کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وتاره‌كه‌ی"مه‌سرور بارزانی" و چه‌ند سه‌ره‌نجێك!

Sunday, 24/05/2020, 4:34


دوێنێ شه‌و سه‌رۆك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ناكاو و پاش خوێندنه‌وه‌یه‌كی رائالیستانه‌ بۆ كێشه‌ و ئاریشه‌كانی هه‌رێمی باشوری كوردستان چه‌ند راستیه‌كی بۆ جه‌ماوه‌ر و دانیشتوانی هه‌رێمی دركاند. سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گوتاره‌كه‌یدا، پێش هه‌ر شتێك ووتی:"نه‌خۆشی كۆرۆنا ته‌نگی به‌هه‌موو دنیا هه‌ڵچنیووه‌ و زیانێكی زۆری له‌ وڵاتان و ئیقتسادی وڵاتان داوه‌ و له‌هه‌مانكاتیشدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌بازاره‌كانی جیهاندا، هه‌م ئێراق و هه‌میش هه‌رێمی باشوری كوردستان و هه‌ر دوو حكومه‌ته‌كه‌شی ته‌نگه‌تاو كردوه‌. واتا مه‌سرور بارزانی كرۆكی ئاخاوتنه‌كانی خۆی له‌سه‌ر قه‌یرانی ئابوری و نه‌خۆشی كۆرۆنا هه‌ڵچینی و دیدی خوێنه‌ر و بینه‌ر و بیسه‌ریشی به‌لای خۆیدا راكێشا و وتی:"بۆ ئه‌وه‌ی بژین ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر به‌ نه‌خۆشی كۆرونا خۆڕاگر بن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت بێده‌نگیش بن و له‌هه‌مانكاتیشدا بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش وه‌كو حكومه‌ت بمێنینه‌وه‌ ده‌بێت گه‌ل داخوازا موچه‌ و بودجه‌ نه‌كه‌ن و نه‌ كار ده‌ستده‌كه‌وێت و نه‌ش موچه‌ و بوودجه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌كه‌س بدرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وڵاتی عێراق و به‌تایبه‌تیشی هه‌رێمی باشوری كوردستان سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی داهاته‌كه‌ی ته‌نیا نه‌وته‌ و نه‌وتیش پشت و په‌راسۆ و كۆڵه‌كه‌ی راگرتنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌. پاشان له‌ئاخاوتنه‌كانی دا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ كرد كه‌ ئه‌م ده‌رفه‌تانه‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشی حكومه‌ته‌كه‌ی ته‌نگاو بكه‌ن یانیش خۆنیشاندان و مۆزاهێره‌ رێكبخه‌ن، ئه‌مه‌ش جارێكی تر به‌واتای بێده‌نگ كردنی خه‌ڵك و لایه‌نه‌ سیاسی و جه‌ماوه‌ری و پیشه‌یی و سه‌ندیكا و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی لێكده‌درێته‌وه‌. 
مه‌سرور بارزانی له‌به‌شێكی تری وتاره‌كه‌ی دا سه‌ره‌نجی راكێشایه‌ سه‌ر یه‌كڕێزی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و رایگه‌یاند ده‌بێت له‌م ساته‌ و كاته‌دا رێگه‌ به‌په‌ته‌وازه‌یی و دووبه‌ره‌كی نه‌درێت، به‌ڵام دیاره‌ كاكی سه‌رۆك بێ ئاگایه‌ له‌وه‌ی كه‌ پارته‌كه‌ی ئه‌و له‌په‌رله‌ماندا به‌ده‌نگی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ ده‌می ئه‌ندام په‌رله‌مان داده‌خه‌ن و حیسانه‌ی په‌رله‌مانتاری لێوه‌رده‌گرنه‌وه‌ و هاوشێوه‌ی حكومه‌ته‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌نگی ناڕازی كپ ده‌كرێت و به‌مشێوه‌یه‌ش هه‌وێنی یه‌كرێزی هه‌ڵده‌گیردرێت و تووی دووبه‌ره‌كی و نفاق چێندراوه‌. دیاره‌ كاكی سه‌رۆك بێ ئاگای ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك به‌سه‌دان جه‌ندرمه‌ی هێناوه‌ته‌ ناو خاكی كوردستان و به‌كه‌یفی خۆی ته‌ڕاتێن ده‌كات و بنكه‌ و باره‌گای سیخۆری دامه‌زرێنێت و بگره‌ش له‌كوێ بخوازێت ئۆپه‌راسیۆن ده‌كات و خه‌ڵكی خه‌ڵتانی خوێن ده‌كات و ماڵ و حاڵی گه‌لیش تاڵان ده‌كات. 
مه‌سرور بارزانی له‌ئاخاوتنه‌كانی خۆیدا تأكیدی له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ كاری حكومه‌ت ته‌نیا دابه‌شكردنی مووچه‌ و بودجه‌ نیه‌، واتا ئه‌گه‌ر گه‌ل كێشه‌ی موچه‌ و بودجه‌ی هه‌بێت ئه‌وه‌ نه‌ كێشه‌ و نه‌ش خه‌مێكی گه‌وره‌ی حكومه‌ته‌. باشه‌ ئه‌گه‌ر به‌گوته‌ی ئه‌م به‌رێزه‌ بێت و كاری حكومه‌ت دابینكردنی ده‌رفه‌تی كار و خزمه‌تگۆزاری و پاراستن و به‌رقه‌راری ئارامی و ره‌فاهی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت، ئێدی كاری حكومه‌ت چیه‌... حكومه‌تێك كه‌ نه‌توانێت كار و ده‌سته‌به‌ری كاری كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌ل بكات و زه‌مینه‌ی كار و به‌رهه‌مهێنان ئاوا بكات، ئه‌گه‌ر نه‌توانێت موچه‌ بداته‌ گه‌له‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر یه‌كرێزی لایه‌نه‌كان له‌په‌رله‌مانه‌كه‌یدا نه‌توانێت بپارێزێت، ئێدی ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌كه‌ڵكی چی دێت... حكومه‌تێكی وه‌ها ته‌نیا له‌م كاته‌دا و پشتی 28 ساڵ حكومڕانی ته‌نیا بۆ ناو ته‌نه‌كه‌ی زبڵدان ده‌بێت و ده‌بێت سه‌رۆك حكومه‌ته‌كه‌شی به‌زۆترین كات ده‌ست له‌كار بكشێته‌وه‌ و حكومه‌تێكی كاربه‌رێكه‌ر بێته‌ دامه‌زراندن و ئه‌و حكومه‌ته‌ش بتوانێت له‌ده‌رفه‌تێكی زوودا ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌ له‌ژێر چاودێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا بكات تا زه‌مینه‌ی ده‌ستێوه‌ردان و ساخته‌كاریش بێته‌ گرتن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە