کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پیلانی سوکایەتیکردن بە کەسایەتی مرۆڤی کورد

Saturday, 22/04/2017, 13:37


ئەو دەسەڵاتەی  ١٢،٠٠٠ گەنج و مرۆڤی کوردی  کردە قوربانی  جەنگی ناوخۆو بەرژەوەندیەکانی خۆیان ، لای گرنگ نییە خوێنی هەموو کورد بڕژێنێت و خۆشی ببێتە کلکی دوژمنانی کوردی وەك پاسداران و جەندرمە، بەس لە پێناوی دەستەبەرکردنی کورسی و گیرفانیاندا، ئەوا زۆر ئاساییە کە چاوەڕوانی  ئەوەی لێبکرێت نەك بە عالەمی ئاشکراو لە ناوجەرگەی شاردا قەڵەم بەدەستان بداتە بەر قۆناغە تفەنگ و لە خوێنی خۆیاندا بیانگەوزێنێت، بەڵکو بە ئاشکرا بیانفڕێنێت و چاویان دەربکات. چونکە هەر لە شاخ ئه‌وان متمانەی خۆیان لە دەستدا.
وەختەك وەدات حوسێن لەبەرچاوی عالەم و بێ دەمامك دەڕفێندرێت و بەس به‌ ته‌نها ناکوژرێت- بەڵکو بە زێندوویی شیش دەکرێت بە ناوچاویداو پەنجەکانی دەقرتێندرێن، زۆر پەیامێکی روونی تێدایە، کە دەڵێت: هۆ خەڵکینە ئێمەی دەسەڵاتدار ئاوها لە هەر کەسێك دەکەین لەگەڵمان نەبێت و سەرپێچیمان بکات و  بارزانی بە سەرۆکی خۆی و کورد نەزانێت.. کەس تا ئێستا باسی ئەم خاڵه‌ی نەکردووە، ئەو دەسەڵاتە مافیایە  بێ شەرمە هێندە  میللەت بە سوك و بێ هەڵوێست دەزانێت ، ئەم کارەی وەك تۆقاندن بۆ هەموو دەنگە جیاوازەکانی ناو گەلی کوردان  ئەنجامداوەو کەسیشی لەسەر نەگیراو بەڵکو لەمەش زیاتر هەڕەشە لەکەسوکاری (وەدات) یش دەکات. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە بۆچی کاتێك ویستیان له‌سه‌ر هەبێت  مەلەفێکی وەك (مەلەفی نەوت) بە نهێنی بهێڵنەوە، ئەوا دەتوانن پێی هەستن، بەڵام نەتوانن مەلەفی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسێك ئاوها بە نهێنی بهێڵنەوە، یان بە شێوازێکی وا بیکوژن کەس گومان لە تیرۆر کردن نەکات! کەواتە هەر ئەوە مەبەستیان بووە کە خەڵك بزانێت (پاراستن) ئەو کارەی کردووەو لەکەسیش ناترسن، چونکە میللەت بێ هەڵوێستە.
جا ببینن: سەرنجڕاکێشترین دیمەن لە سوکایەتیکردنەکە بە فەرهاد پیرباڵ هەر لێدانەکەی نییە، چونکە ئەو خۆی پارتیەو لای گرنگ نییە باوکی خۆی و پارتی لێی بدات، بارزانیش وه‌فای بۆ فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی و فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی نه‌بووه‌، جا فه‌رهاد چییه‌ له‌ چاوی ئه‌واندا؟ بەڵکو خاڵی سه‌رنجڕاکێش هەڵوێستی ئەو خەڵکەیە کە لەدەووری کۆ بوونەتەوەو چێژ دەبینن لە سەیرکردنی ئەو دیمەنە نامرۆڤانەیە، ئەم سیناریۆیەش هەر هاوشێوەی سیناریۆکەی وەدات حوسێنە، پەیامێکی تێدایە  بۆ خەڵك و رۆشنبیران کە لەدەوڵەتی جەنگەڵ و تۆقاندندا، ئەمە چارەنووسی ئێوەش دەبێت گەر دژی دەسەڵاتی مافیاکان بووەستن. با باسی ئەگەرە مەحاڵەکەش بکەین: ئەدی چ دەبوو گەر هەموو ئەو خەڵکە هەڵوێستێکی مەردانەیان هەبووایەو هەر لەو شوێنەدا هەر هەموویان کۆ بوونایەتەوەو  چەکەکانیان لەو دوو گورگەدا بشکاندایەو پاشان بەرەو بینای پارێزگاو سەری رەش بچوونایەو ئەو دەسەڵاتەیان لە شەو و رۆژێکدا تەفرو توونا دەکردو دەسەڵاتێکی دادپەروەریان لە شوێنیدا دابمەزراندایە؟ بەس ئەمە وەك گەورەترین ڕاپرسی وایە بۆ ئەوانەی  گرەو لەسەر هەڵوێستی  جوامێرانەی میللەت دەکەن دژی زوڵم و ستەم! ئا ئەوەیە ئەو میللەتەی بارزانی پێشەوایەتی دەکات- گەر ئەو میللەتە هووشیارو بە هەڵوێست بووایە بە دڵنیاییەوە ئێستا پێشەوایەکی دادپەروەرو تێگەشتووی دەبوو، کورد گۆتەنی: مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دەبینێتەوە.
خاڵێکی گرنگی تر لەم سیناریۆیەدا بوونی هەمان پەنجە مۆری لێدانی کەمالی سەید قادرو رفاندن و ئەشکەنجەکردنی وەدات حوسێن دەردەکەوێت، کە ئەمە بەرنامەیەکی داڕێژراوی پاراستنە بۆ تۆقاندن و سەرکوتکردنی دەنگی میللەت، بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەوەیە: ئەوەی یەك تۆسقاڵ هۆشی هەبێت دەپرسێت کەناڵی (٢٤) کە راستەوخۆ سەر بە  مەسرورو  پاراستنە، چۆن ئەو خاوەن گەراجە درۆزنەی لەسەر ڕێگادا پەیداکرد بە لاپتۆپەکەوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرد پێش ئەوەی لاپتۆپەکە بگێڕیتەوە؟!  گەر ئەمەش بەشێك نەبێت لە سیناریۆکە؟؟ با لێرەشدا لەو خەڵکە بپرسین کە لە سەدان قەیراندا دەناڵێنن ئایا پێویستیان بەوە هەیە  دەیان کەناڵی سەتەلایتی بەرپرسە ڕوورەش و مافیاکان رۆژانە درۆ بدەن بە گوێی هاوڵاتیانداو پارەی دزراوی نەفتی  لۆ سەرف بکەن و لەولاشەوە موچەی فەرمانبەران نەدەن بڵێن پارە نینە؟ خەڵکینە بایکۆتیان بکەن و سەیری ئەو کەناڵانە مەکەن ئەوانە دوژمنتانن. با درۆکانیان بەسەر ئێوەدا ساغ نەکەنەوە.
لەم کرتە ڤیدیۆیەدا ئەو کەسە نەفس نزمە ببینن چۆن گەواهی درۆ دەدات و دەڵێت: خوا شاهیدە نازانم جەنتاکە چی تێدایە.
لە کاتێکدا خاوەنی لاپتۆپەکە دەڵێت لەناوبازاڕ سویچەکەیان لێوەرگرتم و لاپتۆکەیان تیادا دزی، نەك لە گەراجدا.. ئەمانە درۆکردن زۆر لایان ئاساییە، ماوەیەك پێش ئێستاش هەر نوازاد هادی خۆی بوو لەسەر کەناڵەکانی میدیا شایەتی درۆی دا کە گوایا ئەو ٢ بێ تاوانەی لەسەر تەقینەوەکەی کەناڵی رووداو گیراون دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، کەچی هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نەبوو.
https://www.youtube.com/watch?v=69FxVNhRaEg

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە