆماری ئیسلامیدا دەیان دەن بە گژی یەكتریدا و هەر كەسێك لەو شەڕ و پێكدادانانەدا بكوژرێت ئەوا كوردە و هیچ زیانێك بەر ئێران و فارسەكان ناكەوێـت.
بێ توانایی حكومەتی ئێران لە رەخساندنی هەلی كار بۆ لاوان لەلایەك و نەبوونی سیاسەت و بەرنامەی دروست بۆ راكێشانی هێزی خوێندەوار لەلایەكی دیكە، لەگەڵ دەركردنی كرێكارەكان، داخرانی ناوەندەكانی ئابووری و بەرهەمهێنان، بەهۆیانەوە ئاماری بێكاری وەڵات رۆژ بە رۆژ بەرزتردەبێتەوە. هاوكات بێكاری هۆكاری سەرەكیی فرۆشیارانی گورچیلەیە لە ئێران و موستەفا قاسمی، لێپرسراوانی ئەنجومەنی خێرخوازیی پشتیوانی لە نەخۆشانی گورچیلە لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی تاران رایگەیاندووە، لە ئێران بە شێوەی نێونجی لە بەرامبەر هەر یەك كەس كە خوازیاری پێوەندی گورچیلەیە، چوار كەس خوازیاری فرۆشی گورچیلەكانیانن. ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە دیاردەی فرۆشتنی گورچیلە لە ئێران رووی لە زیاد بوون كردووە و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتی و تەندروستی ئەو دیاردەیە وەك قەیرانێكی پڕ مەترسیی كۆمەڵایەتی وەسف دەكەن كە هۆكاری سەرەكییەكەی دەگەڕێننەوە بۆ بێكاری، گرانی و خەسارە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە.
بڕینەوەی ئەندامانی جەستە و لە سیدارەدانی كوردانی رۆژهەڵات ناوەندی دێمۆكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت لەماوەی تەنیا مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2016، لانیكەم ٤٧ هاووڵاتیی كورد لە گەڵ زیندان و هەڕەشە رووبەروو بوونەتەوەو یان لە بەندیخانەكان لە دۆخێكی نالاباردا ڕاگیراون هەروەها زیاتر لە ٢٠ كەس حوكمی ئیعدام یان بڕینەوەی ئەندامی جەستەیان بەسەردا سەپاوە و هەروەها لەو مانگەدا زیاتر لە ٧ كۆڵبەری كورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەكدارانی كۆماری ئیسلامی كوژراو یان بریندار كراون لە درێژەی ڕاپۆرتی یەك مانگەی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ لە لایەن رێژیمی كۆماری ئیسلامییەوە كە ناوەندی دێموكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە بە وەبیرهێنانەوەی چەندین رووداوی تەقینەوەی مین و هۆكاری خۆكوژییەكان لە شارەكانی كوردستان كۆمەلێك زانیاریی لەو بارەوە باس كردووە و لە بەشەكانی دیكەش باسی لە هەڵسوكەوتی نەشیاوی بەرپرسان و كاربەدەستانی رێژیمی تاران كردووە كە بە شێوەی جۆاروجۆر مافی شارۆمەندی و تاكەكەسیییان پێشێل كردووە خراپی ڕێگاوبانەكان وەك سزایەك بۆ كوردانی رۆژهەڵات: بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئیرنای ئێرانی لە ماوەی 9 مانگی ساڵی 2016 دا لە ئێران 12 هەزار و 751 كەس بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان داوەو 263 هەزار و 904 كەسیش بەهۆی ئەو رووداوانەوە بریندار بوون و بەشێكی قوربانی و ڕووداوەكانیش دەكەونە ناوچە كوردنشینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ناوچە هەژارنشینەكانی دەرەوەی شارە گەورەكان. ئەو ئامارانە دەرخەری روودانی هاتووچۆ كارەساتێكی بێدەنگە لە ئێران، بۆیە جێی خۆیەتی بەراوردێك بكەین لە نێوان ئێران و هەندێ وڵاتی دیكە لە باری رووداوی هاتووچۆوە. رێژەی زیانی ڕووداوی هاتووچۆ لە ئێران 25 ئەوندەی ژاپۆن و 2 ئەوندەی وڵاتی توركیای نزیك لە خۆیەتی. لە بەریتانیا لەگەڵ ئەوەی كە سێ ئەوندەی ئێران ئۆتۆمبێلی تێدایە بەڵام رووداوی هاتووچۆ 322 ئەوندەی ئێران كەمترە. ئەمریكا لەگەڵ ئەوەی زۆرترین رێژەی كەرەستەی گواستنەوەی لەخۆ گرتووە یانی 250 ملوێن دەزگا، بەڵام زیانی ڕووداوەكانی هاتووچۆ لەو وڵاتە سێ یەكی ئێرانە. بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی زانستی بەرزبوونی رێژەی رووداوی هاتووچۆ لە ئێران بەهۆی خراپی رێگاوبانەكانەوەیە، بەشێوەیەك كە زیاتر لە 73 لە سەدی رووداوەكانی هاتووچۆ دەبنە هۆی مردن، بەهۆی كەمی پانتایی جادە وشەقامەكانەوەیە. یەكێكی دیكە لە هۆكانی رووداوی هاتووچۆ كەرەستەی گواستنەوەیە، هەژاری و نەداری خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانی ناچار بە بەكارهێنانی ماشینی كۆن و بێ كەڵك كردووە كە ئەوەش رێژەی رووداوەكان بەرز دەكاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست