مردنی جەلال تالەبانی و میللەتی ساویلکە؟
Sunday, 08/10/2017, 22:29
جەلال تالەبانی سەرکردەیەک بوو ڕەنگە بە چەند دێڕ و ڕۆژ و دوو ڕۆژ باسککردنی کۆتایی نەیەت . قسەی ئێمە لە ئێستادا لەسەر ئەوەیە ئەو سیاسەتەی کە پێشتر تالەبانی کردوویەتی ڕەنگە ئەوەندەى سودی بۆ تاڵەبانییەکان و کەسوکاری هەبوبێت گرنگیەکی ئەوتۆی بۆ میللەت نەبوبێت ، ئەوەندەی لە خەمی برایانی عەرەب و ئاشتکردنەوەی شیعەو سوننە بوو ئەوەندە خەمی کوردە ڕەش و ڕووتەکەی نەبوو کە لێمان بوو بە (سەلاح الدین ئەیوبی) ، کوردی لەبیرنەمابوو لەپێناو کورسیەکەی خۆیدا ئەوکات کە (سەرۆک کۆمار) بوو ، جگە لەوەی کە پارتی کرد بە کەڵەگاو کوردستانی ڕادەست کردبوو .
لە ئێساشدا کە وەفاتی کردووە ئەو کەسانە باسی ئەکەن و بۆی دەگرین هەر ئەوانەن کە بە سێ مانگ جارێک چارەکە مووچەیەک وەردەگرن، ئەو کەسانەن کە تاسەر ئێسقان دژی ئەم دەسەڵاتەو سیستەمی ئێستان ، ئەو کەسانەن کە لە (17 ی شوبات) دا داوای گۆڕینی حکومەتیان دەکرد . بەڵام بەداخەوە، من و بەشێکی زۆریش لە هاووڵاتیان چاوەڕوانی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری مان دەکرد دژی ئەم دەسەڵاتدارانە نەوەک بۆ مردنیان (10 ڕۆژ) ماتەمینی بگرن و مۆبایل و وێنەی پڕۆفایلەکانیان بکەن بە وێنەى ئەوان، یەکێک بڵێ گەر باوکیشم بووایە ئەوەندەم پێناخۆش ئەبوو یەکێکی تر بڵێ مردنی پێنج مناڵکەم هێندەی مردنی مام بە سوێ نەبوو ، ئەمەتان لەچى و ئەوەتان لەچی ؟
ئەو هەزاران خەڵکەی کە لە بەکرەجۆوە تا مزگەوتی گەورە ڕیزتان بەستبوو هاتبونە سەر شەقام نیوەی ئەوە داوای مافی خۆتان بکردایە ئێستا ئەم دەسەڵاتە حسابێکی تری بۆ دەکردن .
بۆ ناپرسن و بیرناکەنەوە ناوچەی دەباشان کێ داگیری کردووە؟ لە ئێستاشدا بەداخەوە بە مردوویش جارێکی تر داگیر کرایەوە، چیتر لەمەودوا کەس بۆی نییە نزیک ئەو ناوچەیەش بکەوێتەوە کە ڕووبەرێکی بەرفروان لەخۆدەگرێ .
دەبێت بەداخەوە گەنجانی شارەکەم لە دوورەوە سەیری جوانی سروشتی شار و دەباشان بکەن . لە دواتریش دا دەبێت بە گەڕەکێک یان گردێکی پیرۆز هاوشێوەی گۆڕی ( ئیبراهیم ئەحمەد) .
لە کۆتایدا دەڵێم ئەم سەرکردانەی تا ئێستا کۆچی دواییتان کردووە بەڕێزەوە بەڕێ کراون چانسیان هەبووە، دڵنیام ئەم دزو گەندەڵانەی کە ماون دەکەونە بەر نەفرەتی میللەت و پەلکێشتان دەکەن و خۆیان زیندەبەچاڵتان دەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست