کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاپۆرتێك لەبارەی مافی ژیان لە ڕوانگەی كێشە كۆمەڵایەتی و ئابووریەكانی ئێرانەوە

Friday, 03/03/2017, 0:24


ئامادەکردنی: شەهرامی مەعروفی
 ناوەڕۆك؛
ساڵانە زیاتر لە 1000 كەس لە ئێران لە سێدارە دەدرێت ئێران، زیندانێكی گەورەیە بۆ رۆژنامەنوس و كەسایەتیە سیاسیەكان فرۆشتنی منداڵانی ساوا لە ئێران بووەتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی حەوت ملیۆن منداڵی كار و سەرشەقام لە سەرانسەری ئێران هەیە: هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ ئێرانیەكان لە خەمبارترین خەڵكانی جیهانن مافی ژیان لە ڕوانگەی كێشە كۆمەڵایەتی و ئابووریەكانی ئێرانەوە لەم راپۆرتەدا كە سود لە بەدواداچونە رۆژنامەوانیەكان و راپۆرتی رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان بینراوە لەبارەی مافی هاوڵاتیی بوون و ژیانی تاك و خێزانە جیاوازەكانی ئێران لە سایەی سیاسەتەكانی حكومەتی ئێران، كە سەرجەم ئامار و باسەكان گوزارشت لە ژیانی پڕ لە گولەمەرگی و قەیرانە یەك لەدوای یەكەكانی ئێران دەكات كە بە پلەی یەكەم چینی خوارەوەی كۆمەڵگە باجی قەیرانەكان دەدات
. ساڵانە زیاتر لە 1000 كەس لە ئێران لە سێدارە دەدرێت: رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت لە دوای رێككەوتنە ئەتۆمیییەكەی ئێران رەوشی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە خراپتر بووە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە پەیامێكدا باسی لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران كرد و وتی، لە دوای رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ئاستێكی مەترسیداردایە كارناسێكی بەشی رۆژهەڵاتی نارەڕاستی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش دەڵێت، زۆربوونی رێژەی لە سێدارەدانەكان بەتایبەت لە سێدارەدانی كەسانی خوار تەمەنی یاسایی لە ئێران جێگەی نیگەرانییە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە تەنیا لە ساڵی 2015دا نزیكەی 1000 كەس لە ئێران لە سێدارە دراون
ئێران، زیندانێكی گەورەیە بۆ رۆژنامەنوس و كەسایەتیە سیاسیەكان: رێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە راپۆرتێكدا دەڵێت لە ساڵی 2016 دا بەلانی كەمەوە 40 رۆژنامەوان لێكۆڵینەوەی لێ كراوە، و 15 كەسیان لێ زیندانی كراوە. هەروەها لە كاتی دەستبەكاربوونی عەلی خامنەیی وەكوو رێبەری رژێمی ئێران تا ئێستا لانی كەم 400 رۆژنامەنووس و راگەیاندنكار زیندانی كراون و 500 رۆژنامەنووسیش بەناچار لە وەڵات هەڵاتوون. لە ئێستادا 24 رۆژنامەنووسی سەربەخۆ لە زیندانەكانی رژێمدان. لەكاتێكدا كە شۆرشی ئیسلامی ئێران هاتە سەر دەسەڵات، دانیشتوانی ئێران 30 ملیۆن كەس بوو، زیندانیەكان 10 هەزار كەس بوو، بەڵام ئێستا دانیشتوانی ئێران نزیكەی 80 ملیۆن كەسەو زیاتر لە 200 هەزار كەس لە بەندیخانەكاندا زیندانیكراون. هاوكات لە ساڵی 2009ەوە كە دژی سیاسەت و هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدی نەژاد خۆپیشاندان و نارەزایی سەریهەڵدا دەیان هاوڵاتی مەدەنی بەدەستی هێزە ئەمنیەكان كوژران و سەدانی دیكەش برینداركران و بەوتەی بەرپرسانی خودی حكوومەتی ئێران لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا زیاتر لە 800 كەس بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنیەكانەوە تووشی نەخۆشیی مێشكی بوون. هاوكات زیندانی كردنی مووسەوی و كەڕووبی دوو لە سەركردە سیاسیە باڵاكانی ئێران لە ماڵەكانی خۆیان وەك دوو بەربژێری سەركۆماری و گرتنی و زیندانی كردنی دەیان بەرپرس و گەورە دەسەڵاتداری سیاسی و مەزهەبی، تاوەكو ئێستا بەردەوامی هەیە و ئەوەش ئەوەیان سەلماند كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی خۆی تەنانەت لە كوشتن و سەركوتی نزیكترین كەسەكانی خۆی و تەنانەت دامەزرێنەرانیشی ناپرینگێتەوە. 
فرۆشتنی منداڵانی ساوا لە ئێران بووەتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی پەرلەمانتارێكی ئێران لە لیژنەی دادوەری و ماف رایگەیاند فرۆشتنی منداڵ لە ئێران بووەتە بابەتێكی بازرگانی و هەندێ كەس بازرگانی بەم دیاردەیە بەربڵاوە دەكەن. بەهمەن تاهرخانی بە ماڵپەری پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند پێویستە پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی منداڵان و مێرمنداڵان بكرێت و بە ئاپدەیت كردنی یاساكان بەرەنگاری ئەم دیاردەیە و سەرپێچیكاران ببینەوە فرۆشتنی منداڵانی ساوا لە ئێران بووەتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و هەندێ خێزانەكان بە چەند ملیۆن تمەن منداڵە ساواكانیان دەفرۆشن جێگری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و خێزان رایگەیاند ئاماری فرۆشتنی منداڵان لە زكی دایكی بەرزە و هەژاری فاكتەرێكی گرنگی بەربڵاوبوونی ئەم دیاردەیە كۆمەڵایەتییەیە. 
شەهیندوخت مەولاوێردی هەروەها باس لە هۆكارەكانی "هەژاری ئابووری، هەژاری فەرهەنگی، ئاڵودەبوون، لەسەر شەقام نووستن و بە شوودانی منداڵان" لە ئێران كرد بۆ بەربڵاوبوونی دیاردەی فرۆشتنی منداڵ پەرلەمانتارەكەی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی فرۆشتنی منداڵ داوای باشتركردنی رەوشی ئابووری و فەرهەنگی خەڵكی وڵاتەكەی كرد. حەوت ملیۆن منداڵی كار و سەرشەقام لە سەرانسەری ئێران هەیە: ئامارێكی نافەرمی دەریخستووە كە نزیك بە 7 ملیۆن منداڵی كار و سەرشەقام لە سەرانسەری ئێران هەیە و بەپێی ئامارێكی دیكەش تەنیا لە شاری تاران 20 هەزار منداڵی سەرشەقام هەیە.. بەپێی توێژینەوەیكی مەیدانی كە رێكخراوی بێهزیستیی ئێران ئەنجامی داوە، لە ئێران جیا لەو منداڵانەی كە بە رەگەز ئێرانین و لەسەر شەقامەكانن، 25%یش خەڵكی بیانین كە زۆربەیان ئەفغانین و 75%ی ئەو رێژەیەش بە رەگەز ئێرانین منداڵانی سەرشەقام لە ئێران لە رێگەی دەستفرۆشی، سیگار فۆشتن و واكسی كردن و سواڵكەری و پیشەگەلی ناشایست و وەرزی و كاتی بژیوی خۆیان دابین دەكەن و هەندێكیشیان بێ سەرپەرست و بێ خانە و لانەن. 
هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ: لە ئێران ناوی ٤٣ هەزار كچی تەمەن ١٠ بۆ ١٥ ساڵ تۆماركراوە كە بە شێوەی ناقانوونی لە دەفتەری تۆماری هاوسەرگیری بە شوو دراون. محەممەد عەلی پوور موختار ئەندامی مەجلیسی كۆماری ئیسلامی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی "خانە ملت" دا سەبارەت بە تۆماركردنی كچانی خوار ١٨ساڵ لە نووسینگەی هاوسەرگیری دەڵێت لە هەندێك لە نووسینگەكاندا بەبێ پابەند بوون بە قانوون و بەشێوەی نادروست پرۆسەكە ئەنجام دەدرێت، بەو جۆرەی كە تەمەنی ڕاستی كچەكان تۆمار ناكرێن و زیاتر لە تەمەنی قانوونی تۆمار دەكرێن و ئەوەش دەریدەخات كە ڕێژەكە لەوە زیاترە كە لە راگەیاندنەكان بڵاودەكرێتەوە. محەممەد عەلی پوور موختار دەڵێت لە ئێران ناوی ٤٣ هەزار كچی تەمەن ١٠ بۆ ١٥ ساڵ تۆماركراوە كە بە شێوەی ناقانوونی لە دەفتەری تۆماری هاوسەرگیری بە شوو دراون. لە ئێران ، تەمەنی یاسایی و شەرعیی كۆتایی قۆناغی منداڵی بۆ كچان ٩ ساڵ بە ساڵی مانگی_ هەتاوی و بۆ كوڕانیش ١٥ ساڵ لە قانوونی بنەڕەتی ئەو رژێمەدا تۆمار كراوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە یاسا نێونەتەوەییەكان، تەواوبوونی تەمەنی منداڵیی بە ١٨ ساڵ بۆ كچان و كوڕان ڕاگەیاندووە. 
ئێرانیەكان لە خەمبارترین خەڵكانی جیهانن: لە سەدا 90ی خەڵكی ئێران چالاكی وەرزشی رێكوپێكیان نیە و لە سەدا 70 ی خەڵكی ئێران قەڵەون ئێرانیەكان لە خەمبارترین خەڵكانی جیهانن و لە دوای وڵاتی عێراق دووهەمین وەلاتی خەمباری جیهانە. جێگری سەرۆكی فدراسیۆنی پزیشكی وەرزشی، جێگری لێكۆڵینەوەی وەزارەتی تەندروستی و سەرۆكی ئەنجومەتی هاوكاری "مەدەدكاری" رژێمەوە راگەیەندرا بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی لالە حاكمی سەرۆكی فدراسیۆنی پزیشكی وەرزشی لە كۆڕێكدا لە یەزد سەبارەت بە ئاماری چالاكی وەرزشی خەڵكی ئێران قسەی كردەو وتوویەتی: نزیك بە 70 لەسەدی خەڵكی ئێران قەڵەون و لە سەدا 10ی خەڵكی ئێران توشی نەخۆشی شەكرە بوون. 
حەسەنی موسەوی چێلك، سەرۆكی ئەنجومەنی هاوكاری رژێم دەڵێت بەپێی ئامارەكانی نەشە و گەشەی كۆمەڵایەتی كە لەلایەن رێكخراوە نێونەتەوەییەكانەوە بڵاودەكرێتەوە، ئێران لە ریزی وەڵاتانی شاد دا نیە و دووهەمین وەڵاتی خەمباری جیهانە. بەپێی قسەی ناوبراو رێژەی تێكچوونی باری رۆحی لە وڵاتی ئێران لە پەلەیەكی بەرزدایە و لە هەندێ ناوچەی تاران تێكچوونی باری رۆحی نزیك بە لەسەدا 80یە و ئەوەش بە دۆخێكێكی خراپ و قەیراناوی پێناسە دەكرێت. پەرەسەندنی زەواجی سپی، بەرزبوونەوەی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز و پێوەندی جنسی، پەرەسەندنی ماددەهۆشبەرەكان لە نێو ژنان و تووشبوونی منداڵان بە تاوان، بە نیشانەی قەیرانی كۆمەڵایەتی لە ئێران ناودەبرێت. كۆمەڵگەی ئێران بەهۆی سیاسەت و بەرنامەكانی دەسەڵاتدارانەوە تووشی چەندین كێشەو دیاردەی كۆمەڵایەتیەوە بووەو بە دەست ئەو دەردانەوە دەناڵێنێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە